قەتەر لە ناو (7) وڵاتەکەی کەنداودا،لە حەوزەی ناوەڕاستدا،زۆر بەنهێنی و بەپەلە،دوور لەچاوی ڕای گشتی ناوچەیی و جیهانی پێش ئەکەوێت ،ئەتوانین بڵێین بازی بەسەرمیسرو تورکیاشدا داوە ، بەبڕوای من ئەمە لە (6) هۆکاری سەرەکیدا کۆئەبێتەوە :
یەکەم: لەقەتەردا شەڕی تایەفی نییە.
دووەم: لەقەتەردا سیستەمێکی قەبەلی مۆدێرن هەیە.
سێهەم: لەقەتەردا سەقامگیریی و گەسەندنێکی ئابوریی خێراو بەرچاو هەیە.
چوارەم: قەتەر خاوەنی گەورەترین کەناڵی ئاسمانی و ناوەندی توێژینەوەیە لەجیهاندا،کە جەزیرەیە.دەکرێت بڵێین جەزیرە بەتەنها خۆی بەقەد وڵاتی قەتەر ماهییەتی هەیە.
پێنجەم: گەورەترین بنەو بارگەی سەربازیی ئەمریکی لەقەتەر هەیە .
شەشەم: قەتەر بڕی جیاجیا لەغازو نەوت و کانزاو کشتوکاڵ و گواستنەوەی ئاویی و ووشکانی هەیە.
لەدوای ساڵی (1968) ەوە کە بەریتانیا بڕیاری کشانەوەی لە خەلیجی عەرەبی دا،قەتەریش یەکسەر چووە پاڵ ئیماراتی یەکگرتوو.یەکیگرت لەگەڵیان.دوای (3) ساڵ لە (1971) قەتەر بەبیانوی ناکۆکی هەرێمی،سەربەخۆیی خۆی ڕاگەیاند .لەدوای ئەم مێژووەوە قەتەر ڕۆڵێکی بەرچاو ئەبینێ،بەتایبەت لەجەنگی دووەمی کەنداو ،بێگومان عێراق تیا زەرەرمەندی یەکەم بوو.
ئەم وڵاتەی کە حاڵی حازر ژمارەی دانشتوانەکەی ناگاتە (2) ملیۆن کەس،لە یەکێک لەڕاپۆرتەکانی ویکلیکسدا و لە (ئابی 2010) دا بەکۆدی تایبەتی هاتووە،کە دەزگای خزمەتگوزاریی قەتەریی (موخابەرات) و کەناڵی جەزیرە لەگەڵ ئیسرائیل بەنهێنی کۆبونەتەوە،کە گورزێک لەمیسرو موبارەک بوەشێنن،تاوەکو قەتەر شوێنی میسر بگرێتەوە،هەم لەجیهانی عەرەبییدا،هەم لە ڕووی نێوچەییدا.
من لەکاتی خۆی ئەمەم نوسی،کەس باوەڕی نەئەکرد،،هاکا بینیمان لە (2011) لەچوارچێوەی بەهاری عەرەبیدا شۆڕش لەمیسر سەریهەڵدا،جەزیرە بەنزینی بەسەردائەکردو،گڕی ئەدا .هەرە هۆکاری سەرەکی ڕووخانی دیکتاتۆر جەزیرە بوو،لەبەرژەوەندیی خۆی..بەم دەرکەوتەیەش هەرکەس باوەڕی نەدەکرد..چونکە دەیانگوت :
میسر،لانکەی شارستانییەت و فەراعینەکانە،مێژووییەکی قووڵی هەیە،ژمارەی دانشتوانەکەی و ڕووبەرە جوگرافییەکەی (70) ئەوەندەی دانشتوان و سنوری جوگرافی قەتەرە .ئەیانگوت :حەیفە میسر بکەیتە ڕەفیقی قەتەر ...چمەز ئەم توێژەرانە بارگاوین بەفیلمەکانی عادل ئیمام و نوسینەکانی هەیکەل و شەخسییەتی جەماڵ عەبدولناسر لەشەستەکانی سەدەی ڕابردوودا..خافڵن لەوەی کە جیۆپۆڵەتیک لەدوای جەنگی ساردەوە،ڕۆلی نەماوە .ئێستا ڕۆڵ ڕۆڵی بازاڕە،بازاڕ یانی پرۆژەی لیبڕاڵیزم،لیبڕاڵیزم یانی بەهای خۆرئاوا.
ئێستا،هێدی هێدی ئەبینین،میسر وەک شێرەکەی لێهاتووە کە ڕێوی شەرمی لێ ناکاو کلکی رائەکێشێت، نیل بووە بە چڵکاو و سیماکەی تێکدرا .ژێرخانەکەی وێران بوو..بەزەبری ئیسرائیلیش دەرگای لەسەرسنوری فەلەستینیەکان داخستووەو دەبابەی خستۆتە سەر سەریان !!.تەنانەت بەپێی ڕاپۆرتێک کەلەلایەن سەرکردەی ڕێکخستنەکانی قاعیدە لە میسر (عاسی بن ابی بکر) ەوە هاتووە،بۆ بەرپرسی ڕێکخستەکانی داعش (ابوبکر البغدادی) لەعێراق نێردراوە لەسەرەتای (2014) ە دا،تیایدا داوای هاوکاری لەداعش دەکرێت بۆ ڕووبەڕووبونەوەی دەزگا ئەمنییەکانی میسر،لێرەدا ئەوە دەرئەکەوێت یانی دەزگای هەواڵگریی عەسکەریی داعش لە عێراقە.
قەتەر هەربەمانەوە نەوەستاوە،ئاژاوە گڕئەدا،لەدەرەوەی خۆی دۆزەخ دەخوڵقێنێت و،ناوەوەی خۆی دەکاتە بەهەشت.هاوکاری دەیان گروپی تیرۆریست و دەزگای ڕاگەیاندنی جیهانی کردووە بۆ لێدان لەوانەی خۆی دەیەوێت .داعش زیندوترین نمونەیە، کە قەتەرییەکان بە هاوکاری سعودیەی دراوسێیان کە پێکەوە چپە چپ و تەکبیری هاوبەشیان هەیە.بۆ ئاڕاستەکردنی لەعێراق و ناوچەکە...مەزەندەی عەقڵ جیایە بۆ خوێندنەوە..سەلماندنی زانستی و زانیاری وورد و تەتەڵەکردنی شتێکی ترە .هەموو سەیارەکانی کە کورد پێی دەڵێت (مەرزییە) و پێکاب.خەلیجی و سعودین.
جگەلەوەی قەتەر ئەیەوێ قەناعەت بەخۆرئاوا بکات،ئەوەی تورکیا بۆتان ئەکات،من بەزیادەوە بۆتان ئەنجام ئەدەم .بەمەرجێک بازێکیش بەسەر ئەودا بدەم.
ئەمە سیاسەتی وڵاتێکە لەسەر زەوی کە ڕووبەری جوگرافییەکەی تەنها (11437) کیلۆمەتر چوارگۆشەیە . نیوهێندەی ڕووبەری جوگرافی ئیسرائیل.. تەنانەت نیوهێندەی ڕووبەرو سنوری جوگرافی پارێزگای سولەیمانی لەباشوری کوردوستان .كه تاکە وڵاتی عەرەبییە،بۆ یەکەمجار لەئایندەیەکدا مووشەک ڕەوانەی سەر مانگ ئەکات.
بەهرۆز جەعفەر- خویندکاری ماستەر له بەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان