داخۆ مەلا بەختیار بە چ زراو تەقیوییەکەوە ئەم چەند پەیڤەی نووسیبێ
26/07/2013 نوسەر: bzavpress

داخۆ مەلا بەختیار بە چ زراو تەقیوییەکەوە ئەم چەند پەیڤەی نووسیبێ




دڵنیاین و گومانمان لەوە نییە کە بیرمەندو موفەکیری گەورەی ئیسلامیمان (سەید قوتب - رحمە اللە) چەکوشی سەری عەلمانییەکان و تەزێنەری جەستەو ھەڵوەشێنەرەوەی عەرش و فەرشییانە... زۆر بە حەزەرەوە لێی ئەڕوانن و خەریکە زراویان ئەتەقێ لە ئاست ناو و نووسین و وێنەکانیدا... ئێستاش بە سەرچاوەی بیری توندی ئیسلامەتی دائەنێن، مامۆستا کرێکاریش ناھەقی نییەو ھەر لە خۆیەوە نەیگوتووە: "بیری ئەتۆمانەی سەید قوتب".. ئەم چەند پەیڤەی کە لە خوارەوە ئەیگوازمەوە پەرەگرافێکی مەلا بەختیاری یەکێتییە لەسەر ئەو بیرمەندە گەورەیە، کە لە کتێبی (دیموکراسی و دوژمنانی)دا دەرم ھێناوە، خۆزگە ئەو شەوانە چاوم لەم نووسەرە دەبوو بە چ ترس و لەرزێکەوە لەم پیاوە بەڕێزەی نووسیوەو، چەند جار قەڵەمە ڕەشەکەی لە دەست کەوتۆتە خوارەوەو ھەناسەی خۆی و دەنگی پێی ژنەکەی و خشە خشی پێنووسەکەی تێکەڵ بووەو ھەزارەھا ترس و خەوفیان لە دڵی درووست کردووە...
ئەمەش نووسینەکەی بەختیارە:
(دوای ئەوەی ئیخوان موسلیمین چەندین جار ڕێبەرایەتی و ڕێبەریان ئەگیراو لەناو ئەبرا، دواجار (سەید قوتب) بوو بە ڕێبەریان، کە ئەمیش لە ھەرە دەمارگیرە توندەکانی ئیسلامی سیاسیی بووە، تەنانەت لە (حەسەن بەننا)ش زیرەک ترو توندتریش بووە، (سەید قوتب) دژی ھەموو حاکمییەتی بەشەر بوو لەسەر ئەرز، جیھادی بۆ حوکمی موتڵەقی خوا ئەکرد. جگە لە حوکمی خوا، ھیچ حوکمێکی تری قبووڵ نەبوو. باوەڕی بە دیموکراسی و ئازادی و سەربەستی ھەر نەبوو، لە ژێر فشاری ڕووداوەکانیشدا، کە ناچار بوو قسە لە دیموکراسییەت بکات، داوای ئەکرد دیموکراتییەت تەنھا بدرێتە خەڵکی ھەڵبژاردەو دەست نیشان کراو، تەنانەت پێی وابوو  لەدوای نەمانی حومی ئیسلام، ژیان و حوکمەکان ھەموو جاھیلن. جاھیلییەتی کرابوو ویردی سەر زمانی و ھەموو جیھانی بە جاھیلییەت تاوانبار ئەکرد. جگە لەوەش (سەید قوتب) کۆمەڵی لە نێوان دوو جەمسەردا دابەش کردووە:
یەکەم: دار السلام
دووەم: دار الحرب
پێی وابوو دار السلام ئەوەیە کە موسڵمانان بە پێی شەرع و شەریعەتی ئیسلام کت و مت وەکو سەرەتاکانی ئیسلام ئەژین. دار الحربیش ئەوەیە کە کت و مت شەریعەت تیایا جێ بەجێ ناکرێت.!)