14/07/2014
•
نوسەر: bzavpress
•
لەیادی شۆڕشی (14)ی تەمموزدا
لە ناوەڕاستی مانگی تەمموزی هەموو ساڵێكدا لە وڵاتی عێراق دوو یادی دیاری مێژوویی هەیە كە بە دوو ڕووداوی (تاڵ) و (شیرین) لە لای زۆربەی عێراقیەكان وەسفدەكرێن، یادی یەكەمیان لە رۆژی (14)ی تەمموزی (1958)دایە كە رژێمی پاشایەتی عێراقی تیادا رووخێنرا بە سەركردایەتی (زەعیم ڕوكن/عبدالكریم قاسم) یادی دووەمیش لە رۆژی (17)ی تەمموزی (1968) دایە كە تیای دا حیزبی بەعس بە سەرۆكایەتی (احمد حسن البكر) و (صدام حسین)ی جێگری كودەتایەكی لەناكاویان ئەنجامداو لە بۆشاییەكی حوكمڕانی سیاسی عێراقدا حوكمی عێراقیان بە دەستەوە گرت و پتر لە ماوەی سی و پێنج ساڵ حوكمی ئەم وڵاتەیان بە ئاگر و ئاسن و سیستمی تاكڕەوی حیزبی فەرماندەو، بە چەندین قۆناغی جەنگە ناوخۆیی و دەرەكیەكانیشەوە، بەڕێوە برد و كە دواجار بووە هۆی لە نێوچوونی خۆیان و حوكمەكەشیان.
دیارە ئەوەی زیاتر لەم رۆژانەدا جێی بایەخ و گرنگی پێدانی یا داوەریی سەرجەم عێراقیەكانە زیاتر یادی شۆڕشی (14)ی تەمموزی (1958)ە كە لە هەمان كاتدا شۆڕشی سوپاو شۆڕشی میللەتیش بوو، شۆڕشی كردنەوەی دەروازەی عێراقیەكان بوو بە ڕووی دیموكراسی و سەربەستی و پڕۆسەی ئاشتەوایی نیشتمانی دا.
لە بەرەبەیانی رۆژی (14)ی تەمموزی ئەوساڵەدا جەماوەری گەلانی عێراق بەوپەڕی شادی و دڵخۆشی یەوە هەواڵی سەركەوتنی شۆڕشەكەیان بیست چونكە سەركردەكانی شۆڕش لە زۆربەی چین و توێژ و پێكهاتە نەتەوەیی و مەزهەبی یەكانی عێراق پێكهاتبوون و سەرەتا بووە هۆی ئەوەی كە هەموو پارت و لایەنە بەرهەڵستكارەكانی ئەوسای عێراق بچنە پاڵ شۆڕشەكەو پشتگیری لێ بكەن.
دیارترین سەركردەكانی ئەم شۆڕشە:
حەزدەكەم بەكورتی ئاماژەیەكی خێرا بۆ ناوی ئەو سەركردە دیارانەی شۆڕش و ئەركەكانیان لەو شۆڕشەدا بكەم، وەك:
1ـفەریقی ڕوكن (نەجیب روبەیعی) ساڵی (1905) لە دایك بووە و باوكی جوتیار بوو لە ناوچەی (دیالە)، لە كۆلیژی سەربازی و كۆلیژی (ئەركان) لە بەغدا دەرچوو بوو و لەنێو هاوڕێ ئەفسەرەكانی دا سەركردەیەكی دیار و هەڵكەوتوو بوو، دیارترین هاوڕێشی (زەعیم / تۆفیق حسێن) بوو كە كودەتایەكی لە ساڵی (1936)دا لە دژی پاشایەتی گێڕا بوو، ئەم دوو هاوڕێیە دوای ئەو كودەتا سەرنەگرتووە پێكەوە بەشدار بوون لە دەركردنی گۆڤاری (دەنگی جەنگاوەران/ صوت المحاربین)، فەریق ڕوكن (نەجیب ڕوبەیعی) لە شۆڕشەكەی (رەشید عالی گەیلانی)ش دا بە شداریی كردبوو و تەوژمێكی رۆحی دیاری لەنێو هاوڕێ ئەفسەرەكانی دا هەبوو، گەیشتە پلەی فەرماندەی (فیرقەی/3) لە (بەعقوبە) و رێكخراوی (ئەفسەرانی ئازادیخواز)یش هیوایەكی زۆریان لەسەر هەڵچنی بوو، لە پێش شۆڕشیش دا ماوەیەك باڵیۆزی عێراق بوو لە (جەددە) لە (سعودیە)و تا كاتی هەڵگیرسانی شۆڕشەكە لەو پلەیەدا بوو دەستەی فەرماندەكانی شۆڕشیش هەڵیانبژارد بە سەرۆكی (مەجلیسی سیادە).
