لەدایكبونی پارتی یەکێتی دیموکرات (PYD)
03/11/2014 نوسەر: bzavpress

لەدایكبونی پارتی یەکێتی دیموکرات (PYD)


پەیەدە باڵێکی سەر بەبزووتنەوەی چەکداری کوردی باکور پەکەکەیە، هەر لەو پارتەش پشتیوانی ئایدۆلۆژی وڕێکخراوەیی وسەربازی وەردەگرێت و،  ڕێبەر ئۆجەلانیش وەك وبەرزترین سیمبوڵی ئازادی وئاشتی ونەتەوەیی دەبینن.

پەیەدە لە ساڵی   ٢٠٠٣ دامەزراوە ، لە سەرەتادا بە شرۆڤەی ڕەخنەی سیاسی دەستی بەچالاکیەکانی کردو بۆ ماوەیەکی زۆر لە سەر ئەو نەهج و ئەو ستراتیجە بەردەوام بوو .

هۆکاری دروست بون و ، وابەستە بوونی ئایدۆلۆژی پەیەدە بە باڵی پەکەکەوە ، دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی ١٩٧٩ کاتێك سەرۆك ئاپۆ لە تورکیا وەدەر نراو لە ئەنجامدا لە ڕۆژئاوای کوردستان لە کۆبانیدا گیرسایەوە .

ئەم گیرسانەوەی سەرۆك ئاپۆلە ڕۆژئاوا ، تا ساڵی ١٩٩٩ ی خایاند ، واتا تا ساتە وەختی گێڕانی پیلانگێڕیە نێودەوڵەتیەکە ، بۆیە بە هۆی لە ئارادا بون وهەست کردنی بەو پیلانگێڕیە ڕۆژئاوای جێهێشت .

لە دوای جێهێشتنی ڕۆژئاوا ڕوی لە زۆرێك لە ووڵاتان کرد ، بەڵام بە هۆی دروستکردنی ئەو تۆڕە سیخوڕیە ی کە ئەمریکاو ئیسڕایل وتورکیا لە ووڵاتان دروستیان کردبوو ، هیچ ووڵاتێك لە خۆی نەگرت وسەرەنجام لە کینیا دەستگیر کرا .

 بۆیە ئەو زیهنیەت وئینتما نەتەوە پارێزیەی پەیەدەی لە سەر بنیاد نراوە دەگەڕێتەوە بۆ، چالاکیەکانی سەرۆك ئاپۆ کە لەماوەی چەند ساڵی مانەوەی لە سوریادا کاری بۆ کردبوو . واتا ئەو فاکتەرێکی هەرە سەرەکیە بۆ دروست بونی پەیەدە لە ڕۆژئاوادا .

پەیەدە پێی وابوو ئیتر دەبێ هەوڵ بۆ ئەوە بدەن ، میللەت لەو دۆخە مارژیناڵەی کە چەندین ساڵ بووڕژێمی سوری سەپاندبووی بەسەر کوردانی ڕۆژئاوادا وە دەربنێن وهزری خەڵك بجوڵێنن ، بۆ داکۆکی کردن لە خاك وکلتورو زمان وئاینی خۆیان ، بۆ ئەوەی ئەوانیش دانەبڕێن لەو ئەڵقە نەتەوەییە میللی گەراییەی کە لە پارچەکانی تری کوردستان ڕێبەر ئۆجەلان بنیادی نابوو ، وە بە شیوازی جۆراو جۆر شۆڕشی لە پێناو دەکرا ، بەتایبەت ئەو شێوازی خەباتەی کە پەکەکە بۆ بەدەستهێنانی ئۆتۆنۆمیەتی کوردانی باکور هەوڵی بۆدادا .

ئیتر لێرە بە دواوە پەیەدە گەیشتە ئەو ڕاستیەی کە دۆزی کورد . دۆزێکە ماجەرای سیاسی گەرەکەو ، بە دەرکردنی بەیاننامەو مفاوەزات لە گەڵ ڕژێمدا ، مافە نەتەوەیی وسروشتیەکانی مەیسەر نابێت .

