04/09/2014
•
نوسەر: bzavpress
•
شارستانیەتی دەوڵەتی ئەیوبی
دەوڵەتی ئەیوبی ڕۆڵێکی گەورەو کاریگەری بینیووە لە مێژووی سەدەکانی ناوەڕاستدا وەکو دەوڵەتی موسڵمانان، کە سەرەتاکەی بە سەرکەوتنی شەڕی " حطین " دەست پێ دەکات کە تێدا قودس ڕزگار کراوە، هەرچەندە ئاشکرایە کە ئەیوبییەکان لە بنچەدا کوردن، بەڵام بە پەروەردەیەکی ئیسلامی پەروەردە کراون، وە یەکێك لە سیما دیارەکانی ئەیوبییەکان بریتی بووە لە خۆبەخت کردن لە پێناو ئاینی ئیسلام وە ڕووبەڕووبونەوەیان لەگەڵ خاچ پەرستان، هەر ئەم هەستەش وای کردبوو کە شاعیرەکانی ئەو سەردەمە شیعر بەسەر سەرکردەکاندا بڵێن و شەڕەکانیش بە شیعر بهۆننەوە، هەروەها سەلاحەدینی ئەیوبی یەکێك بووە لەو کەسایەتیانەی کە کۆڕو کۆبونەوەکانی شاعیرانی تێدا کۆ دەبووەوە ئەوەندەش بە وردی گوێی لە شیعرەکان دەگرت دەیتوانی شیعری باش و خراپ لە یەك جیابکاتەوە..
هەروەها شارەزاییەکی باشیشی لە بنەماو فەرمایشتەکانی شەریعەتی ئیسلامدا هەبوو، " عادل" ی برایشی بە هەمان شێوە بوو ئەو جگە لە شاعیرانیش فەیلە سوفەکانیش لە دەوری خۆی کۆدەکردەوە وەکو " فخرالدین الرازی " .
" عیسای کوڕی عادل" یش کە سەرپەرشتیاری دیمەشق بوو گرنگیەکی زۆری بە زانست داوە وە پاداشتی بۆ ئەو کەسانە داناوە کە کتێبی" المفصل "ی " زمخشری" یان لەبەرکردوە، لە گرنگترین ئەو کتێبانەی لەو سەردەمەدا نوسراوەتەوە لە بواری زانست و زانیاری دا لەوانە ( قاضی الفاضلی)- وەزیری سەلاحەدینی ئەیوبی، لە داڕشتنەوەیدا " عەمادی ئەسفەهانی" – نوسەری سوڵتان سەلاحەدینی ئەیوبی، چەندین نوسراو دانراوی ئەدەبی هەیە وەك " دەوڵەتی بنەماڵەی سەلجوقیەکان، ابرق الشامی" و "الفتح القسبی" هەروەها " أسامەی کوڕی منقز" چەند نوسراوێکی هەبووە لەوانە کتێبی " الأعتبار" ، وە مێژوونوسی بەناوبانگ " بەهادینی کوڕی شەداد" خاوەنی کتێبی ( النوادر السلطانیە والمحاسن الیوسفیە..) ،هەروەها " عزالدین کوڕی أثیر، ابن خلکان و ابن واصل..".
لە شاعیرە دیارەکانی ئەم سەردەمە " عمر بن الفارض المعری و بهاءالزهیر" بوون سەرباری " جمال الدین یحی کوڕی مطروح" ، ئەم پێشکەوتنە زانستی و ئەدەبییە چەندین مەڵبەندی گرنگی هەبوو لەوانە کۆڕی پادشاکان لە کۆشکەکانیان و دیوانی سوڵتانەکان وە تەکیە و خانەقاکان.
لە گرنگترین ئەو خوێندنگانەی کە لەسەردەمی دەوڵەتی ئەیوبی دا دروست کراوە
١- هەر لەو کاتەی کە سەلاحەدین وەزیر بووە لەلای خەلیفە " عاضد" مزگەوتێکی گەورەی دروستکردووە لەساڵی٥٦٦کۆچی کە بە مزگەوتی" الناصریە" ناسراوە کە دواتر ناوەکەی گۆڕدراوە بۆ " ابن زین التجار" ئەم قوتابخانەیە گرنگی بە زانستەکان داوە کە تایبەت بوون بە مەزهەبی شافعی تیدا خوێندراوە، ئەمەش بۆ ئەو مەبەستە بوو کە هەموو ئاسەوارەکانی دەوڵەتی فاطمی شیعی بسڕنەوە، وە مەزهەبی سوننە لە میسر زیندوو بکەنەوە.