2ـزەعیم روكن (عبدالكریم قاسم) كە لەتەمەنی چل و هەشت ساڵی دا بوو بە كەسێكی هێمن و رۆح سووك ناسرا بوو، هەردوو كۆلیژی (سەربازی) و (ئەركان)ی تەواو كردبوو و لە جەنگی (فەلەستین)یش دا بەشداری كردبوو، لەماوەی دوو ساڵی پێش شۆڕشەوە سەرقاڵی پێكهێنانی شانەكانی ئەفسەرانی ئازادیخوازی نێو سوپای عێراق بوو، بەردەوام لەگەڵ ئەو ئەفسەرانەش دا بە نهێنی كۆ دەبوونەوە لەوانەی زیاتر دەم بە پرتەو پۆڵەو ناڕەزایی بوون، ئەمەش رازێكی تری سەركەوتنی (عبدالكریم قاسم) بوو لە كارەكانی دا، تەنانەت ژمارەیەكی زۆر كەم لە ئەفسەران دەیانزانی كە ناوبراو سەری جوڵانەوەیەكەو چەقی پەنهانی بازنەی نهاڕەزاییەكانیش بوو تا ئەو رادەیەی سیخوڕەكانی (عبدالالە) و (نوری سعید)یش بە بزاوت و هەنگاوەكانیان ئاشنا نەبوون.
لە مانگی پێش وادەی شۆڕش دا ویستبوویان كودەتاكە ئەنجام بدەن بەڵام ئاتاجیان بە چەند مەسەلەیەكی تری وەك دوورخستنەوەی كەرتە گومان لێكراوەكانی سوپا هەبوو ئەوەبوو فەرمانی دا بە جوڵاندنی لیوای پیادەی بیستەم بەرەو (عەممان) تاكو دەرفەتی گونجاو بۆ ئەنجامدانی شۆڕش بخوڵقێنێت و بەوپەڕی كارامەیی و سەركەوتنەوە شۆڕشەكەیان بەرپا كرد.
3ـ(محمد مهدی كبەـئەندامی ئەنجومەنی سیادە) یەكێك بوو لە ئازادیخوازانی ئەو سەردەمەو ماوەیەكی زۆر بوو لە خەبات و تێكۆشان دا بوو سەرۆكی پارتە كۆنەكەی (الاستقلال) بوو و لەدامەزرێنەرانی (حزب المۆتمر الوگنی) بوو كە پێشتر (نوری سعید) مۆڵەتی كارو چالاكی پێ نەدابوو، بەشداری كابینەی حكومەتی كردبوو لە دوای راپەڕینە جەماوەرییەكەی كە دژی پەیمانی (پۆرتسمۆسی) ئەنجام درابوو.