بۆیە هەوڵی دروستکردنی باڵی سەربازیان دا و یەکێنەکانی پاراستنی گەل (YPG) یان لە ساڵی ٢٠٠٤  دامەزراند .

یەپەگە پێکهاتووە لە کۆمەڵێك لاوی بە ئەمەکی کوردانی ڕۆژئاوا ، لە پێناو ئازاد کردن وسەربەخۆیی ناوچە کوردیەکان خەبات دەکات و لەلایەن پارتی یەکێتی دیموکراتی کورد (PYD) ەوە بەڕێوە دەبرێت .

لە پاش دروستبوونی بەهاری عەرەبی وئەو بارگرژیە سیاسیەی لە سوریا دروست بوو ، پەیەدە فرسەتێکی باشی بۆ هەڵکەوت بۆ ئەوەی سوود لە لاوازی ڕژێمەکەی ئەسەد وەربگرێ وتا لەو ڕێگەوە بتوانن نیمچە سەر بەخۆییەك بۆ کوردستانی ڕۆژئاوا بەدەست بێنن .

چونکە تا دەهات دەزگا ئەمنی ومەدەنیەکانی ڕژێم لاوازو بێ بایەخ دەبوون و ، توانای بەرگریان لەگەل کەم دەبوەوە ، بۆیە لە سەر ئەو ئەساسەی کە ڕژێم ناتوانێ بەرگریان لێ بکات وبیان پارێزێت ، بڕیاریان دا خۆیان خۆیان بەڕێوەبەرن وبەیانێکیان بە گوێی ڕژێمدا هەڵدا ، کە ئیتر دەبێ گەلی کوردی ڕۆئاوا سەرپشك بکرێن ، بۆ ئەوەی خۆیان پارێزگاری لە خۆیان بکەن .

لە سەرەتادا بەو ستراتیجە کاریان کرد لە چۆن بتوانن دەسەلاتی ڕژێم کەم بکەنەوە لە ناوچەکەدا ؟

بۆنمونە : لە بەرامبەر سیستەمی دادوەری ڕژێم هاتن سیستەمی دادوەری خۆماڵیان دامەزراند .

لە بەرامبەر ئەوەی کە گەل لە ڕێگەی هێزە ئەمنی ویاساییەکانی ڕژێمەوە بەسەر تەنگەژەکانی ڕۆژانەیاندا سەر بکەون ، پەنایان بردە بەر هێزێکی ڕێکخستنی سڤیل ی دادوەر کە خۆیان دروستیان کرد لە دەرەوەی ڕژێمی سوریا .

ئیتربەم جۆرە لە هەموو جومگەکانی خۆ بەڕێوەبردندا سیستەمێکی دەوڵەتداری سەربەخۆیان دروستکرد ، کە ئەڵتەرناتیڤێکی باش بوو بۆ کوردانی ڕۆژئاوا .

کاتێك نموزەجی ئەم جۆرە حوکمە بەرجەستە بوو ، تەواوی هاوڵاتیان پشتیوانیان لێ کردوو ، تا دەهات تەڤلیبوونی  پەیەدەو باڵی سەربازی یەپەگە زیادیان دەکرد .

گەر باس لەوە بکەین کە پەیەدە چۆن وا بە ئاسانی وبە زویی گەشەی کرد لە کوردستانی  ڕۆژئاوادا  ، ئەم پرسە چەند ڕەهەندێك لە خۆ دەگرێت .

سەرکەوتنەکانی پەیەدە زیاتر پەیوەندی بەوەوە هەیە ، کە لەلایەن پارتی کرێکانی کوردستان پەکەکەوە هاوکاری دەکرێت ، چونکە بەکردەوە پەیەدە لە ڕووی ئایدۆلۆژی وڕێکخراوەیی وسەربازیەوە ، بەشێکە لە گرووپی چەپڕەوی پەکەکە . وە هەموو باڵەکانی سەر بە پەکەکەش لە ژێر چەترێکدا کۆبونەتەوە کە ناوی کۆما جڤاکێن کوردستانێ ، کەجەکە یە .

