ئیبراهیم حەکیم: حوکومەت و هونەرمەند بەرپرسیارن لە نەمانی ئەخلاق و بەرەلای
28/08/2014 نوسەر: bzavpress

ئیبراهیم حەکیم: حوکومەت و هونەرمەند بەرپرسیارن لە نەمانی ئەخلاق و بەرەلای


بزاڤ پرێس بەشی سێیەم وکۆتایی  دیدارە گەرم و گورەکەی ئیبراهیم حەکیمی پێشمەرگەو هونەرمەندی رەسەنی کوردی گەیشتنە چەندین راستی کە تائێستا بەبێ پشتراستکردنەوە هەلواسرابون وەلامەکانی هونەرمەند جێگای سەرنجی هەموانە.

بەشی سێیەم وکۆتایی دیدارەکە و کورتەیەك لەژیان نامەی هونەرمەند ئیبراهیم حەکیم .

بزاڤ پرێس: ئایا دینی ئیسلام هیچ زیانی بە دەولەتی کوردی و کەلتوری کوردەواری گەیاندوە؟
ئیبراهیم حەکیم: نەخێر دینی ئیسلام بەهیچ شێوەیەك زیانی بە گەلی کورد نەگەیاندوە لەهیچ بوارێکدا ئەوەی زیانی بە ئێمە گەیاندوە قەومیەکانن وەك عەرەب و تورك فارس و ئەوروپیەکان سەیری مێژوبکەن کاتێك عەرەب شەری کوردی دەست پێکرد چەندەها گوندیان لە ئێمە روخاند و  بە مزگەوت وقورئانەوە سوتاندیان کەوابو ئەوە عەرەبەکانن بە هاوکاری کوردە جاشەکان کە ئێستا هەمویان مەسئولن و بە مۆنیکا دێن و دەچن  خاوەنی مەزرەعە و ڤێلای گەورەن،هەر ئەوقەومیانەبون زیانیان بە ئێمەگەیاند نەك ئیسلام خۆ کەس لەمەریخەوە نەهاتبو جینۆسایدمانبکات هەر بەعس و کوردە جاشەکەبون هەی نەعلەتی خوایان لێدات موسلمانان و ئیسلام هیچ زیانی بۆ ئێمە نەبوە بەلکو بەپێچەوانەوە ئەوپەری سود و ئاسودەی یان بۆ ئێمە ‌ینا جگە لەوەش زۆر جارپێمان ئەلێن دین تریاکی گەلانە ئەوەش وانیە ئەوە دلسۆزی و راست گۆیی دینی ئیسلامە لەناخماندا ڕەگی داکوتاوە کە ئەوپەری باوەری بە ئێمەداوە لەهەمو بوارەکانی ژیانماندا بۆیە دوژمنانی ئیسلام باش دەزانن ئێمەی موسلمان هەرگیز دەست لەباوەرمان بەرنادەین بۆیە ناچارن بلێن دین تریاکی گەلانە.    

بزاڤ پرێس: بەرێزت ئەم کورتە کلیپانەی کە ریکلام دەکەن و شەوانەی رەمەزان و شەوانیتر کورتە کلیپ دەرئەکەن بۆ دڵ خۆشکردنی خەلکی ئەمانە هونەرمەندن یان چین؟
ابراهیم حیکیم: ئەم کاریکاتێر و ماری کاتێرانە هەر مەوزوع نینە ئەوانە بۆخۆیان کاسبی دەکەن بەهیچ جۆرێك ئەوانە بەهونەرمەند ناژمێردرین تەنها ناویان لە خۆیان ناوە هونەرمەند بۆخۆیان ریکلام دەکەن و پارە وەردەگرن ئەوانە پارەکانیشیان حەرامە چونکە رێکلام بۆ شتێك دەکەن کە شایەنی ئەو پێداهەلگۆتنە نیە ئەوانە شتێك کە زۆر خراپ بو رەواجی نەبو لەبازار ریکلامی بۆ ئەکەن و بەباشە ناوی ئەبەن بۆئەوەی کریاری بۆ زیادبکەنو رەواجی پێبدەن ئەگەرنا هەمومان دەزانین شتی باش پێویستی بەرێکلام نیە. 

