بە فەرمی ناسینی کانتۆنەکانی رۆژئاوا، هاوسێ نوێکەمان!
16/08/2014 نوسەر: bzavpress

بە فەرمی ناسینی کانتۆنەکانی رۆژئاوا، هاوسێ نوێکەمان!



یاداشتێک بۆ داننان و بە فەرمی ناساندنی کانتۆنەکانی رۆژئاوا لە سوریا لە مانگی رابردوو لەلایەن زیاتر لە شەست پەرلەمانتار لە پەرلەمانی کوردستان بۆ سەرۆکایەتی پەرلەمان نێردراوە. سەرەتا یاداشتەکە لەلایەن نوێنەرانی تەواوی لایەنە سەرەکیەکانی ناو پەرلەمان واژۆکرابوو، بەڵام دواجار پەرلەمانتارە پارتییەکان واژۆی خۆیان کشاندەوە. بەهەرحال ئەم یاداشتە ئاماژەیەکە بۆ رەوایەتی پرسی داننان و بەفەرمی ناسینی کانتۆنەکانی رۆژئاوا، هەروەها گوزارشت لە ئیرادەی راستەقینەی هاوڵاتیانی هەرێمی کوردستان دەکات، هەتا ئەگەر هەموو پەرلەمانتارەکانیش یاداشتەکەیان واژۆ نەکردبێ.

لایەنە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان تا ئێستا بەروونی هەڵوێستی خۆیان سەبارەت بە فەرمی ناسینی کانتۆنەکانی رۆژئاوا دەرنەبڕیوە، دەتوانین بڵیین کۆدەنگی لەنێوان حیزبەکانی هەرێمی کوردستان سەبارەت بەو پرسە تا ئێستا نیە، بەشێکیان پشتیوانی خۆیان لە کانتۆنەکانی رۆژئاوا راگەیاندووە، بەڵام هەموویان نا، بۆ نمونە تا ئێستا هەڵوێستی پارتی دیموکراتی کوردستان رەتکردنەوەیەتی، بە بیانووی ئەوەی دەسەڵاتی کانتۆنەکان قۆرخکاری پێوەیە لەلایەن یەپەگەوە، وردتر بڵێین ئەو لایەنانە بەشداریان پێنەکراوە کە لە پارتییەوە نزیکن. لە هەمان کاتیشدا ئەگەر هەڵوێستی لایەنەکانی دی وەک یەکێتی نیشتیمانیکوردستان و بزووتنەوەی گۆڕان و لایەنە ئیسلامییەکان جدیی بوایە ، دەبوایە پێداگری بکەن لە بە فەرمی ناسینی کانتۆنەکان.

بەهەرحال من ناچمە ناو وردەکاری بەرژەوەندی و ململانێ ناوخۆیی و هەرێمییەکان، من باس لە کاریگەری تورکیا لەسەر هەڵوێستی لایەنە کوردییەکان ناکەم، باس لە نفوزی پەکەکەش ناکەم لە کوردستانی رۆژئاوا. بە زەروریشی نابینم ئەو پرسە بکەین بە پرسی فلانە حیزب و لایەن، بەڵکو پرسێکی تەواو نەتەوەییە، هەر بۆیەش جێی داخە تا ئێستا دامودەزگا فەرمی یان سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان، وەک پەرلەمان و حکومەت و سەرۆکایەتی هەرێم، پشتیوانی خۆیان بۆ کانتۆنەکانی رۆژئاوا رانەگەیاندووە، واتە ئیعترافیان پێنەکردووە. لێرەدا دەکرێ باس لە دوو ئەرگومێنت، باشتر بڵێم دوو بیانوو، بکەین کە دەکرێ بە جدی وەربگیرێن لە پرسی ئیعتراف نەکردن و بەفەرمی نەناسینی کانتۆنەکانی رۆژئاوا لەلایەن دامودەزگا باڵاکانی هەرێمەوە، بە تایبەتیش لەلایەن پەرلەمانەوە.

بیانووی یەکەم ئەوەیە کە هەڵوێستێکی لەوجۆرە پەیوەندی بە پەرلەمانی کوردستانەوە نیە، لەبەرئەوەی ئەرکەکانی پەرلەمان بەپێی یاساو پەیڕەوی ناوخۆی دیاریکراوە و پرسی کانتۆنەکانی رۆژئاوا لەدەرەوەی سنوری کارکردنی پەرلەمانی کوردستان، واتە لە وڵاتێکی ترە، بیانووی دووەم بریتییە لەوەی کە دەسەڵاتی کانتۆنەکانی رۆژئاوا شەرعیەتی دیموکراتیان نیە، واتە لەرێی هەڵبژاردنەوە دەسەڵاتیان وەرنەگرتووە، بەڵکو لەرێی ئیرادەی هێزێکی سیاسییەوە هەتا ئەگەر ئەو هێزە پشتیوانی جەماوەریشی هەبێ.

