ئەگەر ئەم  دڵەم بۆ چاك دەبێت ئەوا هەموو جەستەم بۆ یەخسیر دەبێت
11/07/2013 نوسەر: bzavpress

ئەگەر ئەم دڵەم بۆ چاك دەبێت ئەوا هەموو جەستەم بۆ یەخسیر دەبێت




شەختەیەك بەستویەتی.. بورکانێك دەیتوێنێتەوە..
ئەم دڵەم وەك شەختیەك وایە،هەموو تاوانەکانم بە قەدپاڵی دڵمەوە وەك چلورەی کرستاڵی پیداشۆربۆتەوە، ئیمامی غەزالی ئەو بورکانەیە کە بتوانێت بە شیرینی ووتەکانی بۆم بتوێنێتەوە..
زۆر جار دڵم ئەوەندە تاریکە ناتوانێت هەنگاوێك بنێت، هەندێك جاریش نورێك وای لێدەکات کە ڕێ بکات، ئەگریم بەسەر دڵماداچەندە سەرزەنشتی نەفسم دەکەم ئەوەندە دێمەوە بە سەروگوێلاکی دڵمادا..
کە چاوم لە گۆڕی خۆمە باڵەخانەی من لە ژێر زەویدایە و ئەوکاتەی کە لەم غریبساتانەدا لە ناویدا نیشتەجێ دەبم و مەلۆتەکە دەکرێم بە کفنێکی بەفر ئاسا، ئینجا هەست دەکەم ئیتر ژیان دەست پێدەکات..
ئەم شەو غەزالی میوانی ڕۆحمە، تا ئەوم نەناسیبوو، تەنانەت چێژم لە جەنابی ئیبن قەیمیش وەرنەدەگرت، کە رەوشتی پێناساندم تێگەیشتم کە کاری پێغەمبەران بووە، کە "ئەحیام" خوێندەوە بەڕاستی ژیان دەستی پێکردوە..
ئەم سۆفیستانە چی وا لە ناخم سەر دەردێنێت ڕابیتەی دڵم بە خواداوە قایم تر دەکات، ئەزانن چێژی ئیمان ناکرێت تا دڵ و مێشك و نەفس و رۆح نەبنە هاوڕێ، من بڕیارم داوە.. خاتونی دڵم لە سوارچاکی مێشکم مارە بکەم، کەیبانوی نەفس، لە لاسی رۆحم مارەبکەم، تا خێزانێکی بە تەقوا لەم شاری جەستەیەمدا پێکبێت، هەموو نەوەکانی لە نێوانی زمان و کردارو بیرکردنەوە ئامانجدا تەیی بکەن.
ڕەنگە خوێنەر وا هەست بکات من باسی ئەدەبیاتێك یاخود پەخشانێك دەکەم، یان جۆرێك لە هۆنراوە بهۆنمەوە...
نەخێر- بەڵکو دەمەوێت سۆفی بم، نەك بەو مانایەی کە خەڵکی بزانێت هەوەڵ بۆ خودا قەراربدەم و، بی گوێدانە بنەماکانی بیروباوەری ئەهلی پێشینانمان - رەحەت وبەزەیی خوای گەورەیان بەسەردا برژێت- دەمەوێت سۆفی بم وەك جەنابی ئلیاس بەگی گوڕی خزری بەگی کوڕی کڵۆڵ بەگی ئەردەڵانی دەفەرموێت: (صوفی) ص. واتا سینە ساف، و. ویدو خۆشەویستی و مەحەبەت،ف. دونیام لەلا فانی بێت، ی. هەمیشە لەیادی خودا بین.