بزاڤ پرێس: تۆ وەك ئیبراهیم حەکیم کەلتور و هونەری کوردیت تاچەند پاراستوە؟
ئیبراهیم حەکیم: من نەك کەلتور و هونەر بەلکو دینیشم پاراستوە ان شااللە وەهەروەها خۆم پاراستوە لە رووی زمان و عادەت و تەقالیدی کوردەواری چونکە ئێمە پەروەردەی شۆرشێکی ئەخلاق و پەروەدەی دەستی ئەو سەرکردانەبوین کە پیاوی بەئەخلاق و بە دین بون.

بزاڤ پرێس: ئایا بەکێ ئەوترێت هونەرمەندی بەتوانا؟
ئیبراهیم حەکیم: هونەرمەندی بەتوانا ئەوانەن کە بتوانن ئەخلاق و شەرفیان بپارێزن و جلی کوردی لەبەربکەن جا ئافرەتە یان پیاوە کێشەمان لەوە نیە گرینگ ئەوەیە لەگەل شەرع و کوردەواری بگونجێت لەکۆنەوە هونەر و هونەرمەند هەر هەبوە بەلام بەم شێوەیەی ئێستا بێزەوەر فاعیشەچی نەبوە کە ئافرەت ببەن لەسەر بەحرەکان لەناو کۆشی خۆیان بنێن و ماچیان بکەن وەلا ئەوە هیچ هونەری تێدا نیە ئەوە تەنها فلیمی ئیغرا و فلیمی رووتە پێشانی کور و کچەکانمان ئەدەن و هیچیتر.

 بزاڤ پرێس: تۆ جگە لەکاری هونەری وە ك پێشمەرگەیەك بەژدارییت لە شۆرشی کوردی کردوە؟ 
ئیبراهیم حەکیم: بەلێ من پێشمەرگەی ئەیلول بوم حەوت سال بەژداریم لە شۆرشی کوردی کردوە ئەوکات سەرکردەکانمان زۆر بەئەخلاق و بەدین بون بۆ نمونە من رۆژێك لەکاتی پێشمەرگایەتی لە ناوپردان لەسەر روبار دەستو نوێژم ئەشوشت لەناکاو مەلا موستەفا بارزانی هاتە لامان ووتی ئێوە چیئەکەن بابە لێرە؟ ئێمەش ووتمان: ئێمە پێشمەرگەین هاتوین دەستو نوێژمان بشۆین نوێژبکەین، مەلاموستەفا بارزانی ووتی: من ئەو پێشمەرگەم زۆر خۆشدەوێت کە نوێژبکات چونکە نوێژ ئەمرت پێدەکات بە چاکە وە لەخراپە وفاعیشە دوورت ئەخاتەوە، ئێمە لەژێر دەستی ئەو سەرکردانە فێری ئەخلاق و دین بوین چونکە سەرکردەکانمان بەئەخلاق بون لەسەر قورئانی پیرۆز ئەرۆیشتن.