4ـ(خالید نەقشبەندیی)ی ئەندامی (مەجلیسیسیادە) لە خانەوادەیەكی دینداری ناوداری ئەوسای پارێزگای (نەینەوا) بوو لە شارۆچكەی (بامەڕنی) سەر بە قەزای (ئامێدی) لە دایك بووە لە ساڵی (1916) دوای تەواوكردنی هەردوو قۆناغی خوێندنی سەرەتایی و ناوەندی، پەیوەندیی بە (كۆلێژی سەربازییەوە) كردبوو تەواوی كرد، هەروەها كۆلیژی (ئەركان)یشی تەواو كردبوو دوای ئەوەی كۆلیژی (ماف)یش لە ساڵی (1949)دا تەواو كرد، ماوەیەك قایمقامی قەزای (هەڵەبجە) بوو پاشان پارێزگار (موتەسەریف)ی هەولێر بوو زمانەكانی كوردی و عەرەبی و فارسی و ئینگلیزی بە چاكی دەزانی.
5ـزەعیم ڕوكن (أحمد صالح العبیدی) كە (حاكمی گشتی سەربازی و سەرۆكی هەیئەی ئەركانی حەربی سوپای عێراق بوو و ماوەیەك هاوڕێی خوێندنی (عبدالكریم قاسم) بوو لە كۆلیژی سەربازی دا.
6ـ عەقید (فاچل عباس مهداوی) لە تەمەنی (43) ساڵی دا بوو و لە ساڵی (1939)دا كۆلێژی سەربازی تەواو كردبوو، ناوبراو دوای شۆڕش پۆستی سەرۆكایەتی دادگای گەل (محكمە الشعب)ی پێ سپێردرا كە توانی چەندین كەسی ناپاكی پێ دادگایی بكات.
7ـرەئیس (منژر سلیم) كە هێرشی كردە سەر كۆشكی (ریحاب) و گەمارۆی داو دوای ئەوەی پاسەوانانی كۆشكی پاشایەتی بەربەرەكانیان كردبوون ناچار بوون بە زەبری هێز ئەو شوێنە داگیر بكەن و لە ئاكامدا یەكێك لە ئەفسەرانی تایبەت بە كاری پاسەوانی كردنی كۆشك، ئەو كۆشكەی تەسلیم كردن.
8ـرەئیسی یەكەم (بەهجەت سەعید) كە هێرشی كردبووە سەر كۆشكی نوری سەعید، لەو سەردەمەدا فەرماندەی سریەی دووەمی سەر بە فەوجی سێی لیوای بیستەم بوو لە سوپای عێراق دا، سەبارەت بەم كارەی ناوبراو، بە كورتی ئەم رووداوە لە زاری خۆیەوە دەگێڕینەوە كە گوتویەتی (پێشڕەویمان كرد بەرەو دەرگای سەرۆكایەتی (نوری سەعید) لە كۆشكەكەی داو لەماوەی پێنج خولەك دا دەرگاكەمان شكاند، پاشان چوینە نێو باخچەی كۆشكەوەو بە توندی گەمارۆی ساختمانی كۆشكمان دا، دواتر لەگەڵ چەند سەربازێك دا بە دوای خودی (نوری سەعید)دا دەگەڕاین و نەماندۆزییەوە، بەڵام وا دیار بوو كە كۆشكەكە سێ تونێلی لە ژێردا هەڵكەندرابوو بەرەو رووباری (دیجلە)، ناوبراو لە رێی یەكێك لەو تونێلانەوە دەرچوو و سواری بەلەمێك بوو لە رووباری دیجلەدا كە لە بەلەمەكانی هەندێك راوچی ئەو ناوچەیە بوو، تەنها شۆفێرەكەی هات و خۆی بە دەستەوەدا، پاشان هێندەی نەخایاند كە كۆمەڵانی رق ئەستووری خەڵك توانیان (نوری سەعید) بدۆزنەوە لە كاتێكدا خەریكی راكردن بوو لە ماڵی دەرەبەگێكەوە بەناوی (محمود ئەستەربادی) لە ناوچەی (باب الشرقی)ی شاری بەغداوە بۆ ماڵی دەرەبەگێكی دی بە ناوی (محمد العریبی)، لەكاتی هەڵاتنیشی دا (نوری سعید) عەبای ژنێكی بەسەرخۆی دا دابوو و ژنەكەی (محمود ئەستربادی) و ژنە كارگوزارێكیشیان لەگەڵی دابوون، بەڵام خەڵك ئەویان ناسی یەوەو بە سزای گەل و شۆڕشیان گەیاند.
