(هونه‌ره‌كه‌م ڕاستگۆیی‌و به‌خششی منه) ڤانكوخ
ڤانكوخ ساڵی 1853له‌خێزانێكی بازرگانی هۆڵه‌ندی له‌دایك بووه، هه‌ر له‌سه‌ره‌تاكانی مێردمنداڵییه‌وه تا ئه‌ندازه‌یه‌كی گه‌وره له‌به‌رده‌م هه‌ڕه‌شه‌ی ژیاندا ژیاوه، به‌هۆی رۆحێكی پڕ لهئاگاو دڵێكی پڕ له‌هه‌ست، هه‌ر ئه‌مه‌ش هۆكار بوو بۆ ئه‌وه‌ی كه بۆ هه‌ر كوێ ده‌چوو و هه‌ر چۆن بیری ده‌كرده‌وه ژیان به‌ده‌ستیدا نه‌ده‌هات، تا دوا ساته‌كانی ته‌مه‌نیشی هه‌ر له‌سه‌ر ئه‌و ریتمه ژیا..
له‌چركه ساتی ده‌سپێكردن له‌گه‌ڵ ژیاندا، هه‌ر مرۆڤێك به‌بێ ویستی خۆی ده‌كه‌ویته ناو یه‌كێك لهخهتهكانی ژیان، ده‌شێت خه‌تی ژیانی تۆ خه‌تێكی ئینسانی‌و په‌پوله ئاسابێت، ده‌شێت له‌جوانترین شێوه‌دا جوانیه‌كان بدۆزیته‌وه، یان دوور نیه به‌دیوی ئه‌و دیودا بژیت‌و خراپترین تێڕوانینت هه‌بێت بۆ ئه‌وانی تر.. به‌شێكی گه‌وره‌ی ئه‌مه په‌یوه‌ندی به (په‌وه‌رده‌ی خێزانی‌و ژینگه‌ی خێزانی و ژینگه‌ی كۆمه‌ڵایه‌تی)یه‌وه هه‌یه، چونكه به‌ده‌ر له‌بیروبۆچونی ئینسان خۆی، ئه‌مانه‌ش به‌شێكن له قودره‌تی دروستكردن ...
له‌م تێڕوانینه گشتگیره‌دا ده‌توانین بڵێین ڤانكوخ هه‌ر له‌و چركه‌ساته‌ی ده‌چێته دوكانه‌كه‌ی (گویڵ) له(لاهای)وه ده‌ست ده‌كات به‌فرۆشتنی تابلۆی هونه‌ریی، سات دوای سات دیدگاكانی له‌دیدێكی ماتریالییه‌وه، ده‌گۆڕێن بۆ دیدێكی قوڵ‌و ناوه‌ڕۆكدار، ئه‌و چركه ساتانه‌ی ڤانكوخ له‌و دوكانه بهسهریی ده‌بات، چركه‌ساته‌كانی له‌دایكبوونی ڤانكوخی ڕاسته‌قینه‌یه، له‌دایكبوونی چاوێكی تره كه تا ئێستاش دهڕوانێتو قودره‌تی بههونهرداوه.
زه‌مه‌نی تێپه‌ڕبوونی كاته‌كانی ڤانكوخ له‌و دوكانه‌دا، زه‌مه‌نی تیژبوونه‌وه‌ی سهرنجهكانیهتی له‌سه‌ر هونه‌رو ڕهنگو تابلۆكان، لێره‌وه وورده وورده قوڵتر‌و توندتر ئه‌و ته‌نهاییه داگیری ده‌كات كه له‌ئه‌نجامی ده‌رككردن بهجوانییهكانهوه دروست ده‌بوو بۆی. ئینسان كه توانی جوانی بدۆزێـته‌وه، توانی جیاوازتر ببینێت، ده‌بێت خۆشی له‌به‌رده‌م كۆی ئه‌و ئازارانه‌دا ڕابگرێت كه بۆی دروست ده‌بن، بۆیه ڤانكوخ هه‌ر له‌سه‌ره‌تاكانی ته‌مه‌نیدا ده‌بێت بهبوونهوهرێكی ڕاڕاو قه‌له‌ق، ده‌بێت به‌چاوێك كه یه‌ك پارچه لهگوێزانهوهو ڕه‌نگكردنه‌وه‌ی خهیاڵو جوانیهكاندایه، ئه‌م ڕووكاره هونه‌ریه‌ی ڤانكوخ، ڤانكوخ لهبونهوهرێكی بازرگانه‌وه ده‌گۆڕێت بۆ ئینسانێكی رۆحی‌و ته‌نها، ده‌بێت بهئینسانێك ئیتر