باشترین چارەسەر بۆ كێشەكانمان لەم ڕێگای سەفەرەدا
11/09/2014 نوسەر: bzavpress

باشترین چارەسەر بۆ كێشەكانمان لەم ڕێگای سەفەرەدا


لە بیابانێكی كاكی بە كاكی‌و لـماویدا... لە سەرەتای بەرە بەیانەوە ... غەریب‌و نامۆی نێو كۆمەڵگا... لە ژێر فشاری ترس‌و برسی .. پێكەوە ڕێگای سەفەرمان گرتەبەر... لە ڕۆژی ڕووناكدا‌و لە ژێر تیشكی درەوشاوە‌و ڕووناكی خوردا ... زۆر بەجوانی ئەو ڕێگای ڕاستەی سەفەرەكەمان بە چاوی ڕۆشن دەبینی‌و سەربەرزانە پێدا دەڕۆیشتین...
هەرچەندە زۆر جار گێژەلووكەی بیابان هەڵی دەكرد... لمێكی زۆر لەگەڵ خۆی هەڵدەگرت ... ڕێگا ڕاستەكەی دەشاردەوە ... لە پێش چاو لێڵی دەكرد... ئەوسەری ڕێگاكەی دادەپۆشی ... بەڵام بە هۆی ئەوەی كە تیشكی خۆر دەروشاوە بوو ... لە هەمان كاتدا كەسانێكی چاوساغ‌و شارەزا‌و دڵسۆزو دڵپاك‌و نییەت پاك مەردانە هەڵدەسان ئەو تەپووتۆزەی سەر ڕێگاكەیان لادەبرد... ڕێگا ڕاستەكەیان بۆ دۆستەكانیان دەدۆزییەوە... نەیاندەهێشێت لەو بیابانەدا وێڵ‌و سەرگەردان ببـن... بەردەوام وشیاریان دەدا كە نەكەن لەكاتی گێژەلووكەكەی بیاباندا كوێرانە هەنگاو بنێن... ئەگەرنا بەرەو ئەو توولە ڕێ‌و ڕێچكە خوارو خێچانە دەخلیسكێن‌و پەلكێش دەبن، كە كەسانی نەزان‌و نەشارەزاو فێلبازو تەڵەكەباز دایان تاشیون.
بەردەوام پێكەوە ... برایانە ... دڵسۆزانە... دڵپاكانە... نیەت ساغ‌و سافانە... زمان ڕاست‌و سەر ڕاستانە... دوور لە فرتوو فێل‌و سیاسیانە... دوور لە ئیستغلال كردن‌و بەكارهێنان ... وەكو یەك جەستە... دەستباربووین بۆ یەكتـر... بەو جۆرە لەو ڕۆژە ڕووناكەدا لەسەر ڕێگای سەفەر هەنگاومان دەنا.
بەڵام وردوردە ڕۆژ بەرەو ئاوابوون دەچوو... خۆر لە خۆر ئاواوە نزیك بوویەوە... تاریكی شەو كەم كەم بەری ئاسـمانی گرت... باڵی بەسەر زەوی دا داپۆشی... ڕێگای سەفەرەكەمان كەم كەم لە پێشچاو تەڵخ دەبوو... وەردە وردە تاریكی زەوی زیادی كرد... ڕێگاكە بە جوانی نەدەبینرا... بە باشی نەدەناسرایەوە... تاوەكو زەوی یەك پارچە بوو بە شەوە زەنگێكی تاریك ... كورد وتەنی چاو چاوی نەدەبینی...
لەسەرەتاوە ئەم ڕێگامان بە ڕێكی‌و بە جوانی وەكو خۆی گرتبوو... بەڵام كە شەو داهات هەنگاوەكانی دواترمان لێ تێكەڵ بوو... بینینی داهاتووی ڕێگاكەمان لێ ئاڵوز بوو... داخەكەم مانگە شەوێكیش بۆ ڕۆشنكردنەوەی بەرپێمان نەبوو ... بۆیە كەوتینە بیركردنەوەو دۆزینەوەی داهاتووی ڕێگاكە لەو شەوە تاریكەدا بوو... ئیجتهادو بیرو بۆچوون‌و گومانەكان پەیدا بوو... ڕەخنەو تێبینی‌و قسەی وشك لەبەرامبەر یەكتردا دروست بوو..
هەندێك لەو برایانەمان پێیان وابوو ئاراستەی ڕێگاكە بەلای ڕاستدایە‌و دەیانویست بەرەو لای ڕاست بڕۆن... بەڵام بەشێكی ترمان پێمان وابوو... نا... با لە شوێنی خۆمان نەجووڵێیـن‌و لەم شەوە تاریكەدا هەنگاو نەنێیـن... چونكە تاوەكو ئێستا زۆر بەجوانی هێنامانە‌و با لە ئێستا بەدواوە ڕێگاكە لە خۆمان نەشێوێنیـن... تكایا برایان كەس لە شوێنی خۆی نەجووڵی‌و هەنگاو نەنێ‌و بە تەنها لەم برایانەی خۆی جیانەبێتەوە... منیش لەگەڵ ئەم بۆ چوونە بووم...
جا لەوەوە كەوتینە كێشەو مشت‌و مڕ لەگەڵ یەكتر... بڕۆین یان بمێنینەوە... قسە زۆر كرا... گفتوگۆ درێژەی كێشا... زۆر كەسیش بێ چارە مابوو نەیدەزانی بە قسەی كاملا بكات... بڕوات یان بمێنێتەوە...
دەستەی یەكەم قیبلەنـمایەكیان هێنا‌و ئاراستەی ڕێگاكەیان بەلای ڕاستدا دیاری كرد، بەڵام دەستەی دووەم لە ئیشی ئەو قیبلەنمایە بە گومان بوون ... پێیان وابوو ئەو قیبلەنمایە بێدەچێ هەڵە بكات...
جا دەستەی دووەم كە پێمان وابوو نابێت كەس لە شوێنی خۆی بـجولێت‌و لەم شەوەدا هەنگاو نەنێت... لە ڕاستیدا وانەبوو واش دەرنەچوو... بەڵكو لە واقعدا ئاراستەی لای چەپی گرتبوو... ئەم دەستەیە كە لەسەر ئەوە یەكدەنگ بوون نابێت بـجوڵێن... نابێت هەنگاو بنێین... وردە وردە ئەم ئەصڵی نەجووڵانە كە بۆ چوونی دووەمی لەسەر بینیاكرا پشتگوێ خرا‌و خرایە كەنارەوە، هەندێ نیشانەی لاوەكی دەردەكەوتن‌و جێگای ئیعتیبار نەبوون‌... كران بە قیلەنما و كەوتنە جوڵە لەسەری بە ئاراستەی چەپدا، بۆیە پاش ئەوەی كە وازمان هێنا لەوەی كە پێكەوە لەسەری یەكدەنگ بووین ، وای كرد ئەوەندە تر ئەم ڕێگایە بەرەو پەرتەوازەیی بڕاوت، بۆیە دەبینی هەتا لەسەری بڕۆی ڕێگاكە فەرعاوی تر دەبێ، چەندین توولە ڕێ دروست دەبێ!!!!! ئەمە زۆر دێژەی كێشا بۆیە منیش چەندین هەنگاو لەگەڵ ئەمەدا ڕۆیشتم... لەو ئەصڵە دووركەوتینەوە كە دانیشتنە لەسەر ئەصڵی ڕێگاكەو هەنگاو نەنانە... بەڵام داخەكەم ئێمەش كەوتینە هەنگاو نان... بۆیە تووشی هەڵە بووین... بینرا تاوەكو هەنگاوی زیاتر بنێین، زیاتر پەرتەوازە دەبین... هەنگاوی هەلة نرا كە نەدەبوو لەو شەوە زەنگەدا بنرایە... توولە رێ بوو، لێمان كرا بە شارێگا... هەندێكی گومان بوون لێمان كرا بە يةقين گا... هەنگاومان نا وامان زانی دانیشتووین...

