شه‌قامى كوردى، بێده‌نگى شكاند... داواى ياسايى له‌سه‌ر نورى ماليكيش تۆمارده‌كه‌ن
04/09/2014 نوسەر: bzavpress

شه‌قامى كوردى، بێده‌نگى شكاند... داواى ياسايى له‌سه‌ر نورى ماليكيش تۆمارده‌كه‌ن


رەوتی‌ ناڕەزایەتییەكانی‌ خەڵك، له‌ڕێگه‌ى ڕاگه‌يه‌نراوێكه‌وه‌ بێده‌نگى شه‌قامى كوردى شكان و له‌به‌رامبه‌ر ئه‌م قه‌يرانانه‌ى به‌رۆكى هه‌رێمى كوردستانى گرتوه‌، هەریەك لە حكومەتی‌ مەركەزی‌ عێراقی‌ فیدراڵ و حكومەتی‌ هەرێمی‌ كوردستان بە بەرپرسیار دەزانین.

له‌و به‌ياننامه‌يه‌دا هاتووه‌،"كابینەی‌ هەشتی‌ حكومەتی‌ هەرێمی‌ کوردستان بەرامبەر ئەو قەیرانە یەك لە دوای‌ یەكانەی‌ روو لە هەرێمی‌ كوردستان دەكات، لەبەردەم بەرپرسیارێتییەكی‌ گەورەدایە، ئەوەتا سێ‌ مانگ جارێك فەرمانبەرانی‌ حكومەت مووچەی‌ مانگێك وەردەگرن، كێشەی‌ بێكاری‌ تا دێت روو لە زیادبوونە، بۆیە كێشەی‌ گرانكردنی‌ نرخی‌ سووتەمەنی‌ و بەنزین و كرێی‌ خانوو و بازاڕ، پیشانی‌ دەدات كە كابینەی‌ هەشتی‌ حكومەتی‌ هەرێم و پەرلەمانی‌ كوردستان سەركەوتوو نەبوونە لە جێ‌ بەجێكردنی‌ بەرنامەی‌ كاریان، لەبەر ئەوە دەبێت بەخۆداچوونەوەیەكی‌ جیدی‌ بكەن".

ده‌قى ڕاگه‌يه‌نراوه‌كه‌

بۆ به‌ڕێزان:
سه‌رۆكایه‌تی په‌رله‌مانی‌ كوردستان
سه‌رۆكایه‌تی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان
سه‌رۆكی‌ ئه‌نجومه‌نی‌ وه‌زیران
رای‌ گشتی‌

لە ئێستادا هەرێمی‌ كوردستان بە دۆخێكی‌ سەرتاپاگیری‌ ناهەمواردا تێدەپەڕێت، بە تایبەت لە رووی‌ ئابوورییەوە، لە روانگەی‌ بەرپرسیارێتی‌ ئەم دۆخەش ئێمە وەك (رەوتی‌ ناڕەزایەتییەكانی‌ خەڵك) هەر یەك لە حكومەتی‌ مەركەزی‌ عێراقی‌ فیدراڵ و حكومەتی‌ هەرێمی‌ كوردستان بە بەرپرسیار دەزانین.

كابینەی‌ هەشتی‌ حكومەتی‌ هەرێمی‌ کوردستان بەرامبەر ئەو قەیرانە یەك لە دوای‌ یەكانەی‌ روو لە هەرێمی‌ كوردستان دەكات، لەبەردەم بەرپرسیارێتییەكی‌ گەورەدایە، ئەوەتا سێ‌ مانگ جارێك فەرمانبەرانی‌ حكومەت مووچەی‌ مانگێك وەردەگرن، كێشەی‌ بێكاری‌ تا دێت روو لە زیادبوونە، بۆیە كێشەی‌ گرانكردنی‌ نرخی‌ سووتەمەنی‌ و بەنزین و كرێی‌ خانوو و بازاڕ، پیشانی‌ دەدات كە كابینەی‌ هەشتی‌ حكومەتی‌ هەرێم و پەرلەمانی‌ كوردستان سەركەوتوو نەبوونە لە جێ‌ بەجێكردنی‌ بەرنامەی‌ كاریان، لەبەر ئەوە دەبێت بەخۆداچوونەوەیەكی‌ جیدی‌ بكەن.