له‌جیاتی قسه‌كردن به‌زمان، به‌فڵچه‌و تابلۆكان قسه ده‌كات، تابلۆكان ده‌بێـت به‌ته‌نها رایه‌ڵه‌ی گوێزانه‌وه‌ی خۆی بۆ ئه‌وانی تر، له‌ڕاستیشدا وایه كه ئینسان توانی هه‌ست به‌جوانی بكات، توانی جیاوازتر له‌وانی تر ببینێـتو بیربكاته‌وه، ئیتر پێویستی بهكهناڵێك ده‌بێت بۆ خۆخاڵیكردنه‌وه له‌ئازار، بۆ ده‌ربازبوون له‌سه‌رجه‌می ئه‌و فشاره ده‌روونیانه‌ی ده‌كه‌ونه سه‌ری، نه‌بوونی ئه‌و رایه‌ڵه ده‌شێت مرۆڤ به‌ئه‌نجامی باش نه‌گه‌یه‌نێت، ده‌شێت دۆزینه‌وه‌ی ئه‌و كه‌ناڵه له‌لای هه‌ر مرۆڤێك بهرییتمێك له‌دایك ببێت، ده‌شێت لای كه‌سێك به‌ژه‌نینی ئاوازه مۆسیقیهیهكان له‌دایك ببێت، ده‌شێت لای تۆ به گێرانه‌وه‌ی هه‌سته‌كان، لای من بهگۆرانیو هاواره‌كان، لای ئه‌و به‌بێ ده‌نگییه‌كی قوڵ‌و گوێگرتنێكی به‌رده‌وام، به‌ڵام لای ڤانكوخ به‌وه‌شاندنی فڵچه‌و ره‌نگی جۆراوجۆر له‌دایك بوو... بۆیه ئه‌گه‌ر سه‌یر بكه‌ین له‌زۆربه‌ی تابلۆكانیدا ڕیتمی شێوازی جوڵهكانو فڵچه وه‌شاندنی خێرا‌و دانانی ڕه‌نگه‌كان، ده‌قاوده‌ق كۆپی دوودڵی‌و دڵه‌راوكێكانی ئه‌ومان بۆ ده‌كه‌ن ، بۆ نمونه له‌تابلۆی (كێڵگه‌ی گهنمو قه‌له‌ڕه‌شه‌كان، یان پهتاتهخۆرهكان...) یان له‌سه‌رجه‌می تابلۆ (پۆرترێت)ه‌كانیدا، هه‌موویان ته‌فسیری ئه‌و بیركردنه‌وانه ده‌كه‌ن، وه ڤانكوخیش له‌كۆی كاره‌كانیدا ناتوانێت بێ باك بێت له‌ئه‌وان، چونكه له‌راستیدا داخراوی ڤانكوخ بوو بوو بهپهرچهكردارو له‌سه‌ر فۆڕمی تابلۆكانیدا ڕه‌نگی دابوه‌وه.
له‌لایه‌كی تریشه‌وه ده‌بێت بگه‌ڕێینه‌وه سه‌ر ئه‌و بێ باكییه ده‌سته‌جه‌معیه‌ی سه‌ده‌ی ڤانكوخ به‌رامبه‌ر بهڤانكوخ، هیچ كهسو هونه‌رمه‌ندێك نه‌یده‌توانی ڤانكوخ بخوێننه‌وه، وه‌ك ئه‌وه بوو كۆی مرۆڤایه‌تی له‌سه‌ر ئه‌وه ڕێكهوتبێتن به‌رامبه‌ر به‌و بێ باك بن، چونكه تا له‌ته‌مه‌نیدا بوو كه‌س گرنگی به‌هونه‌ره‌كه‌ی نه‌ده‌دا، وه‌ك ده‌گێڕنه‌وه ته‌نها یه‌ك تابلۆی فرۆشتووه ئه‌ویش به‌پاره‌یه‌كی زۆر كه‌م، تا مردیش كه‌س قسه‌یه‌كی نه‌بوو له‌سه‌ر خۆی‌و له‌سه‌ر هونه‌ره‌كه‌ی، جگه له‌و تاكه وتاره‌ی ڕه‌خنه‌گری فه‌ره‌نسی (ئه‌لبێر ئۆریه) كه به‌ر له‌مردنی ڤانكوخ به‌پێنج مانگ له‌وتارێكدا به‌ناوی (له‌بیركراوه‌كان) له‌سه‌ری نووسی بوو: ( ئه‌وه‌ی كه بایه‌خ بۆ تابلۆكانی ڤانكوخ ده‌گه‌ڕێنێته‌وه ئه‌و ده‌ربڕینه پڕ لهتوڕهییهیه كه هونه‌رمه‌ند نیشمانمان ده‌دات...)
