يه‌كێتى: داواى پۆستی سەرۆکی ھاوپەیمانێتی فراکسیۆنە کوردستانییەکان ده‌كات
28/07/2014 نوسەر: bzavpress

يه‌كێتى: داواى پۆستی سەرۆکی ھاوپەیمانێتی فراکسیۆنە کوردستانییەکان ده‌كات


په‌رله‌مانتارێكى كورد له‌به‌غداد ڕايگه‌ياندووه‌، داوامان له‌سه‌رجه‌م لايه‌نه‌ كوردييه‌كان كردووه‌، بۆ پێكهێنانى هاوپه‌يمانێتى فراكسيۆنه‌ كوردييه‌كانى عێراق و ئه‌ندام په‌رله‌مانێكى يه‌كێتيش، به‌ئيستحقاقى حيزبه‌كه‌ى ده‌زانێ.

عادل نوری ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق لە فراکسیۆنی یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان، ڕاگەیاندووه‌،" ماوەی ھەفتەیەکە داوامان لە سەرجەم لایەنە کوردییەکان کردووە، زۆر بەزوویی ھاوپەیمانێتی فراکسیۆنە کوردستانییەکان لە پەرلەمانی عیراق پێکبھێنن، بەڵام تاوەکو ئێستا وەڵام نەدراوینەتەوە".

وتيشى،"دیارە لایەنەکان چاوەڕوانی سەرکردایەتی  حزبەکانیان دەکەن، بۆیە تائێستا وەڵامی داواکارییەکەی ئێمەیان نەداوەتەوە".

بێستون عادل ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق لە فراکسیۆنی یەکێتی، بەSNN  ی ڕاگه‌ياندووه‌،" دواکەوتنی پرسی پێکھێنانی ھاوپەیمانێتی فراکسیۆنە کوردییەکان، بەھۆی سەرقاڵبوونی پەرلەمانتارانەوە بوو بە پرسی ھەڵبژاردنی سەرۆک کۆماری عیراقەوە، بۆیە پێکھێنانی ئەو ھاوپەیمانێتییەو دانانی سەرۆک و بڕیاردەر و وتەبێژەکەی دەکەوێتە دوای جەژنی ڕەمەزانەوە".

ئەو پەرلەمانتارە ئەوەشی ڕاگەیاندووه‌،" بەپێی ئیستیحقاقی ھەڵبژاردن، پۆستی سەرۆکی ھاوپەیمانێتی فراکسیۆنە کوردستانییەکان بۆ یەکێتی نیشتمانی کوردستان دەبێت، بەڵام بڕیاردەر و وتەبێژی ھاوپەیمانێتییەکە، بەپێی ڕێککەوتنی لایەنەکان ھەریەکەیان بۆ فراکسیۆنێکی تر دەبێت و بە دانیشتنێکی تایبەت دیاریدەکرێت".