وه‌ك ئاشكرایه مێژووی مرۆڤایه‌تی لێوان لێوه له ڕووداو گه‌لێك كه جێی شانازیكردن و شه‌رم داگراتنی مرۆڤه‌كانه له ئاستی ، له ناو ساته‌كانی مێژووشدا مێژووی نوێ ی و هاوچه‌رخی مرۆڤایه‌تی پشكی شێری به‌ر كه‌وتووه له سه‌رهه‌ڵدانی ئه‌و ڕووداوانه، ڕێنیسانس و شۆڕشی فه‌ره‌نسی و دواتریش شوَڕشهكانی پیشه‌سازی له ئه‌وروپا تا ڕاده‌یه‌ك جێهشتنی قۆناغێكی تاریك بوو كه سه‌رده‌مانێك بوو كلێسا باڵی ڕه‌شی كێشا بوو به‌سه‌ر گشت كایه‌كانی ژیانی مرۆڤدا و قفڵی له ده‌رگای بیركردنه‌وه‌ی هه‌ر كه‌سێك دابوو، كه به سه‌ده‌كانی ناوه‌ڕاست ناسرا بوو، هه‌روه‌ها سه‌ده‌ی بیسته‌میش به گرنگترین و پڕ ڕووداوترین كاته‌كانی مرۆڤ داده‌نرێت كه زۆرترین ململانێی ئایدیا و هێزی بازوو وه پیشه‌سازی ته‌قه‌مه‌نی تیا نمایشكرا، پاشانیش كۆڵۆنیاڵكردنی وڵاتانی ئه‌فریقا و ئاسیا له لایه‌ن ولاَتانی زلهێزی جیهانییه‌وه سه‌لماندی كه كۆمه‌ڵگه‌ی مرۆڤایه‌تی ئاسایشی [نه‌ته‌وه‌یی ، ئاینیی ، جوگرافی، ئابووری ...هتد] له مه‌ترسییه‌كی حاشا ههڵنهگردایه، مرۆڤ هه‌میشه هه‌وڵی داوه كه زۆرترین مه‌ودای سنووری به‌رامبه‌ر له ڕووی فكری و سیاسیی و ئایینی و كۆمهلاَیهتییهوه ببه‌زێنێت، ئه‌وه‌ی مه‌به‌ستمانه لێره‌دا ئاماژه‌ی پێ بكه‌ین سه‌رهه‌ڵدان و هاتنه كایه‌وه‌ی دوو ئایدۆلۆژیایی ناسیۆنالیستی نیگه‌تیڤ و تا ڕاده‌یه‌كی زۆریش له یهكچووه، ئه‌وانیش (( فاشیزم و به‌عسیزم)) ه كه له سه‌ره‌تا و ناوه‌ڕاستی سه‌ده‌ی بیسته‌مدا له‌سه‌ر شانۆی ڕووداوه‌كانی رۆژئاوا و ڕۆژهه‌ڵات به دیار كه‌وتن، ، كه حزبی فاشی له ساڵی 1922 له ئیتاڵیا و حزبی نازی له ئه‌ڵمانیا ساڵی 1933 و حزبی به‌عس له دوو قۆناغدا كه له ساڵی 1963 و دوای ڕووخانیان جارێكی تر له 1968 ده‌سه‌ڵاتیان له عێراق گرته‌وه ده‌ست تا 9/4/2003 . كه به سوود وه‌رگرتن له تیۆری ڕاسیزم هه‌وڵی بێ وچانیان دا بۆ له ناوبردنی نه‌ته‌وه‌كانی تر له رێگه‌ی كوشتار و جینۆساید و هۆڵۆكۆسته‌وه، به‌ڵام دیاره ڕوونه كه زۆربه‌ی جار ڕه‌وڕه‌وه‌ی مێژوو له به‌رژه‌وه‌ندی تۆتالیتاران هه‌ڵناسوڕێت ، و تیونێتی میلله‌تان بۆ سه‌ربه‌خۆی و ئازدای خه‌ونی ڕه‌شی سته‌مكاران له چاڵ ئه‌نێت .
چه‌مكی ڕاسیزم:_
ڕاسیزم له ووشه‌ی ( Race ) به مانای ڕه‌گه‌ز وه‌رگیراوه، ڕه‌گه‌زپه‌رستی ڕاسیزم تێورێكی دژه زانستی و كوَنهپهرستانهیه كه بڕوای به نا یه‌كسانی نێوان ڕه‌گه‌زه‌كان له بواری توانایی و هێزی بیركردنه‌وه‌دا هه‌یه(1) ، ڕاسیزم ڕه‌گه‌زی گرووپێك دیاری ده‌كات ، كه ده‌یه‌وێت به هۆی ڕه‌گه‌زه‌كه‌یه‌وه خۆی له گرووپه‌كانی تر جیا بكاته‌وه، ڕاسیزم ئایدۆلۆجییه‌كی سیاسی توندڕه‌وانه‌یه، كه له ڕێگه‌یه‌وه مرۆڤه‌كانی تر به پیسترین و دڕندانه‌ترین شێوه ده‌چه‌وسێنێته‌وه،ڕاسیزم ئایدۆلۆجیایه‌كی ده‌به‌نگانه و دڕندانه‌یه، كه مرۆڤه‌كان له‌سه‌ر بنه‌مایه‌كی بایلۆجی به‌سه‌ر چه‌ند گرووپێك دابه‌ش ده‌كات، وه‌كو گرووپی[ڕه‌شپێسته‌كان،سپیپێستهكان،قاوهییپێستهكان] مه‌به‌ستی سه‌ره‌كی له‌م دابه‌شكردنه‌ش، قازانجكردنی گرووپێك یان ده‌وڵه‌تێكی به‌هێزه، كه ده‌یه‌وێت گرووپێك یان ده‌وڵه‌تێكی بێهێز بچه‌وسێنێته‌وه (2) ،چه‌مكی ڕاسیزم له ماوه‌ی نێوان دوو جه‌نگی جیهانی و له ساڵی 1933 هاته ناو فه‌رهه‌نگی فه‌ره‌نسیه‌وه، بهلاَم ده‌توانین له ناو ته‌واوی شارستانیه‌ته دێرینه‌كاندا ئه‌م دیارده‌یه ببینینه‌وه(3) ، بۆ نمونه كۆمه‌ڵگه‌ی ڕۆمانی به هه‌موو ئه‌و كه‌س و میلله‌تانه‌ی تریان ده‌ووت (به‌ربه‌ری) كه له‌وان نه‌بووایه به تایبه‌تی ئه‌وانه‌ی دژایه‌تی ڕۆمیان بكردایه، (هیرۆدۆتس) یش شه‌ڕی ئه‌وروپی و ئاسیایی به شه‌ڕی به‌ربه‌ر و مه‌ده‌نیه‌ت له قه‌ڵه‌م داوه ، كه‌واته ڕوونه ئیستا كه وه‌ك زاراوه‌ی سیاسی ئه‌و ناوه به هه‌ر كه‌س و كۆمه‌ڵیك بووترێ ، به مانای ئه‌وه‌نده كۆنه‌په‌رست و دژ به مه‌ده‌نیه‌ت و به‌دڕه‌وشت و تێ نه‌گه‌یشتووه (4) ، سه‌ره‌تای پیاده‌كردنی ئه‌م تیوَریایهش بۆ سه‌رده‌می دۆزینه‌وه‌ی جوگرافیه‌كان ده‌گه‌ڕێته‌وه ، ئیتر لێره‌وه له‌سه‌ر زه‌مینی ئه‌و كیشوه‌ره تازانه به پاكتاوكردن و قڕكردنی نه‌ته‌وه‌كانی ده‌ستی پێكرد كه دانیشتوانی ڕه‌سه‌نی ناوچه‌كه بوون ، كه نه‌ته‌وه‌كانی تری وه‌ك مرۆڤ سه‌یر نه‌ده‌كرد، به‌ڵكو وه‌ك ئاژه‌ڵێك لێی ده‌ڕوانین (5) ، به‌ڕێوه‌بردنی سیاسه‌ته دژه مرۆڤه‌كانی ئه‌مریكا له دژی سوور پێست و ڕه‌ش پێسته‌كانی ئه‌م ووڵاته كه سه‌ره‌ڕای جاڕنامه‌ی مافی مرۆڤ هه‌ر وا درێژه‌ی هه‌یه كه ئه‌مه نموونه‌یه‌كی زه‌قی راسیزمه (6).
بهلاَم دواتر تیۆری ڕه‌گه‌ز په‌رستی به‌رگی زانستی وه‌رگرت كه زانایانی سه‌ده‌ی 19 له بواره‌كانی ڕه‌گه‌زناسی و عه‌قڵی و مرۆڤایه‌تی پێی هه‌ستان ، به‌و پێیه‌ی سه‌ده‌ی 19 سه‌ده‌ی ناسێوَنالیزم بوو له ئه‌وروپا ئیتر تیوَری ڕه‌گه‌زپه‌رستی ده‌ست به‌رداری ئه‌وه‌بوو كه ته‌نها له‌سه‌ر بنه‌مای ڕه‌نگی پێست جیاوازی بكات ، به‌ڵكو جیاوازیكردن خه‌سڵه‌تی نه‌ته‌وه‌ییانه‌ی وه‌رگرت ،هه‌ر له به‌ڵگه‌ی تیۆكاری زانای سكوتله‌ندی (ڕۆبه‌رت كنوكس) ه وه كه له‌سه‌ر بیرۆكه‌ی (گۆشه‌ی سه‌ر) دامه‌زراوه كه جیاوازی ده‌كات له نێوان كه‌لله سه‌ری پیاوی سپی كه خڕه و ئاستی به‌رزتره ، له‌گه‌ڵ كه‌لله سه‌ری پیاوی ڕه‌ش كه درێژه‌و له دوَخی ئاژه‌ڵیه‌وه نزیكتره ،تا ده‌گات به‌و به‌ڵگه زمانه‌وانیانه‌ی (ئه‌رنست ڕینان)* كه پێی وایه عه‌قڵی ئاری نه‌ژاده‌كان** له‌سه‌روو عه‌قڵی ئه‌وانه‌وه‌یه كه سامی نه‌ژادن(7) ، تا نه‌ته‌وه‌ی سۆسیالیستی نه‌ژاد په‌رست له ئه‌ڵمانیا سه‌ری هه‌ڵدا(8) ،ئه‌دۆڵف هیتله‌ر*** ڕێبه‌ری ئه‌ڵمانیش له ژێر ده‌مامكی ڕه‌گه‌زی باشتر چه‌ند ملێوَن جووله‌كه‌ی كوشت (9)، به بۆچوونی هیتله‌ر گشت پێشكه‌وتن و داهێنانه‌كانی مرۆڤ له سه‌ره‌تاوه تا كۆتایی به درێژایی مێژوو ، ته‌نیا له لایه‌ن نه‌ژادی ئاریاییهوه دروستبووه و دروست ده‌بێت (10) .
ئاریایهتی وه‌ك ڕگهزێك به پاك و بالاَترین نه‌ژاد ئه‌ژمار كرا، هه‌ر خودی مانای ئاری به واتای ماقوڵی دێت، وه‌ك هیگڵ ده‌ڵێت: ( مێژوو وا هاتووه له هه‌ر سه‌رده‌مێك له سه‌ر ده‌ستی نه‌ته‌وه‌یه‌ك پێشڕه‌وایه‌تی جیهان كراوه ، ئه‌م جاره ئه‌و ڕابوون و ته‌كنیك و زانست و دادگه‌رییه په‌یامه له لایه‌ن ئوممه‌تی ئه‌ڵمانیاو نه‌ژادی ئاری بۆ جیهان (11) ، بینیتۆ مۆسۆلینی فاشیزمی ئیتاڵیاش ده‌ڵێت ئیتالیا پێویستی به دیكتاتۆریه‌تێك هه‌یه، دیكتاتۆریه‌تێك بۆ نه‌ته‌وه (12)،هه‌روه‌ها ده‌ڵێت (ئه‌فسانه‌ی ئێمه نه‌ته‌وه‌یه)، میراتگری ئیمپراتۆریه‌تی ڕۆم (13)،له ڕۆژهه‌ڵاتیش ، میشێل عه‌فله‌ق * كه دامه‌زرێنه‌ری حزبی به‌عسی عه‌ره‌بییه، ناسنامه‌ی عه‌ره‌ب له‌سه‌ر بنه‌مای (جیاوازبوون) داده‌ڕێژێت ، كه ده‌ڵێ :[ ئێمه جیاوازین ، ئێمه له ڕۆژئاوا جیاوازین ، ئێمه له هیچ نه‌ته‌وه‌یه‌كی دنیا ناچین ، ئه‌و جیاوازییه‌ش تایبه‌تمه‌ندێتیمان ده‌داتێ، كه تایبه‌تمه‌ندێتی عه‌ره‌بیه یاخود ، ئیسلامییه (14)، بهلاَم به ڕای (ئه‌نتۆنی سیمس) ناسیوَنالیستان ناتوانن به ویست و ئاره‌زووی خۆیان ئه‌فسانه‌ی نه‌ته‌وه‌یی داڕێژن، یان مانا به هه‌ر داب و نه‌ریتێك بده‌ن (15)، چونكه ، به هۆی هه‌موو ئه‌و تاوانه دزێوانه‌ی هه‌ر یه‌ك له نازیزم و فاشیزم ،و به‌عسیزم، كه له ژێر په‌رده‌ی ناسیۆنالزمی و نه‌ژاد په‌رستیدا ئه‌نجامدرا ده‌ست به جێ ئه‌و تیۆرانه پێودانگی زانستیانه‌ی خۆیان له ده‌ستدا (16)، كه‌سێك كه بڕوای به جیاوازی ڕیشه‌یی له نێوان مرۆڤه‌كاندا هه‌بێت چۆن ده‌توانێت به گژ ڕاسیزمدا بچێته‌وه ؟ له كاتێكدا ته‌نها كاری ڕاسیزم ئه‌وه‌یه كه ئه‌م قه‌ناعه‌ته له‌سه‌ر زه‌مینه‌ی واقیع،(داكه‌وت) پراكتیزه بكات (17).