هه‌روه‌ها بەبێ رێزگرتن لە بڕیار و ئیرادەی‌ دەنگدەری‌ كورد بۆ هەڵبژاردنی‌ ئەنجومەنی‌ پارێزگاكانی‌ هەرێم، كە لە 30ی‌ نیسانی‌ ئەم ساڵەوە ئەنجامدراوە، هێشتا پارێزگارێکی نوێ بۆ پاریزگای سلێمانی‌ هەڵنه‌بژێردراوه‌ و دۆخه‌که‌ دوای تێپه‌ڕبوونی چه‌ند مانگێک به‌سه‌ر واده‌ی هه‌ڵبژاردن، بە هەڵواسراوی‌ ماوەتەوە. بۆیە بەلای‌ ئێمەوە گرنگە كابینەی‌ هەشتی‌ حكومەتی‌ هەرێم وخولی‌ چوارەمی‌ كوردستان پابەندێتی‌ راستەقینەی‌ خۆیان بەو بەڵێنانەی‌ كە بە دەنگدەریان داوە بۆ دەستەبەركردنی‌ ژیانێكی‌ شایستەتر جێبەجێبكەن.

لەبەر ئەو هۆكارانەی‌ كە لە سەرەوە ئاماژەمان بۆ كرد، وەك (دەستپێشخەری‌ رەوتی‌ ناڕەزایەتییەكانی‌ خەڵك) لە روانگەی‌ بەرپرسیارێتی‌ یاسایی و ئەخلاقی‌ و مێژووییەوە ئەم هەنگاوانە دەگرینە بەر:

1- (دەسپێشخەری‌ رەوتی‌ ناڕەزاییەكانی‌ خەڵك) سكاڵای‌ یاسایی‌ لەسەر سەرۆك وەزیرانی‌ کاربه‌ڕێکه‌ری حكومەتی‌ مەركەزی‌ عێراق (نوری‌ مالیكی) تۆمار دەكات لەدادگای‌ فیدراڵی‌ عێراق، بەتۆمەتی‌ پێشێلكردنی‌ دەستوور و سەپاندنی‌ سزای‌ بەكۆمەڵ بەسەر هاووڵاتیانی‌ هەرێمی‌ كوردستاندا.

2- پێكهێنانی‌ دەستەیەك لەلایەن رێكخراوەكانی‌ كۆمەڵی‌ مەدەنی‌ و رەوتی‌ ناڕەزایەتییەكانی‌ خەڵك، بۆ وتووێژ كردن لەگەڵ حكومەتی‌ هەرێم و پەرلەمانی‌ كوردستان و حزب و لایەنە سیاسییەكان بۆ ئەنجامدانی‌ چاكسازی‌ و گۆڕینی‌ ئەم رەوشە نالەبارەی‌ كوردستان، كە لە ئەنجامی‌ سیاسەتی‌ هەڵەی‌ حكومەت و پەرلەمان و حزبە سیاسییەكان بەگشتی‌ هاتۆتە ئاراوە.

3- بە پێچەوانەی‌ ئەنجامدانی‌ چاكسازی‌ و چارەسەركردنی‌ دۆخی‌ نالەباری‌ هاوڵاتیانی‌ هەرێمی‌ كوردستان، داوا دەكەین: كابینەی‌ هەشتی‌ حكومەتی‌ هەرێمی‌ كوردستان دەست لەكاربكێشێتەوە، چونكە نەیتوانیوە كارنامەی‌ حكومی‌ خۆی‌ جێ بەجێ بكات.

4- لەبەرامبەر داواخستنی‌ زیاتری‌ پێكنەهێنان و هەڵنەبژاردنی‌ پارێزگارێكی‌ نوی‌ێ بۆ پارێزگای‌ سلێمانی‌، سكالاَی‌ یاسایی‌ تۆمار دەكەین.
دەستپێشخەری رەوتی ناڕەزایتییەكانی خەڵك.

ده‌ستپێشخه‌ری ره‌وتی ناڕه‌زایتییه‌كانی خه‌ڵك
3ی ئه‌یلولی 2014