داعش لەناو دەقەکاندایە،لەناو کەمینە ستەملێکراوەکاندایە
07/11/2014 نوسەر: bzavpress

داعش لەناو دەقەکاندایە،لەناو کەمینە ستەملێکراوەکاندایە



ئێستا ئاوھا کاتم نییە،ئەو ناونیشانەی سەرەوە،زانستیانە بسەلمێنم،ھەمیش ماوەیەکبو خۆم لێ لائەدا،چونکە ویست و شارەزایی قسەکردنی ئێمە، لەڕیفۆرمی ئاینی و مێژووی خوێناوی عەرەب و ئیسلامدا نییە،ئەوەشی ئەیزانم و بەدوای گەڕاوم بۆ تێگەیشتنی خۆم بووە .

بەکورتی،ھیچ کەسایەتییەکی ئاینی و ئیسلامی لەکوردوستان،نەھی و نەفی داعشی نەکردووە،چونکە بەئاشکراو ئەبسلوتی ھەموویان ئەڵێن : بەڵێ..داعش ئیسلامەو..موسڵمانیشن ..تائێستا ڕەنگە تاقە خاڵی تەبا لەنێوان ھەموو خوێندنەوە جیھانییەکان بۆ داعش ئەمە بێت ..لەکۆمەڵی کوردیدا ،لەدوای ھاتنی داعشەوە،حزبی ئیسلامی و سەلەفی لەژێر پرسیاری گەورەدان.

واز لە یەکێتی و پارتییەکی شکستخواردوو بھێنن،بەو شکستخواردوویەی خۆشیانەوە،یارییان بەئیسلامییەکان کردووە،پێشوتر یارمەتی گەشەی ئیسلامی سیاسییان ئەدا،ئێستا مزگەوتەکانیان پڕکردووە لە مەلای سەلەفی و دووگەدوگیان پێ ئەکەن،ئاوھا کۆمەڵگەیان کەراندووە،ئەحمەقاندووە،خەواندووە ..ڕێگە بەخۆم ئەدەم ئەو ووشانە بەکاربھێنم، چونکە حزبی شمولی و ئۆلیگارشییەت ھەموو کات پێویستی بەگروپێکی نەتەوەیی یان دینییە،بۆ کەرکردن و بێعەقڵکردن و چاوبەستنی خەڵک (ئەم چەند دێڕە ئەگەر سودی لێوەرگیرێت،خەڵک سەد پلە قازانجی لێدەکات،کەیفی خۆشییەتی با سودی لێوەرنەگرێت)

نەک کتێبێک،نەک بەڵگەیەک، پەنجا دانەت بە ئینگلیزی و عەرەبی ئەدەمێ، کە ئەم گروپە ئیسلامییانە بەچ گەمەیەکی واق وڕھێنەر لەلایەن ھەواڵگریی ئەڵەمانی و سی ئای ئەی و موخابەراتی سعودی دا ھێنراون و بردراون لەسەدەی ڕابردوودا ..تەنانەت کتێبێکی وەک (لعبە الامم) کە لەساڵی (١٩٧٠) چاپکراوە،نوسەری کتێبەکە (مایڵز گۆبڵاند) خۆی ئەفسەری ھەواڵگریی ئەمریکا بووە .لەمیسر و لوبنان و ئێران و سوریا گەڕاوە .

ئەوەی قسەی کۆتایی و بێ چەندوچونە،ئەوەیە،خەڵک بە سەلەفییەکانی کوردوستان ،بەئیسلامییەکانی کوردوستان بڵێن : ئەگەر بڕواتان بەداعشەو ھاو بەمەبدەئن و ھاوسۆزن و،جارجار لەژێر لێوەوە دان بەوەدا ئەنێن کەدەق و نەس ڕێگە بەتوندوتیژیی وا ئەدات،ڕێگەش بەنیکاح و کەنیزەش ئەدات !...فەرموو بچن لەتەکیان جیھاد بکەن و نیکاح بکەن ..ئەگەریش پێتانوایە، داعش دروستکراوی دەستی کوفرو ئیلحادو ڕۆژئاوایەو گەمەیان پێ دەکرێت لەناوچەکەدا،فەرموون بچن ئاڵاکەتانیان دزیوە،لێیان وەرگرنەوەو بجەنگن دژیان ..

ئەگەر لەخۆم ئەپرسن،وەک ئەکادیمییەک،نەک وەک کورد ولایەنگیریی، خودی داعش قوربانییە،بەشۆفڵ ئەو تەرمانەیان کۆدەکرێتەوە، قوربانی دەستی ئەو ئەدمۆسفێر و کلتورە خراپەیە کە بەردەوام توندوتیژیی بەرھەم دێنێ،قوربانی ناحاڵی بونی خۆیەتی ،لایوایە شەرەف و ئەخلاق و کاردانەوەیەکە دژی ئەو ستەمەی لەسوننیزم ئەکرێت،بەڵام ڕاکێشراوەتە ناو گەمەیەکی ناشرینی سیاسیی،ئەویش دابەشبونە لەئایندەدا .تەنانەت زۆربەی ھەرە زۆری دیکتاتۆرەکانی ناوچەکە قوربانی ئەو ژینگە نالەبارە بون،کەژیان وای فێرکردون،لێیان پرسی ،سیستەم چییە؟ ئەیوت : سیستەم منم ..