وە ڕەهەندی دووەم کە وای کردوە خەڵکی زیاتر لە ڕۆژئاوادا تەڤلی پەیەدە بن ، پەیوەستە بە و ناوبانگە جیهانیەی کە ڕێبەری زیندانی کراوی پەکەکە عبدوڵا ئۆجەلان هەیەتی .

هەرچەندە پارتی دیموکراتی کوردستانی سوریا ، کە لە لایەن مە سعود بارزانیەوە ئاڕاستە دەکرێن ، دژایەتیەکی سەر سەختی پەیەدە لە ڕۆژئاوادا دەکەن ، بەڵام بە هۆی کەمی نفوزو لاوازی لە بڕیارونەبونی ئەجندایەکی نەتەوە پارێزی لە هزریاندا ، وە لە هەموشی گرنگتر هەستکردنە بەوەی کە ئەم پارتە لە لایەن تورکیاوە ئاڕاستە کراوە ،  بۆتە هۆی ئەوەی کە هیچ دەورو کاریگەریەکیان لە سەر گەشەی بێ شوماری ئە و هێزە نەبێت .

چونکە ستراتیج وئامانج وخەباتی پەیەدە لە گەڵ پارتە سیاسیەکانی تر لە ڕۆژئاوادا جیاوازیەکە ، کە هەر کەس خاوەنی هزرو تیۆرو هٶشی نەتەوەیی  خۆی بێت بە باشی هەستی پێ دەکات ، کە پەیەدە چەندە هێزێکی نیشتمانی نەتەوە پارێزە لە چاو ئەوانی تردا .

هەر ئەم هۆکارەش وای کردووە ، کە ئەوە ندە خۆراگر بن بەرامبەر ئەو هێرشانەی لە م دواییەدا کە بە ئاڕاستەی دەوڵەتی نەتەوە پەرستی تورك لە لایەن چەتەکانی داعشەوە خراوەتە سەر کۆبانی و ڕۆژئاوای کوردستان .

بۆیە پەیەدە ئەو هێزەیە کە هەرگیز ناکەوێ و بەردەوم لە گەشەدا دەبینرێت لە ڕوی تەڤلی بون وپشتیوانی گەلەوە ، چونکە لە ڕێگەی هەڤەڵ و شەڕڤانەکانیەوە بەرخودانێکی پراکتیکی و کرداریان هەیە ، بۆ پاراستینی شەڕەف وکەرامەت و خاکی نەتەوەی کورد لە ڕۆژئاوادا ، بۆ ڕاستی ئەم قسانەش دەتوانین بەرخۆدانی کۆبانی بە نمونە وەرگرین ، کە لە مێژودا وەها بەرخودانێك ئەگەر لە ستالینگراددا بوونی هەبێت ئەگێنا هاوشێوەی نیە ونابێ .

مرۆڤ کاتێك سەرەنجی شەڕڤانە ژنەکانی یەپەگە دەدات بۆ بەرگری کردن لە کۆبانی ، لەوێدا هەست دەکات پەیەدە چ دەورو کاریگەریەکی هەبووە  لە بڵاوکردنەوەی هۆشی نەتەوەیی ولە مەبدئی چاندنی دڵسۆزی لە هزری گەلدا، بۆ پاراستنی خاك وخۆڵی نیشتمانی خۆی  دڵسۆزی .

بۆیە گەر پەیەدە و شەڕڤانەکانی یەپەگە نەبن لە ڕۆژئاوادا ، ئەوا لە هیچ کات وساتێکدا کەرامەت وقەداسەتی کورد لەو پارچەیەی کوردستان لە ژێر سایەی هیچ پارت ولایەنێکی تردا پارێزراو نابێ .

بۆیە دروستبوونی پەیەدە ئاماژەیەکە بۆ قەڵای خۆڕاگری وبەرخۆدانی میللەتی کورد لە پێناو بە دەستهێنانی مافە کانیدا.