12/07/2013
•
نوسەر: bzavpress
•
زانیاری نوێ له‌سه‌ر كوژرانی بن لادن
چه‌ند زانیارییه‌كی نوێی ده‌زگای هه‌واڵگری پاكستان سه‌باره‌ت به كوشتنی ئوسامه بن لادنی سه‌ركرده‌ی پێشووی رێكخراوی ئه‌لقاعیده ئاشكرا ده‌كرێت كه له زاری خێزانی ناوبراوه‌وه خراونه‌ته‌ڕوو.
له زانیارییه‌كاندا هاتووه كه ئوسامه بن لادن به فیشه‌كێك كه به‌ر ناوچه‌وانی كه‌وتووه كوژراوه و
پاش كوژرانیشی ده‌موچاوی هیچ تێكنه‌چووه و به ته‌واوی ده‌ناسرایه‌وه، چه‌ند ساتێك پێش كوژرانیشی، سه‌دای هاوسه‌ری بن لادن كه بچووكترین هاوسه‌ری ناوبراوه خۆی هه‌ڵداوه‌ته به‌رده‌م ئه‌و هێزانه‌ی كه بۆ كوشتنی هاوسه‌ره‌كه‌ی هاتوون تاوه‌كو ڕێگه‌یان لێبگرێت كه ده‌ستیان به هاوسه‌ره‌كه‌ی بگات، به‌ڵام هه‌وڵه‌كه‌ی بێ سوود بووه و له ئه‌نجامدا سه‌دا ته‌قه‌ی لێكراوه و له ئه‌ژنۆیدا بریندار بووه.
له درێژه‌ی دانپێدانانه‌كه‌یدا سه‌دا ووتویه‌تی كه خۆی و بنلادن له نهۆمی دووه‌می ئه‌و خانووه‌دا بوون، كاتێك كه‌سێكی نادیار له ده‌رگای داوه و پاشان هه‌ڵهاتووه، كاتێكیش ئیبراهیم ئهلكوهیتی ئه‌و پیاوه‌ی كه ئوسامه‌ی داڵده‌داوه هه‌ستاوه ده‌رگاكه بكاته‌وه، له په‌نجه‌ره‌ی ژووره‌كه‌وه به فیشه‌كێك لێیدراوه.
سه‌دا ده‌ڵێت: "چه‌ند خوله‌كێك پێش هێرشه‌كه به ده‌نگی گرمه گرمی هه‌لیكۆپته‌ر له دووره‌وه خه‌به‌ریان بوه‌ته‌وه به‌ڵام وایانزانیوه كه ئه‌وه ده‌نگی هه‌وره"، پاشان كاتێك سه‌دا هه‌وڵیداوه گڵۆپی ژووره‌كه هه‌ڵبكات بن لادن له‌و كاته‌دا بۆی ده‌ركه‌وتووه كه ئه‌وه ده‌نگی هه‌لیكۆپته‌ره جه‌نگییه‌كانی سوپای ئه‌مریكایه، هه‌ربۆیه خێرا داوای له سه‌دا كردووه كه گڵۆپه‌كان هه‌ڵنه‌كات! پاشان بانگی خالیدی كوڕی ده‌كات تا یارمه‌تی بدات كه له نهۆمی یه‌كه‌می ئه‌و بینایه‌دا بووه.
كاتێك سه‌دا به په‌له ده‌ڕواته خواره‌وه تا له منداڵه‌كانی دڵنیا بێته‌وه و پاشان ده‌گه‌ڕێته‌وه سه‌ره‌وه ده‌بینێت بن لادن دوعا ده‌كات و له‌گه‌ڵ دوو كچه‌كه‌یدا (مریه‌می 21 ساڵ و سومه‌ییه‌ی 20 ساڵ) قورئان ده‌خوێنن.
سه‌دا ئه‌وه‌شی ئاشكرا كردووه كه چه‌ند چركه‌ساتێك پێش ده‌ستپێكردنی هێرشه‌كه كه بن لادنی تێدا كوژرا، سه‌ركرده‌ی پێشووی ئه‌لقاعیده داوای له هه‌مووان كردووه كه به‌ته‌نها جێی بهێڵن.
له‌و كاته‌دا چه‌ند چه‌كدارێكی ئه‌و یه‌كه‌یه هاتونه‌ته ناو مۆڵگه‌ی بن لادنه‌وه و به پێی ووته‌كانی سه‌دا گوێیان لێبووه كه چه‌ند سه‌ربازێكی ئه‌و هێزه به زمانی عه‌ره‌بی و ئه‌فغانی قسه‌یان كردووه!
دوای كوشتنی ئهلكوهیتی، سه‌دا ده‌ڵێت ئه‌و یه‌كه سه‌ربازییه به پلیكانه‌كاندا سهركهوتونهته سه‌ره‌وه و چه‌كه‌كانیان لێزه‌ری سووری پێوه بووه و وه‌ك تارماییه‌ك یه‌كێكیان لای ژووری نووستنهكهوه هاتوه‌ته ژووره‌وه، پاشان سه‌دا خۆی داوه‌ته به‌رده‌می و داوای لێكردووه كه ته‌قه نه‌كات به‌ڵام ئه‌و سه‌ربازه فیشه‌كێكی ناوه به ئه‌ژنۆی سه‌داوه، دواتریش گوێی لێبووه له چه‌ند لایه‌كه‌وه ته‌قه‌كراوه و له‌و تهقهكردنهشدا ئوسامه فیشه‌كێك به‌ر ناوچه‌وانی كه‌وتووه.
سه‌دا ده‌ڵێت پاش تۆزێك ئه‌و سه‌ربازانه به زمانی عه‌ره‌بی هاواری ده‌كرد به‌سه‌ر كچه‌كانی بن لادندا و ده‌یوت: "پێم بڵێن ئه‌و كه‌سه‌ی كه كوژراوه كێیه! ناسنامهكهیم بۆ دووپات بكه‌ره‌وه!" مریه‌م و سومهییهش به ده‌م گریانه‌وه پێیان ڕاگه‌یاندووه كه ئه‌وه ئوسامه بن لادنی سه‌ركرده‌ی ڕێكخراوی ئه‌لقاعیده‌یه.
له لایه‌كی دیكه‌وه و دوور له هه‌واڵی دوا ساته‌كانی كوشتنی بن لادن، سه‌دا ئاشكرایكردووه كه زۆربه‌ی كاته‌كان بن لادن به كڵاوێكی كاوبۆیهوه بووه كه به باوه‌ڕی ئه‌و به‌هۆی ئه‌و كڵاوه‌وه ناناسرێته‌وه و ناسنامه‌ی پاێزراو ده‌بێت.
سه‌دا ووتوشیه‌تی كه دوابه‌دوای هێرشه‌كانی 11ی سێپته‌مبه‌ر و له‌ساڵی 2003دا كاتێك بن لادن له‌گه‌ڵ ئیبراهیم كوه‌یتیدا به ئۆتۆمبێل چوونه‌ته ده‌ره‌وه له ڕێگا له‌لایه‌ن هێزێكی پۆلیسی پاكستانیه‌وه به‌هۆی زۆری خێرایی ئۆتۆمبیله‌كه‌وه ڕایان گرتوون، به‌ڵام بن لادنیان نه‌گرتووه و به پێی ووته‌كانی ژنه‌كه‌ی ئوسامه، شته‌كه‌ی مه‌یسه‌ر كردووه بێ ئه‌وه‌ی ئاماژه بۆ ئه‌وه بكات به چ شێوه‌یه..