دانوو نەكوڵانی بەشێك لە سەلەفیەكان لەگەڵ هیچ جۆرە ڕەخنەیەك
26/07/2014 نوسەر: bzavpress

دانوو نەكوڵانی بەشێك لە سەلەفیەكان لەگەڵ هیچ جۆرە ڕەخنەیەك


ئەگەر كەسێك تەنها چاوی بە هەندێ لە ئەكاوتن‌و پەیجی بەشێك لەگەنجە سەلەفیەكاندا خشاندبێ، شەڕەدەمەیەكی بێ مانا‌و سوكایەتیەكی وا دەبینێ كە نەك لە مەنهەجی سەلەفدا جێگەی نابێتەوە بەڵكو لەگەڵ ئەخلاقی موسڵمانێكی ساویكەشدا یەكناگرێتەوە. بەڵام كورد وتەنی گەورە ئاو دەڕێژی‌و بچوك پێ تێدەخات.

بەڕێزان : 
ئەو شەڕە دەمەش لەسەر ڕەوابوونی زەكات بۆ كەناڵی ئامۆژگاری دروست بووە، لە پاش ئەوەی كە بەڕێوەبەری كەناڵەكە م.عبداللتیف فەتوای دا كە زەكات بە كەناڵی ئامۆژگار ڕەوایەو دروستە، دوابەدوای ئەوە بەشێك لە مامۆستایان بە دوای قسەكەی ئەودا كەوتنە فەتوا كۆكردنەوەو ئیجتیهاد خڕكردنەوەی ئەوانەی كە لە كۆنەوە هەندێ قسەیان كردووە سەبارەت بە شتێكی لەو جۆرە.. من لێرەدا قسەم لەسەر ڕەوابوون‌و نەبوونی زەكات نییە بۆ ئەو كەناڵە، قسەم لەسەر كاردانەوەی قەبووڵ نەبوونی ڕەخنەیە لەسەر ئەم فەتوایە.
ئەوەی كە جێگای سەرسوڕمان‌و مایەی داخ‌و خەفەتە ئەوەیە، ئەو بەڕێزانەی كە بۆ یەكەم جار لە كوردستاندا ناوی ڕەوابوونی زەكاتیان هێنا بۆ كەناڵێكی ئاسمانی، جگە لەوەی پێشووتر بۆچوونیان وابوو و زۆریش جەختیان لەسەر ئەوە دەكردەوە كە زەكات بە كەناڵ‌و ڕادیۆ ڕوانییەو جێگای خۆی ناگرێت، بە شێكیان ئێستا لەگەڵ ئەوەی هاتوون پێچەوانەی قسەی ڕابردووی خۆیان دەكەن، سوكایەتی‌و دوژمنایەتی‌و ڕقبەرایەتیەكی سەرسەختی ئەوانەش دەكەن كە پێیان وایە زەكات بە هیچ شێوەیەك بە هیچ كەنالێكی ئاسمانی ناشێت، ئەمە جێگای سەرسوڕمانە كە كەسێك ئەوەندە جیقڵدانە تەنگ بێت بەرگەی ئەوە نەگرێت كە كەسێك ڕەخنە لە فەتواكەی بگرێت.

