01/10/2014
•
نوسەر: bzavpress
•
ئایە ئسلام بەزەبری شمشێربڵاو بۆتەوە
ئەمە یەکێکە لەوبابەتانەی قسەی زۆر لەسەر دەکرێت ، منیش هەوڵم داوە وەڵامێك بخەمەروو وە پێچەوانەکەی بسەلمێنم ، بابەتەکەم کردوە بەسێ تەوەرەوە ، لەتەوەرەی یەکەمدا باسی ئازادی بیروو باوەڕ دەکەین لەروانگەی قورئانەوە ، لەتەوەرەی دووەمدا باسی دابین کردنی ئازادی ئاینی دەکەین بۆ ناموسوڵمان لەکۆمەڵگەیەکی ئیسلامیدا ، لەتەوەرەی سێ یەمدا بەشێوازی پرسیار هەوڵم داوە بەتەواوی بیسەلمێنم کە ئیسلام بەزەبری شمشێر بڵاو نەبۆتەوە ، بەوهیوایەی خزمەتێكم بەئیسلام و موسوڵمانان کردبێت .
تەوەرەی یەکەم
ئازادی بیرو باوەر
١ – (لا اکراه فی الدین قد تبین الرشد من الغی) البقرە ٢٥٦
واتە : باوەر هێنان بەئاین هیچ زۆرە ملێیەکی تیانیەو ،نابێت بەزۆر بێت ، خودا رێگای راستی لەرێگای چەوت جیاکردۆتەوە .
٢ _ (وقل الحق من ربکم فن شاء فلیٶمن ومن شاء فلیکفر) الکهف – ٢٩
واتە : ئەی محمد بەو بت پەرست و بێباوەرانە بڵێ : حەق و راستی ئەوەیە کە لەلایەن پەروەردگارتانەوەیە ، کەبەناردنی قورئانی پیرۆزو ئاینی ئیسلام خراوەتە پێش چاوتان و بەهۆی ئەو پەیامەوە رێگای راستی ژیان لە رێگای چەوت جیا بۆتەوەو ئاشکرا بووە ،هەر کەسێك دەیەوێت ، بائیمان بێنێت و چاکەکار بێت ،هەرکەسێکیش دەیەوێت بابێباوەربێت و خراپە کاری بۆخۆی هەڵبژێرێت .
٣ _ (ولو شاء ربك لأمن فی الأرض کلهم جمیعا أفأنت تکره الناس حتی یکونوا مٶمنین ) یونس – ٩٩
واتە : ئەی پێغەمبەر ئەگەر پەروەردگاری تۆ بیویستایە سەرجەم دانیشتوانی سەرزەوی بەجارێك ئیمانیان دەهێنا ، وەوای دروست دەکردن کەبەهیچ شێوەیەك توانای بێ باوەریی و خراپەکارییان نەبوایە ، بەڵام خودا ئەوەی نەویستوە ، ئەی محمد ئایە تۆ دەتەوێت زۆر لە خەڵکی بکەیت و بەزۆر ناچاریان بکەیت تا رێگای راست بگرنەبەرو ئیمان بهێنن ؟!
٤ _ (لست علیهم بصیطر) غاشیە – ٢٢
واتە :ئەی محمد تۆ توانات بەسەر ئەوانەدا نیە ، تا بەزۆر ئیمان بخەیتە ناودڵیان و ئیمانیان پێ بێنی .
٥ – (فإن اعرضوا فما أرسلناك علیهم حفیظا إن علیك إلا البلاغ ) شورا – ٤٨
واتە : ئەی پێغەمبەر ئەگەر پاش نیشاندانی رێگای راست ، ئەو بێباوەرو بتپەرستانە هەرئیمانیان نەهێناو پشتیان هەڵکرد ئەوە تۆ هیچت لەسەر نیە ، ئێمە تۆمان نەناردوە بۆئەوەی چاودێرو ئاگاداربیت بەسەرکردەوەکانی ئەوانەوە ، بێگومان تۆهەر راگەیاندنی فەرمانی خودات لەسەرە .
تەوەرەی دووەم :
دابین کردنی ئازادی ئاینی بۆبێباوەران لەلایەن موسوڵمانانەوە
١ – نابێت زۆر لەکەس بکرێت بۆ گۆرینی ئاینەکەی .
٢ – خاوەن کتێبە ئاسمانیەکان مافی ئەوەیان هەیە درووشمە ئاینیەکانیان بەجێ بهێنن ،وەنابێت کڵێساکانیان بروو خێنرێت و خاچەکانیان بشکێنرێت ، پێغەمبەر دەفەرمێت (أترکوهم وما یدینون ) واتە : واز لەخۆیان و ئاینەکەیان بهێنن .
