له‌كاتی روودانی قه‌یرانه‌كاندا ، گه‌لان كینه و جیاوازییه‌كانیان له‌بیر ده‌كه‌ن و ریزه‌كانیان له‌به‌رانبه‌ر ناحه‌زانیاندا یه‌كده‌خه‌نه‌وه ، كه‌چی سیاسه‌تمه‌دارانی كورد و پارته‌كانی له قه‌یرانه‌كانیشدا زیاتر ریزه‌كانیان تێكده‌چێت و لێك ده‌ترازێن ، چونكه مه‌خابن ئه‌م دیمه‌نه دزێوه له شه‌سته‌كانی سه‌ده‌ی رابردووه‌وه تا ئه‌مڕۆ به‌رده‌وام بووه و هه‌میشه پارته گه‌وره‌كان به‌سه‌ر هاوكێشه‌ی ناوچه‌ییدا دابه‌ش بوون ، تا ئه‌و هاوكێشانه‌ش زه‌قتر بووبن جیاوازییه‌كانی نێوماڵی كوردیش تۆختر بوونه‌ته‌وه .
ئه‌وه ( 23 ) ساڵه حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان دامه‌زراوه ، به‌ڵام له‌به‌ر نه‌بوونی ئیراده‌ی سیاسیی بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌م ته‌جرووبه‌یه به دامه‌زراوه‌یی و ده‌ستووریی بكه‌ن ، تا ئێستا حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان وه‌كو زوونی زه‌رد و سه‌وز له هه‌موو شتێك‌دا ماوه‌ته‌وه ، له‌وانه‌ش هێزه ئه‌منیه‌كان و هێزی پێشمه‌رگه وه‌كو دوو هێزی حیزبیی ماونه‌ته‌وه .
هه‌ر ئه‌وه‌شه ناحه‌زانی ته‌جرووبه‌ی هه‌رێمی كوردستان ، به‌ڵگه‌ی ته‌واویان ده‌ست كه‌وتووه بۆ ئه‌وه‌ی بیكه‌نه بیانوو بۆ ئه‌وه‌ی بودجه و مووچه‌ی ئه‌م هێزه نه‌ده‌نه هه‌رێمی كوردستان ، چونكه ئه‌وان ده‌ڵێن وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه و وه‌زاره‌تی ناوخۆ واقعیی نین و ئه‌وه‌ی كه ئه‌و وه‌زاره‌تانه به‌ڕێوه ده‌به‌ن باره‌گا حیزبیه‌كانن نه‌ك حكومه‌ت و په‌رله‌مان ، ئه‌وه‌ش كه سه‌یری ئه‌و هێزانه بكات به ئاشكرا هێزی زه‌رد له هێزی سه‌وز جیا ده‌كاته‌وه و له‌م جه‌نگه‌ی ئێستاشدا جارێكی تر ئه‌و دیارده‌یه ده‌ركه‌وته‌وه و ئێستاش خه‌ریكه ئاكامه خراپه‌كانی ده‌بینین .
ئه‌و به‌یاننامه‌یه‌ی مه‌كته‌بی سیاسیی یه‌كێتی نیشتمانیی كوردستان كه ئاماژه ده‌دات به‌وه‌ی 24 ته‌ن چه‌كی پاشه‌كه‌وت كراویان ناردووه بۆ كۆبانێ ، به‌ڵگه‌یه‌كی زۆر روونه بۆ حكومه‌تی به‌غدا و ناحه‌زانی هه‌رێم كه هێزی پێشمه‌رگه به میلیشیا له قه‌ڵه‌م بدات ، چونكه به‌یاننامه‌كه‌ی مه‌كته‌بی سیاسیی به هه‌موان ده‌ڵێت له ده‌ره‌وه‌ی وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌وه چه‌ك و جبه‌خانه‌ی حیزبیی و ناشه‌رعیی هه‌یه .
ئێمه زۆر باش ئه‌وه ده‌زانین كه له كوردستاندا هه‌موو پۆست و هێز و ده‌زگاكانی حكومه‌تی هه‌رێم به‌سه‌ر ئه‌و دوو حیزبه‌ی كوردستاندا دابه‌ش كراون ، به‌ڵام ئه‌و به‌یاننامه‌یه‌ی مه‌كته‌بی سیاسیی یه‌كێتیی فه‌رمیی ترین به‌ڵگه‌یه له‌سه‌ر هه‌بوونی چه‌كی ناشه‌رعیی له ده‌ره‌وه‌ی وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌ی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ، به تایبه‌تیش حیزبێكی سۆشیال دیموكرات ده‌بێ حیزبێكی مه‌ده‌نیی و سیاسیی بێت ، به‌ڵام حیزبێكی له‌و شێوه‌یه كه خاوه‌نی چه‌كی قورس و جبه‌خانه‌ی ده‌ره‌وه‌ی شه‌رعیه‌ت بێت ، ئه‌مه پێچه‌وانه‌ی كارنامه‌ی هه‌موو حیزبه سۆشیال دیموكراته‌كانی دونیایه كه بڕوایان به كاری میلیشیایی نیه و كاریان بۆ ئه‌وه‌یه دیموكراسیه‌ت و بنه‌ماكانی و شه‌رعیه‌ت بۆ حكومه‌تی ده‌ستووریی درووست ده‌كه‌ن ، نه‌ك رێگر بن له‌وه‌ی حكومه‌ت ببێته حكومه‌تی دامه‌زراوه‌یی و ده‌ستووریی !!