05/08/2014
•
نوسەر: bzavpress
•
لە نێوان تێکۆشەری سیاسی و کارمەندی سیاسەت دا
دیدگایەک بۆ موناقەشە..
لە چەند دەیەی ڕابوردودا زۆر کەس باسیان لە هۆکاری شکست و بەهیچنەبونی کورد کردوە.
زۆر کەس لەوە دواون کە ڕابەرانی کورد نەیانتوانیوە چوارچێوەیەکی سیاسی و جوگرافی دابمەزرێنن و میللەتێکی یەکدەست و ساغڵەم لە گشت رەهەندە کلتوری و سایکۆلۆژی و سیاسیەکانەوە لە سەر ئەو زەمینە سەقامگیر بکەن کە پێی ئەوترێ کوردستان و بە درێژایی سەدان ساڵ ئەم میللەتە لە سەری ژیاوەو ئارەق و خوێنی بۆ مانەوەی ڕشتوە.
لە ناو سیاسیەکانی کوردستاندا عەبدوللا ئوج ئالان و نەوشیروان مستەفا لەو ڕابەرە سیاسیانەن کە بە وردی لەم مەسەلەیە دواون و کاتی زۆریان بۆ هۆکاری شکست و دواکەوتنی کورد تەرخانکردوە.
لە ساڵی ١٩٨٣ دا ئوجئالان کتێبێکی یەکجار گرنگی تیۆری و مەیدانی سەبارەت بەو مەسەلەیە بڵاوکردۆتەوە. ئەم کتێبە پڕ بایەخە ناونیشانەکەی بەم جۆرەیە :
" مەسەلەی کەسایەتی لە کوردستان ( تایبەتمەندییەکانی تێکۆشەری شۆڕشگێڕ)
ئەم کتێبە لە سەردەمێکدا نوسراوە کە ئوجئالان بە تەواوی لە ژێر کاریگەری ئایدیۆلۆژی چەپی ڕوسیدا ژیاوە و خەباتی کردوە، بەلام خوێنەری ئێستای ئەو کتێبە ناوازەیە ( دوای ٣١ ساڵ لە نوسرانی) هێندەی هەست بە دلسۆزی و هەوڵی بەرنامەداری ئوجئالان ئەکات بۆ پێگەیاندنی کەسایەتی ئینسانی کورد و دەربازکردنی لە پاشکۆیەتی و، قایمکردنی وەک زاتێکی چالاک و بەرهەمدار لە پانتایی مێژودا و، کردنی بە تێکۆشەرێکی سیاسی خاوەن رەئی لە گشت ئەو گرفت و چەڵەمانەی دێنە سەر ڕێگای خەبات، یەک لەسەدی ئەوە هەست بە ریکلامی سیاسی و هەڵنانی ئەو ئایدیۆلۆژیایە ناکات کە ئەوسا ئۆجئالان داکۆکی لێئەکرد و وەک سەرچاوەی مەعریفەت و شیکردنەوە سودی لێئەبینی.
ڕاستە ئامانجی ئاپۆ لەو زەمانەدا پێگەیاندنی فکری و ئیمانیی ژمارەیەک لەو مرۆڤە ئازایانە بو کە دەیانویست بە گژ کەلللەڕەقترین دەوڵەتی جەنەراڵە فاشیستەکانی تورکدا بچنەوە و، ئەم خواستی بەگژاچونەوەیەش وای پێویست ئەکرد تێکۆشەرانی سیاسی لە باری روحی و زەینییەوە ئەوپەڕی چەکداربن و بۆ هیچ گرفتێک دانەمێنن، بەلام تەکاندنی تەپوتۆزی تەسلیمخوازی و ڕێگرتن لە بونە کارمەندی سیاسەت و ملدان بە ناهەقییە سیاسی و ئابورییەکان، ئەگەر لەم سەردەمەی ئێستاماندا لە شوینکاتی باکوری کوردستانی ئەوسا پێویستتر نەبێ ئەوا بایەخی کەمتر نییە.
نوسینەکەی ئوجئالان تەنها شیکردنەوە نییە سەبارەت بە هۆکار و زەمینەکانی تێشکان و لاوازیی کەسایەتی کورد بە گشتی، بەڵکو بریتییە لە کۆمەڵیک ڕێوشوێنی وردو دیاریکراو سەبارەت بە چۆنییەتی و چییەتی ئینسانی هوشیار و دەربازبو لە قوڕولیتەی فکری و نەفسی داگیرکران و داگیرکەران..
بریتیە لە ژمارەیەک چرای ڕێنوێن بۆ ئەو کەسانەی ئەیانەوێ تاسەر وەک زاتێکی سەبەخۆ و چالاک و هوشیار لە پرۆسەی سیاسی و پێشکەوتنی کۆمەڵدا بەشدار بن و وەک تاکێکی پڕخرۆش و ئەندامێکی کارای کۆمەڵ سەنگەری داکۆکی لە رەوایەتی و مافی گشتی و مافی نەتەوەیی چٶڵ نەکەن.