ئەم شەختە کە دڵی من بەستوە مەگەر بورکانی ئەم سۆفیستانە بیکوژێنێتەوە رقی ئەم دڵەم بەرانبەر بە نەیارانم، مەگەر "بشری حافی" من پێپەتی بکات و پری بکات لە خواناسی تا ژەنگی شەیاتن خۆرکە خۆری نەکات..
زۆر گەڕام بە دوای ئەوەی کە جەنابی شێخی حەرەمەین ئیمامی جوەینی دەفەرموێت: بەلاوی بمێنەروە تا دەمریت ئەگەر چی پیری هەمیشە هاوڕێت بێت، دوای تێگەیشتم کە رق لە دڵدا- دڵ دەکوژێت ومرداری دەکاتەوە، بەڵام کە بێهودە ژیان نە بوو لە لاتدا ئەوکات تێدەگەیت کەدڵ جێگای رق نیە، بەڵکو جێگای خواپەرستیە، خواپەرستیش بە رق ناکرێت، کەواتە کە دڵ جێگا بیر کردنەوەیە، سەیرە دڵ کە مرۆڤ رووت ناکەتەوە لە تاوان بەروە خوشەویستی بیبات..
کاتێك کە قەیس عەشقی لەیلا بووە باوکی بۆ ئەوەی لەیلی لەبیربەرێتەوە دەیباتە بۆ حەج بۆ "مینا" بەڵام کە پرسیار لەباوکی دەکات دەڵێت: ئێرە کوێیە ئەویش دەڵێت: "مینا" ،هاوار دەکات بڕ بە دەنگی دەڵێت: لەیلا.....، چونکە ئەو ئاگای هەر لە لەیلای خۆیەتی دڵی بە ئەوە پەیوەستە ووشەی میناو لەیلا نزیکن بۆیە بەبیری لەیلا دەژی تا لە کۆتایدا لە سحرای نێوانی سوریاو ئەردەن وون دەبێت کۆمەڵێك دەڵێن تینوێتی کوشتی، ڕاستە چونکە ئەو تینوی دڵی بوو ، دواجار لەوی یەکێك لە تابعین گوێ لێ دەبێت، دەڵێت دڵی پڕە و پیوەستە بە بای خۆشەوستی شغەفی لەیلا.. کە جەنابی ئیمامی زەهەبی باسی مەجون دەکات و بە برینداری وموعانتێکی زۆرەوە باسی دەکات ، ئینجا تێگەیشتم دڵ پەیوەست بوون بە تاوان عەشقی تاوانت دەکات دڵ پەیوەست بوون بە چاکە خۆشەویستی چاکە لە دڵتا چەکەرە دەکات، جەنابی غەزالی جەخت لەوە دەکاتەوە کە دڵ بەڕاستی جیگای بیر کردنەوەیە، ئاراستەی مێشکیش دەکات بۆیە من ئەو دوانەم لەیەك مارەکرد لەلای خۆموە؛ هەر وەك جەنابی ئیبن وتیمەیە دەفەرموێت: ئەگەر چاو جێگای بینین بێت ئەی بینی خۆی چیە ، دوای قوتابیە ناوازەکەی کە ئیبن وقەیمە دەفەرموێت: نورێکە لە لاشەو دەردەچیت تا روناکی چاو دروست کات و بابای مرۆڤ پێببینێت، بۆیە جەنابی غەزالی ڕەحەمەتی خوای لێبێت کە باسی دڵ دەکات باسی ئەو نورە دەکات کە خوای گەورە دەیبەخشێتە دڵ_ دڵ جێگای بیرکردنەوە بێت و ئاراستە مێشك بکات..