بیانووی یەکەم بە ئاسانی دەتوانرێ رەت بکرێتەوە. ئێمەی کورد زۆر دڵخۆش بووین بە هەواڵی بە جینۆسایدناساندنی کەیسی ئەنفال و هەلەبجە لەلایەن چەند وڵاتێکی ئەوروپیەوە، هەروەها کاری لۆبی و دیپلۆماتی خۆشمان خستەگەر بۆ ئەم پرسە، لێرەوە دەکرێ بپرسین ئایا ئیعتراف کردن بەوەی کە ئەنفال جینۆسایدە لەلایەن پەرلەمانی سوید، چ پەیوەندیەکی بە پەرلەمانی سوید و وڵاتی سویدەوە هەیە، ئایا پەیوەندی سوید و کوردستان زیاترە لە پەیوەندی نێوان کوردستانی باشور و کوردستانی رۆژئاوا. پرسێک کە پەیوەندی بە مافی مرۆڤ و خواستی گەلان هەبێ، ئەوا پرسێکی مرۆڤایەتییە، بۆیە ئاساییە دامودەزگای فەرمی و نافەرمی هەر وڵاتێک هەڵوێستی خۆی لەبارەوە دەرببڕێ.

بیانووی دووەم بەهەمان شێوە دەتوانرێ رەت بکرێتەوە، لەبەر ئەوەی شەرعیەتی دیموکراتی لە هەلومەرجی ئێستای سوریا یان کوردستانی رۆژئاوا ئاسان نیە، ئەمە بێجگە لەوەی لە قۆناغی رزگاریخوازیدا ئیرادەی گەل گرنگترە لە شەرعیەتی دیموکراتی، ئەمە بێجگە لەوەی پرۆسەی هەڵبژاردنیش پێویستی بە رەوشێکی ئارام و سەقامگیرە، کە ئێستا ئیمکانی نیە. لە هەرێمی کوردستان لەدوای راپەڕینی ١٩٩١ بەرەی کوردستانی کە لایەنە پێکهێنەرەکانی شەرعیەتی شۆڕشگێڕیان هەبوو، و لەرێی هەڵبژاردنەوە نەهاتبوون، حوکمی هەرێمی کوردستانیشیان دەکرد تا هەڵبژاردنی ١٩٩٢، بەڵام ئێمە بەشەرعیمان دەزانی و خوازیاری ئەوەش بووین هەموو دونیا بە فەرمی بیناسێ. دوای ئەوەی کە رەوشی کانتۆنەکانی رۆژئاوا جێگیر بوو و هەلومەرجی هەڵبژاردنیش هاتە پێشەوە و دەسەڵاتدارانی کانتۆنەکان هەڵبژاردنیان ئەنجام نەدا، ئەو کات دەتوانین گلەییان لێ بکەین و هەتا شەرعیەتیشیان بخەینە ژێر پرسیارەوە، بەڵام ئەو بیانووە ئێستا بنەمایەکی مەنتیقی نیە.

لەبەرامبەر هەموو ئەمانەشدا ئەرگومێنتێکی زۆر گرنگ هەیە بۆ بەشەرعی ناسینی کانتۆنەکانی رۆژئاوا لەلایەن دامودەزگا فەرمییەکانی هەرێمەوە، ئەویش لۆجیکی هاوسێیەتییە، ئایا ئێمە هاوسێیەکی دۆستمان هەبێ یان هاوسێیەکی دوژمن لەبەرژەوەندیمان دایە. دوور لە هەموو ئەو هاوبەشییانەی ئێمە لەگەڵ کانتۆنەکانی رۆژئاوا هەمانە، لە بابەتی مێژوو و کولتور و خاک، کانتۆنەکانی یان کوردستانی رۆژئاوا لەوانەیە لە ئایندەدا ببێ بە وڵاتێکی یان هەرێمێکی هاوسێی ئێمە وەک ئێران و تورکیا. ئایا لەبەرژەوەندی هەرێمی کوردستان دا نیە کە پەیوەندیەکی دۆستانەی هەبێ لەگەڵ هاوسێیەکی نوێی؟ ئەو پرسیارە پێویستە ئاڕاستەی ئەو کەس و لایەن و دەزگایانە بکرێ کە تا ئێستا هەڵوێستیان ناروونە یان نێگەتیڤە بەرامبەر بە دروستبوونی کانتۆنەکانی رۆژئاوا، بەر لە هەمووشیان پێویستە پەرلەمانی کوردستان ئەو پرسە بە هەند وەربگرێ، بە شێوەیەک مامەڵە بکات کە بە کۆدەنگی هەلوێستی هەرێم بە شێوەیەکی پۆزەتیڤ دیاری بکات، بە تایبەتیش دوای بەرگرییەکانی یەپەگە و پەکەکە لەپاڵ پێشمەرگە دژی هێرشەکانی داعش، ئەگەرنا شەرمەزاری لەدەرگاکانمان دەدات.