ئیمامی عومەریش کاتێك فەتحی قودسی کرد ئەمانی دابەخەڵکەکە : کەژیانیان و کەنیسەکانیان وخاچەکانیان پارێزراوەو کەس زیانی پێ ناگات .
هەتا ئەگەر پیاوی موسوڵمان ژنی جولەکە یان گاوری هێنا ناتوانێت رێگەی چونە پەرستگای لێبگرێت.
٣ – ئسلام ئەوانەی بۆحەڵاڵ کردون کەئاینەکانی خۆیان بۆیانی حەڵاڵ کردوە ، لەخواردن و شتی تر جانابێت ، بەرازەکانیان بکوژرێت و خواردنەوەکانیان برژێنرێت ،مادام درووست بێت لەئاینی خۆیاندا .
٤ – ئازادی ژن هێنان وتەڵاقدان و نەفەقە کێشانیان هەیە بەپێی یاسای خۆیان .
٥ – ئیسلام کەرامەت و مافەکانیان دەپارێزێت و ئازادییان دەداتێ لەلێکۆڵینەوەو گوفتوگۆکردن لەسنوری عەقڵ و ژیریدا ،لەگەڵ پابەند بوون بەئەدەب و دورکەوتنەوە لەزبری و توندوتیژی .
٦ – ئیسلام بەرەوای داناوە سەردانیان و چونە لای نەخۆشیان بۆ هەواڵپرسین و دیاری بەخشین پێ یان ،وە هەروەها مامەڵەی کرین وفرۆشتن لەگەڵیاندا ، وە ئەوە جێگیرە کە پێغەمبەر کاتێ کۆچی دوایی کرد درعەکەی بارمتەبووە لەلای جولەکەیەك کە قەرزی لێکردبوو .
وەهەندێك لەصەحابەکان کاتێك مەرێك یان ئاژەڵێکیان سەردەبری بەخزمەت کارەکەی دەوت لەماڵە جولەکەکەی دراوسێمانەوە دەست پێبکە .
تەوەرەی سێ یەم :
چەند پرسیارێك بۆ ئەوانەی دەڵێن ئسلام بەزەبری شمشێر بڵاو بۆتەوە
١ – ئەگەر راستە موسوڵمانان هەرکەس باوەری نەهێنابێت کوشتویانە چۆن جولەکە دەما تا پێغەمبەر قەرزی لێبکات لەکۆتایی تەمەنیدا ؟ چۆن جولەکە دەما تا ابن عمر وەسیەت بکات بۆ مناڵەکانی تا دراوسێ جولەکەکەیان لەبیرنەچێ ، چۆن مەجوسیەك ئیمامی عومەر شەهید دەکات ؟
٢ – شوێنی ئیمان هێنان دڵە ئەگەر موسوڵمانان زۆریان لەخەڵك کردبا بۆئیمان هێنان دەبوو دوای نەمانی دەسەڵاتی موسوڵمانان ، خەڵکە تازە موسوڵمان بوەکە بگەرانایەتەوە سەر بیروباوەری پێشتریان ، بەڵام کوا بۆچی هەر لەسەر موسوڵمانی خۆیان بەدردەوام بوون ؟
٣ – ئەگەر خەڵکی بەئارەزووی خۆی ئیسلامی وەرنەگرتوە بۆچی ناوەکان دەگۆرێن بە عبدالله ، محمد ، عمر ،عثمان ، علی ، ابوبکر، مصعب ....... ؟
٤ - ئەو ناوچانەی فەتحی ئیسلامیان پێگەیشتوە ئاینەکانی تر هەرماون و بنبڕ نەکراون ، بۆنمونە
أ – میصر : دوای ١٤٠٠ ساڵ لەحوکمی ئیسلام لە میصردا (١٠ ملیۆن) قیبتی تیا دەژی ئێستا دەی چۆن لەو ماوە درورێژەدا قیبتیەك دەما ئەگەر موسوڵمانان خەریکی قیبتی کوشتن بوونایە بەهۆی باوەرەکەیانەوە ؟
ب – ئەندەلوس : دوای ئەوەی موسوڵمانان ٨٠٠ ساڵ حوکمیان کرد دوای دەرکردنیان مەسیحی و جولەکە هەرمابوون ، ئەگەر بەس حەساری ئابوریان بخستایەتە سەر مەسیحی و جولەکە یەکەسیان نەدەمان لەماوەی ٨٠٠ ساڵدا دەی کوا بۆچی بنبر نەکران ؟