چه‌مك و مێژووی سه‌رهه‌ڵدانی فاشیزم (fascism):
وشه‌ی (fascism) له (fasces) (دهسكهداری) لاتینیه‌وه هاتووه و له ڕۆمای دێریندا هێمای پاراستنی ده‌ستوور و هێمنی بووه(18)، فاشیزم بیست ساڵ مێژووی ئه‌وروپایه له‌گه‌ڵ داته‌پینی دیموكراسی لیبڕاڵ و به‌رپا بوونی شۆڕشی به‌ڵشه‌فیدا، سێیه‌م مه‌زنه ڕووداوی نێوان هه‌ردوو جه‌نگی جیهانیه (19)، فاشیزم له‌سه‌ر فه‌لسه‌فه‌یه‌كی كۆمه‌ڵایه‌تی دیاریكراو بنیات نه‌نراوه، وه ڕێبازێكی نوێ ی ژیان یا قۆناغێك له قۆناغه‌كانی په‌ره‌سه‌ندنی كۆمهلاَیهتی ناگه‌یه‌نێت،به‌ڵكو دیارده‌یه‌كه له دیارده‌كانی یاخی بوونی سه‌رمایه‌داری كۆنه‌په‌رستی(20) ،تووندڕه‌وترین مه‌زهه‌به كه دژی سۆسیالیستی و یه‌كسانی و دیموكراتی یه، له پێناوی ده‌وڵه‌تدا كارده‌كات له‌سه‌ر بنه‌مایه‌كی نه‌ته‌وه‌په‌رستانه ، كه له ناو گێژاوی گشتی سه‌رمایه‌داریدا هاتۆته كایه‌وه (21)، گه‌رای ئه‌م بیرۆكه‌یه له سالًَی 1917 دا هاوكات له‌گه‌ڵ ڕه‌وتی كامڵبوون و سه‌ركه‌وتی كۆمۆنیزم له ڕوسیا ، له زه‌ینی (مۆسۆلینی) دا فۆرمه‌له بوو، وه له ساڵی 1922 دا گه‌یشت به ئامانج (22)، بینیتۆ مۆسۆلینی ووشه‌ی فاشیزمی بۆ كۆمه‌ڵه‌ی په‌رله‌مانی چه‌كدار به كار ده‌هێنا كه له جه‌نگی جیهانی دووه‌مدا دروستی كرد بوو(23)، كه ڕایگه‌یاند فاشیزم فه‌لسه‌فه‌یه (24)، به‌ڵام ڕایه‌ك هه‌یه كه ده‌ڵێت (سه‌رله‌به‌ری فاشیزم باوه‌ڕێكی دژه هۆشگهراییه) (anti rationalism)، واته ڕێبازێكه شكۆمه‌ندی له‌وه‌دا ده‌بینێ بنه‌مای گۆشه نیگای خۆی به ڕاوێژی هۆشه‌كی و تیۆرێك بنیات نه‌نێت ، به‌ڵكو په‌نا ده‌باته به‌ر تاوی شاڵاوی هه‌ست و ئه‌فسانه (25) . به‌شێوه‌یه‌كی گشتی فاشیزم به‌رهه‌می فشاره ده‌روونی و روحیهكانه ، كه له سه‌رده‌می مۆدێرنیزم بۆ تاك په‌یدا ده‌بن ، یان به‌رهه‌می لێكدابڕانی كۆمه‌ڵایه‌تی و فراوانبوونی كه‌لێنه‌كانی نێوان هه‌ژاران و ده‌وڵه‌مه‌ندانه ، لۆجیكی سیاسی كۆمه‌ڵایه‌تی فاشیزم ئه‌وه‌یه:[ مادام بۆ خۆمان نیه ، ناهێلین بۆ كه‌سی دیكه بێت ] (26) . فاشییه‌ت له هه‌ر شوێن و كاتێكدا بێت هاوڕێی سێ ده‌ركه‌وته‌ی سه‌ره‌كییه كه بریتین له :
1. دیارده‌ی مێگه‌ل دروستكردن. 2 .دروستكردنی كهمایهتییهكی گوناهبار. 3. مۆنۆپۆڵكردنی ڕاگه‌یاندن (27).
ئه‌ڵمانیا و بوون به بنكه‌ی سه‌ره‌كی نازیزم .
نازییه‌ت بزووتنه‌وه‌یه‌كی نه‌ته‌وه‌یی سۆشیالیستی نه‌ژاد په‌رست بوو له ئه‌ڵمانیا سه‌ری هه‌ڵدا، وه‌ك نازی كورتكراوه‌ی دوو بڕگه‌ی یه‌كه‌می پارتی كرێكاری سۆشیالیستی نه‌ته‌وه‌ی ئه‌ڵمانی یه"National so Zialis Tishe Deutsche توخم و پێكهێنه‌ره‌كانی نازیش وه‌ك فاشیی بریتیی بووه له " سه‌روه‌ری نه‌ته‌وه‌یی و شانازی به باپیران و پیرۆزی باڵای نیشتمان و به‌سه‌ر دا ووتنی پاڵه‌وانیه‌تی كه‌سی یه‌كه‌م و سه‌ركرده.
ئه‌وانه‌ی وای كرد كه له ساڵی 1933 به هه‌ڵبژاردنێكی دییموكراسییانه هیتله‌ر و حزبی نازی 288 كورسی به ده‌ست نهێنێ و به ده‌نگی یه‌كه‌م ده‌رچێت له په‌رله‌مان –ڕاینشتاخ ، هیتله‌ر بووه (ڕاوێژكاری سه‌رۆك وه‌زیرانی) ئه‌ڵمانیا،هه‌موو حزبه‌كانی تری هه‌ڵوه‌شانده‌وه و بووه خاوه‌نی 8 ملیۆن ئه‌ندام، ئه‌و دوانزه ساڵه‌ی ده‌سه‌ڵاتی له دژی دیموكراسی و ئازادی و نموونه‌ی دڕنده‌یی ده‌سه‌ڵاتی نازی واپێناس كراوه ڕێبازێكی تاكیانه‌ی لیبڕاڵی ده‌وڵه‌تییه، ده‌وڵه‌تیش له ژێر فه‌رمانی حزبێك بووه ، حزبیش له ژێر فه‌رمانی تاكه كه‌سێك بووه به ناوی (ڤۆههر/ ڕابه‌ر) یاخود ئه‌دۆڵف هیتله‌ر، به‌و شێوه‌یه ئه‌و بزوتنه‌وه‌یه ته‌شه‌نه‌ی كردوو ئه‌ڵمانیاش له زانست و ته‌كنیك و بواره‌كانی تر زیاتر په‌ره‌ی سه‌ند،كه جه‌نگی جیهانی دووه‌می له‌سه‌ر دروست بوو، دروشمه كۆنه‌كه‌ی ئیمپراتۆریه‌كان ( به تایبه‌تی ته‌یمور له‌نگ) كه شه‌ڕیان به بیانوی ئه‌وه‌ی " یه‌ك خوا هه‌یه له ئاسمان ده‌بێت یه‌ك حكومه‌تیش هه‌بێت له‌سه‌ر زه‌وی" هه‌ڵده‌گیرساند (28) .
كورته‌یه‌ك له مێژووی سه‌ر هه‌ڵدانی به‌عسیزم :
حیزبی به‌عس وه‌ك حیزبێكی پان عهربیزمی ناسیوَنالیستی توندڕه و ، ئه‌گه‌ر چی تا ڕاده‌یه‌ك مێژووی دروستبوونی به ڕۆژو به مانگ ڕوون نییه، بهلاَم مێژوونووسان و توێژه‌رانی بواری سیاسی له‌سه‌ر ئه‌وه كۆكن كه بۆ سالاَنی چله‌كانی سه‌ده‌ی ڕابردوو ده‌گه‌ڕێته‌وه (29)، ووشه‌ی حیزبی به‌عس بۆ یه‌كه‌مجار له نامه‌یه‌كی ناڕه‌زاییدا هاتووه كه (سهلاَحهددین به‌یتار)*له به‌رواری 15 ی نیسانی 1945 دا ئاڕاسته‌ی ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی كردووه(30)، له ناوه‌ڕاستی چله‌كانی ئه‌م سه‌ده‌یه‌دا ، له سوریا و له باروودوَخێكی (ئابووری،سیاسی،كۆمهلاَیهتی،فه‌رهه‌نگ) ی دواكه‌وتوودا جولاَنهوهیهكی نه‌ته‌وه‌په‌رست به ناوی (حركه البعپ العربیه) واته:جولاَنهوهی ژیانه‌وه‌ی عه‌ره‌ب، به قۆستنه‌وه‌ی ئه‌و بۆشاییه سیاسی و ئایدۆلۆجیه‌ی ئه‌وسا سه‌ری هه‌ڵدا و له ده‌روازه‌یه‌كی نه‌ته‌وه په‌رستانه‌ی قاڵبوو له ناو بۆته‌ی نازیزمدا هاته كۆڕی ژیانی سیاسی نه‌ته‌وه‌ی عه‌ره‌به‌وه(31)، به‌عس ئه‌و هزر و ئایدیۆلۆجییه نه‌ته‌وه‌یی و ڕگه‌ز پهرستیهیه كه ده‌یه‌وێت ده‌وڵه‌تێك به زه‌بری هێزو سته‌م و بیرۆكه‌ی ناسیۆنالیزمیانه‌ی شۆفێنیزمیانه له ڕێگه‌ی سڕینه‌وه‌ی پێناسی نه‌وه‌كانی تر به تایبه‌تی نه‌ته‌وه‌ی كورد دروست بكات، له ژێر درووشمی (له كه‌نداوه‌وه بۆ ئۆقیانوس) هه‌موو خاكی نه‌ته‌وه‌كانی تر بخاته ژێر ده‌ستی خۆیه‌وه (32)،حزبی به‌عسی عه‌ره‌بی،یه‌كه‌مین حزبی فاشیستی عه‌ره‌بییه ، ئه‌م حزبه له لایه‌ن میشێل عه‌فله‌ق و سه‌ڵاح به‌یتار* له 7/4/1947 له دیمه‌شق /سوریا دروست بوو، به ناو ئامانجی سه‌ره‌كییان(یه‌كیه‌تی،ئازادی،سۆسیالیزم)، وه‌لێ له ڕاستیدا ئامانجی سه‌ره‌كییان ،یه‌كیه‌تی وڵاتانی عه‌ره‌بی و دامه‌زراندنی دهوڵتێكی عه‌ره‌بی یه‌كگرتوو ، دیاره وه‌ك خۆیان بانگه‌شه‌ی بۆ ده‌كه‌ن (33).
ڕاسیستان له هه‌ر شوێنێك بن له یه‌ك ئه‌چن (هۆلۆكۆست و ئه‌نفال وه‌ك نموونه).
خه‌سڵه‌تی سه‌ره‌كی سه‌ده‌ی بیسته‌م ، نه هێزی چینایه‌تی و ململانێ ی چینایه‌تی بوو نه ململانێ ی بۆچوون و ئایدۆلۆژیایهكان ، به‌ڵكو ململانێ ی نه‌ته‌وه‌كان بوو ، به‌ڵام پێویسته بزانین كه خودی هیتله‌ریش ، زۆرتر ناسیۆنالیزمێكی توندڕه‌و بوو تا ناژادپهرستیك ،هه‌رچه‌نده به‌رده‌وام قسه‌ی له‌سه‌ر نه‌ژد ده‌كرد، هه‌روه‌ك خۆی له كتێبی ((خه‌باتی من)) دا ده‌ڵێت :[ من ناسیۆنالیستێكم نه‌ك نیشتمان په‌روه‌ر].(34) هه‌روه‌ها مۆسۆلینیش وه‌ك له به‌شی یه‌كه‌مدا باسمان كرد جه‌خت ده‌كاته‌وه له‌سه‌ر نه‌ته‌وه كه ده‌ڵێت:[ ئیتاڵیا پێویستی به دیكتاتۆریه‌تێك هه‌یه، دیكتاتۆریه‌تێك بۆ نه‌ته‌وه، یاخود ده‌ڵێت: (ئه‌فسانه‌ی ئێمه نه‌ته‌وه‌یه)، میراتگری ئیمپراتۆریه‌تی ڕۆم،* نابێت جێگیربوونی ناسیۆنالیزمی له ئه‌وروپادا به‌لاوه كت و پڕ بێت ، به‌ڵكو ئه‌مه ده‌رئه‌نجامی كاریگه‌ری ئاڵووگۆڕه سیاسی و كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كان بوو (35) ،هه‌روه‌ها به‌عس كه "ئایدۆلۆژیایه‌كی ناسیۆنالیستی تێكڕاو گشتگیره"ئیسلام له‌سه‌ر ئاستی ئه‌نتۆلۆژی و ئایدۆلۆژی ده‌بینی وه‌ك " بزووتنه‌وه‌یه‌كی" سیاسی و ناسیۆنالیست كه ئامانجه‌كه‌ی یه‌كیه‌تی نه‌ته‌وه‌ی عه‌ره‌به و له هه‌مان كاتدا زیاتر وه‌ك دیارده‌یه‌كی داگیركردن و شارستانیه‌ت ته‌ماشای ده‌كات نه‌ك وه‌ك وه‌حیه‌كی خودایی و چه‌ند پراكتیكێكی پیرۆز ، ئه‌م هه‌ڵوێسته خۆی له خۆیدا له‌وه‌وه دێت كه له ڕاستیدا به‌عس هه‌وڵ ده‌دات خواست و ئاواتی پان – عه‌ره‌بی پارته‌كه‌ی كه ده‌یه‌وێت هه‌موو عه‌ره‌ب له ته‌نها ده‌وڵه‌تێك كۆ بكاته‌وه (36)،به‌عس ڕژێمێكی دیكتاتۆریی فاشیی وای دامه‌زراندووه كه نه‌ك ڕێگه‌ی دیموكراسی بۆ گه‌له‌كه‌ی و ئۆپۆزسیۆن نادا ،بگره ئه‌وانه‌ش كه له‌گه‌ڵ حیزبه‌كه‌ی دان نا‌وێرن نه به ئاشكرا‌و نه به دزی ، هه‌ڵوێستی خۆیان له مه‌ڕ ڕووداوه‌كانی ژیان و ده‌وڵه‌ته‌كه ده‌ربڕن، به‌عس به‌شێوه‌یه‌ك چرای دیموكراسیی خه‌فه كردووه و نوزه‌ی له‌به‌ر بزوتنه‌وه‌ی دیموكراسی بڕیووه (37)، به‌كارهێنانی هه‌موو جۆره‌كانی توندوتیژی (سیاسی،ده‌روونی،عه‌سكه‌ری،كۆمه‌ڵایه‌تی،مه‌زهه‌بی) دیارترین ئه‌و میكانیزمانه بوون كه به‌عس به درێژایی حوكمی خۆی كاری له‌سه‌ر ده‌كر، به‌عس له‌م ڕووه‌وه به سوود وه‌رگرتن له ئه‌زموونه‌كانی نازی ئه‌ڵمانی و فاشی ئیتاڵی و كۆمۆنیزمی ستالینی ، توانی ته‌واوی كۆمه‌ڵگه داگیر بكات (38).
