ڕەمەزان و شارستانیەتی ئیسلامی
...............................................
پێم خۆشبوو لەم مانگە پڕ خێر و بەرەكەتەدا كە مانگی ڕەمەزانە سەرنجتان بۆ چەند دیمەنێكی جوانی شارستانیەتی ئیسلامی ڕاكێشم كە پەیوەستە بەم مانگەوە:
* فانۆسی ڕەمەزان
موسڵمانەكان لەدەورانی خیلافەتی ئیسلامیدا لەبەر ئەوەی هەندێكی زۆریان ماڵیان لەمزگەوتەوە دوور بوو، وە گوێیان لە بانگ نەدەبوو لەكاتی ئێوارەدا و تاوەكو رۆژووەكەیان بشكێنن، هەربۆیە كەسی بانگبێژ لەكاتی بانگی ئێوارەدا دەچووە سەر بەرزترین بڵندگۆی مزگەوتەكە و لەوێ فانۆسەكەی دائەنا تاوەكو شەوقەكەی لەلایەن خەڵكە دوورەكەوە ببینرێت و رۆژوەكەیان بشكێنن .... ئیتر ئەم فانۆسە لەسەر بڵندگۆی مزگەوتەكە دەماوە تاوەكو كاتی (ئیمساك) كەلەلایەن بانگبێژەكەوە دەهێنرایە خوارەوە و ئەمەش بەڵگەبوو لەسەر دەست پێكردنی رۆژێكی تری نوێ بۆ رۆژوو گرتن.
هەروەها وەك خۆشی دەربرینێك بۆ مانگی رەمەزان لەسەردەمی فاتمیەكاندا و لەسەردەمی المعزالدین الله لەمیسر لەساڵی (362ك/973ز)ەوە كردیە عادەت كە لەحەوتەم رۆژی رەمەزاندا وەك خۆشی دەربرینێك بۆ ئەو مانگە هەموو كۆڵانەكان بەفانۆس برازێننەوە و شەوەكەی روناك بكەنەوە.
* تۆپی بەربانگ
یەكەم رۆژی رەمەزانی ساڵی (865)ز لەشاری قاهیرەی پایتەختی میسر سوڵتانی مەمالیكی “خشقدم” هەستا لە
كــاتی بانـگی ئــێوارەدا بەتـەقاندنی تۆپێك، خەڵكەكە گوێیان لەو دەنگـە بوو وایانزانی سوڵتان بــۆ مــەبەستی رۆژوو
شكاندنی ئەوان ئەو تۆپەی تەقاندوە! بەڵام مێژونوسان دەڵێن سوڵتان ئەو تۆپەی تازە بۆ هاتووە و لەو كاتەدا بەبێئاگایی لەكاتی بەربانگ تۆپــەكەی تەقاندووە، بەڵام كاتێ بینی خەڵكەكە بەمە خۆشحاڵن و دەستــخۆشیان لێكرد، فەرمانیدا بكرێتە كارێكی رۆژانە و لەكاتی بەربانگدا بتەقێنرێ،پاشان تەنانەت بۆ كاتی بەرۆژوو بون (ئیمساك) و خۆركەوتنیش دەتەقێنرا. یەكەم ولات لەدوای میسر، شامیەكان بون پاشان بەغداد و وڵاتی تر ئەم كارەیان ئەنجامدا و بووە كلتورێك لەناویاندا.
* دروستكردنی شیرینی
بەشێكی زۆر لەو شیرینیانەی لەدوكانەكانی شیرینی خانەكاندا دەیانبینین لەلایەن موسڵمانەكانەوە داهێنراون و زۆربەشیان لەمانگی رەمەزاندا بووە بەهۆی زۆری داواكاری لەسەر شیرینی ،، ئیتر هەریەكە لەم شیرینیانە كە ئێمە چەند دانەیەكی دیاریمان خستۆتە ڕوو بەرهەمی شار و وڵاتێكن و لەسەردەمێكی دەوڵەتی ئیسلامیدا بڵاوبۆتەوە
1. پاقلاوە: لەسەردەمی عوسمانیەكاندا و لەكۆتاییەكانی خیلافەتی ئەو دەوڵەتەدا و لەسەردەمی سوڵتان عبدالحمیدی دووەمدا بووە.
2. كنافە و قتایف: شیرینی سەردەمی راشیدینە و لەدەورانی عەلیدا كاتێ موعاویە لەشام والی بوو لەلایەن یەكێ لەدكتۆرەكانەوە بۆی دروست كرا لەمانگی رەمەزاندا.
3. بریك و دنونی: لەلایەن ئەمازیغیەكانەوە كاتێ لەئەندەلوسەوە رویان كردە تونس لەگەڵ خۆیان ئەو جۆرە شیرینیەشیان گواستەوە و بەمەش بلاوبۆوە لەجیهانی ئیسلامیدا.
4. زلوبیا: هەندێك دەڵێن یەكەم كەس زریاب دایهێناوە و برێكیش پێیان وایە لەمەغریبەوە گواستراوەتەوە بۆ ئەندەلوس.
