بەخوا دۆزیمەوە بۆی مەگەڕێن لای منە..
15/07/2013 نوسەر: bzavpress

بەخوا دۆزیمەوە بۆی مەگەڕێن لای منە..



 

زۆرێك لە موسڵمانانی کورد بە دوای پرۆژەی  سەرخستنی دەوڵەتی کوردی  و سەربەرزی و عیزەت و جوامێری و  شکۆمەندی جارانی ئیسلامەتی و  بەدوای هاتنەوەی پیاوچاکاندا دەگەڕێن و ئاواتیانە بۆ ئەوەی ئەم هەموو شتە جوانانەی ئیسلام کە لە دەستمانداوە بەگەڕێتەوە، من دۆزیومەتەوە گرنگە موسڵمانان هاوکاریم بکەن لەژێر چاڵدایە دەریبێنین..

چۆن..؟

کێشەی موسڵمانان ئەوەیە لەگەڵ ئەوانەی کە مەفتون بوون بە بیرو هزری لادینیو عەلمانی بەگشتی هەرجارەو بەدوای بەرنامەیەکدا دەگەڕین بۆ ئەوەی ڕزگاریان بێت، وەك ئەوە وایە کەسێك نەخۆشە بچێتە لای پزیشك تا  چارەسەری نەخۆشیەکەی بۆ بکات، بەڵام دەچێتە لای وەرشەی تەلەفزیۆن و سەلاجە!

ئەمە بەسەر ئیسلامیەکاندا هاتووە، زیاتر خۆیان خاوەنی ئیسلامن کەچی بە دیموکراسی و میکانیزمی  عەلمانی دەیانەوێت چارەسەری کێشەکان بکەن، بۆ نمونە  ئەگەر پێیانبڵێیت کێشە چارەسەری  ئەم  کوردە بۆ سەربەخۆیی پرۆژەی (لا إله إلا الله، وتخلعون ما تعبدون من دونه) لەوانەیە بڵێن تۆ سەیری ئەم ماکوانە ناکەیت چەندە دواکەوتو  جاهیل و نەزانە لەم سەردەمی پێشکەوتن و گلۆبالیزەیشن و مۆدێرنەدا باس لە چ پرۆژەیەك دەکات تا دەوڵەتی کوردی پێ دابمەزرێنێت!!؟؟

لەڕاستیدا ئەوەی من هەڵم گرتوە ووتەی شرینی پێغەمبەرمانە(صلی اللە علیە وسلم) پرۆژەی ئەوە، ئەوەشی بەرانبەرم ئەو قسە دەکات دەڵێت ئەو پرۆژەیە بە کەڵکی ئێستا نایەت لاسایی ئەبوجەهەل دەکاتەوە..

چۆن..؟

ئەبوجەهل ووتی بە ئەبوتالیب "بە برازاکەت بڵێ با وازمان لێبنێت لە زێدو مەڵبەندی خۆمان و بە خواکانمان و یاساو دەستورمان ڕەخنەو قسە نەکات ئەو هەمووی خستۆتە ژیر پرسیارەوە"..

مامی پێغەمبەری سەروەرمان (صلی اللە علیە وسلم)ی بانگ کرد و پێی ووت: " گەل و هۆزەکەت وا دەڵێن؛ تۆ رات چیە"؟

پێغەمبەرمان(صلی اللە علیە وسلم) فەرمووی: "مامە  من داوای یەك وشەیان لێدەکەم کە بیکەنە پرۆژەی کاریان دڵنیایان دەکەمەوە پەیمانیان ئەدەمێ هەموو عەرەب و عەجەم دەخەنە ژێر دەستیانەوە".

ئەبو جەهل زۆر حەزی بە دەسەڵات  و سوڵتە بوو ووتی:  "سوێند بێ ١٠ ووشەیشت بدەینێ ئادەی بڵێ محمد".

فەرمووی بڵێن(لا إله إلا الله، وتخلعون ما تعبدون من دونه) ئەبوو جەهل بڕوای نەکرد، بەڵام ئەم پرۆژە  هەمووی چەند ساڵێکی برد  لە راستیدا  عەرەب و عەجەم هاتنە ژێر دەسەڵاتی ئیسلام و  ئیمپراتۆریەتێکی وەك پارسیا  کە خاوەنی دووملیۆن سەرباز بوو ئیسلام توانی فەتحی بکات و هەموو کیسراکان بۆ دواجار نەهێڵێت.

