ميترۆ: هەندێ له‌میدیاكان بەشدارن لە كۆمەڵكوژی شەنگالییەكان
06/08/2014 نوسەر: bzavpress

ميترۆ: هەندێ له‌میدیاكان بەشدارن لە كۆمەڵكوژی شەنگالییەكان


له‌به‌ياننامه‌يه‌كيدا، كه‌كۆپيه‌كى ده‌ست، بزاڤـ پرێس كه‌وتووه‌، سه‌نته‌رى ميترۆ بۆداكۆكى كردن له‌مافى ڕۆژنامه‌نوسان، ڕه‌خنه‌ى ئاراسته‌ى هه‌ندێك له‌ميدياكورديه‌كان ده‌كات، به‌هۆى بڵاو كردنه‌وه‌ى هه‌واڵى ناڕاست و به‌به‌شدارى كۆمه‌ڵكوژى ناويان ده‌بات.

له‌سه‌ره‌تاى به‌ياننامه‌كه‌ى ميترۆ داخاتووه‌،" سەنتەری میترۆ بۆ داكۆكی لە مافی رۆژنامەنووسان رایدەگەیەنێت بە بڵاوكردنەوەی هەواڵی نادروست و هەڵە بەشێك لە هەواڵی میدیاكان بەشداربوون لەو كۆمەڵكوژییەی (داعش) بەرامبەر خەڵكی مەده‌نی شەنگال ئەنجامیاندا".

ئه‌و سه‌نته‌ره‌ له‌باره‌ى مامه‌ڵه‌ى ميدياكانه‌وه‌ ڕايده‌گه‌يه‌نێت،"سەنتەری میترۆ بۆ داكۆكی لە مافی رۆژنامەنوسان داوا لە میدیاكانی كوردستان دەكات بەرپرسانە مامەڵە لەگەڵ هەواڵی بەرەكانی جەنگ لەگەڵ داعشدا بكەن" وردبینی راستگۆیی نەكەنە قوربانی پێشبڕكێی بۆ بڵاوكردنەوەی هەواڵی خێرا." جەختدەكەینەوە "هەندێ هەواڵ و زانیاری ناڕاست و بێ بنەمای كەناڵەكانی راگەیاندن بەشدارن لە تاوانی كۆمەڵكوژی خەڵكی مەده‌نی گیرخواردوو لە شاخی شەنگال".

هه‌روه‌ها ده‌شڵێن،"مامەڵەكردن لەگەڵ زانیارییەكان كە لە بەرەكانی جەنگی هێزی پێشمەرگەو داعش ئەوپەڕی وردبینی و بەرپرسیارێتی پێویستە. با لە هەواڵی هەستیاردا وەك هەواڵەكانی هێرش و پاشەكشە ددان بە خۆیاندا بگرن چاوەڕوانی مانفیستی رەسمی وەزارەتی پێشمەرگە بكەن یان خۆیان پەیوەندیان پێوە بكەن".

شەوی شەممە 2ی ئابی 2014 چه‌كدارانى "داعش" هێرشیانكردە سەر هێزی پێشمەرگەی كوردستان و رۆژی یەكشەممە 3ی ئابی هێزەكانی پێشمەرگە لە شەنگال كشانەوە هێزەكانی داعش توانیان شارەكە بە تەواوەتی كونترۆڵ بكەن. له‌ئێستاشدا شه‌ڕو پێكدادانه‌كانى ئه‌و دوولايه‌نه‌ به‌رده‌وامه‌ وپێشمه‌رگه‌ش له‌پێشڕه‌ويدايه‌ بۆ گرتنه‌وه‌ى ناوچه‌كان.