5. بامیە: شیرینیەكی زۆر بەربڵاوە بۆ یەكەمجار لەئەندەلوس داهێنراوە.
6. طلیطلە: ئەم شیرینیە هەر لەلایەن خەلكی شاری گلیگلەوە دروست كراوە كەلە رۆن و شەكر و بادەم دروست دەكرێ.
7. كرێم كارامیل بە ئەندەلوسیەكەی "وسنو":
8. بیستینوس: ئەمەش شیرینی خەڵكی شاری مالقە بووە و دوایی بەشارەكانی ئەندەلوسدا بڵاوبۆوە.
* سەركەوتنە بێوێنەكانی موسڵمانان
* 2ی رەمەزانی ساڵی (92) كۆچی موسڵمانان لەسەردەمی ئومەویەكاندا بەسەركردایەتی تاریق كوری زیاد و موسای كوری نەصیر فەتحی وڵاتی ئەندەلوسیان كرد.
* ساڵی (223)ك و لەسەردەمی خەلیفە معتصم بالله عەباسیدا لەرۆژی 6رەمەزان كاتێ ئافرەتێك لەشاری عموریە لەلایەن رۆمیەكانەوە هێرشی كرایە سەر وتی: وامعتصماه، ئەم هەواڵە گەیشتەوە موعتەسەم و ئەویش وتی: وا اسلاماه ... لەپاش ئەوە موسڵمانان فەتحی ئەو شارەیان كرد.
* ساڵی (559)ك لە رۆژی 14ی رەمەزان موسڵمانەكان بەسەركردایەتی (صلاح الدین ئەیوبی) فەتحی بعلبكیان كردوو لەخاچ پەرستان دەریان هێنا.
* رۆژی هەینی 17 رەمەزانی ساڵی (2)ك موسڵمانەكان توانیان لەجەنگی (بەدری گەورە) سەربكەون بەسەر موشریكەكاندا.
* لە 20 رەمەزانی ساڵی (8)ك موسڵمانەكان فەتحی شاری مەكەیان كرد، كە ناونرا بە "فتح فتوح" هەر ئەو رۆژە 360 بت لە كەعبەدا شكێنرا و خەڵكی پۆل پۆل بەرەو ئیسلام هاتن.
* ساڵی (658)ك، جەنگی عەین جالوت بەرپا بوو لە رۆژی 24رەمەزان لە نێوان مەغۆلەكان و مەمالیكەكان بەسەركردایەتی سوڵتان قتز و خوای گەورە سەركەوتنی بە نسیبی موسڵمانان كرد و بۆ یەكەمجار لەمێژودا مەغۆلەكان شكان و پاشەكشەیان كرد.
* جێگیركردنی نرخی شتومەكەكان
لەدەورانی خیلافەتی عوسمانیدا پێش ئەوەی ڕەمەزان بێت فەرمان دەكرا بە خاوێن كردنەوەی تەواوی بازار و كۆڵانەكان، پاشان دەست دەكرا بە كرینی سەوزە و خۆراك و خواردەمەنی و خەزن دەكرا لە ماڵی بەردیندا و لەڕەمەزاندا زگی برسیان و نەدارانیان پێ پر دەكرد، هەروەها بڕیار دەدرا كەوا ئەوانەی خێر و زەكاتیان هەیە بیدەنە كەسە هەژار و كەم دەستەكان ئەمە جگە لەهاوكاری و یارمەتیەكانی دەوڵەت. دواتریش بەر لەرەمەزانەوە كە ئەمە زۆر گرنگە چونكە هەمیشە لەوڵاتی خۆماندا كێشەی بەرزكردنەوەی نرخ هەیە ئەویش ئەوە بوو كەوا كەسانی سەرپەرشتیاری بازار هەڵدەستان بە نوسین و نرخدانانی تەواوی شتەكان و نابێت بەهیچ جۆرێ نرخی هیچ شتێ لەبازاردا بەهیچ بیانویەكەوە بەرزبكرێتەوە ئەگەرنا پێشێلی فەرمانی دەوڵەتی كردووە و بەسەختی سزا دەدرا.
*بەخشین و هاوكاری
مانگی ڕەمەزان لەدەورانی خیلافەتی ئیسلامیدا بەڕاستی مانگی كۆمەكی و هاوكاری بوو بۆ هەژاران و مانگی دەركردنی زەكات و خێركردنی دەوڵەمەندان بوو. دەوڵەمەندەكان لەم مانگەدا هەمیشە بە دەفتەری قازانج و دەسكەوتەكانیاندا دەگەڕانەوە و خێر و زەكاتی ئەو ساڵەیان لێ دەردەكرد و بەمەش خەڵكی هەژاری پێ دەبوژایەوە. ئەمە جگە لەوەی چەندین شوێن لەدەوڵەتی عوسمانیدا تەرخانكرابوو بۆ پێدانی خۆراك و دەسگیرۆیی كردنی هەژاران كە لەم مانگەدا فرەتر و زیاتر دەبوو.