16/08/2014
•
نوسەر: bzavpress
•
یاریكردن لەگەڵ داعش
دوو ئاڕاستەی جیاواز لەهەرێمی كوردستان، لەگەڵ سەرهەڵدانی قەیرانی داعشو دەست گرتنی بەسەر موسڵ و تكریتدا، سەری هەڵدا. ئاڕاستەی یەكەم پێی وابوو داعش مایەی هەڕەشەیە بۆ سەر بەهاكانی دیموكراسیو لێبووردەییو نابێ بەبیانووی كەمتەرخەمی بەرپەرچدانەوەی بكرێ، ئاڕاستەی دووەم بانگەشەی بۆ ئەوە دەكرد كە داعش تەنگی بەحكومەتی مالیكی هەڵچنیوەو گێچەڵێكی وای بۆ دروست كردووە كە دەشێ كورد لێی سوودمەند بێ. لەسەر رۆشنایی ئەم دوو هەڵوێستە، ئاڕاستەی یەكەم هەموو ئامادەكارییەكی پێویستی بۆ بەرپەرچدانەوەی داعشو دانانی سنوورێك بۆ پەلهاویشتنی ساز كرد، لەكاتێكدا ئاڕاستەی دووەم بەشێوەیەكی فەرمی بێلایەنیی هەڵبژاردو رایگەیاند كە نایەوێ لە ململانێی نێوان بەغداو داعش تێوە بگلێ. هەڵوێستی ئاڕاستەی یەكەم كوردی وەك بەشێك لەبەرەی دژی تیرۆر هێشتەوە، لەكاتێكدا هەڵوێستی ئاڕاستەكەی تر كوردی لەبەرەی دژی تیرۆر دەهێنا. جیاوازیی دوو هەڵوێستەكە كوردستانی بەسەر دوو زۆن دا دابەش كرد. زۆنێكی نائامادەكراو بۆ بەرپەرچدانەوەی داعش لەسنووری عیراق-توركیاوە تا زێی بچووكو زۆنێكی ئامادەكراو بۆ بەرپەرچدانەوەی داعش لەزێی بچووكەوە تا خوار خانەقین. لەزۆنی ئامادەكراودا داعش كاتی بە فیڕۆنەداو هەر زوو چەند بەرەیەكی لە باشووری كەركووكو حەمرینو جەلەولا كردەوە لەزۆنی خوار زێی بچووك یاری لەگەڵ داعش نەكراو هەر لەسەرەتاوە وەك هێزێك كە نابێ متمانەی پێ بكرێ مامەڵەی لەگەڵدا كراو لەم چوارچێوەەیەدا هیچ جۆرە ساتوسەودایەكی لەگەڵدا نەكرا.
لەزۆنی سەروی زێی بچووكدا یاری لەگەڵ داعش ئارامییەكی كاتیی دەستەبەر كرد بەڵام دواتر زۆر خراپ لەسەر زۆنەكە شكایەوە.
داعش بەو سروشتە شەڕەنگیزەی هەیەتی، كایەی مەترسییە بۆ تەواوی ناوچەكەو جیهانو فەراهەم كردنی دەرفەت بۆ پەلوپۆهاویشتنی بەمەبەستی تەنگ هەڵچنین بەنەیاران، بەمانای دەربازبوون لە ئاگرەكەی نایەت. ئەزموونی جیهان ساغی كردۆتهوە كە ساتوسەودا لەگەڵ تیرۆر هەر بەو ئاكامە گەیشتووە كە تیرۆر پێی بەهێز بووەو لە كۆتاییشدا گەورەترین گێچەڵی بۆ ئەو لایەنانە دروست كردووە كە لەبەر هەر هۆیەك نەرمیان لەبەرامبەری نواندووە.
ئێستا جیاوازییەكی زۆر لەنێوان هەردوو زۆندا هەیە. زۆنی سەروی زێی بچووك دەڤەرەكانی زوممارو شنگالو تلكێفو قەرەقۆش و بەنداوی موسڵو رەبیعەو گوێڕو مەخموری لەدەستداوە، لەكاتێكدا زۆنی خوار زێی بچووك سەرباری لەدەست نەدانی هیچ ناوچەیەك تەنگی بەداعش هەڵچنیوەو گورزی كاریگەری تێڕەواندووە.
لەم هەلومەرجەی ئێستادا، پاش یەكگرتنەوی ئاڕاستەكانو تێكهەڵكێش بوونەوەی زۆنەكان، یەك زۆن لە كوردستاندا، لە سنووری عیراق-توركیاوە تا خوار خانەقین، لەئارادایەو چانسێكی زۆر بۆ بەدەستهێنانی سەركەوتن بە هەماهەنگیی هەرێمو بەغداو ئەمریكا هەیە، هەماهەنگییەك كە دەشێ پاش دەربازبوون لە قەیرانەكە، زەمینەیەكی لەبار بۆ پەیوەندییەكی سەقامگیرتر لەسەر بنەمای هاوكاری لەدژی تیرۆرو كردنەوەی گرێ كوێرەكانی قۆناغی رابردوو فەراهەم بكات.