باوکم و مامۆستای شارەزوری..هەر وەك وەفایەك بۆ هەردووکیان
25/07/2013 نوسەر: bzavpress

باوکم و مامۆستای شارەزوری..هەر وەك وەفایەك بۆ هەردووکیان





یەکەم جار کە بە خزمەتی مامۆستای خۆشەویست گەیشتم.. ئەو دەمە من لەشاری سەیدسادق دەژیام لە ماڵی باپیرم..  بردیانم بۆلای باوکم لە ناوچەی ناوپارێز پێشمەرگە بوون لەو دەڤەرە لە دێیەك بەناوی "جارخ" مامۆستا شارەزوریش لەو دێیە بوو لای باوکم ئەویش  لەدەست رژێمی بەعسی بۆگەن هەڵهاتوبوو بۆ ناوچەکانی ژێردەسەڵاتی پێشمەرگە، ئەمەی باسی دەکەم ساڵی ١٩٨٣ یە ، ئەوەی کە یادگاریەکی خۆشە بیگێرمەوە من وامدەزانی ئەم پیاوە گۆرانیبژە، بە رەحەمت بێت.. بە باوکمم ووت : ووتم باوکە بەو مەلایە بڵێ گۆرانیەكمان بۆ بڵێ: رەحەمەتی لێم توڕە بوو فەرمووی نابێت تۆزیك ئاقڵ بی، ئاخر مەلا چۆن گۆرانی دەڵێت: ووتم ئەی بۆ لە تەلەڤزیۆن دەیڵێت؟
رەحەمەتی باوکم ووتی کوا؟ تومەس من بە نازم غەزالی تێگەیشت بووم ، ئەودەمە لە تەلەڤزیۆنی عێراق زۆر نیشانی ئەدا، ئیتر باوکم بە ئەمەی بۆ مامۆستا گێرایەوە زۆر پێکەن و  یادیان بەخێر بێت، خوای گەورە هەموویان بخاتە بەهەشت.. ئامین..
یەکێك لەو کارە گرنگانەی کە مامۆستا شارەزوری ئەنجامی ئەدا لە ناوشۆرشدا ئەوە بوو.. یەکەم کەس بوو هەڵەسا بەوەی کە بەرەی کوردستانی دروست بکات بیرۆکەی مامۆستا شارەزوری بوو هەوڵێکی زۆریدا لە ناوچەی پێنجوێن وشارباژێر و ناوچەکانی تریش،باوکم دەفەرموێت  ئەو دەمە من و کاك بەکرو حاجی سەفر و کاک جەمال جەلال زۆرێکی تر لەپێشمەرگەکان   دەکات و دەڵێت مەلا محمد سەرنجی هەموومانی راکێشابوو، تەنانەت لە ناو پێشمەرگەدا پێاوێکی زۆر خۆشەویست جێگای رێز بوو، پەیوەندیەکی توندو تۆڵی دروستکردبوو، هەوڵی ئەوی ئەدا کەچۆن شەڕی براکوژی کۆتایی پێبنێت و ئەوەبەریە دروست بکات، باوکم دەفەرموێت: شارەزوری نائومێد نەبوو لە هەوڵەکانی، هەر بەردەوام بوو.. ئەم باسە  تاڕادەیەك کاک  کاوە پێنجوێنی لە گۆڤاری پەیرەودا باسێکی لەسەر کردوە بە درێژ
ئەوەی کە سەرنجی منی ڕاکێشاوە ئەوەیە  مامۆستا شارەزووری  لە ناو پێشمەرکەشدا هەر بانگەوازی ئسلامی  دەکرد..
ڕەحمەتی باوکی من  کۆمەڵە بوو، هەموو دەزانن کۆمەڵە مارکسی و لینینی بوون بڕوایان بە دین هەر نەبوو، باوکم لەو دەمەوەی کە هاوڕی وبرایەتی لەگەڵ مامۆستا شارەزووری پەیدا کرد، ئیتر بیرو بۆچونی بە تەواوەتی گۆڕاو تەنانەت دەستی کرد بە نوێژ، بۆیە لە یاداشتەکانیدا باس لە دینداری و خۆشەویستی خوا پێغەمبەر دەکات باوکم، کە من بۆخۆم سەرەتا بەلامەوە سەیر بوو، تا لە  کاک حەسەنی محموی تۆفیقی خەیاتم پرسی و لەگەڵ کەسێکی تری سەیدسادقی بە ناوی کاک ئەبوبکری سەید عەلی، وەڵامیان دامەوە کە مامۆستا شارەزوری کاریگەری باشی لەسەر باوکی من دروست کردبوو، ڕاستە دەبێت ئەوەش ئاماژە پێبکەم.. ئەو کاتەی کە مامۆستا سەید ئەحمەدی پێنجوێنی لە دەستی بەعەسیەکان هەڵهات و هاتنە ماڵی ئێمەو ئەویش کاریگەری لەسەر باوکم دروست کردبوو، زۆر جار پێکەنینم دەهات بەوەی یادگاریەکانم ئەمدیواودو دەکردو ئەو مێژوانەم دەخوێندەوە، دەمگوت باوکی من کۆمەڵەیەکی  یەکێتی ئیخوانی بووە..!
بەهەر حاڵ من باوکی خۆم بینیوە کە دووجار گریاوە، جارێکیان  بۆ  ئەم مامۆستا مەلامحمدی شارەزوریە کە هەواڵیان هێنا لە ئاغجەلار لە ناو تراکتۆرێکدا وەرگەڕاوە، گریانێکی زۆر کەیلانە گریاو، پاشان بۆ کەسێکی تر.. کە حیزبی بەعس ئیعدامی کرد ماڵیان لە تووی مەلیك بو ناوی کاک شێخ عەبدول بۆسکانی بۆ ئەویش زۆر گریا.
یادیان بەخێر بێت بۆیە من خۆشحاڵ بووم بەوەی کە باوکی منیش لە کاتێکدا کە تیرۆری دەکەن زمانی بەرۆژوە مانگی رەمەزان بوو  وە دوایش بۆمان دەرکەوت کە بەدەیان فەقێ لەمزگەوتی حەمەی حاجی ڕەشید و مزگەوتەکانی تر گرتبووە ئەستۆی خۆی بێجگە لەوەی کە ئەوەندەی من بیرم بێت.. باوکم نوێژی نەفەوتانداوە، ئەمەش فەزڵی خوایە پاشان کاریگەری مامۆستای خۆشەویست شارەزوری وئینجا پێویسە بڵێم سەید ئەحمەدی پێنجوێنیە کە ئێستا لە هەولێر دادەنیشێت.