لەم چەند دێڕەی خوارەوەدا تەنها سەرخەتی دیدگاکانی ئۆجئالان وەک خۆی، هەروەک لە کتێبەکەیدا نوسراون (چاپی عەرەبی ساڵی ١٩٨٦) سەبارەت بە مرۆڤی تێکۆشەری شٶڕشگێڕ ئەنوسینەوە و لە بەشەکانی تری ئەم وتارەدا هەندێک شیکاری بۆ ئەکەین، دواتریش دیدگاکانی نەوشیروان مستەفا لە بارەی ئەوەی بۆچی کورد بە درێژایی مێژوو نەبۆتە خاوەن دەوڵەت و بەشی هەر پارچەپارچەبون بوە، بەو جۆرەی لە کتێبە گرنگەکەی ئەودا "میرایەتی بابان لە نێوان بەرداشی ڕۆم و عەجەم دا" هاتوە ئەخەینە بەر دیدەی هاوڕێکانمان.
(٢)
ئوجئالان سیماکانی تێکۆشەری شۆڕشگێڕ بەم جۆرە پێناسە ئەکات:
یەکەم: پێویستە دیدگای بۆ جیهان ڕاست (و دروست) بێت،
دوەم: پێویستە هەڵگری تێگەیشتنیکی تیۆری ڕاست بێت،
سێهەم: پێویستە مرۆڤی تێکۆشەر خاوەنی تێگەیشتنێکی بەرنامەیی ڕاست بێت،
چوارەم: پێویستە لەسەر تێکۆشەر خاوەنی ستراتیژو تاکتیکی سیاسی و سەربازی دروست بێت،
پێنجەم: پێویستە تێکۆشەر بگاتە تێگەیشتنی لینینی لە ڕێکخستن و پراتیک دا.
ئاپۆ ئەو مەسەلانەی سەرەوەی هەروا واز لینەهێناوە و لەفەسڵی چوارەمی " مەسەلەی کەسایەتی" دا، و لە وەسفی تێکۆشەرانی حزبەکەیدا، هاتۆتەوە سەریان و وردتری کردونەوە... لێرەدا ئەوانیش بۆ بەرچاوڕونی وەک خۆیان ئەنوسینەوە تا لە فرسەتێکی تردا بێینەوە باسکردنیان .
تێکۆشەری حزبی لە دیدگای ئوجئالانەوە بەم جۆرەیە:
ئەلف: ئەو پڕخرۆشە لە خۆشویستنی وڵاتەکەیدا!
ب: ئەو لە ڕیزی سیستەمی دیموکراتیدایە !
ج: ئەو نێونەتەوەییانە بیر دەکاتەوەو خەبات دەکات بۆ سۆسیالیزم!
د: ئەو لێوانلیوە لە خۆشەویستی و ڕێز بۆ هاوڕێکانی و بۆ گەل !
ها: ئەو نوێنەری ئەخلاقی سوسیالیستی نوێیە !
و: ئەو ترسنۆک نییەو خۆپەرست نییە بەڵکو ئازایەو ئامادەیە بۆ قوربانیدان!
ز: گۆشەنشین نیە بەلکو بەجۆش و پڕخرۆشە !
س: ئەو پسپۆڕە لە ئاوێتەکردنی نەرمینواندن و قایمکاریدا ( ڕەقیدا) !
ع: ئەو هوشیارەو هەستیارە و هاوسەنگە لە حساباتەکانیا !
ف: ئەو لێکۆڵەرەو وردەکارە لە خۆ- فێرکردندا !
ص: ئەو داهێنەرەو خەللاقە و چوارچێوە قبوڵ ناکات !
چ: ئەو بە شێوەی بەرنامەدار ئیش ئەکات نەک بە شێوەی عەفەوی !
ئەوانەی سەرەوە تەنها تایتڵی ئەو بابەتانەن کە بە درێژی قسەیان لە سەر کراوەو ئاپۆ هەوڵیداوە ئەندامە چالاکەکانی پی پەروەردە بکات و وەک "کەسایەتی" سیاسی باریان بهێنێت و لە مەیدانی خەباتی چەکداری و سیاسیدا بە گژ ناحەزانی کوردیاندا بکاتەوە..
ئەوەی ئاخۆ تا چ ڕادەیەک پارتی کریکارانی کوردستان لە باکوری کوردستان توانیویەتی مەبەستەکانی وەدیبهێنێت باسێکی تایبەتە کە ئەشێ تەنها مێژونوسەکان و لیكٶلەرەکان بە باشی هەڵیبسەنگێنن، ئەوەی گرنگە لەم کورتە یادهێنانەوەیەدا وەلامی ئەو پرسیارەیە ئاخۆ پارتەکانی کورد لە باکورو باشور و بەشەکانی تری کوردستانا توانیویانە "کەسایەتی" ئینسانەکان لە مرۆڤی ئاساییەوە بگۆڕن بۆ مرۆڤی شۆشگێر و خوازیاری گۆڕانکاری یان هەوڵینداوە بە پیچەوانەی ئەو مەفهومەوە کار بکەن، واتە ئینسانەکان لە کەسانی تێکۆشەرەوە بگۆڕن بۆ "کارمەند"ی سیاسی ، واتە بە کەسانێک کە تەنها جێبەجیکردنی بڕیارەکانیان لەسەرەو تەنها بۆیان هەیە بە سەرکردەکاندا هەڵبلێن و لە کاتی پێویستدا ئەمر و فەرمانەکانیان جێبەجێ بکەن..