به‌رێوه‌به‌ری NRT: سوتاندنی كتێب ئاساییه‌
18/07/2013 نوسەر: bzavpress

به‌رێوه‌به‌ری NRT: سوتاندنی كتێب ئاساییه‌

به‌رێوه‌به‌ری كه‌ناڵی NRT پێیوایه‌ سوتاندنی كتێب ئاساییه‌و له‌بری ئه‌وه‌ی ئه‌وه‌ بكرێته‌ تاوان، پێشلكاری نائاسایی بكرێت.
له‌وتارێكدا كه‌ له‌باره‌ی سوتاندنی كتێبه‌كانی جه‌مال غه‌مباری شاعیر بڵاویكردووه‌ته‌وه‌، توانا عوسمان به‌رێوه‌به‌ری كه‌ناڵی NRT ده‌ڵێت "بەرای من ئەوەی ئەو گەنجە کردۆیەتی، مافێکی سروشتی خۆیەتی.. ئەو کە کتێبی ئەو شاعیرەی کڕیوە، هی خۆیەتی ئەتوانێت هەر کاتێک بیەوێت نەک بیسوتێنێت بەڵکو پارچە پارچەشی بکات.. خۆ کتێبی جەمال غەمبار قورئان نیە تا قەناعەت و بیروباوەڕی ملیۆنان خەڵک زامدار بێت".
هه‌روه‌ها ناوبراو ئه‌وه‌ش ده‌خاته‌روو "شاعیر و هونەرمەند و ئازادیخوازە گەورەکانی دونیا، بۆ ئەوەی لەرەمزیەتی سەرکردەو پیرۆزییە ئایدۆلۆجی و دەستکردەکان بدەن، خۆیان دەستپێشکەر ئەبن لەشکاندنی قودسیەتی کارە هونەر و ئەدەبیەکان، چونکە هەمیشە جوگرافیای ئازادی رادەربڕین لەدویو سنورەکانی رەمزیەت و قودسیەتەوە دەستپێدەکەن".
ئاماژه‌ به‌وه‌ش ده‌كات "هەرچەندە من خۆم بم ئەوە ناکەم، چونکە هەم رێزی شەخسیم هەیە بۆ نوسەری ناوبراو، هەم ئەگەر لەهەڵوێستی شەخسی نوسەرێک و ئەدیبێک نارازیبم، قەت ناچم تۆڵە لەبەرهەمەکەی بکەمەوە، چونکە پێم وایە دەق دوای جیابونەوەی لەنوسەر و بڵاوبونەوەی، ئەبێت بەتەنێکی سەربەخۆ و جیا لەنوسەر... بەڵام ئەوەش ئەزانم کەئەوەی ئەو گەنجە کردویەتی مومارەسەی ئازادی خۆیەتی".
له‌كۆتایی نوسینه‌كه‌یدا توانا عوسمان ده‌ڵێت "ئەوانەی دژی ئەم مافە سەرەتاییانەن، ئەوانەن کەئەڵێن ئاڵا موقەدەسە! لەوانەن کە پێیان جامانە و پەرۆ خەتی سوورە و دراندنی وێنەی سەرکردەکانیش بە تاوانە... نەخێر کاتی ئەوە هاتوە، ئەم مومارەسە مەدەنیانەی کەساڵەهایە لەخۆرئاوا و دیموکراسیە گەورەکانی دونیادا باوە و ئاساییە، لەوڵاتی خۆمانشدا ئاسایی بن و لەبریدا پێشێلکاری راستەقینەی مافی ئینسان و میللەت و مافە رەواکانی لەژیانی دیموکراسی، ئاسایی نەبن".


د.ع