كاره‌ساتى مرۆيى، 68كه‌س له‌برسان گيانيان له‌ده‌ست داوه‌
08/08/2014 نوسەر: bzavpress

كاره‌ساتى مرۆيى، 68كه‌س له‌برسان گيانيان له‌ده‌ست داوه‌


چالاكوانێكی كوردی ئێزدی ئاشكرای ده‌كات، به‌هۆی‌ برسێتی‌ و تینوێتییه‌وه‌ 68 كوردی‌ ئێزیدی‌ گیانیان له‌ده‌ستداو به‌ كۆمه‌ڵ له‌ مه‌زارگه‌ی‌ شه‌ره‌فه‌دین به‌خاكسپێردراون.

عه‌لى شه‌نگالى چالاكوانى ئێزيدى، بۆ ئاژانسی ئانادۆڵی‌ توركی‌ ئاشكراى كردووه‌، زۆربەی ئەوانه‌ی گیانیان لەدەست داوە منداڵن و بە مەراسیمی تایبەتی ئێزدی بە كۆمەڵ لەو مەزارگەیە بەخاك سپێردراون.

ئەو چالاكوانە ئاماژه‌ی‌ به‌وه‌شكرد، هێشتا بە دەیان هەزار خێزانی ئاوارەبووی كوردی ئێزیدی لە چیای شه‌نگال گیریان خواردووە و لە دۆخێكی خراپی مرۆیی ژیان دەگوزەرێنن.

لە لایەكی دیكەوە 30 كەس لەو خێزانە ئاوارەبوونەی چیای شنگال لە مردن رزگارییان بووە و بەره‌و خۆرئاوای‌ كوردستان به‌رێكراون.

یەكێك لە رزگاربووه‌كان لە رێگەی تەلەفۆنەوە رایگەیاندووه‌، كه‌ خۆی لەگەڵ 29 كەسی دیكە لە چیای شه‌نگال بڕیاریاندا بە ناو هێڵەكانی داعشەوە خۆیان دەربازبكەن و به‌ره‌و خۆرئاوای‌ كوردستان بڕۆن.

ئەو رزگاربووە روونیشی كردەوە، ئەوەنده‌ لە ژیانێكی سەختدابوون بۆیە ئەو بڕیاریانداوه‌و سەركەوتووانە بڕیارەكەشیان جێبەجێ‌ كردووە.

رزگاربووەكە دووپاتیشی كردەوە، كە لەگەڵ هاورێیە رزگاربووەكانیدا بەڕونه‌ته‌وه‌  خۆرئاوای‌ كوردستان و له‌ ئێستادا لە شوێنێكی پارێزروی ئەمنییدان.

سه‌رچاوه‌: NRT