بزاڤ پرێس: تۆمەتی ئەم فاعیشەو ئەم بارو دۆخە نەخوازراوەی ئێستا کە تێکەلی هونەری کوردی بوە ئەیخەیتە پاڵ کێ حوکومەت یان هونەرمەند؟
ئیبراهیم حەکیم: خۆی لەراستیدا هەردولا بەر پرسیارن لەم کارەساتە بەلام بە پلە یەك حوکومەت بەرپرسیارە چونکە ئەو ئەتوانی رێگر بێت لەبەردەم ئەم بەدرەوشتیە و بەرگریش بکات لە کەلتور و دین و ئەخلاقی کوردەواری،ئەوە ئەرکی حوکومەتە، خۆ ئێمە شۆرشمان نەکردوە بۆ ئەم بەدرەوشتیە و خەلکی پی بەرەلا بکەین خۆ ئێمە شۆرشمان نەکردوە خەلکی فێری درۆ و بێ ئەخلاقی و فاعیشە و علوج بکەین بۆیە حوکومەت بەدەرەجە یەك بەر پرسیارە لەم بارو دۆخە قێزەونەی کە بەسەر هونەر و هونەرمەندانی کوردستان داهاتوە بەپلەدووش خودی هونەرمەندەکان بەرپرسیارن چونکە ئەگەر هونەرمەند خۆی بە هونەرمەندێکی رەسەن و بەئەخلاق و بەدین  و بەکورد بزانێت نابێت رێگا بەخۆی بدات هیچ کارێكی هونەری ئەنجام بدات کە فەساد و بەدرەوشتی و خراپەکاری تێدابێت.

بزاڤ پرێس: ئامۆژگاریت بۆ هونەرمەندان چیە بە گشتی؟
ئیبراهیم حەکیم: ئامۆژگاری من بۆ هونەرمەندان بەگشتی ئەوەیە هونەرمەند بازرگانی بەهەر شتێك دەکات بابیکات بەلام هەرگیز بازەگانی بە دوو شت نەکات دین و میلەت.

بزاڤ پرێس: بۆچی هونەر لەکوردستان بەشێوەیەکی پرۆفیشینال گەشەناکات؟ 
ئیبراهیم حەکیم: سەیرکە زۆربەی هونەرمەندان کە پارەیان کەوتەدەست بونە خاوەن بینا و شوقە و بونە خاوەن مال و مولکێکی زۆر بەلام بەداخەوە کەسیان بەو پارەیە گەشەیان بە هونەرەکەی نەدا کەسیان هۆل و دام و دەزگایەکی پێ دروست نەکرد پێگەی هونەری کوردی پێ بەهێزبکات ئایا بیر لەوە ناکەنەوە کە ئەم هونەرمەندانە بە واستەی ئەو هونەرەوە بونەتە خاوەن ئەم پارەیە زۆرە ئەی بۆچی هەموی لەئارەزوەکانی خۆیان خرج ئەکەن،جگە لەوەش حوکومەت هەندێ ئەرزی موساتەحەی بە هونەرمەندان بەخشی کەچی هەرکەسەو کردی بە بینا و بازرگانی پێدەکەن لەکاتێكدا حوکومەت بۆ ئەوە پێی بەخشیبون کە هۆل و بینا بۆ گەشە سەندنی هونەر دروست بکەن تا ئەم جۆرە هونەرمەندان مابن چاوەرێی گەشە سەندنی هونەر مەکە بەشێوەیەکی پرۆفیشینال.

بزاڤ پرێس: جارو بار گوێمان لێ ئەبێت ئەلێن فلان هونەرمەند تەوبەی کرد وازی لە گۆرانی ووتن هێنا ئایا بەرێزت پێت وایە کارێکی چاك ئەکەن؟
ئیبراهیم حەکیم:  کاکەگیان پاشی ئەوەی هونەرمەندەکە ئەم هەمو کچەی لەباوەشی خۆیناوە لەبەرچاوی هەمو خەلکی بەڤیدیۆ بلاو دەکاتەوە، پاشی ئەم هەمو خراپە و فاعیشەیەی کە لەبەر چاوی هەمو خەلکی ئەنجامیداوە وە پاش ئەو هەمو پارەیەی کە بەحەرامی پەیدایکردوە تازە بەتازە دێت تەوبەمان بۆدەکات ئەی بۆ لەسەرتاوە بیری لەوکاران نەشیاوانە نەئەکردوە کە ئەیویست ئەنجامیبدات ئەی بۆجی ئەکات پەنا بەخوا هیچ حیسابی بۆ خوا و بۆخەلکی نەئەکرد ئایا نەی ئەزانی هەمو کارێکی رادەبەدەر لە خراپەکاری دواتر ئەبێت باجەکەی بەسەختی بداتەوە، خۆ من نالێم تەوبە مەکەن بەلام ئەگەر راست دەکەن با بەتەواوی تەوبە بکەن چۆن بەخۆی دەگەرێتەوە با ئەوهەمو پارە و دەستکەوتانەش بگەرێنێتەوە کە بەحەرامی و بە فاعیشە پەیدایکردوە با بیدات بە بەیتولمال (دەزگایەکی خێر خوازی) با هەولبدا شوێنەواری ئەوکاریگەرانەی کە بە خراپەکاریەی لەسەر خەلکی دروستی کردوە ساغکاتەوە کە لەئەنجامدا کچ و کورەکانی ئێمەی بەرەو فەساد بردوە با ببێتە بانگخواز بەلام راست ناکات هەر بەسەر زارەکی ئەلێت وەلا تەوبەمکرد ئاخر کاکە تەوبە ئەوها بەئاسانی!.

بزاڤ پرێس:ئایا هیچ هونەرمەندێکە شك ئەبەیت کە وەکو بەرێزت بیر بکەنەوە و بەرگری لە ئەخلاق و کەلتورو دینی کوردەواری خۆمان بکەن؟
ئیبراهیم حەکیم: بەلێ مەجموعە هونەرمەندێك هەن وەکومن بیر ئەکەنەوە و خۆشیان راگرتوە و کەلتور وئەخلاق و دینی خۆشیان پاراستوە وە توانیتیان رێز لە هونەری خۆیان بگرن من ریزم بۆیان هەیە دەستیان ماچدەکەم چونکە پارە و دۆلار کاریگەری لەسەریان دروست نەکردوە و روو لەخوان و پیاوی چاك و پیاوی باشن.

بزاڤ پرێس: تۆ کە ئەلێیت ئێمە مەجموعە هونەرمەندێکین دین وکەلتور و ئەخلاقی کوردەواریمان پاراستوە ئایاهیچ کات بیرتان لەوە نەکردۆتەوە کە بەیەکەوە کاربکەن بۆ گەراندنەوەی هونەری رەسەنی کوردەواری؟
ئیبراهیم حەکیم: بیر لەچی بکەینەوە ناوەلا چونکە کۆمپانیامان نیە و هیچ پشتیوانیەکمان نیە لە حوکومەتەوە جگە لەوەش وەزارەتێکی گەورە وگران ١ ملیار دینار بوجەکەیەتی ئەم پارەیە تەنها بەشی دوو دراما ئەکات وە ئەو پارەیەش عادەتەن دەدرێتە ئەو هونەرمەندانەی کە رەسەنی کوردی لەناو دەبەن نادرێتە ئەو هونەرمەندانەی کە بەرگری لە رەسەنی کوردی دەکەن.

بزاڤ پرێس: بەرێزت تا چەند گەشبینیت لەچارەسەرکردنی ئەم شکەستەی توشی هونەری کوردەواری بوە ؟
ئیبراهیم حەکیم: من رۆژ بەرۆژ رەشبینتر ئەبم هەرگیز گەشبین نیم من باورم وایە ئەم بەدرەوشتیە کە لەرێگەی هونەرەوە بلاو ئەبیتەوە یەکێکە لە نیشانەکانی ئاخیری زەمان و چاکیش نابێتەوە هەروەك ئەم بینایەگەورانەی دروست بونە یان وەك ئەم بەرپرسە نەشیاوانەی  کاروباری ولاتیان ئەمانە هەموی لە فەرمودە پیرۆزەکان ئاماژەی پێکراوە بە نیشانەی ئاخیر زەمان بۆیە تا ئەم بەرپرسە نەشیاوانە کاروباری ولاتیان لەبەر دەست دابێت موستەحیلاتە ئەم کارەساتە چارەسەر بکرێت بۆیە من هەرگیز گەشبین نیم. 

بزاڤ پرێس: حەزدەکەم ئاخیر وتەت تایبەت بێت بە بزاڤ پرێس کە تائێستا لەهیچ راگەیاندنێك باست نەکرد بێت.
ئیبراهیم حەکیم: من ئاخیر وتەم تایبەت بۆ بزاڤ پرێس ئەوەیە، من یەك هیوام هەیە لەو دونیایە حەزدەکەم حیزبە ئیسلامیەکان و حیزبەکانیتر دەست لەناو دەستی یەکتر بنێن و یەك گوتاربن لەبارودۆخە هەستیارەکان لەبەرئەوەی ئێمە ئێستا پێویستیمان بە یەکگرتوی و یەك ریزی و یەك گوتاری هەیە تاکو بتوانین ئەو گشتپرسیە بەسەرکەوتویی ئەنجام بدەین کە سەرۆکی هەریم لەگەل حیزبە ئیسلامیەکان وعەلەمانیەکان باسی لە ریفراندۆم کرد سەیرم کرد حیزبە ئیسلامیەکان و حیزبە عەلەمانیەکان هەمویان یەك گوتاربون زۆر دڵم خۆشبو کە گوێم لە هەوالەکان ئەگرت هەمویان یەك هەلوێستبون باوەر بکە لەخۆشیان نەم ئەزانی نە پێبکەنم نە بگرێم ئەگەر هاتو کورد ئەوها بەیەكگرتویی و یەك هەلوێستی و یەك گوتاری بەردەوامبێت من لەوباوەرەدام سالێکیتر ئەوکاتانە ئێمە ئالای کوردستا وەك دەولەت هەلئەکەین و پاك سازی و چاك سازی و دین سازی وئەخلاق سازی لەناو میلەتی خۆمان دەست پێئەکەین بەئیزنی خوا 
بزاڤ پرێس: سوپاس بۆ بەرێزت ماندومانکردوی هیوادارم هەر سەرکەوتوبیت
ئیبراهیم حەکیم: زۆر سوپاس بۆ ئێوەش زۆر بەخێر بێن سەر هەردوك چاوم.