بەڕێزان:
لێرەوە من دەڵێم: ئەو ڕێگایەی سەر لە بەیانی گرتمانە بەر‌و پێش هاتنی شەو لەسەری ڕێمان دەكرد، هەموومان یەكدەنگین لەسەر ئەوەی ڕێگاكەما هەڵەنەكردووە، بەڵام ئەو هەنگاوانەی دواتر بەشێكی گوماناوین‌و بەشێكی تری بەرەو گومان دەڕوات، من وەكو خۆم لێرەوە یەك هەنگاو نانێم ‌و ئەو چەند هەنگاوەشی كە ناومە دەگەڕێمەوە دواوه، لەگەڵ ئەوەشدا قەبووڵ ناكرێ كەسـمان ئیجتهادو بیروبۆچوونی خۆی بكات بە توولە ڕێ... وەكو شا رێگا نیشانمان دا...
لەم شەوە زەنگەو تاریكەدا با هەنگاو نەنێن‌و بگەڕێینە دواوە... با چاوەڕێ بین تاوەكو مانگە شەو هەڵدێ ...كە مانگەشەو هەڵهات، ئەو كاتە بە تیشكەكانی بڕیاردەدات كە ئاراستەی ڕێگاكە بۆ كویە، خۆ ئەگەر مانگە هەر هەڵنەهات، ئەوە هەر ڕۆژ دەبێتەوەو بەچاوی خۆمان ئەوجا بە ڕووشنی ڕێگاكە دەبینیـن.