نەتان پرسی..
چی دڵ گەردن کەچ دەکات؟

یەکەم :خواناسی.. کە  پەروەردگارت لە دڵە سحرای پڕخوێنەکەدا جێگای بەندایەتی بۆئەوە بکەیتەوە بیناسی تا بتناسێت، جەنابی غەزالی دەفرموێت : دڵ دوو بەشە بەشی یەکەم  لەشێوەی سنەوبەرێکدایە و کاری ئاسایی خۆی دەکات، بەشی دووەمی بریتیە لەو جێگا  معنەوییەی کە بەڕاستی هەمیشە سەوزە ئەگەر كاك بێت و بۆنی سنەوەبەری تەڕی لێدێت، گەر خراپ بوو، ئەوا هەمولاشە بۆگەن دەکات و دەیکاتە لاکە تۆپیو.

دووەم: نوێژ .. ئەگەر ئەتەوێت شەختە و چلورەی سەهۆڵبەندانی دڵت بتوێتەوە.. پێویستە پەیوەندی بکەیت بە رێزی نوێژ خوێنانەوە، ئاگات لە نوێژەکانت بێت، تا ئەم دڵە گەردن کەچکەی ئەی کەلاسارە ئەم دڵە.

سێیەم: یادی خوا.. زیکری و تەهلیلە بۆ خوا.. گەر ئەتەوێت ئەو دڵەت لە خەمۆکی  ئازاد بێت لە کەلبچەی زیندانی خمناکی  باڵە فرە بکات، ویردو تەهلیلە زۆر بکە  ئەی دڵ دەبا ئارام بیت.

چوارەم: خوێندنەوەی  فەرمودەی پەروەردگار.. قورئان  باشترین  ئینعاشی دڵە.. ئەو دڵە لە زستانی زەمهەریرو لە خەزانی خەمەوە و لە هەوینی وشکەوە دەبات بۆ  بەهاریێکی هەمیشەیی.. ئەی دڵ رەنجەرۆ بیت گەر مل کەچنەکەیت بۆ بەندایەتی.

پێنجەم: مردون یادی گۆڕ.. دڵ رەقی وەك بەرد بەچی نەرم کەم تەنها بە غەریبستانی ناو گۆڕ، بۆیە  جەنابی عەبدولمەلیکی کوڕی مەڕوان چوە حەج ووتی کەسێکم پێبناسێنن ئامۆژگاریم بکات، یەکێك لە پێشینانمان فەرمووی: گۆڕەکەی خۆت با لەبەرچاوبێت ئەوجا چیت دەوێت بیکە، ئەوەندە گریا تا لە هۆش چوو.. ووتی چۆن کردەوەکانم بناسم.. فەرمووی   بەڕاستی چاکە کاران لە بەهەشتن ، خراپە کاران جێگایان دۆزخە.. ئیتر ئەی دڵ  تۆ کەی نەرم دەبیت و واز لەم سەرسەختیەت دەهینی.

شەشەم: تۆبەو ئیستغفار.. جەنابی شێخ حەسەنی بەسری دەفەرموێت.. تۆبەکانمان و ئیستغفارەکانمان.. تۆبەوە ئیستغفاری دەوێت..
بەڕاستی وایە.. زۆر جار بەمنەتەوە دوعاو ئیستغفار دەکەین .. پەنا دەگرم بە تۆ خوای گیان..دەلێمان خۆشبە هەموو سەرپا گیانمان تاوانە، ئەگەر تۆ لێمان خۆش نەبیت، کەس نیە لێخۆش بوو هەر داوا لە تۆش دەکەین، ئەی خوای هەموو جیهانیان..