٢- خوێندنگای صاڵحیە: ئەم خوێندنگەیە لە میسر دروستکراوە کە تێیدا گرنگی بەو زانستانە دراوە کە تایبەت بوون بە مەزهەبی شافعی.
٣- خوێندنگای قمعیە: بەواتای گەنم دێت، لەم خوێندنگەیەدا گرنگی بە مەزهەبی مالیکی دەدرا.
٤- خوێندنگای الصوفیە: تێیدا گرنگی بە مەزهەبی حەنەفی دەدرا.
٥- سوڵتان سەلاحەدینی ئەیوبی لە چەندین ناوچەی دیکەی دەرەوەی میسر خوێندنگای دروستکرد، وە لەدوای سوڵتان سەلاحەدین چەندین خویندنگای دیکە لەلایەن ئەیوبیەکانەوە دامەزراون لەوانە خوێندنگای" المعظم عیسی کوری عادل" و خوێندنگای " عزیزیە" لە دیمەشق، وە " کاملیە" لە قاهیرە، ئەم خوێندنگایانە هەر چوار مەزهەبە سونیەکانییان تێدا دەخوێنرا.
لایەنی ئابووری
لەسەردەمی ئەیوبییەکان گرنگی زۆری پێ درابوو لەوانە کەرتی کشتوکاڵی تا ئەندازەیەکی باش بەرەو پێشەوە ڕۆشت لە ئەنجامی دورستکردن و هەڵبەستنی جۆگە ئاوییەکان لە وڵاتی میسر، وە لە " شام" یش سیستەمی ئاودێری لە ڕێگەی بیرەکان دەهێنران، لە گرنگترین بەروبومە کشتوکاڵیەکانیش " کونجی ، برنج و شەکر" بوون کە لە میسرو شامەوە بۆ یەکەمجار گواسترانەوە بۆ ئەوروپا وە بازرگانی نێوان رۆژهەڵات و رۆژئاوا لە سەردەمی ئەیوبییەکان گەیشتە ئاستێکی باش بە هۆی هەلکەوتەی شوێنی میسر لەو ناوەندەدا بازرگانە ڕۆژئاواییەکان بەتایبەتیش ئیتالیەکان دەهاتنە وڵاتی میسر، وە بازرگانە موسڵمانەکانیش کە لە ڕۆژئاواوە بۆ رۆژهەلات دەهێنران بریتی بوون لە تەختەو کانزاو کۆیلە... وەچەندین کاڵای دیکەی گرنگ لە ناوچەکانی ژیر دەسەڵاتی ئەیوبیەکان دەگەیشتنە رۆژئاوا لەوانە دیمەشق و موسڵ.
لەسەردەمی ئەوبیەکاندا گرنگی زۆر دراوە بە سککەو خانەی سکە لێدا دراو لە میسر دراوی زێڕو درهەمی زیو لێدران، بەهۆی ململانێی دوورروو درێژی نێوان ئەیوبیەکان و خاچیەکان گرنگ زۆر بە بواری دروستکردنی چەك و تفاقی ئەو سەردەمە دراوەو مەلبەندی دروستکردنی کەشتی گەلی لە چەندین ناوچەی جیاوازی ژیر دەسەلاتی ئەیوبیەکان دامەزرینران و پارەی تایبەتیان بۆ تەرخانکرا.
شانبەشانی خوێندنگا ئەیوبیەکان گرنگیان بە بوارەکان ئاوەدانکردنەوە داوە، لەوانە دوستکردنی قەڵاو شوراو قولەکان وە هەموو شارەکانی سەدەکانی ناوەراست لە قەڵایەك و مەڵبەندەکانی نیشتەجێ بوون پێکهاتبوون، قەڵاکانیش زیاتر بۆ مەبەستی بەرگریکردن بەکاردەهێنران لە دیارترین قەڵای ئەیوبیەکان قەڵای " شاخ " بوو کە سوڵاتان سەلاحەدین لە قاهیرە دروستی کرد.