(9) بێ سەرپەرشت ( الیتیم )
18/07/2013 نوسەر: bzavpress

(9) بێ سەرپەرشت ( الیتیم )


وانەی نۆیەم


لەبەرنامەی ئیسلامدا هتیوو بێدەرەتان کرۆکی ناسك و خۆشەویستی بەرنامەکەن، فەرمانکراوە بە هەڵگرانی بەرنامەی ئیسلام کەڕێزبگیرێت لە چینی هەتیوان، وە مافیان نەخورێت بەڵکو بەزیادەوە مافیان پێبدرێت، ئەمەش ئەو کەسانە دەگرێتەوە کە پێش باڵخ بونیان باوکیان لەدەستداوە، هەروەها هاتیوو یەکێکە لە قوربانیەکانی شارستانیەتە دوور لە دینەکان .
پێویست بەوە ئەکات بەتەواوی مافی هەتیو بدرێت هەروەکو خوای گەورە لە قورئانی پیرۆزدا  فەرمانی پێکردووین دەفەرموێت (وَآتُوا الْيَتَامَىٰ أَمْوَالَهُمْ ۖ وَلَا تَتَبَدَّلُوا الْخَبِيثَ بِالطَّيِّبِ ۖ وَلَا تَأْكُلُوا أَمْوَالَهُمْ إِلَىٰ أَمْوَالِكُمْ ۚ إِنَّهُ كَانَ حُوبًا كَبِيرًا ﴿٢﴾ سورة / النساء – آیة : ٢
واتە: (خه‌ڵکینه‌) ماڵ و سامانی هه‌تیوان بده‌نه‌وه ده‌ست خۆیان (کاتێک گه‌وره بوون و فامیان کرده‌وه‌)، ماڵی خراپ و پیسی خۆتان مه‌گۆڕنه‌وه به‌ماڵی چاک و پاکی ئه‌وان، ماڵ و سامانیان مه‌خۆن له‌گه‌ڵ ماڵ و سامانی خۆتاندا (مه‌یفه‌وتێنن) به‌ڕاستی ئه‌و کاره سته‌م و گوناهێکی گه‌وره‌یه‌.
یاخود هەروەکو کە پێمان دەفەرموێت موڵك و ماڵەکانیان سستەم و تاوانێکی گەورەیە کە بەناهەق بخورێت وە ئامانەتێکە زۆر قورسە لە گەردنیدا تەنها پەروەردگار سنوری سزاکەی دەزانێت چەندە.

پێغەمبەری خوا (صلی اللە علیە وسلم ) دەفەرموێت ( انا وکافل الیتیم في الجنة هکذا) وأشار بالسبابة و الوسطی وفرج بینهما شیئا) رواە البخاري. 



واتە: ( من و سەرپەرشیاری هەتیوو وەکو ئەم دوانەن لە بەهەشتدا، ئاماژەی بەهەردوو دەستی کرد واتە پەنجەی ناوەڕاست و پەنجەی شایەتمان).

هەموو دەزانین کەسی هەتیوو دڵشکاوە لە ژیان ، لەهەست و سۆزی باوەشی باوک و دایکیان بێبەشن، پێویستیان بە من و تۆو ئێوەو ئێمەیە...
ئەی موسڵمانان و خاوەن بەزییەکان دڵی هەتیوان خۆش بکەن دەستی یارمەتیان بۆ درێژبکەن، لە نەخۆشی و کەم دەرامەتی گوزەرانی ژیان لە سەیلەی ڕەحمی کەسایەتی تکایە ئاوڕبەنەوە بۆ ئەم چینە با تۆش بەندەیەک بیت لەوانەی دەستی سۆزو عاتیفە دەنێت بەسەر هەتیوان بزەی خۆشی دەخەیتە سەر لێوانیان، لەم ڕەمەزانەدا تکایە بگەڕێن گرنگیان پێبدەن و بایەخی تەواو لە ڕووی ژیانیان پێبدەن، با لە ژێر ڕەحمی خوای گەورە بەرە بەهەشت لەگەڵ پیاوچاکان بەڕێ بکرێیت.

-------------------------

*** هەتیوو (الیتیم) یەکێکە لەووتە ڕۆژانەی ڕەمەزانی ساڵی ٢٠١٣