ڕەنگە ئەم باسەم بۆ بێدینەکان وعەلمانیەکانی هاوڕێم وا هەست بکەن خوارفیاتە، هەرچەندە من ئەم ووتانەم ئاراستەی موسڵمانانە بەگشتی، لەم بابەتەم دا دەمەوێت ئۆپراسیۆنی دڵ بکەم، هەرچی چەکی قورسە لەم مانۆڕدا سەرەتا بەکاری بێنم، ئینجا دوای ووردەکاری بۆ سەربازەکانی.. کە جەستەمە زیاتر روون بکەمەوە..
کە شەو بەتەنهای لە سوچێکی ژورێکدا میوانداری خوا دەکەیت، بەوەی تۆ دەچیتە لای یان پەروەردگار بێتەلات بە نوێژێك یان بە نزایەك، ئەوکات کە ئاوێتە دەبیت لەگەڵ دیواری ماڵ و کەرەسەکان و بەرماڵ و هەرچی لەم بوونەدایە.. بە درخت و ئەستێرەوە و زەمین و بەردو چیا.. بەیکەوە سرودی جوانی خۆشەویستی بۆ خوا دەپچرن.. ئەو گوێبیستەو تۆش چی لەدڵتدایە بۆ ئەوەی رەزامەندی ئەو بەدەست بێنیت بەدەمەتەوە پێبکەنێت چیت بۆ کرا دەیکەیت..
ئەم بەندایەتیە پاڵفتەی دڵ و دەرونە، تا نەگەیشتمە" ایاك نعبد"ی جەنابی ئیبن قەیم لە مدارج سالکین، چێژی روح و سرودی عەشق نەمدەزانی ئاوازیان چۆنە، بەڵام کە لاوانەوەی رۆح دەستی پێکرد کە مێشك گۆرانی بچری بۆ دڵ کە هەمووی سەرنەوی بوون بۆ خوا، ئیتر بۆ دواجار بەندایەتی دەست پێدەکات، ئەوکات هەست دەکەیت کەچویتە لوتکە و بوویتە بەندە.
جەنابی ئین وعەباس دەڵێت: لوت بەرز مەبە بۆ ئەوەی خوات لێنەرەنجێت ، چونکە تاوانی شەیتان لوت بەرزی بوو خۆ بەزلزان بوو، تاوانی شەیتان ئەوبوو کە ئەقڵی بێ دڵ بە کارهێنا و پێوەری ئەقڵی بوو؛ مێشك تەنها داوەری کرد بۆیە خوا رسوای کرد..
بەڵام جەنابی غەزالی دەفەرموێت: بۆ بەرگری لە نەفست لوت بەرز بی بەرانبەر بە لوت بەرزان ئەوە ئەوەپەڕی تەوازوعە، چونکە لوت بەرز ئەگەر لوتی نەشکێنیت هەست بە بچوکی ناکات.
تێگەیشتم لەوەی کە پاك کردنەوەی دڵ و دەرون تەنها بە گۆشەگیری نیە، بەڵکو بە هیوا بەخشینە بە ژین..
ناسین خوایە بە تاك و تەنهای بەرزکردنەوەی دروشمی یەکتاپەرستیە..
مرۆڤ وەك جەنابی غەزالی دوو مانگ لە ناو منارەیەکدا خەڵوتی کرد، چونکە  لە سیرەی بۆن خۆشی سەرەوەمانەوە فێر بووبوو..
خەڵوەت و دابران دوومانای جیاوازن..
خەڵوەت لە زمانی عەرەبیدا واتا "خلوة"
دابڕان لە زمانی عەرەبیدا واتا "اعتزال"
پێغەمبەرمان(صلی للە علیە وسلم) لە مانگی رەمەزاندا خەڵوەتی دەکرد واتا وەك ئیعتیکاف وابوو، بۆیە ناوم نە ناوە ئیعتیکاف، چونکە ئەم بەندایەتیە لە سەردەمی مەدینەدا سەروەرمان کردوێتی، لە رەمەزندا خەڵوەتی دەکرد، بەڵام لە خەڵکی دانەبراو بوو هەمیشە لە رووی کۆمەڵایەتیەوە پێغەمبەر لە ناو خەڵکیدا بوو .. پەیوەندییەکی باشی هەبوو لەگەڵ هەموو چین و توێژەکانی ناو کۆمەڵگای مەککی.
ئەو کەسەی کە تێكڵاوی خەڵکی دەکات لەسەر ئازارەکانیان ئارام دەگرێت خەریکی چاکەکاریە ئەوە پاداشتی لای خوای گەورە زۆر بڵندە، بە پێچەوانەوە ئەو ئیماندارەی کە ناتوانێت لە خەڵکیدا لەسەر ئازارەکانیان ئارام بگرێت، ئەوا هیچ پاداشتێك وەرناگرێت.. هەروەك لە فەرمودەکەی ترمزیدا هاتووە دەفەرموێت:عَنْ ابْنِ عُمَرَ قَالَ: قَالَ رَسُولُ اللَّهِ صَلَّى اللَّهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ: "الْمُؤْمِنُ الَّذِي يُخَالِطُ النَّاسَ وَيَصْبِرُ عَلَى أَذَاهُمْ، أَعْظَمُ أَجْرًا مِنَ الْمُؤْمِنِ الَّذِي لاَ يُخَالِطُ النَّاسَ وَلاَ يَصْبِرُ عَلَى أَذَاهُمْ".