9ـموقەدەم (فاچل محمد علی) كە سەربازگەی پۆلیسی داگیر كرد.
10ـرەئیس (مهدی علی الصالحی) كە بەشداربوو لە گرتنی ئیزگەی فەرمیی بەغدا دا كە تاكە كەناڵی راگەیاندنی سەر بە حوكمی پاشایەتی بوو.
جگە لە چەندین ئەفسەر و سەربازی پلەداری ئەوسای سوپاو چەندین كەسایەتی كورد و عەرەبی تری وەك (موقەدەم عبدالفتاح شالی) و (عبدالهادی الراوی) و (ابراهیم اللامی) و (شاكر سلام) و سەدانی تر لەوانەی بەشداری شۆڕشەكە بوون و نوێنەرایەتی سەرجەم پێكهاتە نەتەوەیی و مەزهەبی یەكانی تری گەلانی عێراقیان دەكرد.
هەندێك لە دەسكەوتە دیارەكانی شۆڕشی (14)ی تەمموز
دیارە لەم وتارە كورتەدا ناكرێت سەرجەم دەسكەوت و بەرهەمەكانی ئەو شۆڕشە باس بكەین بەڵام بە كورتی لێرەدا ئاماژە بۆ دیارترینیان دەكەم:
1ـیاسای چارەسەری كەرتی كشتوكاڵ و خۆماڵی كردنی زەوی و زارە كشتوكاڵیەكان و سەندنەوەیان لە دەرەبەگە خوێن مژەكانی ئەو سەردەمە.
2ـیاسای چاككردنی كەرتی خوێندن و خوێندنی باڵاو هاندانی خەڵكی لەسەر خوێندەواری ئیلزامی.
3ـلە بواری كەرتی نەوت دا دەرچوونی یاسای ژمارە (80) بۆ مەبەستی دەرهێنان و گەڕان بە دوای نەوتدا لە لایەن كۆمپانیایەكی بەریتانیەوە.
4ـدروستكردنی چەندەها نەخۆشخانەی گەورە لە شارەكانی عێراق دا، وێڕای بنیاتنانی خەستەخانە كۆمارییەكان و بنیاتنانی شارۆچكەی پزیشكی (مدینە الگب).
5ـبەستنی پەیماننامەیەك بۆ دروستكردنی یاریگای نێودەوڵەتی (شعب) لەگەڵ كۆمپانیای (كۆڵیەنكیان)ی پورتوگالی دا.
6ـدامەزراندنی دەیان كارگەی زەبەلاحی پیشەسازی لە زۆربەی شارە دیارەكانی عێراق دا لە دیارترینیان (دامەزراوەكانی ـ ئەسكەندەریە) و (كارگەكانی رستن و چنین و زەیتی رووەكی) پاشان دامەزراندنی مۆنۆمێنتی (ئازادی) لە بەغدا.
7ـدەرهێنانی عێراق لەژێر پاشكۆیەتی ئینتیداب و رزگاركردنی لە چەنگاڵی ئیمپریالیزم.
8ـدەركردنی چەندین یاسای دیكەی وەك (یاسای كاری نوێ و رێكخستنی كار و مووچەو خزمەتی كرێكاران) و یاسای (ئەحوالی شەخسی) و پاكتاوكردنی بنكە سەربازییەكانی بیانی و دەرچوونی عێراق لە (پەیمانی بەغدا) و لە بلۆكی ئەستەرلینی و دان نان بە گەلی كورد و كێشەكانی دا لە دەستوورەكاتی یەكەی ئەوسای عێراق دا.