بزاڤ پرێس:  ئیبراهیم حەکیم کێیە؟
ئیبراهیم حەکیم لەسالی ١٩٥٠ز لەگوندی سیدەکان سەر بە قەزای رواندز لەدایك بوە لەسالی ١٩٦١ هەر لەسیدەکان خوێندنی سەرەتایی دەست پێدەکات تا پۆلی دوەمی سەرەتای ئەخوێنێت، لەدوای ئەوەی باوکی ئەبێتە بەرێوبەری بەریدی قەزای رواندز لەسالی ١٩٦٣ لە رواندز نیشتەجی ئەبن پۆلی سێەم و چوارەمی سەرەتایی لە رواندز ئەخوێنیت، وە لەسالی ١٩٦٥ رواندز جێئەهێلن رودەکەنە شەقلاوە بەهۆی نەخۆشی دووساڵ لەخوێندن دائەبرێت دواتر هەر لەشەقلاوە دەست ئەکاتەوە بە خوێندن تا پۆلی شەشی سەرەتایی وە لەسالی ١٩٦٨ بەنهێنی پەیوەندی یەکێتی قوتابیان دەکات کە ئاشکرا ئەبێت ئەچێتە هیران و نازەنین ئەبێتە پێشمەرگە لای موقەدەم عەزیز ئاکرەیی، وەلەسالی ١٩٧١لەسەردەمی ئەحمەد حەسەن بەکردەبێتە ئەندامی پارتی دیموکراتی کوردستان وە لەسالی ١٩٧٤ پەیوەندی بەشۆرش دەکاتەوە دەبێتە ئەندامی تیپی شانۆی شۆرش دواتر بەهۆی نەخۆشی دەچێتە شاری ئێران یەکەم شانۆی لە ئۆردگای زیوە پێشکەشکرد بەناوی (شانۆگەری لەیلا قاسم) دوای شکەستی شۆرش لە ١٩٧٥ گەراوە بۆ کوردستان لەشاری هەولێر نیشتەجی بو، هەر لەهەولێر بو بەئەندامی فیرقە لە تیپی کرێکاران لای کەریم رواندزی و سوبحی کۆیی و سەلام کۆیی، ئەمجارەیان بەعس داوای لێدەکات ببێت بە بەعسی بەلام ئیبراهیم حەکیم ئەم داواکاریە رەت ئەکاتەوە بەم هۆیەوە لە تیپی کرێکاران دەرکرا دواتر لەسالی١٩٧٦پەیوەندی کرد بە تیپی شانۆی لادێ وەك فەرمانبەر دامەزرا کە عایدی سەقافەی فەلاحی بەغدابو تا سالی ١٩٨٠ دواتر لەوێش لەکار لادرا گواستیانەوە بۆ بەرێوبەرایەتی رۆشەنبیری جەماوەری لەشاری هەولێر دوبارە داوای لێکرا کە بەژداری قادسیەبکات بەلام ئیبراهیم حەکیم دوبارە داوایەکەی رەتکردەوە بۆیە ئەمجارە گواستیانەوە بۆ رواندز لە بەشی رۆشەنبیری  لەگەل گەیشتنی بۆ شارۆچکەی رواندز کتابی رەسمی بۆدێت کە قەدەغەکراوە لە بەشی رۆشەنبیری لەرواندز کار بکات وە دەبوایە تەنها واژوی بکات کە لەرواندزە، دواتر لەسالی ١٩٨١ دوبارە گواستیانەوە بۆ هەولێر لەتیپی شانۆی رۆشەنبیری هەولێر دامەزرا و چەندین بەرهەمی پێشکەشکرد، دواتر لەوێش گواستیانەوە بۆ تیپی نواندنی هەولێر کە سەر بە دەزگای گشتی سینەما و شانۆ بو تاسالی ١٩٩١ بەژدار بو لەهەمو شانۆگەریەکاندا دواتر لەسەر بریاری بەرەی کوردستانی لە راپەرینەکەی ١١ ئازاری ١٩٩١ بو بە وێنەگری شاری هەولێر، پاشان بەژداریکرد لەدامەزراندنی کەنالی تەلەفزێۆنی کوردستانی مەحەیلی، دواتر بو بەدەستەی دامەزرێنەری کەنالی تەلەفزێۆنی گولان، دواتر بو بەدەستەی دامەزرێنەری کەنالی ئاسمانی کوردستان، دواتر بو بە بەرێوبەری بەرهەمی درامای مەمی ئالان و بەرێوبەری بەرهەمی دراما لەهەولێر ، ئێستاش بەپلەی شارەزا (خبیر) لەوەزارەتی رۆشەنبیری لەهەولێر وەك فەرمانبەر دامەزراوە. ئیبراهیم حەکیم خاوەنی چوار کور و دوو کچیە، کوری یەکەمی (کارۆخ)مامۆستای پەیمانگای هونەرەجوانەکانە بە شەهادەی بەکالۆریۆس لەهەولێر، کوری دوەمی (هۆگر) قوتابی ماجستێرە لە قانون و سیاسە لەزانکۆی صلاحدین لەهەولێر، کوری سێەمی (هەندرێن) قوتابی پەیمانگای هونەرەجوانەکانە لەهەولێر بەشی مۆزیقا ،کوری چوارەمی(هەلگورد) پۆلی یەکەمی ناوەندیە، کچی یەکەمی (فێنك) لای هاوسەرەکەیەتی، کچی دوەمی(سێبەر) قوتابی کارگێری و ئابوریە لەهەولێر. 
ئیبراهیم حکەیم سەرجەم بەرهەمە هونەریەکانی بەم شێوەیە:-
(١٠٠) جار بەژداری شانۆگەری کردوە
(٦٥) جار بەژداری درامای کوردی کردوە 
(٥٥) جار بەژداری فلیمی کوردی کردوە 
لێرەدا هاتینە کۆتای دیدارەکەمان لەگەل بەرێز ئیبراهیم حکیم لەگەل ئەوپەری رێزماندا.