زۆر گرنگە مرۆڤ ئیماندار بە ئاگابێت لە چۆنیەتی تێكڵاوبوونی و- تێکەڵ نەبێت بە خراپەکانیان، پێغەمبەر(صلی للە علیە وسلم) هەرگیز لە مەجلیسی گاڵتەو گەپی وقسەی بێ مانای بێباوەڕان دەنەدەنیشت و بەتایبەت ئەو جێگایەی کە پەرستنی بت و پەیکەرەکانیان بوو، بەڵام لە زۆر کاری تردا هاوکاری دەکردن کە گشتی بوو، پاشان هەندێکیان پەیوەندی هەبوو بەسەر موسڵمانیشەوە،هەروەها هاوکاری دەکردن وەك بیناکردنەوەی کەعبەو و حیلفی فضول ..تاد.
فەرمودەیەك دەگێرنەوە لە جەنابی ئیمامی حاکم و بەیهەقی کە گوایە پێغەمبەر(صلی للە علیە وسلم) کاتێک لاو بووە گوێ لە دەنگی مۆسیقا بووە بە زلەیەك خوای گەورە خەوی لێخستوە، لە راستیدا ئەم فەرمودەیە هەر زۆر لاوازە و جەنابی ئیبن کەسیر و شێخ ئەلبانی بە لاوازیان داناوە.
چونکە موسڵمانان ڕاستە تێکڵاوی خەڵکی دەبێت،بەڵام لە هەست و سۆز و شوعوردا جیاوازی هەیە، هەروەك چۆن "سەید قوتب" لە کتێبە نایابەکەیدا بە ناونیشانی "معالم في الطریق" مامۆستای بەرێزمان م.کرێکار کردویەتی بە کوردی لەوێدا سەید -رەحمەتی خوای لێبێت- بە مشێوەیە ناوی لێناوە دەڵێت: ڕاستە موسڵمان بە لاشەو لەگەڵ جاهیلان و بێباوەڕاندا تێکەڵە، بەڵام جیاوازیان زۆرە هەمیشە یەکناگرنەوە لە دیدو ڕێ و مەنهەج ، بەڵکو تیكڵاوی بۆ چاکسازیانە.
کەواتە ئەگەر پیاوچاکان داببڕێن لە فێرکردنی خەڵکی،یاخود کێ بێت بەرەبست نەهڵێت بێتە بەردەم موڵسمانان، یان کێ دەتوانی هاوکاری خەڵکی بێت ئەم دینەو بانگەوازەیان بۆروون بکاتەوە، گومان نیە دەبێت خەڵکانێك هەبێت ئامادەی ئەوەی هەبێت کە لەناو خەڵکیدا بانگەوازی ئەم ئیسلامە بەگەیەنێت...
هەروەك بانگخوازێکی بەرێزی شاری تورکیا لە ووڵاتی ئەڵمانایا دەچێتە ناو دیسکۆکانەوە بانگەوازی لاوە تورکەکاندا دەکات؛ جاری وا هەیە ٢٠ کەس بۆ ٥٠ کەس لە ناو باڕو دیسکۆکاندا دەهێنتە دەرەوەو. لەووڵاتی نەرویج جامەعەتێک خەڵکی بەرێز هەن بە ناوی مزگەوتی مەدەنی ئەوانیش لەسەر جادەکاندا بانگەواز دەکەن، هەروەها هاوشێوەی ئەمانە لە ووڵاتانی وەك بەریتانیا و فەرنسا ئەورپا بە گشتی دووبارە دەبێتەوە.
