ڕۆژووی پێشمه‌رگه‌
22/07/2014 نوسەر: bzavpress

ڕۆژووی پێشمه‌رگه‌

24
(ڕۆژوو به‌ كوردیی)
ڕۆژووی پێشمه‌رگه‌؛ واته‌ ڕۆژووی موجاهید؛ موجاهیدیش یه‌كێكه‌ له‌ خۆشه‌ویستانی خودا؛ خۆشه‌ویستانی خوداش هه‌ر یه‌كه‌ و پله‌ و پایه‌ی جیاجیان هه‌یه‌؛ خودا بۆیه‌ ئه‌م یله‌به‌ندییه‌ی كردووه‌ بۆ خۆشه‌ویستانی خۆی تا مرۆڤه‌كان هه‌وڵی وه‌ده‌ستخستنی بده‌ن و ئه‌و پله‌باڵایه‌ی خۆشه‌ویستی خودا ده‌ستبخه‌ن بۆخۆیان؛ چونكه‌ هه‌ركه‌سێك باوه‌ڕی به‌ خودا هه‌بێت و موسڵمان بێت و عه‌بدێكی سه‌رڕاستی خودابێت و پێشمه‌رگه‌ و موجاهید بێت و له‌ بیروباوه‌ڕیدا هه‌بێت كه‌ جیهاد و به‌رگریكردن له‌ ئیسلام و خاك و سنووری نیشتمانی خۆی یه‌كێكه‌ له‌ بنه‌ما سه‌ره‌كییه‌كانی ئاینی ئیسلام؛ كه‌ خودا له‌ كاتی پێویستدا وه‌ك فه‌رزی عه‌ین و بنه‌ڕه‌تی ده‌سنیشانی كردووه‌ بۆ موسڵمانان؛ هه‌ركه‌سێك له‌سه‌ر ئه‌م بیروباوه‌ڕه‌ بكوژێت بێشك شه‌هیدی ڕێگه‌ی خودایه‌ و خودا وه‌ك یه‌كێك له‌ خۆشه‌ویستان و نزیكه‌كانی خۆی هه‌ژماری ده‌كات.
ئه‌مڕۆ كوردستان له‌ ڕه‌وشی جیهاد و به‌رگریدایه‌؛ پێشمه‌رگه‌كانی ده‌ڕۆنه‌ ڕیزی موجاهیدانی ئیسلام و موسڵمانانه‌وه‌؛ جونكه‌ خه‌ڵكی كوردستان زۆرینه‌ی موسڵمانن و باوه‌ڕیان به‌ خودای تاقانه‌ هه‌یه‌ و وه‌ك موسڵمان و كوردێك به‌رگریی له‌ نیشتمانه‌كه‌یان ده‌كه‌ن؛ هه‌ر بۆیه‌ له‌سه‌ر ئه‌م باروزرووفه‌ی كه‌ به‌سه‌ر كوردستاندا هاتووه‌ و له‌م وه‌رزی هاوین و ڕمه‌زانه‌دا و ڕه‌وشی به‌رگریی و ئاماده‌باشی پێشمه‌رگه‌ و موجاهیدانی كوردستان؛ زانایانی ئیسلام فه‌توای ئه‌ویان بۆ ده‌ركردن كه‌ ئه‌گه‌ر له‌ حاڵه‌تی جه‌نگ و به‌رگریدا بن ده‌توانن ڕۆژووه‌كانیان بشكێنن و به‌ ڕۆژوو نه‌بن و له‌ كاتێكی دیكه‌دا به‌ پێی شه‌رع ده‌بێت بیگرنه‌وه‌؛ له‌به‌ر ئه‌وه‌ی وه‌رزێكی گه‌رمایه‌ و توانای به‌ ڕۆژووبوون له‌ توانای مرۆڤ به‌ده‌ره‌ و له‌و ڕه‌وش و حاڵه‌ته‌دا ‌‌ زاڵبوون به‌سه‌ر توانانی پێشمه‌رگایه‌تیدا ڕه‌نگه‌ زۆر ئه‌سته‌م بێت.
ئه‌مڕۆ هه‌ر كه‌س موسڵمان بێت و پێشمه‌رگه‌ بێت و له‌ به‌ره‌كانی جه‌نگ و به‌رگریدا بێت له‌ سنووره‌كانی كوردستان؛ پێشك موجاهیده‌ و ئه‌گه‌ر ڕووبه‌ڕووی مردن بێته‌وه‌ بێشك شه‌هیدی ڕێگه‌ی خودایه‌ و خودا به‌ شه‌هیدی قه‌بووڵی ده‌كات.