 رۆمیش کە خاوەنی ژیارو دەوڵەتی ٤٠٠٠ ساڵە بوون ئەوانیش هاتنە ژێر ئاڵای ئیسلام و بەتەواوەتی هێزو شکۆیان لەبەرانبەر ئیسلامدا نەما، هەموو عەرەب خەونی بە یەکڕیزی و دوورکەوتنەوە لە شەڕی ناوخۆ دەبینی ئەوانیش هەموو بون بەیەك و بە دوونیادا گەڕان دادپەروەری ئیسلامیان بڵاو کردەوە.

 ئەم پرۆژەیە پێشتر تاقی کراوەتەوە سەرکەوتنی بەدەستهێناوە نازانم بۆچی ئێستا ئیسلامیەکان نایکەنەوە و دەڵێن مایکانیزمی کارکردنمان لە ناو پرۆسەی دیموکراسی و لیبراڵی عەلمانیەکاندا بێت باشترە!، بەخوا من دۆزیومەتەوە وەرن بیبەن سەرفرازی دنیاو قیامەت دەبن، لای من بەلاشە تەنها پاداشتەکەی لای خوای خۆم وەردەگرم.

پرۆژەی عیزەت وسەربەرزی و چارەسەری کێشەو ئەزمەکان..

ئەگەر تەماشای ڕەوشی سیاسی  ئێستای ئیسلامیەکان بکەن ناگاتە خراپی ئەو کاتەی کە  ئەبوبەکر حوکمڕانی خەلافەتی گرتە دەست، هەموو نیوەدورگەی عەرەبی لێهەڵگەڕایەوە، تەنها بەنی حەنیفە ٢٠٠هەزار کەس بوون دژی ئەو دەجەنگان، بێجگە ناوچەکانی تر یەمەن و  عومان  و بەحرین ..تاد، تەنها ٣ جێگاو یەك دێ هەڵنەگەڕابوونەوە ئەویش "مەککەو مەدینەو تایف و دێیەکیش ناوی هەجەر بوو" کەچی ئەبووبەکر - رەزامەندی خوای لێبێت-  چارەسەری کرد، پرسیار ئەوەی پرۆژەکەی ئەبوبەکر چی بوو؟

ئایا ئیسلامیەکانی  ئێستا دەتوانن ئەزمەکانی خۆیانی پێ تێپەڕێنن؟

من  دەڵێم دۆزیومەتەوە وەرن بیبەن  سوێند بەخوا سەربەرزی دنیاو قیامەتانی تێدایە...

ئەبوبەکری سدیق  رەزامەندی خوای لێبێت خۆی باسی پرۆژەکە دەکات و دەفەرموێت..

( لأنّ هذا الدين عزيز، ومن يتدين بهذا الدين عزيز) ئەم دینە خۆی بەرزو پیرۆزو خاوەنی عیزەتە، هەر کەس دەستی پێوە بگرێت بە عیزەت و عەزیزو سەربەرز دەبێت..

هەر بەهۆکاری ئەو پرۆژەیە بوو  توانی بەسەر هەموو هەڵگەڕاوەکاندا سەربکەوێت لەماوەیەکی زۆر کورتدا، کە من بە تەحەداوە دەڵێم ئەزمەی هیچ کام لە ئیسلامیەکانی دونیا و کوردستان بەتایبەتی  ئەوەندەی  کێشەو ئەزەمەی ئەبوبەکر بە هێز نەبووە، کەچی  توانی چارەسەری بکات بە ئاینەکەی.

 سەربەرزو هەیبەت و ئازایەتی  لە جلو بەرگ و  لە خانوو سەیارەو مقەرو بارەگایی حیزبیدا نیە..

عومەری کوڕی خەتاب - رەزامەندی خوای لێبێت- ، هەردوو جوت نەعلەکەی خۆی داکەندبوو لە ژێر سەریدا کردبویە سەرین، لەپەنای سێبەری دیوارێکی مەدینەدا خەوی لێکەوتوبوو ئەوەندە ماندووبوو بەکاری موسڵمانانەوە، پاشای کیسرا گیرا هێنایان بۆلای  کە بینی بەو شێوە خەوی لێکەوتوە ووتی(حكمت فعدلت فأمنت فنمت يا عمر) فەرمانڕەوای دەکەیت و دادپەروەریت و  دە خەویت و بەئیمانیت  ئەی عومەر..

هۆکاری پڕۆژەی دەوڵەتی عومەر چی بوو هەموو فارس و رۆمی  فەتح کرد؟

چەکی  زۆر و سوپای زۆر بوو؟

نا برایانی ئیسلامی خۆم .. بڕوا بکەن هیچیان نەبوو  دۆزیومەتەوە وەرن بیبەن بە خۆڕای بۆ خۆتان..

