30/10/2014
•
نوسەر: bzavpress
•
سوید فه‌ڵه‌ستینی وه‌ك ده‌وڵه‌تی سه‌ربه‌خۆ ناساند
حكوومه‌تی نوێی سوێد، كه له‌لایه‌ن چەپەکانەوە به‌ڕێوه ده‌چێت، فه‌ڵه‌ستینی وه‌ك ده‌وڵه‌ت ناساند. له‌و باره‌یه‌وه وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی سوێد مارگۆت واڵسترۆم، له روون كردنه‌وه‌یه‌كیدا بۆ رۆژنامه‌ی داغينس نيهيتر- ی کە رۆژنامەیەکی ناوخۆی سویدە باس له‌وه ده‌كات، كه حكوومه‌تی سوێد ویستوویه‌تی پشتیوانی ئه‌و فه‌ڵه‌ستینیه‌كان بكات كه ئاماده‌ن له‌سه‌ر مێزی گفتوگۆ دابنیشن.
ستیفان لۆفڤین، سه‌رۆكی پارتی سۆسیال دیموكرات، كه په‌رله‌مانی وڵاته‌كه‌ی له كۆبوونه‌وه‌ی 2ی تشرینی یه‌كه‌مدا سه‌رۆكایه‌تی په‌سه‌ند كرد، له كۆنگره رۆژنامه‌وانییه‌كه‌ی 3ی تشرینی یه‌كه‌مدا رایگه‌یاند "دان به ده‌وڵه‌تی فه‌ڵه‌ستیندا ده‌نێن. هاوكات ئاماژه‌ی به‌وه‌ش كرد كه فه‌ڵه‌ستین ده‌توانێت كێشه‌كانی له‌گه‌ڵ ئیسرائیل به‌شێوه‌یه‌ك چاره‌سه‌ر بكات كه بگونجێت له‌گه‌ڵ مافه نێوده‌وڵه‌تیه‌كاندا".
ناساندنی فه‌ڵه‌ستین وه‌ك ده‌وڵه‌ت له‌لایه‌ن سوێده‌وه، كه ئه‌ندامی یه‌كێتی ئه‌وروپایه گرنگه. وڵاتانی وه‌ك هه‌نگاریا، پۆڵۆنیا و سلۆڤاكیا پێش ئه‌وه‌ی ببنه ئه‌ندام له یه‌كێتی ئه‌وروپا فه‌ڵه‌ستینیان وه‌ك ده‌وڵه‌ت ناساندبوو.
به‌پێی هه‌واڵێكی ئاژانسی ئانادۆڵ، پارتی سۆسیال دیموكرات له هه‌ڵبژاردنی 14ی ئه‌یلول براوه‌ی یه‌كه‌م بوو، به‌هاوكاری له‌گه‌ڵ پارتی سه‌وز و ژینگه‌ی ئه‌و وڵاته حكوومه‌تی نوێی پێكهێنا، كه له 21 وه‌زیر پێكهاتووه.