09/07/2014
•
نوسەر: bzavpress
•
داودئۆغڵو: ئەوانەی چاوڕێ دەکەن شەڕی کورد و تورک هەڵگیرسێ بە هەڵەدا دەچن
وەزیری دەرەوەی تورکیا ئاماژە بەوە دەکا کە هەندێ کەس لەو هەڵوێستەی کە تورکیا وەک ئیرادەیەک بۆ پاراستنی "ئاشتی نەتەوەیی" لە عێراق دەینوێنی ناڕەحەتن، باسی لەوەش کرد کە هەندێ لایەن چاوەڕێ دەکەن شەڕی کورد - تورک هەڵگیرسێنن.
وەزیری دەرەوەی تورکیا ئەحمەد داودۆغڵو ئاماژەی بەوە کرد کە بەردەوام لەگەڵ "سەرکردە کوردەکانی عێراقدا" جەخت لەوە دەکەنەوە کە "باشترین بژاردە بۆ کوردەکان پێکەوەژیانە لە چوارچێوەی عێراقدا." باسی لەوەش کرد کە یەکڕیزی نەتەوەیی لە عێراق بۆ تورکیا زۆر گرنگە.
داودئۆغڵو سەردانەکەی مەسعود بارزانی بۆ دیاربەکر و ئەنجامدانی کۆبوونەوەی جەماوەری لە شارەکە بە رووداوێکی مێژوویی ئەم سەدەیە ناوبرد و رایگەیاند، بەرپرسیارێتی لەپێشینە بۆ هێشتنەوەی عێراق بە یەکڕیزی لە ئەستۆی بەرپرسانی بەغدایە.
داودئۆغڵو گوتی: "دەبێ یەکەم هەنگاو بەرپرسەکانی بەغدا بینێن، لە مانگی کانونی دووەمی ئەمساڵەوە موچەی هەرێمی کوردستان نەدراوە، ئیتر چۆن دەکرێ باس لە یەکڕیزی نەتەوەیی بکەن، ئەگەر سەرجەم کاربەدەستانی موسڵ لە سیستمەکە دووربخرێتەوە، کاتێ ئاسایشی خەلکی موسڵ نەما، ئیتر چۆن دەتوانرێ رێگری لە بڵاوبوونەوەی گروپی رادیکاڵ بکرێ لە شارەکە."
گوتیشی: "ئەوەی بەلای ئێمەوە گرنگە ئەوەیە کە هاوشانی هەولێر و موسڵ و بەسرە، لەگەڵ ئەنبار و بەغدادیشدا کۆبینەوە و سەرچاوەکانی وزە و هەڵسەنگاندنەکانیان ببینین. هەندێ کەس ناڕەحەتن لەو هەڵوێستەی کە تورکیا دەینوێنی وەک ئیرادەیەک بۆ پاراستنی ئاشتی نەتەوەیی لە عێراق و هەندێ لایەن چاوەڕێ دەکەن شەڕی کورد-تورک هەڵبگرسێ، بەڵام بەهەڵەدا دەچن."