بەمەبەستی پاکردنەوەی ناحیەی زومار لە چەکدارانی داعش، لەئێستادا ھێزەکانی پاراستنی گەل (یەپەگە) ھێزێکی زۆری رەوانەی ناحیەکە کردووەو شەڕوپێکدادانیش لەنێوان پێشمەرگەو داعش بەردەوامە.
پۆڵات جان بەرپرسی ڕاگەیاندنی یەکینەکانی پاراستنی گەل (یەپەگە) لەلێدوانێکی تایبەتدا بە SNNی ڕاگەیاندووه، لەئێستادا ھێزەکانی پاراستنی گەل (یەپەگە) لەگەڵ ھێزەکانی پێشمەرگە ڕێکەوتوون بۆ پاککردنەوەی ناحیەی زومار لەچەکدارانی داعش، بۆ ئەو مەبەستەش ھێزێکی زۆری ڕەوانەی ناو ناحییەیە کردووە بۆ ڕووبەڕووبونەوەی گروپە چەکدارەکان.
وتیشی،" لەئێستادا شەڕوپێکدادانێکی قورس لەنێوان ھەدوولادا دەستیپێکردووەو چاوەڕوانیش دەکرێت ئەو ناحیەیە لەچەکدارانی داعش پاکبکرێتەوە".
ئەو بەرپرسەی یەپەگە ئاماژەی بەوەشکرد، بارودۆخی ئەمنیی ناوچەکانی رەبیعەو زەنون ئارامە، ئەوەی ھەیە تەنھا ناحیەی زومارە کە شەڕوپێکدادان لەنێوان ھێزی پێشمەرگەو چەکدارانی داعش دەستیپێکردووە.