مەسعود بارزانی فەرمانێكی‌ گرنگی‌ دەركرد
04/08/2014 نوسەر: bzavpress

مەسعود بارزانی فەرمانێكی‌ گرنگی‌ دەركرد


سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان، مه‌سعود بارزانى، فه‌رمانى به‌هێزى پێشمه‌رگه‌ كردووه‌، له‌سياسه‌تى به‌رگرى نه‌مێننه‌وه‌ و ده‌ست به‌هێرش بكه‌ن.

له‌ په‌يامه‌كه‌يدا، كه‌ ئه‌مڕۆ بڵاوى كرده‌وه‌ مه‌سعود بارزانى ڕايگه‌ياندووه‌، "گەلی كوردستان لەسەر كولتووری ئایینپارێزی و فرەئایینی و پێكەوەژیان ڕاهاتووە و تەعەدای لەكەس نەكردووە و بە درێژایی مێژوو تەنیا بەرگریی لەخۆی كردووە. بەڵام دوژمنان وازیان نەهێنا و هەر جارە و بەشێوەیەك دەیانەوێ زیان بە گەلەكەمان بگەیێنن. لەدوای ڕوووداوەكانی موسڵ كوردستان تەنیا بەرگریی لەخۆی كرد بەڵام تیرۆریستان كەوتنە شەڕفرۆشتن و پەلاماردانی كوردستان و ڕووداوە ناخۆشەكانی ئەو چەند ڕۆژەی ڕابردووی لێ كەوتەوە. بۆیە بڕیارمان دا لە دۆخی بەرگری بێینەدەر و هەتا دوایین هەناسە شەڕی تیرۆریستان بكەین. فەرمانمان بە هێزەكانی پێشمەرگە و لایەنە پەیوەندیدارەكان كردووە بە هەموو توانایەك پەلاماری تیرۆریستان و دوژمنانی خاك و خەڵكی كوردستان بدەن".

سەرۆكی هەرێمی كوردستان سه‌باره‌ت به‌ ئێزیدییەكان ، ڕايده‌گه‌يه‌نێت، " ڕووداوەكانی ئەم دواییەی دەڤەری زوممار و شنگال و ئەو كارەساتەی بەسەر خوشك و برا ئێزیدیەكانمان هاتووە دڵتەزێنە و گەلی كوردستان لەوە دڵنیا دەكەینەوە كە دەستبەرداری بستێك لە خاكی كوردستان نابین و شنگال و خوشك و برا ئێزیدییەكانمان وەك گلێنەی چاومان دەپارێزن و چیای شنگال بە خۆڕاگری و سەركەشی دەمێنێتەوە. ئەو بەشە ئازیز و ڕەسەنەی گەلەكەمان هەر سەربەرزە و ئەركی تاك تاكی ئێمەیە شكۆیەكەی بپارێزین".

سەرۆكی هەرێمی كوردستان  له‌باره‌ى شه‌ڕى كوردستان له‌دژى تيرۆر ڕايده‌گه‌يه‌نێت، " تیرۆر پرسێكی جیهانییە و ڕووبەڕووبوونەوەی هەوڵێكی نێودەوڵەتی پێویستە. چەندین ساڵە كوردستان قوربانیی هەڕەشەی تیرۆر و تیرۆریستان بووە و جێگەی داخە كە ئێمە تەنیا بووین و كەس یارمەتیی گەلی كوردستانی نەداوە لەدژی تیرۆر بەرگری لەخۆی بكات. لەگەڵ ئەوەیشدا لەشەڕی تیرۆر و شەڕانگێزیدا پشتمان بە گەلی كوردستان و هێزەكانی پێشمەرگە و دەزگە ئەمنییەكانی كوردستان بەستووە و هەمیشەیش پابەندی بنەماكانی ئازادیخوازی و كولتووری ڕەسەنی پێكەوەژیان و لێبووردەیی كوردستانی بووین و ئەوە خاڵی بەهێزی سەركەوتنمانە بەسەر دوژمن و دڵڕەش و تیرۆریستاندا".

بارزانی له‌په‌يامه‌كه‌يدا داوای  ئاراستەی هەموو چین و توێژی كۆمەڵگای كوردستان كرد و رایگەیاندووە، "لە بەرەبەیانیی ئەمڕۆوە ڕۆڵە قارەمانەكانمان هێرشیان بۆ سەر تیرۆریستان دەستپێكردووە و لەپێشڕەوییدان. دوا لە خەڵكی كوردستان و لایەنە سیاسییەكان و میدیا كوردستانییەكان دەكەم بە ورەی بەرز و بەوپەڕی چاوكراوەیی و هەست بەبەرپرسیارێتی مامەڵە لەگەڵ دۆخەكەدا بكەن و زیاتر لە هەر كاتێك یەكڕیزیی نیشتیمانی و نەتەوەیی بپارێزن. پێشمەرگە قارەمانەكانیش لەوە دڵنیا دەكەمەوە كە گەلی كوردستان بە هەموو توانایەك پاڵپشتی هێزی پێشمەرگەن و چاویان لە ورەی پۆڵایین و گیانفیدایی و قارەمانێتیی ئێوەی سەربەرزە".

له‌كۆتاييدا، برازانى دڵنيايى ده‌داته‌ خه‌ڵكى هه‌رێمى كوردستان و ده‌ڵێت، "لە كۆتاییدا سوپاسی خۆڕاگریی هەموو خەڵكی كوردستان و پێشمەرگە قارەمانەكان و هێزە خۆبەخشەكان و خانەوادەی سەربەرزی شەهیدان دەكەم و لەوە دڵنیا بن كە ئاییندەیەكی گەش چاوەڕوانی گەلی كوردستانە."