داودئۆغڵو- سەرۆک وەزیرانی تورکیا چی پێویست بکا بۆ کۆبانێ درێغی ناکەین
03/10/2014 نوسەر: bzavpress

داودئۆغڵو- سەرۆک وەزیرانی تورکیا چی پێویست بکا بۆ کۆبانێ درێغی ناکەین

سەرۆکوەزیرانی تورکیا ئەحمەد داودئۆغڵو لە بەرنامەیەکی تەلەڤزیۆنێكی تورکیدا، وەڵامی پرسیاری رۆژنامەنووسانی لەبارەی رۆژەڤی سیاسی و چەند بابەتێکی دیکە دایەوە.

داودئۆغڵو گوتی: "لە کاتی دەنگدان لەسەر مۆڵەتنامەی ئەنجامدانی ئۆپەڕاسیۆنی سەربازیی لە دەرەوەی سنوورەکانی تورکیا، ھەدەپەش دەنگی بە مۆڵەتنامەکە نەدا. رۆژانە دەڵێن ھاوکاری کۆبانێ بکەن، تورکیا خاوەن دەوڵەتێکی یاساییە چۆن دەتوانێ ھاوکاری کۆبانێ بکا؟ پێویستە مۆڵەتنامەیەک، ئامرازێک یان دەرفەتێکی یاسایی لەبەردەستماندا ھەبێ، تورکیا بە دەرکردنی ئەو مۆڵەتنامەیە سەرقاڵی ئامادەکردنی دەرفەت و چوارچێوەی یاساییە، رۆژی رابردوویش ئەمانەم بە دەمیرتاش گوت."

لە وەڵامی پرسیاری رۆژنامەنووسێک کە ئەگەر کۆبانێ بکەوێتە دەستی داعش چی روو دەدا؟ داودئۆغڵو گوتی: "ئێمە وەک تورکیا نامانەوێ کۆبانێ بکەوێتە دەستی داعش، باوەشمان بۆ ئەو برایانەمان کردەوە کە لە کۆبانێیەوە ھاتوونە، بۆ ئەوەی کۆبانێ نەکەوێتە دەستی داعش چی پێویست بکا و ئەوەی لە دەستمان بێ درێغی لێ ناکەین."

لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا سەرۆکوەزیرانی تورکیا گوتی: "کۆماری تورکیا بە ھیچ شێوەیەک بە رەچاوکردنی خزم و کەسوکاری ھاوڵاتییانی خۆی لە دەرەوە گروپێکی ئەتنیکی بە بنەما وەرناگرێ، چونکە بۆ ئێمە ھیچ جیاوازی لەناو خەڵکی کۆبانێ و حەسەکەدا نییە، ھەموویان برای ئێمەن، پێویستییان بە چ جۆرە ھاوکارییەک بێ پێشکەشیان دەکەین."

لە وەڵامی پرسیارێک لەبارەی ئەوەی ئایە سوپای تورکیا بۆ بەرگریکردن لە کۆبانێ ئۆپەڕاسیۆنی سەربازیی لە دەرەوەی سنوور ئەنجام دەدا؟ ئایە لە کۆبوونەوەکاندا باسی ئەو بابەتە کراوە؟ داودئۆغڵو گوتی: "چەند کەس و لایەنێک لە باشووری رۆژھەڵات دەڵێن بۆ بەرگری لە کۆبانێ ناکەن؟ ئەگەر ھات و سوپای تورکیا چووە کۆبانێ، ئایە ئەگەر تورکمانەکانی بایر بوجاق و ھایکێرسەکانی بەرامبەر یایلاداغ بڵێن بۆ ئێمەش رزگار ناکەن، دەبێ بچینە ئەو ناوچانەش؟ ئایە کاتێک ھاوڵاتییە عەرەبەکانی ئیدلیب لەبەرامبەر رەیحانلی بڵێن بۆ ئیمەش رزگار ناکەن، بچین بکەوینە ئیدلیبەوە؟."