به‌عسیزم ده‌بێت وه‌كو چه‌مكێكی تایبه‌تی تۆتالیتارانه‌ی دهسهلاَتدارێتی له جیهانی خۆماندا بیبینین و ڕاڤه‌ی بكه‌ین و تێی بگه‌ین ،تۆتالیتاریزم هه‌ر وه‌ك چۆن له خۆر ئاوای سه‌رمایه‌داری، (فاشیزم و نازیزم) ی به‌رهه‌م هێنا ، له خۆرههلاَتیش كۆمۆنیزمی سۆڤیه‌ت و چینی و...هتد به‌رهه‌م هێنا ، ئاواش له جیهانی عه‌ره‌بی و ئیسلامی‌دا فۆرمێكی تایبه‌تی دهسهلاَتدارێتی به‌رهه‌م هێنا، كه ناوی (به‌عسیزم)ه (39) ،عه‌فله‌ق و به‌یتار له كاتی گه‌ڕانه‌وه‌یان بۆ سوریا ده‌ستیان كرد به پڕوپاگه‌نده، بۆ بیری نه‌ته‌وه‌په‌رستی عه‌ره‌بی و دژایه‌تیكردنی فه‌ره‌نسا و به‌ریتانیا ، میشێل عه‌فله‌ق زۆر هه‌واداری بیری فاشیزمی ئیتاڵیایی و نازییه‌تی ئه‌ڵمانیایی بوو ، له هه‌مان كاتیش‌دا زۆر هه‌واداری سیاسه‌تی ستالینیش بوو ، هه‌ر بۆیه له ڕووی ڕێكخراوه‌ییه‌وه ، پشتیان به سیاسه‌تی ستالینییانه به‌ست ،و له ڕووی فكریشه‌وه پشتیان به فاشیزم و نازییه‌ت به‌ست (40) ،بۆ سه‌لماندنی ئه‌م قسه‌یه‌شمان دروشمی :[ المحیگ الی الخلیج ] " له ئۆقیانووسه‌وه بۆ ئۆراڵ " ی به‌عسیه‌كان نزیكه له ووته‌ی دكتۆر (ستێیناشهری) ی حزبی نازی كه ده‌ڵێت:[ ئێمه میلله‌تێكی سه‌د ملیۆنین ، ئه‌ڵمانیا ته‌نها ده‌وڵه‌تێك نیه كه پێی ده‌ڵێن ئیمپراتۆریه‌تی ئه‌ڵمان و هه‌موو ئه‌و زه‌ویانه ده‌گرێته‌وه كه ئه‌ڵمان تیایدا ده‌ژی ، ئه‌ڵمانیا سه‌رجه‌م ئه‌و زه‌ویانه ده‌گرێته‌وه كه دانیشتوانی به ئه‌ڵمانی ئاخافتن ده‌كه‌ن و به ئه‌ڵمانی بیر ده‌كه‌نه‌وه](41).
كاربه‌ده‌ستێكی فاشی به‌ناوی (لی) ده‌ڵێ:[ له تواناماندا نییه هیچ ده‌ستكه‌وتێكی ماددی پێشكه‌ش به كرێكاران بكه‌ین، ئه‌ڵمانیا هه‌ژاره ، تووشی شكستی و ته‌نگ و چه‌ڵه‌مه بووه، هیچ بوارێك نه‌ماوه تا چاوێك به به‌رزكردنه‌وه‌ی كرێدا بخشێنین ، له‌به‌ر ئه‌وه پێویسته ئاره‌زووی ماددی لای چینی كرێكار كپ و خامۆش بكرێت وچاو ببڕنه به‌رزی نه‌ته‌وایه‌تی] (42) .
فاشیزم هه‌میشه په‌نا ده‌باته به‌ر پیاده‌كردنی سیاسه‌تی عه‌سكه‌رتارییه‌ت و سه‌ر ئه‌نجام جه‌نگ به ڕێگه چاره‌سه‌ری كۆتایی ده‌خاته ڕوو بۆ كێشه ئابووری و كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان (43).
پێش گه‌یشتنی نازییه‌ت و وه‌رگرتنی ده‌سه‌ڵات جووله‌كه له هه‌موو وڵاتانی ئه‌وروپایی ژیانیان ئاسایی ده‌برده سه‌ر،له ناوه‌ڕاستی سه‌ده‌ی نۆزده‌هه‌مدا پاش سه‌دان ساڵ نه‌ژادپه‌رستی و چه‌وسانه‌وه‌ی و تا جیاكردنه‌وه‌یان له گه‌ڕه‌كی ((گیتوَ))* ، وڵاتانی خۆرئاوا‌و ناوه‌ڕاستی ئه‌وروپا به‌ڵێنیان دابوو ڕێز له هاوڵاتیانی جووله‌كه بگرن و مافی هاوڵاتیان بپارێزێن به‌پێی ئه‌وه‌ی ناونرا ڕزگاری (44) ، هه‌رچه‌ند ئه‌ڵمانیا پێشینه‌یه‌كی درێّژیان له دژایه‌تی جووله‌كه دا هه‌بوو ، به‌ڵام به گه‌یشتنی هیتله‌ر به ده‌سه‌ڵات ، هیتله‌ر ئه‌م مه‌سه‌له‌یه‌ی به جدیتر وه‌رگرت و به لۆژكێكی ترسناك ڕێگه‌چاره‌ی كۆتایی خۆی، گره‌وی له ڕكابه‌ره‌كانی خۆی برده‌وه ، ئامانجی ئه‌و بریتی بوو له پاكسازی ئه‌ڵمانیا و ئه‌وروپا له هه‌موو گرووپه نه‌خۆشه‌كان و ئه‌و پرسه گرنگه‌ی كه نابێت فه‌رامۆش بكرێت ئه‌وه‌یه كه ته‌نیا جووه‌كانی نه‌خسته ئه‌م ووتهزایهوه، ئه‌و به‌و پشتگیرییه گه‌وره‌یه‌ی كه له ناوه‌وه و ده‌ره‌وه‌ی كۆمه‌ڵگه‌ی ئه‌ڵمانی لێیده‌كرا ، كه‌وته كوشت و بڕی ئه‌ندامانی گرووپه ئاینییه‌كان و ڕووناكبیرانی نه‌یار و سلاف و سۆسیالیسته‌كان و كۆمۆنیسته‌كان (45) ،هیتله‌ر له نووسینی كتێبه‌كه‌ی "خه‌باتی من" دا له باسی جوودا ده‌ڵێت:[هیچ كات جیهان شتێكی نه ناسیووه ناوی "هونه‌ری جوو" بێت ، جوو هیچ چاكه‌یه‌كی نیه به‌سه‌ر هه‌ردوو مونهره مه‌زنه‌كه‌ی((ئه‌ندازیاری و مۆزیكا))،و "شوبنهر" ده‌ڵێت:[ گه‌لی هه‌ڵبژێردراو مامۆستای مه‌زنی هونه‌ری درۆن] (46)،
هه‌روه‌ها، كه‌سایه‌تیه‌كی وه‌كو (گۆبلز) له تێڕوانینی بۆ یه‌هوودییه‌كان و له وه‌ڵامی ئه‌و پرسیاره‌دا كه ئایا یه‌هودی مرۆڤه؟ به‌م شێوه‌یه ده‌نووسێت:[ ئه‌گه‌ر كه‌سێك زلله‌یه‌ك له دایكی ئێوه بدات ئایا سوپاسی ده‌كه‌ن ؟ ئایا ئه‌وه مرۆڤه ؟ ئه‌گه‌ر كه‌سێك ئه‌م كاره بكات مرۆڤ نیه ، به‌ڵكو ئاژهڵیكه ، ئه‌م یه‌هودیانه گه‌لێك شتی ناشیرینیان له هه‌مبه‌ر دایكی ئێمه كه ئه‌ڵمانیا ئه‌نجام داوه ، یه‌هودییه‌كان ڕه‌گه‌زی ئێمه‌یان گه‌نده‌ڵ كردووه ، وزه‌ی ئێمه‌یان دادۆشیووه ، داب و نه‌ریته‌كانی ئێمه‌یان گه‌نده‌ڵ كردووه، یه‌هودییه‌كان ئه‌هریمه‌نی به‌رجه‌سته‌كردنی وێرانگهراین] (47) .
ئا به‌م شێوه‌ی نازییه‌كان ئه‌فسانه‌ی (( په‌یوه‌ندی خوێن )) یان كرده ئامرازێك بۆ قه‌ڵاچۆكردنی هه‌موو ئه‌و لایه‌ن و به‌رهه‌ڵستكارانه‌ی ناو ڕۆڵه‌كانی ڕه‌گه‌زی ئه‌ڵمانی ، فاشیزم نه‌ته‌وایه‌تی سه‌لبییان تا دوورترین ڕاده قۆزتۆته‌وه، به ناوی نه‌ته‌وایه‌تی و پاككردنه‌وه‌ی ڕه‌گه‌زی جێرمانی((ئاری)) له‌ڕه‌گه‌زی تامۆكان* (48) ، وێڕای جووله‌كه و ماركسیزمه‌كان، هیتله‌ر سلاڤه‌كان و قه‌ره‌جه‌كانی خستۆته ریزی جووله‌كه‌وه بۆ پاكسازی كردن،به‌ڕای ئه‌و جووله‌كه‌و سلاڤه‌كان مرۆڤ نین و مافی ژیانیان نیه(49)،هه‌ر بۆیه تاوانه‌كانی نازییه‌ت خۆی ده‌بینێته‌وه له:-
1- كوشتنی 10 ملیۆن هاووڵاتی یه‌كیه‌تیی سۆڤیه‌ت و ئاواره‌كردن و ده‌ربه‌ده‌ركردن وپه‌كخستنی ملیۆنان كه‌سی تر.
2- كوشتن و سوتاندنی زیارتر له 10 ملیۆن جووله‌كه له ته‌واوی ئه‌وروپادا.
3- به‌كارهێنانی جووله‌كه و دیله‌كان له تاقیگه‌كاندا، بۆ دۆزینه‌وه‌ی ده‌رمان و چه‌كی نوێ ، كه له‌سه‌ر گیانی ئه‌مان تاقیكردنه‌وه‌یان ده‌كرد.
4- له داردانی سه‌دان كۆمۆنیست و پێشكه‌وتنخواز ،و ڕه‌وانه‌كردنیان بۆ به‌ره‌كانی جه‌نگ و سه‌ربازگه زۆره‌ملێكان.
5- ده‌ركردن و ئاواره‌بوونی هه‌زاران كه‌سی ڕۆشنبیر و نووسه‌ر و دانا بۆ ووڵاتانی تر بۆ نموونه كه‌سانێكی وه‌كو ئه‌نیشتاین كه گه‌وره‌ترین زانای كیمیایی بوو ، به یه‌كێك له دوژمنه گه‌وره‌كانی نازیه‌تیش ده‌ژمێردرا،هه‌روه‌ها برێخت كه گه‌وره‌ترین نووسه‌ری شانۆییه و دانه‌ری شانۆی تهجریبییه. هتد....(50).
هه‌روه‌ها مۆسۆلینی له كاتی داگیركردنی حه‌به‌شه((أپیوبیا)) هه‌وڵیدا له حه‌به‌شه‌دا سیسته‌مێكی فاشیستی نوێ بهێنێته كایه‌وه، بۆیه ده‌ستیكرد به بۆمباران و كه‌ڵك وه‌رگرتن له گازی ژه‌هراوی بۆ كوشتنی سه‌ربازان و خه‌ڵكی مه‌ده‌نی ڕه‌سه‌ن و ته‌نانه‌ت كوشتاری هه‌زاران كه‌س له خه‌ڵكی ناوچه‌یی پاش ڕاگرتنی فه‌رمی جه‌نگ، له هه‌وڵی بۆ داگیركردنی كیشوه‌ری ئه‌فریقا له دروشمه به ناوبانگه‌كه‌ی دا كه ده‌ڵێت:[ ئه‌فریقا زه‌وییه‌كی بێ خه‌ڵك-ئیتاڵیا خه‌ڵكێكی بێ زه‌وی ] (51).
له‌مه‌وه بۆمان ڕوون ده‌بێته‌وه كه نه‌ته‌وایه‌تی سه‌لبی نه‌ته‌وایه‌تییه‌كی ئیمپریالیستی كۆنه‌په‌رستی ده‌ست سوور به خوێنه و فاشیزم به‌رزترین پلهیهتی (52).
