په‌رله‌مانتارێك: ئه‌گه‌ر ئه‌مريكا پشتگيرى بكات، شيعه‌ حكومه‌ت ڕاده‌گه‌يه‌نێت
07/09/2014 نوسەر: bzavpress

په‌رله‌مانتارێك: ئه‌گه‌ر ئه‌مريكا پشتگيرى بكات، شيعه‌ حكومه‌ت ڕاده‌گه‌يه‌نێت


به‌گوێره‌ى نامه‌يه‌كى كانديدى ڕاسپێردراو بۆ حكومه‌تى نوێى عێراق، حه‌يده‌ر عه‌بادى، بۆ په‌رله‌مانى عێراق، بڕياره‌ سبه‌ينێ حكومه‌تى نوێى عێراق ڕابگه‌يه‌نرێت.

بڕياره‌ سبه‌ى كاتژمێر 8ى شه‌و ئه‌نجومه‌نى نوێنه‌رانى عێراق كۆبێته‌وه‌ ومتمانه‌ به‌حكومه‌تى نوێى عێراق ببه‌خشێت، كورديش وه‌ك پێكهاته‌يه‌كى نێو گۆڕه‌پانى سياسى عێراق، خۆى يه‌كلانه‌كردوه‌ته‌وه‌ بۆبه‌شدارى كردن له‌حكومه‌تى نوێى عێراق.

له‌و باره‌يه‌وه‌ ئه‌ندامێكى ئه‌نجومه‌نى نوێنه‌رانى عێراق، به‌بزاڤـ پرێسى ڕاگه‌ياند،"ئێمه‌ وه‌ك كوتله‌ كورديه‌كان تائێستا كۆبونه‌وه‌مان نه‌كردوه‌، ئاخۆ به‌شدار ده‌بين ياخود به‌شدار نابين له‌و كۆبونه‌وه‌يه‌دا".

وتيشى،"سبه‌ى وه‌فدى دانوستانكارى كورد ده‌گه‌ڕێنه‌وه‌ بۆ هه‌ولێر بۆ كۆبونه‌وه‌ له‌گه‌ڵ سه‌ركردايه‌تى سياسى، بۆيه‌كلابونه‌وه‌ى كورد له‌به‌شدارى كردنى حكومه‌ت يان نا".

ئه‌حمه‌دى حاجى ڕه‌شيد په‌رله‌مانتارى كورد، ئاشكرايشى ده‌كات،"ئه‌گه‌ر ئه‌مريكا پشتگيرى شيعه‌بكات ئه‌وا به‌بڕواى من شيعه‌ حكومه‌ت ڕاده‌گه‌يه‌نن، جا ئيتر كێ ئه‌چێته‌ ناو حكومه‌ته‌كه‌ى ئه‌وه‌ شتێكى تره‌".

ئه‌و په‌رله‌مانتاره‌ كورده‌، باس له‌هۆكارى ڕێكنه‌كه‌وتنى كورد وشيعه‌ له‌سه‌ر پێكهێنانى حكومه‌ت ده‌كات، وڕايده‌گه‌يه‌نێت،"به‌هۆى ئه‌وه‌ى شيعه‌ تائێستا ڕازى نييه‌ ئه‌و پاره‌يه‌ى كه‌ لايه‌تى هى ئه‌و 7 مانگه‌ نايگه‌ڕێنێته‌وه‌ بۆ هه‌رێم، باس له‌وه‌شده‌كه‌ن، كه‌ قيست بنێرن، به‌ڵام ته‌حديدى ناكه‌ن قيسته‌كه‌ چه‌ندێكه‌".

ماوه‌ى زياتر له‌ 7 مانگه‌ حكومه‌تى ناوه‌ندى به‌شه‌ بودجه‌ى هه‌رێمى كوردستانى ڕه‌وانه‌ى هه‌رێم نه‌كردوه‌و وه‌فدى دانوستانكارى كورديش، ئه‌و پرسه‌ى به‌يه‌كێك له‌مه‌رجه‌كانى بۆ به‌شدارى كردنى له‌حكومه‌تى عێراق قێشكه‌شى لايه‌نه‌ شيعه‌كان كردووه‌.