هێمای خۆشەویستی پێشکەش بە ڤیان دەخیل دەکرێت
04/09/2014 نوسەر: bzavpress

هێمای خۆشەویستی پێشکەش بە ڤیان دەخیل دەکرێت


لە هەولێر نوینەری سەرجەم نەتەوە و ئایینەکانی هەرێمی کوردستان سێوی میخەکرێژ پێشکەش بە ڤیان دەخیل نوێنەری ئیزدییەکان لە پەرلەمانی عێراق دەکەن.

نوێنەری سەرجەم پێکهاتەکانی کوردستان لە سەر مێزێکی هاوبەش لەبەردەم بارەگای یو ئێن لە هەولێر بەدەستەکانی خۆیان سێویان میخەکرێژ کرد و پێشکەشی نوێنەری ئێزدییەکانیان کرد.

رێورەسمەکە لە لایەن هونەرمەند  سەیوان سەعیدیان بە هاوکاری وەزارەتی روشنبیری حکوومەتی هەرێمی کوردستان و بە سپۆنسەری کۆمپانیای ڤین سێو رێکخرابوو.

ڤیان دەخیل کە مانگی رابردوو لە چیای شەنگال و لەکاتی یارمەتیدانی هاوزێدەکانی بریندار ببوو لە مەراسیمەکە بەشداری کرد و نوێنەری هەر یەک لە نەتەوە و ئایینەکان سێویان پێشکەش بەو کرد.

سەیوان سەعیدیان خاوەنی پرۆژەی سێوی میخەکرێژ بۆ بزاڤـ پرس وتی‌،" سیوی میخەکڕێژ هێمای خۆشەویستی و ئاشتییە لە کۆمەڵگەی کوردستان و بۆیەش ئەم بیرۆکەیەی جێبەجێ کردووە بۆ ئەوەی بتوانێت بەم هەنگاوەی پەیامی ئاشتی و پێکەوە ژیان لە پایتەختی کوردستانەوە بلاو بکاتەوە".

ئەو وتیشی،" نوێنەری هەر یەک لە نەتەوەکانی عەرەب، کورد، ئاشوری، کلد، تورکمان و پێکهاتە ئایینییەکانی مەسیحی، شەبەک، سوننە و شیعە و سەرجەم پێکهاتەکانی هەریمی کوردستیان تێیدا بەشدار بوون".