08/07/2013
•
نوسەر: bzavpress
•
زڕبرایه‌كی سه‌دام گیانى له ده‌ستدا
وه‌زاره‌تى دادى عیراق، رایده‌گه‌یه‌نێت، سه‌بعاوى ئیبراهیم ئه‌لحه‌سه‌ن، زڕبراى سه‌رۆكى رژێمى له‌ناوچوو (سه‌دام حسێن) به‌یانى ئه‌مڕۆ (دووشه‌ممه 8ى ته‌ممووزى 2013) له یه‌كێك له نه‌خۆشخانه‌كانى شارى به‌غدا، گیانى له‌ده‌ستدا.
ویسام فرێجی، وته‌بێژى وه‌زاره‌تى دادى عیراقی، له به‌یاننامه‌یه‌كدا، رایگه‌یاند :" حوكمدراو سه‌بعاوى ئیبراهیم له یه‌كێك له نه‌خۆشخانه‌كانى شارى به‌غدا، له كاتژمێر 5ى به‌ره‌به‌یانى ئه‌مڕۆ گیانى له‌ده‌ستدا، ئه‌وه‌ش دواى ئه‌وه‌ى له‌لایه‌ن ئیداره‌ى به‌ندیخانه‌كه‌وه ره‌وانه‌ى نه‌خۆشخانه‌كرا"
به‌پێی راپۆرتى پزیشكى ئه‌و نه‌خۆشخانه‌یه‌ی سه‌بعاوى تیایدا گیانى له‌ده‌ستداوه، هۆكارى مردنه‌كه بۆ تووشبوونى به نه‌خۆشى شیرپه‌نجه ده‌گه‌ڕێته‌وه، ئه‌مه‌ش له كاتێكدایه كه ههرئهوكاتهى له‌لایه‌ن هێزه‌كانى ئه‌مریكا راده‌ستكراوه، ناوبراو تووشى ئه‌و نه‌خۆشییه بووه، وه‌ك له راگه‌یەندراوه‌كه‌ى وه‌زاره‌تى داد هاتووه.
وتهبێژهكهى وه‌زاره‌تى داد، روونیشی ده‌كاته‌وه، سه‌بعاوى پێشتر حوكمى له‌سێداره‌دانى بۆ ده‌رچووه له‌لایه‌ن دادگاى باڵاى تاوانه‌كان به‌تاوانى كوشتن‌و كۆمه‌ڵكوژى دژبه گه‌لانى عیراق، ئاماژه‌ى به‌وه‌شداوه كه لایه‌نه پزیشكییه‌كانى تایبه‌تمه‌ند ته‌رمى سه‌بعاوى راده‌ستى كه‌سوكاره‌كه‌ى ده‌كرێـته‌وه.