بەرزبونەوەی کێرفی کوردایەتی و چونی پێشمەرگە بۆ کوبانی بۆ؟
07/11/2014 نوسەر: bzavpress

بەرزبونەوەی کێرفی کوردایەتی و چونی پێشمەرگە بۆ کوبانی بۆ؟


کورد دەڵێت" سەرکەوتن هەزارو یەک خاوەنی بۆ پەیدا دەبێت،بەڵام شکست وەک بێباوکێکە کەس خۆی ناکات بە خاوەنی"دوای ئەوەی نزیکەی چوار ساڵ بنەماڵەی بارزانی و تورکیا ویستیان ڕۆژئاواو پەیەدە بخەن وبۆیان نەکرا،کارتی داعشیان هێنایە گۆڕێ و مەیدانیان بۆ هێرشی داعش بۆسەر کوبانی کردەوە.

وەختێکیش کوبانی وەک پۆڵا بەرامبەر داعش ڕاوەستا،وەختێک کچان و کوڕان  توانیان بۆ دنیای بسەلمێنن کە کوبانی ناکەوێ و هیچ هێزێک نییە بتوانێت بەشەر ئەم مەچەکی هێزو بیرە بشکێنێت، لەهەموو لایەکەوە، کاروانچییە کڵۆڵ وبازرگانەکانی" کوردایەتی"  دەستیان بۆ پشتوێنی پشتی کوبانی بردو ویستیان مێژووی  شکست  وپیسی خۆیان لەگەڵ ئەو مێژوە پاکژەدا تێکەڵ بکەن،بۆ ئەوەی بازاڕی کوردایەتی گەرم بکەن و قەرەبووی شکستەکانی خۆیان بکەنەوە. کوردایەتیەک کە بە تایبەت لە باشوردا سەد ساڵە ئیدعای هەیەو،لە کۆتاییدا مریشکێکی ئەوەندە بێخێر بوو تەنها  دوو باندی مافیایی یەکێتی و پارتی بەرهەم هێناو بەر بوونە گیانی خەڵک و سوار مێژووی نەتەوەو نیشتیمانێک بوون،ئەوان بیست وسێ ساڵە نەیان توانی زۆنی سەوزو زەرد یەک بخەن ،نەیان توانی پەڕلەمانێک کە یاسا دەرکات و بڕیار بدات دروست بکەن،حکومەتێک،دەستورێک  بنوسنەوە، نەیان توانی لەشکرێکی نیشتیمانی دوور لە چاوی مافیای حیزبی دروست بکەن،ئێستاش هەویەی شەهیدانە سەوزو زەردە،موچەی پۆلیسەکان و بێریەکانی  هەردولا جودان،دوای ئەوەی کە مێژووی کوردایەتی یەک شانازی تێدا نیە جگە لە شەڕی ناوخۆو دۆران وشکان،جگە لە دزی و جەردەیی  و تیرۆر و پارچە پارچەکردنی باشور،کە بادینان وەک هەرێمێکی جوداو هەولێر جوداو سلێمانی هەر جودا،کەچی دوای کوبانی لە بڵندگۆکان ومیدیاکانیانەوە بە کۆمەڵێ سەماو هەڵپەڕکێ و فیستفاڵەوە کێرفی کوردایەتیان بەرز بۆتەوە،دەیانەوێت ترسنۆکی وشکستەکانی خۆیان لە ژێر سێبەری کوبانیدا بشارنەوە.   هەتا کوبانی سەرنەکەوت  پەڕلەمان بڕیاری نەدا بە فەرمی کانتۆنەکانی ڕۆژ ئاوا بناسێت،هەتا کوبانی سەرنەکەوت کەس پشتیوانی نەکردن و هەمویان چاوەروان بون بکەوێت و لەلایەن داعشەوە داگیر بکرێت،کە زانیان ناکەوێت و سیاسەتی پارتی و تورکیا شکستی خوارد،کاتێک  لە بارەی نێودەوڵەتیەوە تورکیا تاوانبار کرا بەوەی پشتیوانی داعش دەکات،کاتێک پارتی و یەکێتی  ناوچەی شەنگاڵیان چۆڵ کرد و بووە مەرگە سات،ئەوساو تا ئێستاش لە هەوڵی سەری خۆ ڕزگارکردندان لەژێر ئەو داڕوخان و توپوتۆزەدا کە تورکیاو پارتی ولایەنەکانی تر بەرپایان کردبوو. پێویستە هەر کەس ئەو راستیانە بزانێت،هێزی پێشمەرگە بۆ یارمەتی کوبانی نەچوو،واتە مەسەلەکە هیچ پەیوەندی بە ڕۆحی یارمەتی کوردانەو یەکگرتنی کوردانەوە نییە وەک ئیدعای بۆ دەکە ن،هیچ کاێک  نە تورکیا ڕێگا بە کاری ئاوا دەدات،نە یەکێتی وپارتیش ئەو ڕۆحەیان هەبوەو هەیە،هەردو بڕیاری پەڕلەمان لە سەر داوای بنەمالەی بارزانی بوو،هەم بۆ چونی پێشمەرگەو هەم بۆ بە ڕەسمی ناسینی کانتۆنەکانی ڕۆژئاوا،تەنها بۆ ئەوە بوو کە پەرێزو ڕوخساری ڕەشی تورکیا سپی بکەنەوە کە کەوتبوە پشتیوانی لە تیرۆرو لە داعش،،تا ئەمریکاو دنیا بزانن تورکیا پشتیوانی تورکیاو داعش ناکات،ئەوەتا ڕێگا دەدات پێشمەرگەو بەچەک و جبەخانەیەکی زۆرەوە و بەناو خاکی تورکیادا بروات لە کوبانی دژی داعش شەڕ بکات و ئەوان پشتیوانی لە ڕۆژئاواو کوبانی دەکەن،لەمەبەدەر پەڕلەمان کێیە بتوانێ بێ ڕازی بوونی تورکیاو مەسعود بارزانی دوو بڕیاری ئاوا دەربکات وعەمەلیشی بکاتەوە. باشە چ خێرە تا دوێنێ پارتی وپەیەدە تیرۆریست بوون،خەندەقیان لە دژیان هەڵدەکەند،حەساریان دەخستنە سەر،حیزبی قولابیان بۆ دروست دەکردن و دەیان ناردن بۆ ڕۆژئاوا،دژایەتی وێنەی ئاپۆیان دەکرد کەلەوێ هەڵدەواسرا،دەرگای سنورەکانیان بە ڕودا دادەخستن،میدیاکانیان هەمیشە دژی ڕۆژئاوا بوون،پەڕلەمان بە هیچ جۆرێک نەیدەوێرا باسیان بکات وبە ڕەسمی بیان ناسێت،ئەم هەڵگەڕانەوەیە  چۆن ئاوا ڕوویدا؟ بۆ ئەگەر کوبانی خۆی نەگرتایەو لەلایەن داعشەوە داگیر بکرایە هاوکێشەکان ئاوا دەبوون؟ بێگومان نەخێر. هیچ گومانیشم نییە ماوەیەکی تر گوێمان لە لێدانی شەیپوری بنەماڵەی بارزانی و پێشمەرگەکانی دەبێت، کاتێک داعش ناوچەی شەنگاڵ چۆڵ دەکات و ئەمان دەچنەوە ناوی ودەڵێن گرتمانەوە، بەم جۆرە نەمردین و سەرکەوتنی کوبانی توانی پانتۆڵی تورکیاو پارتی تا بەرقاچیان دابکەنێت و مەحکومیان بکات بە شکست.