بۆیه ڤانكوخ تا ئه‌ندازه‌یه‌كی گه‌وره بێ به‌ش بووه له‌و نازه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌ی كه ده‌بوایه هونه‌ره‌كه‌ی بۆی دروست بكردایه، كه مرۆڤ له‌مرۆڤێكی مادییه‌وه گوێزرایه‌وه بۆ مرۆڤێكی رۆحی، ده‌بێت به‌جۆرێك له‌جۆره‌كان نازی هه‌ڵبگیرێت، ئه‌گینا دوورنییه له‌به‌رامبه‌ر ڕه‌وی مرۆڤ‌بوون‌دا تیابچێت، ده‌بێت ئینسانگهڵێك هه‌بن تا قوڵایی ئه‌و هه‌ست به‌ئه‌و بكه‌ن، بۆیه ڤانكوخ وه‌ك تاكێكی هۆڵه‌ندی بێ به‌ش بوو له‌وه، به‌ڵام له‌م میانه‌دا نابێت گرنگی پێدانی (تیۆ)ی برای له‌بیر بكه‌ین، چونكه تیۆ یه‌كێك بوو له‌وانه‌ی كه ده‌توانین بڵێێن جێگه‌ی كۆی كۆمه‌ڵگای هۆڵه‌ندی گرتبووه بۆی، ده‌یتوانی به‌ئه‌ندازه‌یه‌كی گه‌وره لهڤانكوخو هونه‌ره‌كه‌ی تێبگات، چ وه‌ك لایه‌نی مادی یان مه‌عنه‌وی.
تیۆ ده‌ستێكی گه‌وره‌ی هه‌بوه له‌چنینه‌وه‌ی ئه‌و نازه رۆحییه‌ی كه ڤانكوخ پێویستی هه‌بووه، وه ڤانكوخ ده‌چووه هه‌ر جێگایه‌ك‌و هه‌ر وڵاتێك، وه هه‌ر تابلۆیه‌كی ڕه‌نگ دهكردو هه‌رچۆن بیری ده‌كرده‌وه، چه‌ند نامه‌یه‌كی ده‌نارد بۆ تیۆی برای، وهتیۆش زۆر بهقوڵیو به‌پاكی وه‌ڵامی نامه‌كانی ده‌دایه‌وه، له‌زۆرێك له‌نامه‌كانیدا ڤانكوخ ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ ئه‌و سكاڵایانه‌ی كه له‌سه‌ر ههستو ماندووبوونی رۆحی خۆی هه‌یبوو، وه كۆی ئه‌و ئازارانه‌ی چ وه‌ك تابلۆ‌و چ وه‌ك نامه ده‌نووسیه‌وه‌و دهیگوازتهوه بۆ تیۆ، چونكه ده‌یزانی تیۆ وه‌ك كه‌ناڵێك وایه تا دوا ده‌روازه هه‌ست به‌ئه‌م ده‌كات، ڤانكوخ له‌وه تێ ده‌گه‌شت تیۆ له‌ئازاره‌كانی هونه‌رمه‌ندێكی ڕاسته‌قینه تێ ده‌گات، بۆیه بۆی ده‌نووسێت ( تیۆ، ده‌زانی ته‌نها تابۆكانم ده‌توانن ئه‌و كۆته بشكێنن كه رۆحی گهمارۆداوم...). بۆیه سڵنه‌كردنه‌وه له‌نووسینه‌وه‌ی ئه‌و هه‌سته خه‌یاڵیانه‌ی ڤانكوخ بۆ تیۆ، ده‌بێت بهخۆڕاگرییهكی گه‌وره‌ی ڤانكوخ له‌به‌رده‌م به‌رده‌وامیدا، له‌به‌رده‌م له‌دایكبوونی هونه‌ری قوڵتر، تیۆ وه‌ك جۆرێك لهبزوتنو خۆراكی رۆحی وابوو كه ڤانكوخی ئاڕاسته ده‌كرد، ده‌شێـت ڕێگه به‌خۆم بده‌م بڵێم ئه‌گه‌ر تیۆ و نازههڵگرتنهكانی نه‌بوایه، ڕه‌نگه ڤانكوخ به‌و به‌هره‌وه دهرنهكهوتایه، چونكه له‌راستیدا تیۆ له‌هه‌موو سه‌فه‌ره‌كانی ڤانكوخ بۆ فه‌ره‌نسا بۆ هۆڵه‌ندو.... بۆ هه‌ر شوێنێكی تری دونیا له‌ڕووی داراییه‌وه چاوی لهڤانكوخ بوو، به‌لام له‌و گرنگتر راگرتنی ئه‌و هه‌سته هونهرییو خه‌یاڵییانه بوو كه هیچ مه‌خلوقێكی تر تیایدا رێزی ڤانكوخیان نه‌ده‌گرت، ئه‌وه‌ی ده‌گێڕنه‌وه پاش مردنی ڤانكوخ (652) وتاری هونهرییو پڕ لهفهلسهفی له‌شێوه‌ی نامه‌دا بۆ (تیۆ)ی برای ناردووه، كه وه‌ك به‌رهه‌مێكی گه‌وره سه‌یری ده‌كرێن بۆ ناو دنیای ئهدهبو هونه‌ر.