هه‌روه‌ها به‌عس له هه‌موو ڕوویه‌كه‌وه، هه‌ڵگری په‌یام و به‌رنامه‌ی فاشیسته‌كان بووه ، له ڕووی سیاسی و ڕیكخراوهییهوه ،هیچ حزبێكی تری عه‌ره‌بی ، هێنده‌ی به‌عس ، له فاشیزمی ئه‌وروپاییه‌وه نزیك نه‌بووه، هه‌رچه‌نده به‌عسییه‌كان دژی ئه‌وه‌ن به فاشی ناویان به‌ریت ، ئه‌وان خۆیان به هه‌ڵگری په‌یامی مرۆڤایه‌تی و برایه‌تی داده‌نێن ، كه ئه‌مه‌ش زۆر دووره له كار و كرده‌وه‌كانیانه‌وه (53)،یه‌كه‌م تایبه‌تمه‌ندی گشتی كه به‌عس له ناسیۆنالیز نزیك ده‌كاته‌وه، بریتییه له ویستنی به‌عس بۆ دامه‌زراندنی ده‌وڵه‌تێكی ناسیۆنال له‌سه‌ر بنچینه‌ی ڕابردوو (54)، عه‌فله‌ق و سه‌ددام حسێن نازناوی "وێنه‌یه‌كی بچوككهرهوهی نه‌ته‌وه‌ی عه‌ره‌ب" و "ڕوَحی یه‌كه‌می عه‌ره‌ب" ده‌ده‌ن به پارتی به‌عس و وامان تێده‌گه‌یه‌نن كه به‌عس به بێ هیچ مه‌رجێك هه‌ڵبژێردراوه بۆ ئه‌وه‌ی عه‌ره‌ب له تێكچوون و هه‌ڵوه‌شاندن ڕزگار بكات ،ناسیۆنال سۆسیالیزمیش حزبی نازی ده‌كرد به جه‌وهه‌ری ڕه‌گه‌زی ئه‌ڵمان و "بزوتنه‌وه‌كه‌ی" ده‌سه‌پاند به‌سه‌ر میلله‌تی ئه‌ڵماندا وه‌ك ڕزگاركه‌رێكی ئه‌م ڕه‌گه‌زه كه ببو به قوربانیی ئه‌م تێكشكاندنه(55).له زۆر حاڵه‌تدا ئه‌كرێ گرنگترین كاره‌كته‌ر و سیفاته سایكۆلۆژیه‌كانی ده‌سه‌ڵات له یه‌ك كه‌سدا به‌رجه‌سته ببێت ، كه ئه‌مه‌ش به ڕوونی دهرئهكهوێـت له ڕه‌فتارو ڕه‌وه‌شت و هه‌ڵسوكه‌وتی زۆر له كه‌سایه‌تیه‌كان له مێژوودا، كه گه‌یشتونه‌ته ده‌سه‌ڵات و مۆركی سایكۆلۆژیایی عه‌قڵی خۆیانیان پێ به‌خشیووه، دیارترینییان له چه‌رخی نوێ‌دا " مۆسۆلینی له ئیتاڵیا و هیتله‌ر له ئه‌ڵمانیا و ستالین له یه‌كیه‌تی سۆڤیه‌تی پێشوو فرانكۆ له ئیسپانیا‌و سالازار له پرتوگال ،و سه‌ددام حسێن له عێراق دا ...هتد" (56) . ڕژێمی عێراقی ،"به‌عس"، هه‌ر وه‌كو ئه‌ڵمانیای نازی، كرده‌وه‌كانی له ناو ڕسته‌ی شیریندا ده‌شارده‌وه،له كاتێكدا كه لێپرسراوه نازییه‌كان باسی "كاری جێبه‌جێكردن" و "كاری تایبه‌ت" و هه‌روه‌ها "نیشته‌جێكردن له ڕۆژهه‌ڵات" دا ده‌كرد، به‌عسیه‌كان بیرۆكراته‌كان باسی "ئیجرائاتی به كۆمه‌ڵ" و "گه‌ڕانه‌وه بۆ ڕێزی نیشتمانی" و "نیشته‌جێكردن له باشووردا" ده‌كرد ، به‌ڵام له ژێر ئه‌م ڕسته شیرینانه‌دا، تاوانه‌كانی عێراق له دژی كورده‌كان ده‌گاته ئاستی جینۆساید*، ویستی له ناوبردنی گرووپێكی نیشتمانی ،ئیتنی،ڕه‌گه‌زیی یان ئایینی، جا هه‌مووی بێت یان به‌شێكی (57).
ئه‌نفال و، تراژیدیاترین ڕووداو! :
ئه‌نفال وشه‌یه‌كی عه‌ره‌بی-یه ، كۆی (نفل) ه ، كه به واتای (غنیمه) دێت ،له ڕووی زاراوه‌ییه‌وه، ئه‌نفال واتای زیاده ده‌گه‌یه‌نێت ،كه‌واته پێناسه‌ی ده‌ستكه‌وت ئه‌و ماڵ و سامانه‌یه كه به شه‌ڕ له موشریكان ده‌سه‌ندرێت ،زانایانی ئیسلام بۆ واتای ئه‌نفال بۆچوونیان وایه كه بریتییه له‌و ماڵه‌ی كه ده‌ست موسڵمانان ده‌كه‌وێت له خه‌ڵكی شه‌ڕكه‌ر،كه جه‌نگاوه‌رانی موسڵمان ، له شه‌ڕدا به ده‌ستی دێنن ، له بێ بڕوا‌و موشریكان،له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا له پێش ئیسلام ئافره‌تیشی ده‌گرته‌وه كه ده‌كرانه جاریه (58) ،به‌ڵام ئه‌نفال لای گه‌لی كورد و له فه‌رهه‌نگی ئیستای كورده‌واریدا ، مانایه‌ك و تێگه‌یشتنێكی ته‌واو جیاوازی هه‌یه ، ئه‌و مانایه‌ش له‌و شاڵاوه سه‌ربازیه پڕ تراژیدیایه‌ی ڕژێمی به‌غداوه سه‌رچاوه‌ی گرتووه كه ساڵی 1988 دژ به خه‌ڵكی بێ تاوانی ناوچه‌كه له هه‌شت قۆناغی جیاوازدا به فه‌رمان و سه‌ركردایه‌تی ده‌سه‌ڵاتدارانی به‌عس ئه‌نجامدرا (59) ، چونكه ، سه‌ددام حسێن ئه‌م ناوه‌ی هه‌ڵبژارد بۆ ئه‌و زنجیره هێرش و په‌لامارانه‌ی كه له ماوه‌ی شوبات و ئه‌یلوولی 1988 كردیه سه‌ر ناوچه‌كانی كوردستان و خه‌ڵكه‌كه‌ی بێ سه‌ر و شوێن كرد و سه‌روه‌ت و سامانیشی به تاڵان بردن ،له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا جیهانی عه‌ره‌بی و ئیسلامی به‌وه چه‌واشه كرد كه ئه‌وان هه‌ڵگری په‌یامی ئیسلامن و دژی بێ باوه‌ڕ و ئاگرپه‌رستی ده‌وه‌ستن (60) ، به‌ڵام ئه‌نفال چه‌ند ده‌ست درێژی بوو بێت بۆ سه‌ر گه‌لی كورد هێنده‌ش ده‌ست درێژی بووه بۆ سه‌ر قورئان، هه‌ر وه‌كو نووسه‌ری كورد (به‌ختیار عه‌لی) ده‌ڵێت: (( گێڕانه‌وه‌ی ئۆتۆماتیكی ئه‌نفال بۆ ئایین و فكری دینی نه‌وه‌كو خۆ دزینه‌وه‌یه له خوێندنه‌وه‌ی به‌عس به‌ڵكو گواستنه‌وه‌ی گوناهه‌كانی به‌عسه بۆ ملی ئایین ، كه له جه‌وهه‌ردا ئایین خۆی یه‌كێك له قوربانی یه‌كانی به‌عسه)) (61)، ئه‌وه‌ی به‌عس كردی هه‌ر به ته‌نها بۆ له ناوبردنی بزوتنه‌وه‌ی ڕزگاریخوازی كورد نه‌بوو كه خۆی له حزبه‌كاندا ده‌بینیه‌وه، له ڕاستی دا كه‌مترین پێشمه‌رگه‌ی و چه‌كدار به‌ر شاڵاوه‌كه كه‌وتن مه‌گه‌ر ئه‌وانه‌ی خۆیان دایه ده‌سته‌وه یان ئه‌وانه‌ی ڕێگای ده‌رچوونیان نه‌ما، پێشمه‌رگه توانیان خۆیان به ئاسانی خۆیان له شاڵاوه‌كانی ئه‌نفال ده‌رباز بكه‌ن ئه‌وه‌ی به‌ركه‌وت خه‌ڵكه سڤیل و بێ چه‌كه‌كه بوو بۆیه ناكرێ بڵێین كرده‌ی ئه‌نفال به ته‌نیا كرده‌یه‌ك بووه له دژی پێشمه‌رگه ، به‌ڵام له بنه‌ڕه‌تا ڕژێمی به‌عس بۆ به ته‌واوه‌تی هه‌ڵته‌كاندنی ڕه‌گ و ڕیشه‌ی كورد، هه‌وڵی ته‌واوی سڕینه‌وه‌ی ناوچه ئازادكراوه‌كانی دا (62) . به بڕوای حزبی به‌عس كورد ده‌بێ له ناوببرێ، وه بۆ ئه‌وه‌ش پرۆژه‌ی تۆكمه و فراوانی هه‌بوو، ڕه‌نگه له ساتی هاتنه سه‌ر حوكمی كاری بۆ جینۆسایدی كورد و قڕكردنی كردبێ ،به‌ڵام به هۆی ملهوڕی خۆی و گیرخواردنی به ده‌ست جه‌نگه یه‌ك له دوا یه‌كه‌كانیه‌وه هه‌لی بۆ نه‌ڕه‌خسا بێ(63) .
به‌ڵام ده‌بێت ئه‌وه بزانین، ئه‌گه‌رچی مێژوو گه‌لێ نموونه‌مان ده‌رباره‌ی هه‌وڵی تواندنه‌وه‌ی نه‌ته‌وه و گه‌لانی دنیا و ته‌فروتونا كردنیان بۆ ده‌گێڕێته‌وه ، به‌ڵام به ده‌گمه‌ن نموونه‌یه‌ك ده‌بینینه‌وه كه نه‌ته‌وه‌یه‌ك له نه‌ته‌وه‌یه‌كی تردا توابێته‌وه و خاسیه‌ته تایبه‌تی یه‌كانی خۆی له (زمان و كه‌له‌پور و فه‌رهه‌نگ) له ده‌ست دابێ (64) ،سه‌ره‌تای قه‌سابخانه‌ی ئه‌نفال له 29 ی ئاداری ساڵی 1987 ده‌ستی پێكرد كاتێك (عه‌لی حه‌سه‌ن مه‌جید) به‌رپرسیارێتی (ئه‌مین سڕ) ی نووسینگه‌ی ڕێكخستنی باكووری حزبی به‌عسی وه‌رگرت و ئه‌نجوومه‌نی سه‌ركردایه‌تی شۆڕش به پێی بڕیاری ژماره 160 له له 29 ی ئازاری 1987 ده‌سه‌ڵاتێكی ڕه‌های له كوردستان پێ به‌خشی (65)،ئه‌نفالی سه‌ددامییانه‌ی به‌عسیانه‌ی نازییانه، به ته‌نها یه‌ك شاڵاو نه‌بوو ،به‌ڵكو هه‌شت شاڵاو بوو،ئه‌م شاڵاوانه له مانگی شوباته‌وه ده‌ستیان پێكرد و له مانگی ئه‌یلوولی هه‌مان ساڵ ، واته به درێژایی شه‌ش مانگ به‌رده‌وام بوو ، تیایدا ده‌سه‌ڵاتدارانی زۆردار هه‌موو جۆره چه‌كێكی ته‌قلیدی و كیمیاییان به كارهێنا كه له‌سه‌ر ئاستی نێوده‌وڵه‌تی قه‌ده‌غه‌كرابوون (66) ،ئه‌وه‌بوو ، له سه‌ره‌تای مانگی سێ دا (یه‌كیه‌تی نیشتمانی كوردستان) به گه‌وره‌ترین هێرش ، له دۆڵی جافایه‌تی دا كه له ده‌ریاچه‌ی دووكانه‌وه درێژ ده‌بێته‌وه، به‌ره‌و ڕۆژهه‌ڵاتی باشور ، ده‌ست پێكرد ، له ماوه‌ی چه‌ند سه‌عاتێكدا ده‌ستیان گرت به‌سه‌ر ده‌یان ڕه‌بیه‌ی بچوك و سه‌دان دیلیشیات گرت ، دژه كرداری حكومه‌ت ، زۆری نه‌خایاند ، له‌سه‌ره‌تادا حكومه‌ت گولله تۆپی كیمیایی به‌كارهێنا ، هه‌تاوه‌كو ئه‌م كاته‌ش ، هه‌رگیز هیچ حكومه‌تێك چه‌كی كیمیای دژ دانیشتوانه سیڤیلهكهی خۆی به‌كار نه‌هێنا بوو (67)،ته‌واوی ئه‌و مه‌رامانه‌ی له قۆناغه‌كانی سه‌ره‌تای شه‌ڕی عێراق له‌گه‌ڵ كورددا لێیان به نیازبوون، له ساڵانی 1987-1988 دا و له كۆتاییه‌كانی جه‌نگی نێوان ئێران-عێراق دا گه‌یشته ترۆپك و ئه‌وپه‌ڕی كه ئه‌ویش (ئه‌نفال) بوو (68) .
ڕژێم له نه‌خشه و پلانێكی نوێی دیكه‌دا كه هه‌موو كوردستانی گرته‌وه و پێی وا بوو كه كورد به‌ره‌و كۆتا ده‌بات ، چه‌كی كیمایی به كارهێنا ، به‌وه‌ش سه‌ددام حسێن سنوری ئه‌ڵمانه‌كان و به‌ریتانییه‌كانی له شه‌ڕی یه‌كه‌می جیهانی و هه‌روه‌ها ئه‌مریكییه‌كانی له شه‌ڕی دووه‌می جیهانی به‌زاند،چونكه ئه‌وان چه‌كی ئیباده‌ی جه‌ماعیان بۆ گه‌لانی تر به كارهێنا ، كه‌چی سه‌ددام بۆ گه‌لێكی به كارهێنا كه ڕه‌گه‌زنامه‌ی عێراقییان هه‌ڵگرتبوو (69) ،له نێوان ساڵانی 1987-1988 دا هێزه‌كانی سه‌ددام حسێن چه‌ند هه‌زار گوند و قۆخی ، كوردی‌یان وێران كرد و نزیكه‌ی سه‌د هه‌زار كوردیان كوشت ، زۆربه‌ی هه‌ره زۆریان بێ چه‌ك بوون و زۆربه‌شیان منداڵ و ژن بوون(70). له 15 ی مانگی سێ‌دا یه‌كیه‌تی نیشتمانی كوردستان وهێزه‌كانی ئێران شاری هه‌ڵه‌بجه‌یان داگیركردوو هێزه عێراقیه‌كانیان وه‌ده‌رنا،هه‌ڵه‌بجه شوێنێكی گرنگ بوو، چونكه نزیك ده‌ربه‌ندی خان هه‌ڵكه‌وتبوو،كه كۆنتڕۆڵی ئاوی بۆ پایته‌خت ده‌كرد، له 16 مانگدا عێراق شاره‌كه‌ی به كۆكتێلی كیمیایی بۆردومانكرد (71)، بۆردومانكردنی هه‌ڵه‌بجه گه‌وره‌ترین كاره‌ساتی جه‌نگی پاش لێدانی هێرۆشیما و ناكازاكی بوو كه له كاتێكی كه‌مدا به‌هه‌زاران مرۆڤ بوونه قوربانی و به ده‌یان هه‌زاریش بریندار بوون (72) ،ئه‌و گازانه‌ی له‌م هێرشه‌دا به كار هاتن بریتین له:-
1- گازی خنكێنه‌ر (فوزوجین): گازێكی بێ ڕه‌نگ و بۆنی گیا و شهوزهی تازه لێ دێت و ماوه‌ی كارتێكردنی زۆر به زووی ده‌بێت.2-گازی خوێن(سیاند-ئیدرۆژین-كلوراید-سیانۆژین): بۆنی باده‌ی تاڵی لێ دێت .3-پۆرگ هێنه‌ر (خه‌رده‌ل-ئهرسیگهكان-گازه‌كانی پێوه‌ده‌ر): گازێكی ووشكه و بۆنی سیری لێ دێت. 4- ئه‌عساب (سارین-سومان): گازێكی ئاوهگییه ، بۆنی شێوه‌ی میوه‌یه ئه‌گه‌ر خاڵس بێت بۆنی نیه (73) ، به گوێره‌ی شایه‌دحاڵێكی ئه‌فسه‌ری هێزی ئه‌سمانی، سه‌ددام له كاتی هێرش بۆ سه‌ر هه‌ڵه‌بجه، هاته باره‌گایه‌ك له به‌ره‌ی دواوه‌ی جه‌نگ ، دوایی چووه سلێمانی ته‌له‌فۆنی بۆ سوپای عێراق كردوو ووتی:[ ئێمه سه‌رده‌كه‌وین]، سه‌ددام له‌به‌رامبه‌ر كورده‌كان ووتی : [ ده‌بێت به چه‌كی كیمیایی لێیان بده‌ین] (74).