ئه‌ی ئه‌گه‌ر بێت و پێشمه‌رگه‌یه‌ك بتوانێت له‌و گه‌رماو بڵێسه‌یه‌دا به‌ ڕۆژوو بێت چی!؟؛ به‌ بڕوای هه‌موومان خێری گه‌وره‌تر و پله‌ی باڵاتری ده‌ستده‌كه‌وێت لای خودای باڵاده‌ست؛ بێشك ئه‌م باروزرووفه‌ی سه‌ركوردستانیش ده‌ڕواته‌ شوێنی تاقیكارییه‌ خوداییه‌كه‌ كه‌ به‌سه‌رمانه‌وه‌یه‌ و ده‌بێت ئینشائه‌ڵڵا لێی ده‌بچین؛ چونكه‌ ژیانی دنیا هه‌موو به‌ش و پشكێكی تاقیكارییه‌ به‌سه‌ر مرۆڤه‌كانه‌وه‌ و ئه‌وه‌ی باوه‌ڕی به‌ خودا هه‌بێت و بنه‌كانی به‌سه‌ر خۆیدا جێبه‌جێبه‌كات بێشك یه‌كێك ده‌بێت له‌ خۆشه‌ویستانی خودا و خودای باڵاده‌ست به‌هه‌شتی به‌رین و فراوانی خۆی ده‌به‌خشێت پێی.
ده‌بێت ئێمه‌ سوپاسی خودا بكه‌ین كه‌ به‌ موسڵمان و كورد درووستی كردووین و كردووینی به‌ خۆشه‌ویستی ڕێبازه‌كه‌ی خۆی؛ ڕێبازه‌كه‌ی خودا بێشك سه‌ركوتووی هه‌موو ڕێبازه‌كانه‌ و تاقه‌ ڕێبازێكی خوداییه‌ و براوه‌ی كاروانه‌كه‌ی ژیانی سه‌رزه‌وییه‌ و هه‌ر خۆی به‌ڵێنی سه‌ركه‌وتن و مانه‌وه‌ی داوه‌؛ كێ له‌سه‌ر ئه‌و ڕێبازه‌ ده‌ڕوات و باوه‌ڕی به‌ بنه‌كانی ئیسلام و موسڵمانان هه‌یه‌ و به‌رگریی له‌ نیشتمان و ئیسلامه‌كه‌ی ده‌كات به‌ یه‌كێك له‌ خوداپه‌رستییه‌كان ده‌بینێت؛ بێشك جێگه‌ی به‌هه‌شته‌ و له‌ ڕیزی براوانه‌ و شه‌هیدی ڕێگه‌ی خودایه‌.
خودایه‌ ڕێگه‌كه‌ی خۆت نیشانی پێشمه‌رگه‌ بده‌یت و پێشمه‌رگه‌ بكه‌یته‌ قه‌ڵغانێك بۆ به‌رگریكردن له‌ كوردستان و ئیسلامه‌كه‌ت؛ خودایه‌ ئێمه‌ باوه‌ڕومان به‌ تۆ هه‌یه‌ و له‌سه‌ر ڕێبازه‌كه‌ی خۆت فێربووین به‌رگریی له‌ كوردستان بكه‌ین و نیشانمان بده‌یت كه‌ له‌سه‌ر ڕێبازه‌كه‌ی خۆت زیاتر به‌رگریی له‌ نیشمان و خاكمان بكه‌ین؛ خودایه‌ ئه‌وه‌ی باوه‌ڕی به‌ تۆ هه‌یه‌ و له‌سه‌ر ڕێبازه‌كه‌ی خۆت به‌رگریی له‌ كوردستان ده‌كات به‌ زیندوویی و به‌ مردوویی به‌ شه‌هیدی خۆت قه‌بووڵی بكه‌یت؛ خودایه‌ ئێمه‌ش بخه‌یته‌ ڕیزی موجاهیدانی ڕێگه‌ی خۆت و كورد و كوردستان و له‌ ده‌ستی دوژمنانی بپارێزیت؛ خودایه‌ به‌خاتری ناوه‌ جوانه‌كانی خۆت له‌ به‌ره‌كه‌تی سه‌ركه‌وتن و ده‌ستهاتی مانگی ڕه‌مه‌زان بێبه‌شمان نه‌كه‌یت؛ هه‌رخۆتی سه‌ركه‌وتن ده‌ده‌یت و هه‌ر خۆتی پله‌ی باڵا ده‌به‌خشیت؛ هه‌ر خۆتی گشت شتێك ڕاده‌هێنیت له‌سه‌ر پابه‌ندبوون به‌ ئیسلام و خوداپه‌رستی خۆته‌وه‌؛ خودایه‌ داوات لێ ده‌كه‌یت ڕامانبهێنیت له‌سه‌ر پابه‌ندبوون و عه‌بدایه‌تی خۆت و سه‌رمانبخه‌یت به‌سه‌ر دوژمنانماندا؛ خودایه‌ پێشمه‌رگه‌ له‌ ناڕه‌حه‌تی و شكست بپارێزیت و سه‌ركه‌وتنی ئه‌م دنیا و ئه‌و دنیایان پێ ببه‌خشیت... اللهم امین.