له‌سه‌ر ده‌سته‌ڵاتى ناوچه‌كه ناكۆكى له‌نێوان گروپه‌چه‌كداره‌كان هه‌يه، و له حه‌ويجه پێکدادان لەنێوانیان دروستبووه، سه‌ركرده‌يه‌كى چه‌كدارانى نه‌قشبه‌ندى ڕايده‌گه‌يه‌نێت، چه‌كدارانى داعش دێن وپێمان ده‌ڵێن تۆبه بكه‌ن، ئێمه‌ش ڕه‌تمانكردوه‌ته‌وه.
له‌و باره‌يه‌وه سەرکردەيه‌كى سەربازی نەقشەبەنديه‌كان، ڕايگه‌ياند،" ناکۆکی نێوان ئێمه و داعش بۆ دەسەڵات ناگەڕێتەوە، بەڵکو بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە ئێمە ڕەتمان کردۆته‌وه چەکدارانی داعش بەتایبەت بیانییه‌كانیان لەناوچەکەمان حوکم بکەن و دەسەڵاتداربن".
هه‌روه‌ها وتيشى،" ئێمە ناتوانین پابەندی یاساکانی داعش بین وخەڵکی ناوچەکەش بەھەمان شێوە ئامادە نین پابەندی ئەو یاسایانە بن، بەڵام خەڵکەکە تازە لەژێر دەسەڵاتی مالکی دیکتاتۆر ڕزگاریبووە، بۆیە جارێ قسە ناکەن".
ئەو سەرکردە سەربازییەی نەقشەبەندییه‌كان كه‌نه‌ويستووه ناوى ئاشكرا بكرێت، بۆ ئاژانسى ئانادۆڵو ئاشكراشى كردووه،" لەچەند ناوچەیەک شەڕ و پێکدان له‌نێوان ئێمه و داعش دروستبووه لەبەر ئەوەی ئەو چەکدارانە دێنە سەر شوێنەکانمان داوا دەکەن کە له‌سه‌ر ده‌ستی ئەوان تۆبه بکەین، ئێمەش ڕەتمان کردۆتەوە کەسانێکی پاکستانی و ئەفغانستانی لەسەر خاکی خۆمان تۆبەمان پێ بکەن، خۆ ئێمە کافر نین".
لای خۆیەوە بەڕێوبەری پۆلیسی قەزاواناحیەکانی کەرکوک عه‌مید سه‌رحه‌د قادر ھەواڵی ناکۆکی نێوان چەکدارانی داعش و نەقشەبەندییه‌كانی پشتڕاستکردەوەته‌وه و ئاشكرایكردووه ئەوان دەمێکە ناکۆکیان ھەیە و بەشێکی ناکۆکێکەشیان لەسەر دەسەڵاتە لەناوچەکەدا.
سه‌رحه‌د قادر باسی لەوەشکرد کە چەکدارانی داعش کۆمەڵێ یاسا دەسەپێنن، پێ دەچێت لەلایه‌ن بەعسییه‌كان و نەقشەبەندییه‌كان وکەسایەتییه عەشاییرەکان قبوڵ نەکرێت.