پاش ئه‌م بۆردومانه ئێران به هانای قوربانییه‌كان هات و ڕۆڵێكی به‌رچاوی بینی له ڕزگاركردنی ژماره‌یه‌كی زۆر له بریندار و گه‌یاندنی وێنه‌ی ئه‌م كاره‌ساته گه‌وره‌یه به جیهانیان ، بڵاوبوونه‌وه‌ی ئه‌م وێنانه هه‌موو جیهانی هه‌ژاند، به‌ڵام ڕژێم و ناوه‌نده عه‌ره‌بیه‌كان هه‌وڵیان ده‌دا كه بۆردومانكردنی هه‌ڵه‌بجه به درۆ له قه‌ڵه‌م بده‌ن یان بۆردومانكردنه‌كه‌ی بخه‌نه ئه‌ستۆی ئێران (75) ،هه‌روه‌ها كاتێكیش لیژنه‌یه‌كی نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان نێردرا بۆ لێكۆڵینه‌وه له به‌كارهێنانی عێراق بۆ چه‌كی كیمیایی له جه‌نگه‌كه‌یدا دژ به ئێران ، ئه‌مه‌یان به لایه‌ن ئێرانیه‌كانه‌وه دووپاتكرده‌وه، به‌ڵام به كارهێنانی دژی میلله‌تی كورد وتیان (( مه‌سه‌له‌یه‌كی ناوخۆییه))ئه‌م شێر و ڕێویه و درۆ و ده‌له‌سه‌یه هه‌مووی سازكرا بۆ شاردنه‌وه‌ی كاره‌ساتی خوێناوی شاری هه‌ڵه‌بجه ،كه‌واته سه‌ددام چۆن ده‌وه‌ستێ كاتێك ڕۆژئاوا به‌رده‌وام بێ له ناردنی چه‌كی كیمیایی بۆ له به‌رمبه‌ر ((پیترۆ دۆلار)) دا (76)،پرۆفیسۆری ئیتاڵی((لینگوسینكو)) داوای كرد كه[پێویسته ناوی ڕۆژی جیهانی بۆ قه‌ده‌غه‌كردنی چه‌كی كیمیایی به ڕۆژی بۆردومانكردنی هه‌ڵه‌بجه بنرێت] (77) ئه‌نفال مانای كۆتای هێنان بوو به ژیانی 182 هه‌زار كه‌س له منداڵ و ئافره‌ت و پیر و گه‌نج به ناشرینترین و دڕندانه‌ترین و ترسنۆكانه‌ترین شێوه ، چونكه ئه‌م مرۆڤانه له گۆڕه‌پانی شه‌ڕ و پێكداداندا به دیل نه‌گیران و سه‌نگه‌ر گر نه‌بوون ، هه‌ر بۆیه ئه‌نفال خاڵێكی ڕه‌شه به ناوچه‌وانی ڕژێمی به‌غدادوه و تاقیكردنه‌وه‌یه‌كی مرۆڤایه‌تیشه (78)
فاشیزم و به‌عسیزم له ئه‌گه‌ره‌كانی سه‌ده‌ی 21 دا :
پاش ته‌واوبوونی شه‌ڕی دووه‌می جیهانی و كۆتایی هێنان به حكومه‌ته فاشیسته‌كانی ئه‌ڵمانیا و ئیتاڵیا، سه‌ركه‌وتنی به‌ره‌ی هاوپه‌یمانان به‌سه‌ریاندا و ، داگیركردنی وڵاته‌كانیان له‌لایه‌ن هاوپه‌یمانانه‌وه، زۆر كه‌س له‌و باوه‌ڕه‌دا بوو كه جارێكی تر فاشیسته‌كان ناگه‌ڕێنه‌وه و ته‌مه‌نیان به‌سه‌ر چوو، دیاره ئه‌م قسانه ڕاست ده‌رنه‌چوون (79)، چونكه، پاش شه‌ڕ ،هه‌رچه‌نده پارتی نازیستانه و فاشیستانه‌ی ئه‌ڵمانیا و ئیتاڵیا قه‌ده‌غه كران، به‌ڵام بزافی نازیستانه و فاشیستانه له‌و دوو وڵاته و له وڵاتانی دیكه‌ش سه‌ریان هه‌ڵدایه‌وه، له هه‌مووان سه‌ركه‌وتووتر نوێفاشیستانی ئیتاڵیا بوون، ئه‌م حزبه خۆی ناو نا " بزافی جفاكیی ئیتاڵیا MSI " له ساڵی 1994 ه‌وه خۆی ناوناوه " هاوپه‌یمانی میللی " دامه‌زرێنه‌رانی ئه‌م حزبه ، له كۆماره فاشیستانهكهی باكووری ئیتاڵیا دا، هاوكاری مۆسۆلینی بوون، له‌به‌ر ئه‌و قه‌ده‌غه‌یه‌ی له‌سه‌ریانه ناچارن خۆیان به حزبێكی دیموكرات بناسێنن (80) .
له‌گه‌ڵ ده‌ستپێكردنی سه‌ره‌تاكانی سه‌ده‌ی بیست و یه‌كدا، جیهان به‌شێوه‌یه‌كی گشتی، به‌ناوبانگترین دیكتاتۆری ئیتاڵی وه‌بیر هاته‌وه، له رێگه‌ی زنجیره‌یه‌ك ڕووداو و هه‌ڵوێست و جه‌نگی سیاسییه‌وه، كه وایان كرد مۆسۆلینی و ماوه‌ی فه‌رمان ڕهوایهتییهكهی بخاته‌وه به‌ر تیشكی ڕۆژانی سه‌رده‌م، له ئیتاڵیا‌و ده‌ره‌وه‌ی ئیتاڵیاش گفت وگۆو و دیالۆك زۆر زیادی كرد، له‌مه‌ڕ ئه‌و دیكتاتۆره‌ی كه ده‌یویست له سه‌ده‌ی بیستدا ئیمپراتۆرییه‌تی ڕۆمانی كۆن زیندوو بكاته‌وه(81).
فاشیه‌كان هه‌ر له جه‌نگی جیهانی دووه‌مه‌وه ئه‌مریكای لاتینیان كردۆته په‌ناگه‌ی حه‌سانه‌وه‌یان، وه هه‌ر كاتێك بارودۆخ ناچاریان بكات له سنوره‌وه ده‌په‌ڕێنه‌وه وڵاتێكی تر،له توێژینه‌وه‌یه‌كدا كه ئاژانسی "فرانس پرێس"سازی داوه هاتووه كه ئه‌و 40 هه‌زار نازییه‌ی كه له‌باشووری كیشوه‌ری ئه‌مریكای لاتین به (( شیللی و پاراگوای و ئه‌رجه‌نتین و به‌رازیل و پۆلیڤیا)) بڵاوبوونه‌ته‌وه،له ناوچه‌ی "كوردیا، قرگبه" كه كۆلۆنیاڵێكی گه‌وره‌ی ئه‌ڵمانیایه‌و ده‌كه‌وێته سه‌رووی پایته‌ختی ئه‌رجه‌نتینه‌وه،كه ناوی خۆیان ناوه "لاوانی هیتله‌ری ئه‌رجه‌نتینی" هه‌ر له‌وێدا سه‌ربازگه‌ی مه‌شق كردنیان دامه‌زراندووه (82).
نوێفاشیستی به دوو شێوه خۆیان ڕێكخست و گوزارشتیان له خۆیان ده‌كرد، فاشیزمی نوێی ئایینی و فاشیزمی نوێی سیاسی و به تایبه‌تی نه‌ژادپه‌رستی توندڕه‌و بوو،هه‌مووشیان بڕوایان به‌وه‌یه كه ئه‌و كارانه له خزمه‌تی نه‌ته‌وه‌كه‌ی خۆیاندا ئه‌نجام ده‌ده‌ن، به‌ڵام ته‌واوی بزافه نوێفاشیستهكانی ئه‌مریكا و ئه‌وروپا ، وه‌كو فاشیزم و نازیزمی جه‌نگی جیهانی دووه‌م، خاوه‌نی برنامه‌ی گشتی و هه‌نگاوی سیاسی دیار و ئاشكرانین و زۆر جاریش له‌م مه‌سه‌له‌ی نه‌ته‌وه‌یدا ناجێگیرن(83).
فاشیسته نوێیه‌كان ئه‌مڕۆ زیاتر هه‌موویان به دژایه‌تیكردنی بێگانه و جووله‌كه و ئیسلامه‌وه خه‌ریكن، ئه‌م باسانه بووه‌ته په‌یڕه‌وی سه‌ره‌كی و بنه‌ڕه‌تییان ، له هه‌مان كاتدا حزبی سیاسیشیان هه‌یه و له هه‌ڵبژاردنه‌كاندا به‌شداری ده‌كه‌ن وله زۆر وڵاتیش حوكم ده‌كه‌ن وه‌كو نه‌مسا حزبی "هایده‌ر "، له ئیتاڵیاش به‌ره‌ی"فۆرسا" له ئیتاڵیا پێكهاتووه له "برلسكۆنی" و پارتی فاشیستی ئیتاڵیا "فینی" و به‌ره‌ی باكور " بۆسسی" هه‌روه‌ها زۆریان له په‌رله‌مانی ئه‌وروپادا به‌شدار بوون ، وه‌كو " لۆپێنی" فه‌ره‌نسی كه له ساڵی 2003 دووه‌مین پله‌ی هێنا له هه‌ڵبژاردنه‌كانی فه‌ره‌نسادا (84).
ته‌واوی نوێفاشیستهكانی ئه‌وروپا دیدگای (ئه‌وروپا بوون) ی باڵا‌و توندڕه‌ویان هه‌یه، ئه‌وان نه‌ك ته‌نها دژایه‌تی كۆچبه‌ران و بێگانه‌كانی جیهانی سێیه‌م ده‌كه‌ن، به‌ڵكو له به‌رامبه‌ر ئه‌مریكاییه‌كانیش هه‌مان هه‌ڵوێستیان هه‌یه،هه‌روه‌ها به‌و په‌ڕی هێزیانه‌وه دژایه‌تی ڕه‌گه‌زی سلاڤی ده‌كه‌ن و یاده‌وه‌ری سه‌رده‌می هیتله‌ر و نازیزم له‌م زه‌مینه‌دا ده‌ژێننه‌وه،وه هه‌وڵیش ده‌ده‌ن نه‌مسا بخرێته‌وه سه‌ر ئه‌ڵمانیا (85).