ئەگەر وورد تەماشای ژیانی سەروەرمان بکەین هەڵوێستەیەك بکەین.. دەبینین ئامادەکردنی سەروەرمان بۆ پێغەمبەرایەتی .. بە قۆناغ بووە لەسەرەتاوە سڵاو کردنی بەردو پاشان سنگ لەتکردنی، مەبەستم ئەوەیە ئامادەکراوە بۆ ئەوەی دوای ئەم کارە قورسە بانگەوازە لەسەرشان هەڵبگرێت ..
هەموو دەزانین لە تەمەنی ٤٠ ساڵیدا دەبێتە پێغەمبەر(صلی للە علیە وسلم) کەواتە پرسیار ئەوەیە ئەم هەموو ماوەیە تەنها هەر ئامادەکردنی سەروەرمان بوو بۆ ئەم کارە و بۆ هەڵگرتنی ئەم ئەمانەتە گەورە وقورسە، دەبێت بپرسین حیکمەت چیە ئەو ئامادەکاریە باشەی بۆ کراوە لە دوای تەمەنی ٤٠ ساڵیەوە بانگيی پێغەمبەرایەتی دەکات، کەمترین تەمەنی پێغەمبەرایەتی بووە ئەوەی تر ئامادەکاری بووە هۆکاری چیە؟
لەوەڵامدا دەمەوێت ئەوە بە خوێنەری بەرێز بڵێم : ئێمە بۆیە لێکۆڵینەوە لە ووردو درشتی ژیانی پێغەمبەرمان(صلی للە علیە وسلم) دەکەین بۆ ئەوەی شوێن پێکانی هەڵبگرینەوە، خوای گەورە ئەوەمان فێر دەکات لە ژیانیدا لەسەر ئەو دیدو ڕێیە پەروەردەمان دەکات.. ئەویش پلە کاری و قۆناغکاریە، مرۆڤ ناتوانێت هەموو کارێکی قورس بە یەکجار بخاتە سەر شانی، بەڵام کە پەروەردەکرا لەسەری بە پلە کاری بوو دوای ئامادەباشی بۆکرا ئەوە هەموو کارێکی قورسی بەلاوە ئاسان دەبێت، بۆیە پەیامەکەی سەروەرمان محمد(صلی للە علیە وسلم) هەمووی بە پلەکاری و قۆناغکاری بوو.
پلەکاری سوننەتی خوای گەورەیە و ئەم سوننەتەیش بۆ گۆڕانکریە و چاکسازیە، چونکە هەموو پەروەردەیەکی باش پێویستی بە پلەبەندی و قۆناغکاریە، فەرمان بەچاکەو ڕێگری لە خراپە هەر پێویستی بە پلەبەندی و قۆناغکاریە.
کۆتای قسەم تسکیەی نەفس و پاك کردنەوەی دڵو دەرون لە شەو رۆژێکدا دروست نابێت، پێویستە مرۆڤ وەرزشی لەسەر بکات تاپەروەردەی بکات و بەگاتە ئەو قۆناغانەی کە سەروەرمان صلی علیە وسلم بە هەوەڵانی گەیاند.
حەزمکردئەم دەمەتەقێیە ئێوەش سودی لێوەر بگرن..
فَسَتَذْكُرُونَ مَا أَقُولُ لَكُمْ وَأُفَوِّضُ أَمْرِي إِلَى اللَّهِ إِنَّ اللَّهَ بَصِيرٌ بِالْعِبَادِ ..

جا له‌ ئاینده‌ دا ڕۆژێك دێت، ئه‌م قسانه‌ی منتان بێته‌وه‌ یاد، ئێستاکه‌ش من خۆم و کار و باره‌کانم ده‌ده‌مه‌ ده‌ست خوا و پشت به‌ خوا ده‌به‌ستم، چونکه‌ بێگومان خوا بینایه‌ به‌ به‌نده‌کانی.