بەڕێزان: 
لە مێژووی ئیسلامدا زانایان و شەرعناسان كاتێك كە بۆچوونێكیان هەبووبێ‌و فەتوایەكی تازەیان دابێ، بەرگەی ڕەخنەی بەرامبەریان گرتووەو هیچ كات نەهاتوون لە بابەتێكی ئاوەها فیقهیدا بەرامبەرەكەی بە دڵ نەخۆش‌و موتەخازیل ناو ببات..
لەلای هەموومان ڕوونە كە زانایان لەمەسەلەی كوفرو ئیمانی كابرایەكی نوێژنەكەردا بۆچوونیان جیاوازە، بەڵام نەمان بیستووە هیچ كەسێك لەو گەورە زانایانە تۆمەتی ناشیرین بدات بەسەر بەرامبەردا‌و سوكایەتی پێ بكات، نەك هەر ئەوەندە بەڵكو ڕێگەی بە قوتابی‌و ژێر دەستەكانی خۆشی نەداوە كە ڕەفتارێكی ناشیرین بەرامبەر بە بو چوونی بەرامبەر بكرێ‌و، هەرگیزیش ڕازی نەبووە كە دۆستایەتی دوژمنایەتی لەسەر قسەو بۆچوونەكانی ئەو بكرێ.
هیچ كات ئەو زانایانە ڕێگەیان بە خۆیان‌و غەیری خۆیان نەداوە كە بكرێن بە سەنگی مەحەك بۆ دینداری ‌و بێ دینی خەڵك ... بۆ ئیمان‌و كوفری خەڵك... بۆ سەلەفی بوون‌و سەلەفی نەبوونی خەڵك... بەداخەوە ئەمڕۆ ئەو دیاردەیە لەم ڕۆژگاردەدا دەبینرێ‌و دەبیسترێ كە هەركەس بە فلان‌و فیسار ڕازی بێ ئەو بزانن خەت‌و ڕێبازی پێغەمبەری گرتووەو لێی لانەداوە، هەركەسیش پێ ڕازی نەبێ ئەوە لە خەت‌و ڕێبازی پێغەمبەر لایداوە... ئایا هیچكام لە زانایان ڕازی بوون بەم شێوەیە هەڵسووكەوتیان لەگەڵ بكرێ... 
بەداخەوە ئەمڕۆ بەشێك لەسەلەفیەكان لە میانەی ئەوەی كە چاك لە ئاین تێنەگیشتوون‌و پێنەگەیشتوون، ئەو جۆرە مەسەلەو وەردە بابەتەفقهیانە دەكەنە مایایەی دەماگیری‌و تەعەصوب، هەراو كێشەی پێدەنێنەوە، بناغەی دۆستایەتی‌و دوژمنایەتی لەسەر بینا دەكەن‌و، ئەو بروبۆچوونەی كە خۆی هەیەتی دەیكات تەرازوویەك كە دڵ نەخۆش و دڵ ساغی پێ جادەكاتەوەو، موتەخازیلی پێ دەناسێتەوە!!!!!! بە بەرامبەر دەڵی (موتوا بغيظكم)!!!!
ئایا ئەوە ئەخلاق‌و ڕەوشتی سەلەف بووە بە برای هاودین‌و مەنهەجی خۆی بڵێ (موتوا بغيظكم)تەنها لەبەر ئەوەی خیلافی لەگەڵدا هەیە!!!! ئەم سوكایەتی‌و ڕقبەرایەتیە لە كوێ دینی ئیسلام‌و مەنهەجی سەلەفدا جێگەی دەبێتەوە؟؟؟!!!! بەڕێزەكەم سەلەفت كێیە كە ئایەتێك بەسەر جوولەكەدا دابەزیوە، ئێستا تۆ دێیت بەسەر موسڵماندا دادەگریت تەنها لەبەر ئەوەی خیلافی فقهی لەگەڵتدا هەیە؟؟؟؟!!!!! لە ناوناتۆرەی ناشیرین‌و بریندار كردنی هەست‌و شعوری بەرامبەردا سەلەفت كێ یە؟!!!!!؟؟؟ ئەگەر ئەمە ڕەوشت‌و ئەخلاقی سەلەف بێت ، ئەی ئاكاری خەلەف ئەبێ چۆن بێ؟؟؟؟!!!!! ئەمە ئەگەر ڕەفتاری فیـرقەی ناجییە بێ، ئەی پیشەی فیرقە گومڕاكان دەبێ چۆن بێ؟؟؟؟!!!! باشە ئەو سەلەفەی كە جەنایتان خۆتان بە میرات هەڵگریان دەزانن، بەم شێوەیە ئیسلامیان بە شەرق‌و غەربدا بڵاوكردەوە؟؟؟!!!!! باشە ئەمە ئەگەر خیلافێكی فقهی بێ لەگەڵ كەسێكی هاومەنهەجی خۆتدا، ئەبێ ئەخلاقت چۆن بێ لەگەڵ كەسێكدا ئەگەر كوفر بكات؟؟؟؟!!!! ئایا ئەم ڕەوشتە لەو ڕەوشتەی پێغەمبەرەوە وەرتگرتووە كە لەپاش بەردەبارانكردنی لەلایەن تایفەوە دوعای خێری بۆ كردن؟؟؟؟ یان لە‌و ڕەوشتەی پێغەمبەر كە هەبوو بەرامبەر بەو پیاوەی كە لە ناو مزگەوتدا میزی كرد؟؟؟
بەڕاستی ئەوە نیشانەی فەقیرحاڵی‌و نەزانینە كە بەو شێوەیە دەیانەوێ میراتی سەلەف بدەن بە كۆڵیانە، بۆیە لە ئەنجامی كرچ‌و كاڵ‌و تێنەگیشتن‌و پێنەگیشتنیان‌و سەرگێلی‌و سادە حاڵی بوون لە دین‌و قوڵ نەبوونەوە بە قورئان‌و سوننەت‌و، میرات‌و كەلەپوری سەلەف دووچاری ئەم دەردو نەخۆشی بوون‌و بەرەو ئەم دیاردە ناشەرعی‌و ناماقوڵ‌و دێوەزموو زیانبەخشە بەلكێش بوون. چونكە كەم شارەزایی‌و نەزانین هەمیشە بیركورتی‌و دەمارگیری‌و جیقڵدانە تەنگی دروست دەكات، شارەزایی‌و بەرچاو ڕوونیش سەرچاوەی سینگ فراوانی‌و سەماحەتە. بەلای كەمەوە هەر هیچ نەبێ خاوەنەكەی لە چاڵی قوڵی بێ ئاگایی‌و نەزانین‌و چاوكوێری قوتاری دەكات‌و دەری دەهێنێ، بەڵام دیارە ئەمانە خودا لەمەش بێ بەشی كردوون...
ئەگەر نا ڕەخنەی بەرامبەر بۆ فەتوایەكی تازە بە نسبەت ئێرەوە، ئەو كێشەو بگرەو بەردەو مشت‌و مڕوو شەڕە دەنوك‌و بنەمای ناكۆكی‌و دووبەرەكی‌و پەرتەوازەیی‌و جیاجیایی‌و، بوغزو كینەو زەم‌و غەیبەتەی بەدوای خۆیدا نەدەهێنا.