ساڵی 2006 ناوه‌ندی سویسری په‌نابه‌ران ، له سویسرا 10 له‌و مه‌له‌فه به‌ناوبانگانه‌ی ئاشكرا كرد له نێو ئه‌و 440 هه‌زار مه‌له‌فه به‌ناوبانگه‌ی كه ماوه‌یه‌كی زۆر بوو كه‌وتبوونه ژێره‌وه و دیار نه‌مابوون، ئه‌م مه‌له‌فانه زۆرێك له وێستگه‌كانی ژیانی مۆسۆلینی یمان بۆ ئاشكرا ده‌كه‌ن ، هه‌روه‌ها ئه‌و ڕێ‌و شوێن و هۆكارانه ئاشكرا ده‌كه‌ن كه بۆچی داوای په‌نابه‌ری كردووه، هه‌ڵس و كه‌وتی ده‌سه‌ڵاتدارانی په‌نابه‌ران چۆن بووه له گه‌ڵیدا له سه‌ره‌تاكانی سه‌ده‌ی ڕابردوودا ئه‌وه‌ی كه زۆر گرنگه كه مه‌كته‌بی ڕاپۆرتی پۆلیسی نهێنی هه‌رێمی " جنێف " ئاشكرای ده‌كات،ئه‌وه‌یه كه " مۆسۆلینی و لینین " به دوو گوتار بێژی زۆر دره‌وشاوه و به‌هێز وه‌سف ده‌كات(86)،
هه‌ر له ساڵی 2006 دا دوو سه‌د هه‌زار سه‌رباز وه‌ك خۆبه‌خش خۆیان به‌خشی بۆ پارێزگاریكردن له مۆسۆلینی، له ناو ئه‌مانه‌دا هه‌بوو خاوه‌ن پله‌و پایه‌ی به‌رزو گه‌وره‌بوو هه‌روه‌ها هه‌ندێك جه‌نگاوه‌ری كۆن به‌دی ده‌كران له‌وانه‌ی كه له جه‌نگه‌كانی پێشتردا به‌شدارییان كردبوو،ئه‌م هه‌نگاوه بووه هۆی توڕه‌بوونی هه‌ندێك له ئیتاڵیه‌كان، به‌ڵام له به‌رامبه‌ردا سه‌رۆك وه‌زیرانی پێشوتری ئیتاڵیا"برلسكۆنی" كه پارته‌كه‌ی هاوپه‌یمانی پارتی توندڕه‌وی ڕاستڕه‌و بوو كه " ئه‌لیساندرا" ی نه‌وه‌ی مۆسۆلینی سه‌ركردایه‌تی ده‌كرد، ڕایگه‌یاند ئه‌م هه‌نگاوه یارمه‌تی ده‌رێكی باشه بۆ به‌رژه‌وه‌ندی ئاشتبوونه‌وه‌ی نیشتمانی (87)، ئه‌مڕۆ له ته‌واوی ئه‌وروپادا، فاشیسته‌كان له گه‌شه‌سه‌ندن و پێشكه‌وتنێكی به‌رده‌وامدان، جگه له " یۆنان،ئیسپانیا،پورتوگال،قوبرس" له هه‌موو په‌رله‌مان و حكومه‌ته‌كانی ئه‌وروپادا فاشیسته‌كان ئه‌ندامیان هه‌یه، له ولایه‌ته‌كانی ڕۆژهه‌ڵاتی ئه‌ڵمانیا ، رێژه‌یه‌كی زۆریان هێنا و چوونه په‌رله‌مانی ولایهتهكانهوه، به‌ڵام هێشتا نه‌یانتوانیوه بێنه ناو په‌رله‌مانی ئه‌ڵمانیاوه له به‌رلین، به‌ڵام ئه‌گه‌ر وا بڕوات ئه‌وا به دڵنیاییه‌وه له ماوه‌ی چه‌ند ساڵی داهاتوودا دێنه ناو په‌رله‌مان و حكومه‌تی ئه‌ڵمانیاوه (88)،هه‌رچه‌ند پێشووتر نازیزم و فاشیزم نه‌یانتوانی بوو بچنه وڵاتانی ئه‌سكه‌نده‌نافیا"سوید،فنله‌ندا،نه‌رویچ" (89)، به‌ڵام له‌م ساڵانه‌ی دوایدا له سوید پارته فاشیسته‌كان توانییان ڕێژه‌یه‌كی باش ده‌نگی خه‌ڵكی بهێنن و بچنه ناو په‌رله‌مانه‌وه (90) .
له مانگی شوباتی ساڵی 2007 جارێكی تر جیهان سه‌رسام بوه‌وه به سه‌رهه‌ڵدانه‌وه و په‌یدابوونی مۆسۆلینی یه‌كی نوێ،به‌ڵام ئه‌مجاره له ڕێگه‌ی جه‌نگێكی ئاگراوی دیالۆگی له نێوان " نه‌وه‌یه‌كی مۆسۆلینی و موعه‌مه‌ر قه‌زافی " سه‌رۆكی لیبیا، كه موعه‌مه‌ر قه‌زافی ڕایگه‌یاند پێویسته له‌سه‌ر ئیتاڵیا كه قه‌ره‌بووی ئه‌و زیانانه بكاته‌وه كه لیبیا به‌ری كه‌وتووه له كاتی داگیركاری مۆسۆلینی باپیریدا، له به‌رامبه‌ردا "ئه‌لیساندرا" وه‌ڵامی دایه‌وه و ووتی: "پێویسته ئێوه قه‌ره‌بووی ئێمه بكه‌نه‌وه، چونكه داگیركارییهكهمان پۆزه‌تیف بووه و فاشییه‌ت دیموكراسی و رێگاوبان و شوێنی نیشته‌جێبوون و قوتابخانه‌ی بۆ گه‌لی لیبیا هێنا بوو (91) .
هه‌روه‌ها، له 9/4/2003 ، سه‌رئه‌نجام ساتی حه‌قیقه‌ت ، له‌وپه‌ڕی دره‌وشانه‌وه‌یدا،له ڕۆژهه‌ڵات خۆی ده‌رخست، كه دڕنده‌ترین ده‌وڵه‌ت و ده‌سه‌ڵاتی سیاسیی ئه‌م سه‌رده‌مه، ده‌وڵه‌تی به‌عس، به خۆی و هه‌موو ده‌زگاكانییه‌وه هه‌ره‌سیان هێنا، عێراقی دوای به‌عس، له هه‌ر شتێك ده‌چێت وڵات و ده‌وڵه‌ت نه‌بێت، ڕژێمی به‌عس به جۆرێك كۆمه‌ڵ و ده‌وڵه‌ت و هه‌موو ده‌زگاكانی ده‌وڵه‌تی به‌خۆیه‌وه بهستبوونهوهكه دوای ڕووخانی خۆی، عێراق وه‌ك بۆشاییه‌كی سیاسیی و ئیداری، وێنه‌ی وێرانه‌یه‌كی گه‌وره‌ی ماددی و رۆحی به‌جێهێشت (92)،له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا ڕژێمه شمولیه‌كانی ناوچه‌كه كه‌وتوونه‌ته پیلان دانان بۆ سه‌رنه‌كه‌وتنی ئه‌و ئه‌زمونه نوێیه‌ی گه‌لانی عێراق نیازیانه له عێراقی نوێ‌دا بیگرنه به‌ر (93) .
ئیستا ناسیۆنالیزمی پان- عه‌ره‌بی شكستی هێناوه ،و به‌ڵام ئه‌و به‌ها ئه‌خلاقی و سیاسیانه‌ی كه ناسیۆنالیزمی عه‌ره‌بی له‌سه‌رده‌می فاشیزم ئینجا به‌عس له ناو گیانی نه‌وه‌ی نوێی عێراقدا چاندنی هێشتا له هه‌ندێ ژینگه دا به‌رده‌وامن، له ناو هه‌ندێ ژینگه‌دا هێشتا كاریگه‌رن و له‌وانه‌یه له داهاتوودا له ژێر ناوی دیكه كار بكه‌ن و بیانه‌وێ ڕه‌وڕه‌وه‌ی مێژوو به‌ره‌و دواوه بگێڕنه‌وه، چونگه ئه‌و كلتووره‌ی كه بۆ ماوه‌یه‌كی دووروو درێژ بڵاویان كرده‌وه له ناو گیانی زۆرێك چه‌قی به‌ستووه‌و وا به زووی دانامركێته‌وه (94).
له ساڵی 2003 و له دوای ڕووخانی ڕژێمی دیكتاتۆریی پێشووه‌وه هه‌تاوه‌كو ئیستا ، ئێمه له باره‌ی ڕیسواییهكانی ئه‌و پاره دزینانهوه ده‌بیستین، و ده‌خوێنینه‌وه كه له عێراقدا و ناوه ناوه دێ، له‌لایه‌ن هه‌ندێ له به‌رپرسانی گه‌روه‌ی عێراقه‌وه ئه‌نجام ده‌درێن كه له وه‌همی ئه‌وه‌دا ده‌ژین كه هێشتا ڕژێمی سه‌ركوتكه‌ر ماوه،گه‌نده‌ڵی له هه‌موو جیهان هه‌یه، به‌ڵام به ڕێژه‌ی جیاواز، له عێراقدا گه‌نده‌ڵی كارگێڕی گهیشتوَته ڕێژه‌یه‌كی زۆر به‌رز، ئه‌وه‌ی ئه‌مڕۆ له عێراقدا ڕووده‌دات شتێكی نوێ نییه بۆ به‌رپرسانی عه‌ره‌ب (95).
ده‌رباره‌ی كوردیش له دوای ڕوخانی ڕژێمی به‌عس ، بریاری 688 ی ڕێكخراوی نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان، بڕیارنامه‌كه گوزارشت له پاراستنی به‌شێك له دانیشتوانی باشووری كوردستان له چوارچێوه‌ی هێڵی 38 ده‌كات، و به‌رامبه‌ر به 13% له داهاتی نه‌وتی عێراق (96).
له دوای داڕمانی ڕژیمی به‌عس له 9/ نیسانی 2003 هه‌ل و مه‌رج و بارودۆخێكی نوێ هاته كایه‌وه ، بۆ یه‌كه‌مین جار له مێژووی سیاسی عێراق ده‌رفه‌تێكی له‌بار درایه ده‌ست پێكهاته سه‌ره‌كیه‌كانی عێراق ، بۆ ئه‌وه‌ی له‌سه‌ر بنه‌مای دیموكراسیه‌ت و ڕێزگرتن له مافه‌كانی یه‌كتر ، چاره‌سه‌ری گرفته‌كانی ئه‌م وڵاته بكه‌ن و كۆتای به هه‌موو ئه‌و ته‌نگه‌ژه و قه‌یرانانه بهێنن كه عێرا قبه درێژای چه‌ندین ساڵه تێیكه‌وتووه، به‌ڵام به‌شێكی زۆر لایه‌نی عه‌ره‌بی عێراقی به هاندان و پاڵپشتی ده‌ڵه‌ته دراوسێ و عه‌ره‌بیه‌كان وه‌ك ( توركیا و عه‌ره‌بستانی سعوودی و سوریا ) به پاساو و بیانووی جۆراو جۆره‌وه چوونه‌ته ناو به‌ره‌ی دژایه‌تیكردنی پرۆسه‌ی سیاسی و پیاده‌كردنی سیسته‌می فیدڕاڵی (97) .
هه‌ر له‌به‌ر ئه‌وه فاشیزم له ڕۆژهه‌ڵات به‌شێوه‌یه‌كی تر دروست بووه و ته‌شه‌نه‌ی كردووه و ده‌توانین بڵێین میتۆدی فاشیزم بۆ یه‌كه‌م جار له ڕۆژهه‌ڵات له لایه‌ن ئه‌و خێڵانه‌وه به كارهێنرا ، عه‌لی وه‌ردی ده‌ڵێت: [ مرۆڤی عه‌ره‌بی نانی له كشتن و په‌لاماردا ده‌ست ده‌كه‌وێت ] ، كشتوكاڵ و بازرگانی لای خێڵه عه‌ره‌بیه‌كان شه‌رم بوو (98).
نموونه‌ی ئه‌و خێڵانه‌ش له عه‌ره‌بستانی سعودییه، كه له ناوچه‌ی " نه‌جد " خێڵی "ئه‌لسعوود" ده‌ژیان ، ئه‌م خێڵه دژی شه‌ریفی كوڕی حسێن بوون و شه‌ڕیان له نێواندا بوو، به‌ریتانیه‌كان كه‌وتنه یارمه‌تیدانی ئه‌م خێڵه‌و توانیان ناوچه‌ی حیجاز داگیر بكه‌ن و توانیان ده‌وڵه‌تێك دروست بكه‌ن و ببنه فه‌رمانڕه‌وای ئه‌و ناوچانه، ده‌وڵه‌ته‌كه‌شیان ناو نا سعوودیا، هه‌ر به ناوی خێڵی ئهلسعوودهوه (99).
د.محه‌ممه‌د بازیانی به‌ڕێوه‌به‌ری ناوه‌ندی هودا بۆ توێژینه‌وه‌ی ستراتیجی ده‌رباره‌ی گرتنی به‌عسیه‌كان ووتی: نووری مالیكی له شێوازی ده‌ستگیركردنی پاشماوه‌ی به‌عسیه‌كان له عێراق هه‌ڵه‌ی كرد له ئاشكرا كردنی له ده‌زگا ڕاگه‌یاندنه‌كانه‌وه، دكتۆر بازیانی له قسه‌كانیدا ووتیشی كه سه‌دام حسێن زیره‌كانه‌تر بووه ،له هه‌وڵی ده‌ستگیركردنی ئه‌و كه‌سانه‌ی له هه‌وڵی كوده‌تا بوونه له دژی (100). ئیتر له ئه‌نجامی نووسینی ئه‌م بابه‌ته‌ماندا ده‌گه‌ینه ئه‌و بڕوایه‌ی كه راسیزستان له هه‌ر كوێ بن له به‌رهه‌می ده‌ستیاندا هه‌مان به‌د به‌ختی له وێنه‌ی هۆڵۆكۆست و ئه‌نفال بۆ كۆمه‌ڵگه‌ی مرۆڤایه‌تی به دیاری دێنن .
ئیتر ئایدۆلۆجیای به‌عس و پان- عه‌ره‌بیزم له زۆربه‌ی ده‌وڵه‌ته عه‌ره‌بیه‌كاندا به شێوه‌یه‌ك له شێوه‌كان له بره‌ودایه و نموونه‌ی زیندوشمان ئیستای سوریای به‌شار ئه‌سه‌ده كه تیایدا نه‌ته‌وه نا عه‌ره‌به‌كان كه‌وتوونه‌ته به‌ر شاڵاوی توندی ڕژێمی به‌عسی فاشییه‌وه كه به یارمه‌تی چه‌ند ده‌وڵه‌تێكی زلهێزی جیهان له كاره‌كانی به‌رده‌وامه وه‌ك ده‌وڵه‌تانی ( ڕووسیا و چین و ئێران تا ڕاده‌یه‌كیش عێراقی هاوڕێ كۆنه‌كه‌ی) ، سووریا ئیستا به گرنگترین ڕووداوه‌كانی مێژوویی‌دا تێپه‌ر ده‌كات كه تیایدا نزیكه‌ی دوو ساڵه كه خۆپیشاندانی تێدایه به ئامانجی ڕووخانی ڕژێمی به‌عس و به دیهێنانی دیموكراسیه‌ت له‌و وڵاته دا * .
سه‌رچاوه و په‌راوێزه‌كان:-
1 زاهیر محمدی+یاسین حاجی زاده : فه‌رهه‌نگی سیاسی ئارش ،ب،چ ، هه‌ولێر،2006 ، ل 325 .
2 ئه‌رده‌ڵان عه‌بدوڵڵا : فاشیزم له نێوان دوێنێ و ئه‌مڕۆدا ،چ1،چاپخانه‌ی ئاراس / هه‌ولێر،2012، ل 17 .
3 جۆرج ته‌رابیشی: مۆدێرنه‌و ڕاسیزم، و، شوان ئه‌حمه‌د، ب ، چ، ب ، ش ،2003 ، ل 13.
4 مسعود عبدالخالق : مه‌وسوعه‌ی جودی ، چ1 ،هه‌ولێر،2008،ل 649+650.
