10/11/2014
•
نوسەر: bzavpress
•
فیکری ئیسلامی چیە؟
هزر دید و تێڕوانینە لای من لە ئاین و گەردون و ژیان و مرۆڤ و دەسەڵات..
لە ئەنجامی بیرکردنەوە لەو چەمکانەوە دێت کە نوێگەریەكی وەك داهێنان
پێببەخشێت، بیر یاخود هزر لە زمانی کوردیدا لەئەنجامی هزر کردن و بیر کردنەوەوە
سەرچاوەی گرتوە. لە زمانی عەرەبیشدا بە هەمان شێوەیە لە تەفکیرەوە هاتووە
چونکە ئەنجامی ئەقڵە- -ئەقڵ ئاراستەی دەکات، بەڵام لەسەر بونیادی شتێك کە
بوونی هەیە، نەك بێ بوون بێت، ئەگەر لێکۆڵینەوەت لەسەر شتێکی بێ بوون کرد،
یاخود داهێنانت تێدا کرد ئەمە دەچێتە خانەی فەلسەفە نەك فیکر، چونکە زۆر
کەس لەناو ئیسلامیەکان ئەم دووانە تێکەڵ دەکەن.
ئەگەر بڵێن پێناسە بۆ فیکری ئیسلامی چیە کاریگەریەکانی چین لەسەرمان؟
لەڕاستیدا ئەمەیان من ناتوانم پێناسەی بکەم، لەبەر ئەوەی ئیسلام بۆ خۆی
ئاینێکی زۆر گەورەیە، دەبێت بگەڕێینەوە خزمەتی زانایانی ئەم ئاینە ئەوان
پێناسەی بکەن، بەڵام دەتوانم بە گشتی لەفیکر قسە بکەم چونکە زادەی بیری
مرۆڤە، کە هاتە ناو چوارچێوەیەکەوە ئەوا من خاوەنی نیم، بەڵکو خاوەنی خۆی
هەیە..
- ئیمامی غەزالی ئەو پیاوە عەزیمەیە کە تەنهایە لەو بوارەدا لە
نێوانی ئەقڵ و نەقڵ و دڵ و رۆح و جەستە پارسەنگی دادەنێت هزر دەکاتە کاڵاو
دەیکات بە باڵای هەموویدا، دەڵێت: "ئەگەر دەق تینوێتی شکێنی رۆحە و دڵە
بەڵام هزر تێرکەری ئەقڵە. دوو مەعریفەیە سەرچاوەکەی دڵە ئەو مەعریفە دەست
دەخات کە دەبێتە حەتمیەت لە هزردا".
- ئیمامی جوینی مامۆساتی غەزالی
دەفەرمویت: "هزر بریتیە لە دیدی مرۆڤ، ئەم هزرە وادەکات مرۆڤ دەگەیەنێتە
دیدێکی باڵا، ئەویش لەسەر دووبنەما دادەمەزریت، دیدی چاك ئەوپەری باڵاو
دیدی فاسد ئەوپەری باڵا".
پێناسەی تری زۆرە بەڵام ئەو دوانەم هەڵبژارد کە باسی بکەم.
ئیسلام بۆ خۆی کاریگەری هەیە لەسەر من نەك فیکرەکەی وەك عەرزم کردی فیکر
دەرئەنجامی بیری مرۆڤە، ئاینی ئیسلام بۆ خۆی وەحیە لە چوارچێوەی ئەو وەحیە
مرۆڤ بیرو هزرڤانی تێدا بەکاردێنێت بە مەرجی ئەوەی کە بەیەکدانەکێشێت لەگەڵ
دەقە کۆنکرێتیە قورئانیەکاندا.
فیکری ئیسلامی بۆ خۆی چیە؟
تێڕوانینی مرۆڤی موسڵمانە و داڕشتنەوەی گوتاری ئیسلامیە و بەرهەمی
تێگەیشتنی تاکی موسڵمانە لە هەموو بوارەکانی کۆمەڵگادا، وەك فیکری سیاسی و
گوتاری فەلسەفی و رەوشتی سیاسی و دیدو تێڕوانین لەم بونە و ژیان و دەسەڵات و
مرۆڤە، لەسەر چەمکەکانی ئەدوێین. واتا بە بۆچوونی من : بۆچونی ئیسلامی ئەو
بەرهەمەیە کە مرۆڤ دەستە بەری دەکات و بەکاری دێنێتەوە بۆ خزمەتی دین و
کۆمەڵگاکەی کە دوو ئامانجی پێبپێکێت.
یەکەم: ناسینی خوا و قیامەت.
دووەم: دابینکردنی پرۆژە بۆ خزمەتی کۆمەڵگا.
جیاوازی نێوان جیهان بینی و فیکر چیە؟
جیهان بینی بۆ خۆی بەرهەمی فیکرە، بەڵام تێڕوانینی کەسێکەکە قاڵ بۆتەوە لە
بیرو هزری خۆیدا بۆ ژیان و دەسەڵات و گەردوون. شیکاری بە فیکری دەکات بۆ
چەمکەکانی ژیان یان جوانتر بڵێم ئایدۆلۆژیای لەسەر دادەمەزرێت، بەمەش
دەوترێت جیهان بینی.