بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی پارێزگای هەولێر ڕایدەگەیەنێت، بە هاوكاریی هێزەكانی ئاسایش، پۆلیسی هاتوچۆ و هێزە ئەمنییەكانی دیكە، پلانێكی ئەمنیی تۆكمەیان بۆ رۆژانی جەژنی ڕەمەزان داڕشتووە.
ڕائید كاروان خۆشناو، بەڕێوەبەری ڕاگەیاندنی پۆلیسی پارێزگای هەولێر ووتی، پلانێكی ئەمنییان بە هەماهەنگیی پۆلیسی هاتوچۆ، نەهێشتنی تاوان، ئاسایش و بەرگریی شارستانی داڕشتووە و وێڕای ئەوەی كە لە رۆژانی جەژندا تیمەكانیان لە گەڕەك و كۆڵانەكانی هەولێر و دەوروبەریدا چاودێریی دۆخی ئەمنیی دەكەن و سەروماڵی هاووڵاتیان دەپارێزن، لە دەرەوەی شاریش هێزەكانی ئاسایشی ناوخۆ لە ئامادەباشیدا دەبن.
كاروان خۆشناو دەشڵێت، بە گوێرەی پلانەكە، هێزە ئەمنییەكان لە گۆڕستانەكان و شوێنە گشتییەكانیش ڕێوشوێنی ئەمنی دەگرنە بەر و رێگری لە هەر كارێكی نایاسایی و نائاسایی دەكەن.
هاووڵاتیانیشی دڵنیا كردەوە كە، پۆلیس و هێزە ئەمنییەكان هەمیشە پارێزەری ئەمن و ئاسایشن و بە هەموو توانایەكەوە بەرگری لە سەروماڵیان دەكەن.