5 سۆزان كه‌ریم : كورته‌ی لێكدانه‌وه‌ی ڕاسیزم بۆ مێژووی كه‌مالیزم و به‌عسیزم، توێژینه‌وه‌یه‌كی فه‌لسه‌فی مێژوویی به‌راوردكارییه ،وه‌ك به‌شێك له پێداویستیه‌كانی به ده‌ستهێنانی پله‌ی دكتۆرا ،ب سه‌رپه‌رشتی پ.ی.د كه‌مال عه‌لی محه‌ممه‌د ،پێشكه‌شكراوه به به‌شی زانسته مرۆڤایه‌تییه‌كانی زانكۆی سلێمانی ، 2011،ل 16.
6 زاهیر محمدی+یاسین حاجی زاده : س . پ ، ل 325
7 جۆرج ته‌رابیشی : مۆدێرنه‌و ڕاسیزم ،س . پ ، ل17.
8 مسعود عبدالخالق : مه‌وسوعه‌ی جودی ،س . پ ، ل 640.
9 زاهیر محمدی+یاسین حاجی زاده : فه‌رهه‌نگی سیاسی، س . پ ، ل326.
10 مه‌له‌ك یه‌حیا :هزره سیاسیه‌كانی ڕۆژئاوا له سه‌ده‌ی 20 دا،و:هیوا مه‌جید ،چ1،چاپخانه‌ی خانی،دهۆك،2008 ،ل 133.
* ئه‌رنست ژرزێف رینان (1823-1892):فه‌یله‌سوف،سیاسه‌تمه‌دار،زمان‌ناس و مێژوو نووس و مامۆستای ئیلاهیات و دێرینه‌ناسی فه‌ره‌نسیه،ساڵی 1862 پرۆفیسۆری زانكۆ و ساڵی 1887 ئه‌ندامی ئه‌كادیمای فه‌ره‌نسا بووه،به‌ناوبنگترین نووسینی ئه‌و ده‌رباره‌ی نه‌ته‌وایه‌تی سیمیناره گرنگه‌كه‌ی بوو له زانكۆی سۆربۆن به ناونیشانی "نه‌ته‌وه چیه؟ " . سه‌رچاوه:ئه‌كره‌می میهرداد: ناسیۆنالیزم (گۆڕانكاری،تیۆری،ڕه‌خنه) ،ب ، چ، له بلاَوكراوهكانی مه‌كته‌بی بیروهۆشیاری (ی.ن.ك) ،سلێمانی، 2006 ، ل 135 .
** پێناسه‌ی (نه‌ژادپه‌رستی): كۆمه‌ڵه خه‌ڵكێك كه له شوناس و چاره‌نووسی پشت به‌ستراو به بابه‌ته ڕیشییهكانی وه‌ك په‌یوه‌ندی خێزانی ، نه‌ریته‌كان،كولتوور و فۆلكلۆر و له مێژوو زماندا هاوبه‌شن ، بیرۆكه‌ی نه‌ژادی بۆ لێك جیاكردنه‌وه‌ی گروپه كۆمهلاَیهتیهكانی ناو كۆمه‌ڵگه سه‌ری هه‌ڵدا ، ئه‌م نهژادگهراییه "كێشه‌داره". سه‌رچاوه .ئه‌لیكس تامسون:و/هیوا مه‌جید خه‌لیل، سیاسه‌ت له ئه‌فریقادا، چ1، چ،خانی،دهۆك،2010، ل 100 .
*** ئه‌دۆلف هیتله‌ر: ـ له ساڵی 1889 ز له شاری (برونو) كه شارێكی سنوریه ده‌كه‌وێته نێوان نه‌مسا و ئه‌ڵمانیادا له دایك بووه،كه هیتله‌ر بۆ خۆی له كتێبی (خه‌باتی من) ده‌ڵێت:[خۆشبه‌ختانه له برونو چاوم به دنیا هه‌ڵهێناوه،ئه‌و شاره بچووكه‌ی ئه‌كه‌وێته سه‌ر سنوری نێوان نه‌مسا و ئه‌ڵمانیا]،باوكی فه‌رمانبه‌ری گومرگ بووه، له ته‌مه‌نی سیانزه ساڵیدا باوكی ده‌مریت و له ته‌مه‌نی پانزه ساڵیش‌دا دایكی ده‌مرێت ، پاشان ناچار بوو كار بكات و ڕوو بكاته نه‌مسا و پاش ماوه‌یه‌ك گه‌ڕایه‌وه و پارتی كرێكارانی نیشتمانی سۆسیالیستی ئه‌ڵمانی (NSDAP) دروستكرد له ساڵی 1920 كه به‌رنامه‌یه‌كی 25 خاڵی بۆ دانا پاش ئه‌وه‌ی له ساڵی 1923 ده‌گیرێت و له زینداندا كتێبێكی به ناوبانگ ده‌نووسێت به ناوی (خه‌باتی من) كه باسی وورده‌كارییه‌كانی حزبه‌كه‌ی ده‌كات، پاشان ئازاد ده‌كرێت و له ساڵی 1933 ده‌بێت به سه‌رۆك وه‌زیران و له‌و پۆسته‌دا مایه‌وه تا جه‌نگی دووه‌می جیهانی كه ئه‌ڵمانیا دووچاری شكست هات و له (8ی ئایاری 1945) هیتله‌ر و ژنه‌كه‌ی خۆیان كوشت . سه‌رچاوه . د.مه‌هدی مه‌حفوز:و/شوان ئه‌حمه‌د:فاشیزم و نازیزم،گۆڤاری سه‌رده‌م، ژماره (57) زستانی 2008 ، ل 206 .
11 مسعود عبدالخالق : مه‌وسوعه‌ی جودی ،س . پ ، ل 641.
12 جۆن وایس : نه‌ریتی فاشیزم، ب، چ ، چ،لیره ،سلیمانی ، 2005 ، ل 101.
13ه . س، ل 60 .
14 فه‌لاح عبدالجبار:ڕه‌هه‌نده‌كانی ناسیۆنالیزم،و/ئارام جه‌مال ، چ1،چاپخانه‌ی شڤان،سلێمانی، 2004 ، ل 166 .
15 د.ڕه‌فیق سابیر : كولتوور و ناسیۆنالیزم، ب ، چ3 ،چاپخانه‌ی تیشك، سلێمانی ، 2008 ، ل 27.
16جۆرج ته‌رابیشی : مۆدێرنه‌و ڕاسیزم ،س . پ ، ل 18.
17 ه . س ، ل 22.
*میشێل عه‌فله‌ق: له ساڵی 1912 له دایك بووه، له خێزانێكی دیانیی له ئاینزا (مه‌زهه‌ب) ی ئه‌رسه‌دۆكسی یۆنانی له دیمه‌شق هاتۆته دنیاوه و كه باوكی بازرگان بووه و مووچه‌كه‌ی ژیانێكی ئاسوده‌و زۆر به‌خته‌وه‌ری بۆ خێزانه‌كه‌ی مسۆگه‌ر نه‌كردووه ، له ڕووی سیاسیه‌وه باوكی نیشتمان په‌روه‌رێكی به جۆش بووه و هه‌ر له دامه‌زراندنی كوتله‌ی نیشتمانی له ساڵی 1928 ئه‌ندام بووه تیایدا و له قۆناغی جیاوازدا چه‌ند جارێك گیراوه‌و له‌لایه‌ن تورك و فه‌ره‌نسیه‌كانه‌وه ئه‌شكه‌نجه دراوه، ده‌توانرێت بوترێت كه دایكیشی ڕۆڵێكی به‌رچاوی هه‌بووه به سیاسه‌ت و به‌شێوه‌یه‌كی گشتی باوه‌ڕێكی زۆری هه‌بووه به ناسیۆنالیستی عه‌ره‌بی، له‌وانه‌یه هه‌ر له منداڵیه‌وه میشێل عفله‌ق كاریگه‌ری بیروڕای باوك و دایكی زۆر له‌سه‌ر بووبێ و وا هاتبێ له‌سه‌ر بیری ناسیۆنالیستی عه‌ره‌بی پێش ئه‌وه‌ی ببێ به كه‌سایه‌تیه‌كی سیاسی گرنگ . سه‌رچاوه: د . ئه‌لبێرت عیسا : خوێندنه‌وه‌ی به‌عس بۆ فاشیزمی مێژوویی ، چ1 ، ب.چ ، چاپخانه‌ی ڕوون ، ب . ش ، 2004 ، ل 21+22 .
18 سڤێن ئێرك لیدمان : و/ ئاسۆس شه‌فیق : ڕێگوزه‌ری بیری سیاسی ، ،چ3،سلیمانی،2009 ، ل 236 .
19ـ هێنری میشێل: و/سمكۆ ئاكام، فاشیزم چیه؟،ب ، چ ، ب ، ش ، 2005، ل 11.
20 فه‌رهاد هه‌مزه محمد: فاشیزم و خوێنی گه‌له چه‌وساوه‌كان ،ب ، چ ، به‌غداد،1985،ل36.
21 یاسین سابیر ساڵح: ئینسكلۆپیدیای گشتی، ب ، چ ، له بڵاوكراوه‌كانی ده‌زگای چاپ و په‌خشی سه‌رده‌م ، سلێمانی ، 2005، ل740.
22 مه‌له‌ك یه‌حیا سهلاَحی: و/ هیوا مه‌جید ،چ1،چاپخانه‌ی خانی/ دهۆك ، 2008 ، ل 109 .
23 ئه‌حمه‌د ناصیف:و/دڵسۆز عومه‌ر: مۆسۆلینی ـ ئه‌فسانه‌یه‌ك كه نه‌یده‌ویست بمرێ،چ1 ، چاپخانهیگهنج/سلێمانی ،2009، ل 171.
24 زاهیر محمدی+یاسین حاجی زاده : س،پ، ل 632 .
25 سڤێن ئێرك لیدمان: س،پ ، ل 236 .
26 ئه‌كره‌می مهیرداد : قه‌یرانی دیموكراسی كوردی و سه‌رهه‌ڵدانی فاشیزم ، پاشكۆی گۆڤاری ئایدیاواڵا: ژماره (7) ، چ1،چاپخانه‌ی كاروَ، سلێمانی ، 2012 ، ل 56 .
27 . به‌ختیار عه‌لی : خوێنه‌ری كوشنده ، ب،چ ، چاپخانه‌ی ڕه‌نج ، سلێمانی ، 2005 ، ل 5 .
28. مسعود عبدالخالق : مه‌وسوعه‌ی جودی ،س . پ ، ل 640+643+644.
29 سه‌مه‌د ئه‌حمه‌د:سایكۆلۆژیای دهسهلاَت و جه‌ماوه‌ر، ب ، چ ،چاپخانه كارۆ،سلێمانی،2010، ل 90 .
30 سۆزان كه‌ریم مسته‌فا:به‌عسیزم كورد،چ1،چاپخانه‌ی ده‌زگای چاپ و په‌خشی سه‌رده‌م،سلێمانی،2007، ل 55 .
31 ئه‌مین قادر مینه:ئه‌منی ستراتیجی ی عیراق و سێكوچكه‌ی:ته‌رحیل،ته‌عریب،ته‌بعیس،چ2،لهبلاَوكراوهكانی سه‌نته‌ری لێكۆڵینه‌وه‌ی ستراتیجی ی كوردستان،1999 ، ل 64 .
32 سۆزان كه‌ریم مسته‌فا:كورته‌ی لێكدانه‌وه‌ی ڕاسیزم بۆ مێژوو"كه‌مالیزم و به‌عسیزم وه‌ك نموونه" توێژینه‌وه‌یه‌كی فه‌لسه‌فی مێژوویی به‌راووردكارییه،نامه‌یه‌كی دكتۆرایه له زانكۆی سلێمانی، به‌سه‌رپه‌رشتی پ،ی،د. كه‌مال عه‌لی محه‌مه‌د ، 2011، ل 11 .
33 ئه‌رده‌ڵان عه‌بدوڵڵا: س. پ، ل 105 .
* سهلاَحهددین به‌یتار: (1912_1980)، له خێزانێكی سووننه مه‌زهه‌ب له دیمه‌شق له دایك بووه، شێخ سه‌لیم به‌یتاری باپیری وه‌ك زانایه‌كی ئایینی شۆره‌تێكی به‌رفراوانی هه‌بوو،سه‌ڵاح به‌یتار له منداڵی‌دا له قوتابخانه‌یه‌كی سه‌ره‌تایی ئاراسته‌ی ئیسلامی دا خوێندوویه‌تی و پاشان ڕه‌وانه‌ی دواناوه‌ندی ئه‌نبار كراوه كه زۆربه‌ی سه‌ركرده منداڵترهكانی سووریا له‌وێ ده‌رچوون، له ساڵی 1929 دا له زانكۆی سۆربۆن ئاشنایه‌تی له‌گه‌ڵ عه‌فله‌ق دا په‌یدا كردووه، له ساڵی 1934 گه‌ڕاوه‌ته‌وه بۆ دیمه‌شق و بۆته مامۆستای فیزیا،له ساڵی 1942 وازی له‌پیشه‌ی مامۆستایی هێناوه و خۆی ته‌خان كردووه بۆ كاری سیاسیی.سه‌رچاوه. سۆزان كه‌ریم مسته‌فا:به‌عسیزم كورد، س . پ ، ل 51 .
34 مه‌له‌ك یه‌حیا سه‌لاحی:و/هیوا مه‌جید : س . پ ، ل 145+146 .
35 ئیریك هۆبزباوم : ڕه‌هه‌نده‌كانی ناسیۆنالیزم ، و/ ئارام جه‌مال ، چ1،چاپخانه‌ی شڤان ، سلێمانی ، 2004 ، ل 87 .
36د.ئه‌لبێرت عیسا:خوێندنه‌وه‌ی به‌عس بۆ فاشیزمی مێژوویی ، چ1 ، ب.چ ، چاپخانه‌ی ڕوون ، ب . ش ، ل 175+176 .
37ئه‌مین قادر مینه: س .پ ، ل 75 .
38 سه‌مه‌د ئه‌حمه‌د : س.پ ، ل 100+101 .
39 ه . س ، ل 99 .
40ئه‌رده‌ڵان عه‌بدوڵڵا : فاشیزم له نێوان دوێنێ و ئه‌مڕۆدا ، س . پ ، ل 105 .
41د.ئه‌لبێرت عیسا:خوێندنه‌وه‌ی به‌عس بۆ فاشیزمی مێژوویی ، س . پ ، ل 199 .
42 فه‌رهاد هه‌مزه محه‌ممه‌د: س . پ ، ل 25 .