عومەری کوڕی خەتاب- رەزامەندی خوای لێبێت-  دەفەرموێت..( نحن قوم أعزنا الله بالإسلام، فمهما ابتغينا العزة بغيره أذلنا الله) ئێمە گەلێکین عیزەت و سەربەرزیمان بە ئیسلامەوەیە، ئەگەر وازمان لێهێنا لەم ئیسلامە خوای گەورە زەلیل و سەرشۆڕمان دەکات.

پرۆژەی خزمەت گوزاری..

ئەگەر ئەتانەوێت هەرزانی و خۆش نوودی کامەرانی بەخەنە ناو خەڵکی و پرۆژەی دادپەروەری پیادە بکەن؛ وەك عومەری کوڕی عەبدولعەزیز کە دەیفەرموو شاخەکان دانەوێڵەی تێدا بڵاو بکەنەوە با باڵندەکان برسیان نەبێت، نەڵێن باڵندەکانی دەوڵەتی ئیسلام برسیانە، ئەو خزمەتی باڵندەکانی ئاسمانیشیان دەکرد، چونکە خاوەنی دادو سەرفرزای خەڵك بوون (انثروا الحَبَّ على رءوس الجبال؛ حتى لا يقال: جاع طير في بلاد المسلمين) تا ئێوارە ناوی خۆتان بنێن ئیسلامی پێویستان بەوە هەیە خزمەتی خەڵك بکەن نەك خەڵك خزمەتان بکات بەرپرسەکانی ئەم ئیسلامە.

کۆتای  پرۆژەی من برایەتییە..

لەوانەیە بپرسن لە دڵی خۆتاندا وا لێكی بدەنەوە برایەتی چی تۆ ئەو هەموو رەخنە لە ئیسلامیەکان دەگریت، یان بە زمانی ئیسلامیەکان کە دەڵێن؛ قسەمان پێ دەڵێت، خەریکی فیتنەیت و لە دادگاکاندا شکاتم لێدەکەن..!

سوێند بە خوای گەورە .. ئێوە بۆ خۆتان فیتنەن.. کۆمەڵ و  یەکگرتو  بزوتنەوە و هەموو ئەو رەوت و رێبازانەی تر کە بوونیان هەیە، وەرن تەماشای خۆتان بکەن هەریەکەتان پارچەیەکتان جیاکردۆتەوە بۆنەتە هۆکاری فەشلی موسڵمانان(ولا تنازعوا فتفشلوا وتذهب ريحكم) هەموو گیانتان راجوێی و جیاوازیە بونەتە فاشلترین  کۆمەڵ  لە کارو فەرمانتاندا، کەچی  ئەگەر خەڵکانێکیش رەخەنەتان لێبگرێت دەڵێن فیتنە خەتوە هەڵی مەستینە، کەی ئەدەبیاتی ئیسلامیە ئەم هەموو خەڵکە بەم شێوەیە ڕیا بکات و هەریەکە خاوەنی حیزب ورێبازو رەوتێك بێت، ئەوە بەس لەعەلمانی دەست دەکەوێت.. بۆ ئێوەش چاولەوان دەکەن هیچتان نابێت بەهیچ لە هەنگاودا بەرەودواوە بەگ دادەنێن. دەوەرن دۆزیومەتەوە پرۆژەکە ئەگەر راست دەکەن بەکاری بێنن وەڵاهی  سەربەرزی دوونیا و قیامەت دەبن بەمەرجێك پاشقولی تێدا نەبێت دیندارو موسڵمانە کار بکەن." إِنَّمَا الْمُؤْمِنُونَ إِخْوَةٌ".. "وقول النبي صلى الله عليه وسلم: «مثل المؤمنين في توادهم وتراحمهم كمثل الجسد الواحد"

بەڵام من هەست دەکەم عیزەتی موسڵمانانتان فرۆشتوە بە دیموکراسی، موجاهیدانتان تەقاعود کردوە بە پارەی پۆلیسی و  بانگەوازچیانتان  کردۆتە چالاکەوانی مەدەنی و.. بەخوا وانابێت خوای گەورە شاهیدە بە سەرمانەوە

فَسَتَذْكُرُونَ مَا أَقُولُ لَكُمْ وَأُفَوِّضُ أَمْرِي إِلَى اللَّهِ إِنَّ اللَّهَ بَصِيرٌ بِالْعِبَادِ ..