01/10/2014
•
نوسەر: bzavpress
•
پۆلیسی هەولێر هەشت تۆمەتباری قۆڵبەست كردن
بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی پارێزگای هەولێر ڕایدەگەیەنێت، لە حەوت ڕووداوی جیادا چوار تاوانی كوشتن و سێ تاوانی دزیكردن لە لایەن هەشت تۆمەتبارەوە ئەنجام دراون و سەرجەم تۆمەتبارانیش قۆڵبەست كراون. ڕوونیشی دەكاتەوە كە بۆ رۆژانی جەژنی قوربان پلانێكی ئەمنیی تۆكمەیان داڕشتووە.
گوتەبێژی پۆلیسی پارێزگای هەولێر ڕائید (كاروان عەبدولكەریم)، سەرلەبەیانیی ئەمڕۆ لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، لە دوو مانگی ڕابردوودا چوار تاوانی كوشتن و سێ تاوانی دزیكردن لە لایەن هەشت تۆمەتبارەوە ئەنجام دراون كە سەرجەم تۆمەتباران دانیان بە تاوانەكەیاندا ناوە و بەپێی یاسا مامەڵەیان لەگەڵدا دەكرێت.
ڕائید (كاروان) دەڵێت، لە كۆمەڵگای شاوێس، تۆمەتبار ( ن.ه.ع ) تەمەن (٢٠) ساڵ و تۆمەتبار (ڕ.ع.و) تەمەن (٣٠) ساڵ كوڕێكی خۆیان بە ناوی (محەممەد ڕەمەزان) تەمەن (٤) ساڵ كوشتووە و كچێكیشیان بە ناوی (ڕەیان ڕەمەزان) تەمەن (٢) ساڵ زامدار كردووە، بۆیە بە پێی ماددەی (٤٠٥) لە یاسای سزادانی عێراقی سزا دران.
گوتەبێژی پۆلیسی پارێزگای هەولێر گوتیشی، تۆمەتبار (ج.ب.ڕ) تەمەن (٥٢) ساڵ، ژنی خۆی و منداڵە (٦) مانگەكەی لە ناحیەی هیران كوشتووە و ئەویش بە گوێرەی ماددەی (٤٠٦ ) لە یاسای سزادان، سزا دراوە. هەروەها تۆمەتبار (د.ح.س ) تەمەن (١٩) ساڵ لە گەڕەكی خانەقا هەڵساوە بە كوشتنی یەكێك بە چەقۆ، كە ئەویش بەپێی ماددەی (٤٠٥) سزا درا.
دەشڵێت، تۆمەتبار (ع.ع.ع ) تەمەن (٤٥) ساڵ، ئافرەتێكی بە ناوی (ڕ.ع.ڕ) لەدایكبووی (١٩٧٥) لە ناو ماڵەكەیدا كوشتووە، كە دواتر لەنێو ئۆتۆمبێلەكەیدا خۆیشی كوشتووە. جگە لەوەیش، تۆمەتبار (ف.م.ا) تەمەن (١٥) ساڵ دزیی لە ناو (٤) ئۆتۆمبێلدا كردووە كە بڕی پارەی دزراو بریتییە لە 80 هەزار دۆلار و مۆبایل و ئایپاد و كاتژمێر و فاست لینك و دەمانچە و چەندین ئامێری مۆبایل، بۆیە ئەویش بە پێی ماددەی (٤٤٦ ) لە یاسای سزادانی عێراقی سزا درا.
(كاروان عەبدولكەریم) گوتیشی، تۆمەتبار (ج.م.ن) تەمەن (٢٧) ساڵ و هەروەها تۆمەتبار (د.د.م) تەمەن (٢٣) ساڵ كە پێشتر بە (١٥) ساڵ حوكم دراوە و بە لێبووردن ئازاد كراوە، دوو دزییان لە ماڵان كردووە كە قاسەیان بڕیوە و دوای شكاندنی لە (پردێ)، بڕی (١٦٠) وەرەقە و ( ٧ ) ملیۆن و دەمانچەیەك و كڵاشینكۆفێك و (٣٨) مسقال زێڕیان بردووە، كە ئەوانیش قۆڵبەست كراون و سزا دەدرێن. هەروەها تۆمەتبار (د.ع.ا ) تەمەن (٢٢) ساڵ
(١١٦) وەرەقەی لە كۆمپانیایەك لە كۆمەڵگای پیرزین دزیوە كە ئەویش بەپێی ماددەی (٤٠٥ ) لە یاسای سزادان، سزا دراوە.
بە گوتەی ڕائید (كاروان)، پۆلیسی هەولێر بە هەماهەنگیی ئاساییش و پۆلیسی هاتوچۆ و بەرگریی شارستانی، پلانێكی ئەمنیی تۆكمەیان بۆ رۆژانی جەژنی قوربان داڕشتووە و جگە لە چاودێریی وردی دۆخی ئەمنیی ناو شار، لە شوێنە گشتییەكانیش هێزەكانیان ئەمنییەتی هاووڵاتیان دەپارێزن.