43 جۆن وایس : س . پ ، ل 180 .
44 ستیفان بروشفیلد+پول ئا . لیڤین : ((هۆلۆكۆست)) ئاگاداری نهوهكانتانی پێ بكه‌نه‌وه ، و/ شێرزاد هه‌ینی ، ب،چ ، چاپخانه‌ی یشك/هه‌ولێر ،2007 ، ل 18 .
45 جۆن وایس : س . پ ، ل 190 .
46 ئه‌دۆڵف هیتله‌ر : خه‌باتی من،و/سه‌ڵاح نه‌قشبه‌ندی، چ1، ناوه‌ندی ئارام ، سلێمانی ، 2008 ، ل 195 + 196 .
47 ویلهلم رایش : ده‌رونناسی جه‌ماوره‌ی فاشیزم ، و/ هه‌ژار جوانڕۆیی ، ده‌زگای چاپ و په‌خشی حه‌مدی ، سلێمانی ، 2007 ، ل 82 .
* گیتوَ: ئه‌و ناوچانه بوو كه جووله‌كه‌كانی تێدا ده‌ژیان .
48 فه‌رهاد هه‌مزه محه‌ممه‌د: س . پ ، ل 35 .
49 ه . س ، ل 53 .
50 ئه‌رده‌ڵان عه‌بدوڵڵا : فاشیزم له نێوان دوێنێ و ئه‌مڕۆدا ، س . پ ، ل 57+58+59 .
51 جۆن وایس : س . پ ، ل 196 .
52 فه‌رهاد هه‌مزه محه‌ممه‌د: س . پ ، ل 35 .
* تامۆكان : ئه‌و كه‌سانه ده‌گرێته‌وه كه ده‌كه‌ونه به‌شی باكوور و ڕۆژهه‌ڵاتی كیشوه‌ری ئه‌وروپا كه سپی پێسته‌كان ده‌گرێته‌وه،(سلاڤه‌كان،سامی نه‌ژاد).
53 ئه‌رده‌ڵان عه‌بدوڵڵا : فاشیزم له نێوان دوێنێ و ئه‌مڕۆدا ، س . پ ، ل 109 .
54 د.ئه‌لبێرت عیسا:خوێندنه‌وه‌ی به‌عس بۆ فاشیزمی مێژوویی ، س . پ ، ل 198.
55 ه . س ، ل 207 .
56 سالم ئهلقهموودی: سایكۆلۆژیای ده‌سه‌ڵات ، و / به‌شاره‌ت ڕه‌زا ، ب،چ،چاپخانه‌ی دیلان ، سلێمانی ، ب ، س ، ل 21
57 ڕێكخراوی چاودێری مافی مرۆڤ/خۆرهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست:وه‌رگێڕانی له ئینگلیزییه‌وه:جه‌مال میرزا عه‌زیز:عێراق و تاوانی جینۆساید، س.پ ، ل 32 .
* جینۆساید: ئه‌م زاره‌وه‌یه له دوای شه‌ڕی دووه‌می جیهانییه‌وه ، له‌سه‌ر ده‌ستی دادوه‌ری پۆلۆنی "لیمكین ڕافایل" هاته كایه‌وه ، كه ڕاوێژكاری وه‌زاره‌تی به‌رگری وڵاته یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مریكا بوو، كه ته‌واوی ئه‌ندامانی خێزانه‌كه‌ی به ده‌ستی نازییه‌كان قڕكران، جینۆساید وشه‌یه‌كی لێكدراوی گریكییه له دوو به‌ش پێكهاتووه: ( Genos) كه به واتای ڕه‌گه‌ز یان بنه‌چه دێت و به‌شه‌كه‌ی تریش (Cide) یان (Caedere) ی لاتینیه ،كه واتای كوشتن و له ناوبردن ده‌گه‌یه‌نێ ،به لێكدانی هه‌ردوو بڕگه‌كه واتای كوشتنی ڕه‌گه‌زی مرۆڤ ده‌گه‌یه‌نێت، ڕێكخراوی نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان له 11/12/1946 بڕیاری ژماره (96) ی ده‌ركرد، سه‌باره‌ت به‌وه‌ی كه جینۆساید تاوانێكه بنه‌ماكانی یاسای نێوده‌وڵه‌تی ده‌به‌زێنێ و دژی ئامانجه‌كانی ڕێكخراوی نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كانه. سه‌رچاوه: یوسف دزه‌یی: س . پ ، ل 39 .
59 یوسف دزه‌ییی : ئه‌نفال،كاره‌سات،ئه‌نجام و ڕه‌هه‌نده‌كانی،چ1،چاپخانه‌ی وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده/هه‌ولێر،2001، ل 25 .
60 ناهیده جه‌مال تاڵه‌بانی+جاسم محه‌ممه‌د عه‌لی: ئه‌نفال و گه‌رمیان، چ1 ، چاپخانه‌ی وشه،سلێمانی، 2002،ل 11+12 .
61 ه . پ ، ل 14 .
62 دانا محه‌ممه‌د ئه‌مین كه‌لاری:ئه‌نفال پرۆسه‌یه‌ك به ناوی دینه‌وه ده‌قا و ده‌ق دژی دین،گۆڤاری په‌یامی زانایان ،گۆڤارێكی ڕۆشنبیری ئایینیه یه‌كیه‌تی زانایانی ئایینی كوردستان مانگی جارێك ده‌ری ده‌كات، ژماره 81 ،نیسانی 2012 ، ل 25 .
62 له‌تیف فاتح فه‌ره‌ج : هه‌ڕه‌شه‌ی ئه‌نفال ،گۆڤاری ئه‌نفال : گۆڤارێكی لێكۆڵینه‌وه و دۆكیۆمێنتییه وه‌زاره‌تی مافی مرۆڤ و ئاوه‌ره و ئه‌نفال ده‌ریده‌كات ،ژماره(3)، ساڵی سێیه‌م-2002 ، ل 31+32 .
63 دلێر كه‌ریم : خوێندنه‌وه‌یه‌كی تر بۆ ئه‌نفال، ب،چ ،چاپخانه‌ی هێڵ / سلێمانی ، 2010 ، ل 34 .
64 ئه‌مین قادر مین: ئه‌منی ستراتیجیی عیراق، سێكوچكه‌ی: ته‌رحیل، ته‌عریب، ته‌بعیس،چ2،لهبلاَوكراوهكانی سه‌نته‌ری لێكۆڵینه‌وه‌ی ستراتیجی ی كوردستان،1999 ،ل 230 .
65 له‌تیف فاتح فه‌ره‌ج : هه‌ڕه‌شه‌ی ئه‌نفال ،گۆڤاری ئه‌نفال : س . پ ، ل 54 .
66 د.شاكر نابولسی : له‌باره‌ی كورد‌و عێراق‌و چه‌ند پرسێكی فكری و سیاسییه‌وه،: و/ عه‌داله‌ت عه‌بدوڵڵا ،ب،چ ، سلێمانی،2009 ، ل 33 .
67 ڕێكخراوی چاودێری مافی مرۆڤ/خۆرهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست:وه‌رگێڕانی له ئینگلیزییه‌وه:جه‌مال میرزا عه‌زیز:عێراق و تاوانی جینۆساید،س.پ ، ل 66+67 .
68 میدڵ ئیست وۆچ : جینۆساید له عێراق په‌لاماری ئه‌نفال بۆ سه‌ر كورد، و/محه‌ممه‌د حه‌مه ساڵح تۆفیق: ب،چ،چاپخانه‌ی تیشك،سلێمانی ،2004 ، ل 110 .
69 هه‌ژار عه‌زیز سورمێ:كورد و جینۆساید و ئیباده‌كردن!هه‌ڵوێستی یاسای نێوده‌وڵه‌تی،چ2،چاپخانه‌ی هێمن نه‌جاد،كوردستان،2006 ، ل 57+58.
70 سامانسا پاوه‌ر: ب ، چ ، ئه‌مریكا و ئه‌نفال ، و/به‌ختیار كه‌ریم، ئۆكسفۆرد/به‌ریتانیا ، 2006 ، ل 9 .
71 فیبی مار : مێژووی نوێی عێراقی ، و/حه‌مه شه‌ریف حه‌مه غه‌ریب+شێركۆ ئه‌حمه‌د حه‌وێز: چ1،چاپخانه‌ی ڕۆژهه‌ڵات،هه‌ولێر، 2010 . ل 326.
72 د. عه‌لی ته‌ته‌ر نێروه‌یی : بزافی ڕزگاریخوازی نه‌ته‌وه‌ی كورد له كوردستانی عێرا ق له ساڵه‌كانی جه‌نگی عێراق ئێران‌دا 1980 - 1988،چ1 ، چاپخانه‌ی حاجی هاشم ، هه‌ولێر ، 2008 .ل 512 .
73 هه‌ورامان عه‌لی تۆفیق : هه‌ڵه‌بجه،كاره‌ساتی كیمیابارانی ساڵی 1988 ،چ1،چاپخانه‌ی وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده/هه‌ولێر،2000 ، ل 15 .
74 عه‌لی مه‌حمود محه‌ممه‌د : بازرگانی مه‌رگ ، ب،چ ، به‌ڕێوه‌به‌رێتی چاپ و بڵاوكردنه‌وه‌ی سلێمانی ، 2005 ، ل 83 .
75 عه‌لی ته‌ته‌ر نێروه‌یی : س . پ ، ل 514 .
76 دورییه عه‌ونی : عه‌ره‌ب و كورد ناكۆكی یان ته‌بایی، و/سواره قه‌ڵادزێیی: چ1،چاپخانه‌ی شڤان،سلێمانی،2001 ، ل 178 .
77 عه‌لی ته‌ته‌ر نێروه‌یی : س . پ ، ل 514 .
78 سالار حه‌مه سور باسیره:هه‌ڵه‌بجه و ئه‌نفال ، چ1 ، له بڵاوكراوه‌كانی وه‌زاره‌تی ڕۆشنبیری به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی گشتییه، سلێمانی ، 2003 ، ل 49+50 .
79 ئه‌رده‌ڵان عه‌بدوڵڵا : فاشیزم له نێوان دوێنێ و ئه‌مڕۆدا ، س . پ ، ل 73 .
80 ڕه‌یدار لاشۆن : و/ ئاسۆس شه‌فیق : س . پ ، ل 130 .
81 ئه‌حمه‌د ناصیف: مۆسۆلینی..ئه‌فسانه‌یه‌ك كه نه‌یده‌ویست بمرێت، و/دڵسۆز عومه‌ر، س. پ، ل 13 .
82 فه‌رهاد هه‌مزه محه‌ممه‌د: س . پ ، ل 110 .
83 ئه‌كره‌می میهرداد: ناسیۆنالیزم (گۆڕانكاری،تیۆری،ڕه‌خنه) ،س . پ ، ل 195+196 .
84 ئه‌رده‌ڵان عه‌بدوڵڵا : فاشیزم له نێوان دوێنێ و ئه‌مڕۆدا ، س . پ ، ل 79 +80 .
85 ئه‌كره‌می میهرداد: ناسیۆنالیزم (گۆڕانكاری،تیۆری،ڕه‌خنه) ،س . پ ، ل 196 +197 .
86 ئه‌حمه‌د ناصیف: مۆسۆلینی..ئه‌فسانه‌یه‌ك كه نه‌یده‌ویست بمرێت، و/دڵسۆز عومه‌ر، س. پ، ل 15+16 .
87 ئه‌حمه‌د ناصیف: مۆسۆلینی..ئه‌فسانه‌یه‌ك كه نه‌یده‌ویست بمرێت، و/دڵسۆز عومه‌ر، س. پ، ل 17 .
88 ئه‌رده‌ڵان عه‌بدوڵڵا : فاشیزم له نێوان دوێنێ و ئه‌مڕۆدا ، س . پ ، ل 83+84 .
89 ڕه‌یدار لاشۆن : ئایدیۆلۆژیی سیاسیی هاوچه‌رخ ، و/له سویدییه‌وه، ئاسۆس شه‌فیق: چ2،سلێمانی،2010 ، ل 131 .
90 ئه‌رده‌ڵان عه‌بدوڵڵا : فاشیزم له نێوان دوێنێ و ئه‌مڕۆدا ، س . پ ، ل 84 .
91 ئه‌حمه‌د ناصیف: مۆسۆلینی ـ ئه‌فسانه‌یه‌ك كه نه‌یده‌ویست بمرێ، و/دڵسۆز عومه‌ر:چ1 ، چاپخانهیگهنج/سلێمانی ،2009، ، ل 19+20 .
92 ڕه‌فیق سابیر: عێراق.دیموكراتیزه‌كردن یان هه‌ڵوه‌شانه‌وه ، چ1 ، سوید ، 2005، ل 15 .
93 شه‌ماڵ عه‌بدوڵڵا: عێراقی نوێ،ب،چ ، سلێمانی ،2005 ، ، ل 13 .
94 ئه‌لبێرت عیسا : ناسیۆنالیزمی عه‌ره‌بی له ئیمپراتۆریه‌تی عوسمانییه‌وه بۆ عێراقی سه‌رده‌می فاشیزم ، ل 405 .
95 د.شاكر نابولسی : له‌باره‌ی كورد‌و عێراق‌و چه‌ند پرسێكی فكری و سیاسییه‌وه،: و/ عه‌داله‌ت عه‌بدوڵڵا ،ب،چ ، سلێمانی،2009 ، ل 91 +91 .
96 سیسیل جۆن ئیدمۆنس:و/ حامید گه‌وهه‌ری ، س . پ ، ل 11 .
97 نه‌وزاد عه‌بدوڵڵا هێتۆتی : دۆزی كورد له عێرا قدا و میكانیزمه‌كانی چاره‌سه‌ركردنی دوای 2003،چ1،چاپخانه‌ی خانی،دهۆك، 2009 ،ل 195 .
98 ئه‌رده‌ڵان عه‌بدوڵڵا : فاشیزم له نێوان دوێنێ و ئه‌مڕۆدا ، س . پ ، ل 98 .
99 ه . س ، ل 94 +95 .
100 ته‌له‌فزیۆنی سه‌حه‌ر 2 : به‌رنامه‌یه‌ك له باره‌ی ده‌ستگیركردنی به‌عسیه‌كان له عێراق ، د . محه‌ممه‌د بازیانی : 5/11/2011 .
بۆ په‌یوه‌ندی 07701466250