26/10/2014
•
نوسەر: bzavpress
•
بێوار خونسی: ھیچ کۆمپانیایەکی نەوتی لە ھەرێم کارەکانی را نەگرتووە
تائێستا ھیچ كۆمپانیایەكی نەوتی لەھەرێمی كوردستان كارەكانی رانەگرتووەو شارەزایەكی وزەش دەڵێت ئاوارەو پەنابەرەكان قورساییەكی زۆریان بۆ سەر كەرتی وزە دروستكردووەو ھەرێمی كوردستانیش بەدابەزینی نرخی نەوت كاریگەر دەبێت.
لەبارەی پلانی بەرھەمھێنانی نەوت لەلایەن وەزارەتی سامانە سروشتییەکانەوە کە وا بڕیارە لەکۆتایی ئەمساڵ بگاتە ٥٠٠ ھەزار بەرمیل لە رۆژێکدا و لەکۆتایی ساڵی ئایندەدا بۆ یەک ملیۆن بەرمیل بەرز ببێتەوە شارەزای وزە، بێوار خونسی دەڵێت: "ئەو پلانە وەکو خۆی بەڕێوە دەچێت و پێشبینی دەکرێت تا کۆتایی ئەمساڵ بگاتە ئەو ئاستەی راگەیەنراوە" ناوبراو هەروەها گوتی "ھەرێمی کوردستان لە ھێرشەکانی داعش پارێزراوە، ئەگەر پێشتر لێرە و لەوێ کەموکورتییەک ھەبووبێ، ئێستا ھەموو دامەزراوە و کێڵگە نەوتییەکانی ھەرێم لە دەستی خۆیدان، بۆیە ئەو پلانەی بۆ بەرھەمھێنانی نەوت دانرابوون جێبەجێ دەکرێ و لە کۆتایی ئەمساڵ ھەرێم دەگاتە ئاستی بەرھەمھێنانی ٥٠٠ ھەزار بەرمیل لە رۆژێکدا."
خونسی ئاشکراشی دەکات ھیچ کۆمپانیایەکی بیانیی نەوت و غاز لە ھەرێم کارەکانیان رانەگرتووە بەتایبەت ئەوانەی نەوت بەرھەم دەھێنن، لەو رووەوە دەڵێ "سەرجەم ئەو کۆمپانیانەی لەھەرێمدان و گرێبەستیان لەگەڵ حکوومەتی ھەرێم ھەیە بەتایبەت ئەوانەی کە بەرھەمی نەوتییان ھەیە لە ھەرێم، ھیچیان بەھۆی ھەڕەشەکانی داعشەوە چالاکییەکانیان رانەگرتووە، رەنگە پێشتر لەسەر داوای حکوومەتی ھەرێم چەند کۆمپانیایەک کە کارەکانیان نزیکی سنوورەی داعش بووبێ، کارەکانیان راگرتبێ، بەڵام ئێستا ھەموویان کاری خۆیان دەکەن".