بەڕێزان:
سیفەتی ئینسانی عالم‌و زانا ئەو كەسەیە كە هیچ كات ڕێگە بە خۆی‌و غەیری خۆی نەدات قسەو فەتوا‌و ئیحتهاد‌و بیروبۆچوونەكانی بكرێنە زەمینەی كێشەو هەراو نێوان تێكچوون‌و دۆست زویربوون‌و دوژمن‌و ناحەز پێخۆش بوون.
نابێ ڕێزگرتنمان لە زانایان لە سنوری خۆی بچێتە دەرێ، بەوەی كە بە بێ هەڵەو مەعصوم تەماشابكرێن یان لە پێشچاوی خەڵك وایان نمایش بكرێن‌و لە قەڵەم بدرێن‌و، بڕیارەكانیان وەكو دەقی قورئان‌و سوننەت بێ چەند‌و چوون وەربگیرێن، چونكە هیچ زانایەكی ڕاستەقینە ڕازی نابێ ئاوا ڕەفتار لەگەڵ قسەو بیرو بۆچوونەكانیدا بكرێت... 
بۆیە هیچ زانایەك هەرچەندە پلەو پایەی بەرز بێ، نابێ پلە بەرزیەكەی وامان لێ بكات كە هەرچی گووت هەمووی بەڕاست‌و دروست‌و بێ هەڵەی بزانین‌و، نەتوانین قسەو بۆچوونەكانی بە تەرازووی قورئان‌و سوننەت بپوێین‌و هەڵسەنگێنین، چونكە میزانی لەیەك جیاكردنەوەی ڕاستی‌و چەوتی تەنها قورئان‌و سوننەت ە، وە قورئان‌و سوننەت باڵادەستن بەسەر هەموو كەسێكداو قسەو بیرو ڕای هیچ كەسێك باڵا دەست نییە بەسەر قورئان‌و سوننەتدا، بەڵكو قسەو بیرو بۆچوونی هەموو كەسێك مەحكومی قورئان‌و سوننەتە.
ئەمەی كە نوسیم: ڕووی نوسینم لەهەر كەسێكە كە ئەوە پیشەی بووبێ، ئیتر لە هەر تەرەفێك بێت.
بە ئومێدی ئەوەی كە هەموولایەكمان لێی سوودمەندبیـن.