قەیرانی سیخوڕی نێوان ئەمریکا و ئەڵمانیا
12/07/2014 نوسەر: bzavpress

قەیرانی سیخوڕی نێوان ئەمریکا و ئەڵمانیا


گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا دەڵێ پەیوەندی نێوان ئەمریکا و ئەڵمانیا زۆر گرنگه‌ و لە داھاتوودا دانوستانەکانی نێوان ھەردوولا بەردەوام دەبن.

گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریکا جین ساکی لە کۆنگرە رۆژنامەوانییه‌ رۆژانەكه‌یدا وەڵامی چەند پرسیارێکی لە بارەی قەیرانی سیخوڕی نێوان ئەمریکا و ئەڵمانیا دایەوە و گوتی: "چاوەڕوان دەکرێ لە داھاتوویەکی نزیکدا وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لەگەڵ ھاوتا ئەڵمانییەکەی دیدارێک ئەنجام بدا. ئاگاداری ئەوەین کە حکومەتی ئەڵمانیا بەرپرسێکی باڵای دەزگای ھەواڵگیری ئەمریکای ئاگادارکردۆتەوە ئەڵمانیا بەجێ بھێڵێ، بەڵام ناتوانم لەو بارەوە ھیچ جۆرە لێدوانێک بدەم، پێویستە بزانرێ کە ھاوکاری ئاسایش و ئیستیخباراتی نێوان ئەڵمانیا و ئەمریکا زۆر بەھێزە و ئەمەش بۆتە ھۆکارێکی گرنگ بۆ ئەوەی ئەڵمانەکان و ئەمریکاییەکان بتوانن ئاسایشی وڵاتەکانیان بپارێزن."

ساکی لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا ئاماژەی بەوە کرد کە سەرۆکی ئەمریکا ساڵی رابردوو لە نێو دەزگای ھەواڵگیری ئەمریکادا تۆزێک گۆڕانکاری و رێفۆرمی ئەنجام داوە.

ساکی لە وەڵامی پرسیارێکدا کە ھەڵوێستی ئەمریکا لەبەرامبەر ئەو ھەنگاوەی ئەڵمانیا چۆن دەبێ؟ گوتی: "وەکو ئاگادارن لە ماوەی چەند مانگی رابردوودا چەندین دیدار و کۆبوونەوە لە نێوان بەرپرسانی ئەمریکا و ئەڵمانیا ئەنجام دراون و چاوەڕوان دەکرێ ئەو جۆرە کۆبوونەوانە درێژەیان ھەبێ و ئەو دانوستان و کۆبوونەوانە لە رێگای کەناڵە دیپلۆماتیکییەکانەوە ئەنجام دەدرێن، چونکە لەو باوەڕەدان ئەنجامدانی ئەو کۆبوونەوانە لە رێگای کەناڵە دیپلۆماسییەکانەوە سوودی بۆ ھەر دوولا زیاترە و چاوەڕوان دەکرێ لەو چوارچێوەیەدا لە رۆژانی داھاتوو وەزیری دەرەوەی ئەرمریکا و ھاوتا ئەڵمانییەکەی کۆببنەوە. پێویستە ئاماژە بەوە بکەم کە پەیوەندی نێوان ئەمریکا و ئەڵمانیا زۆر گرنگە، چەندین کەرت ھەن کە بە ھاوبەشی لەسەریان کار دەکەین، رەنگە جیاوازی بیروڕایشمان ھەبێ، ئەمە نیشانەی جۆرە پەیوەندییەکی بەھێزە."