ج – هند : بۆماوەی ١٠٠٠ ساڵ موسوڵمانان حوکمیان تیاکرد بەڵام دوای ئەو ماوە درێژە هندۆسی و بوزی و ئاینەکانی تر ماون و موسوڵمانان روبعێکی هند پێك دەهێنن ئەگەر کوشتو بریانکردبێت چۆن وادەبێت ؟
٥ – چەندین وڵات هەیە فەتحی ئیسلامی پێ نەگەیشتوە ، بەڵام زۆر بەی خەڵکەکەی موسوڵمانە بۆنمونە :
أ – ئەندەنوسیا : یەك سەربازی ئیسلامی نەچۆتە ناوی بەڵام زیاتر لە سەدا ٩٠ خەڵکەکەی موسوڵمانن ، بەکەم شمشیرو بەکام هێز ؟
ب – مالیزیا : بەهەمان شێوە یەك سەربازی نەچۆتە ناوی کەچی زیاتر لە سەدا ٦٠ موسوڵمانە ، باشە ئەو هەموو خەڵکە چۆن موسوڵمان بوون ؟
ج – ئەفریقیا : لەکەناری رۆژهەڵاتیەوە تامۆزەمبیق لەباشور، زۆرینری دانیشتوانی رۆژئاوای قارەکە موسوڵمانن ، لەکاتێکدا مێژوو هەواڵێکی وای تۆمار نرکردوە ، کەلەشکری موسوڵمانان چووبێتە ناو هیچ کام لەم خاکانە ، دەی چۆن موسوڵمان بوون
٧ – لەئیستاشدا ئیسلام بەو هەموو رێگری و بەربەستانەی بۆی دروست دەکەن ،سەرەرای لاوازی ودواکەوتوویی موسوڵمانان ، کەچی بەردەوام خەڵکی لەهەمودونیاوە موسوڵمان دەبن ، لەئەوروپاو ئەمەریکا خەڵکی بۆلای ئیسلام دێن ، بەکام هێزوو بەکام شمشێر ؟
گۆستاڤ لۆبۆنت لەکتێبی (الحظارە العرب) دەڵێت : روونی ئیسلام فەرمانکردنی بەداد گەری و چاکەکاری بەتەواوی هاریکاری ئەو ئاینەی کرد ،کە بەجیهاندا بڵاو بێتەوە ،دۆیە موسوڵمان بوونی زۆرلەگەلانی مەسیحی بۆئەو هۆکارە دەگێرینەوە ،وەك مصریەکان کەلەسەردەمی قەیسەرانی قوستەنییە مەسیحی بوون ، بەڵام کاتێك بنچینەکانی ئیسلامیان زانی موسوڵمان بوون ، هەر لەبەر ئەوهۆکارەش نابینین هیچ گەلێك دوای موسوڵمان بوونی بووبێتەوە بەمەسیحی جائەوگەلە بەدەسەڵات بووبێت یان بێ دەسەڵات . هەروەها دەڵێت : ئیسلام قورئانی بەزەبری شمشێر بڵاونەکردۆتەوە ، بەڵکو تەنها بەبانگەواز وای لەگەلان کردوە موسوڵمان ببن و ئیسلام بەرێباز بزانن .
لەکۆتایدا دەڵێم ئیسلام بەزەبری شمشێر بڵاو نەبۆتەوە ،بەڵکو خەڵکی بەئارەزووی خۆیان وەریان گرتوە ، وەك مامۆستا محمودی گەڵاڵەیی دەڵێت : ئیسلام روودەکاتە هەستی ئادەمیزادو لەناخی دەدات ،روودەکاتە عەقڵ و هۆشی مرۆڤ ،روودەکاتە ویژدان و سرووشتی ،روودەکاتە هەموو کیان و کەسایەتی ئینسان بەهەموو لایەنێکیەوە ، بەبێ چاوبەستەکی و هەڵخلیسکاندن و هەڵخەڵەتاندن و زۆر لێکردن ، بانگی حەقیان بەگوێدا دەدات بۆئەوەی لەناخەوە ئادەمیزادەکە بگۆڕێت و بەقەناعەتەوە بێتە سەرئاینی پیرۆزو بەحەزەوە بیرووباوەری ئیسلامی وەربگرێت ، بەحەماسەتەوە داکۆکی لێبکات و پابەندی بێت .
سەرچاوەکان
١ – قورئانی پیرۆز
٢ – تەفسیری رەوان ، ملا محمودی گەڵاڵەیی
٣ - تەفسیری گوڵشەن ، د . نظام الدین عبد الحمید
٤ – فیقه سنە ، سید سابق ، و. حەمە ئەمین ئەحمەد بەرزنجی
٥ – محمد لەدیدی بیانیەکاندا ، یامن الحجە ، و. موزەفەر عەوڵا قەسرێی