هەڤاڵ ئەبوبەکر بۆ پارێزگاری
09/07/2014 نوسەر: bzavpress

هەڤاڵ ئەبوبەکر بۆ پارێزگاری



گۆڕان کارێکی باش دەکات جگە لە هەڤاڵ ئەبوبەکر کاندیدێکی تری نییە بۆ پارێزگاری سلێمانی، یەکێتیش کارێکی باشتر دەکات گەر بەو کاندید کردنە رازی بێت.
م. هەڤاڵ زیاد لە 250 هەزار دەنگی دەنگدەرانی پارێزگای سلێمانی بەدەستهێناوە. ئەمە بە دیوێکدا راستە کە دەنگی لایەنگیرانی گۆڕانەو سەرەتا دەنگەکە بۆ لیستەکەیە، بەلام بە دیوی تردا متمانەدانە بەو بەڕێزە بۆ وەرگرتنی پۆستی یەکەمی پارێزگا.
بە کورتی و لەچەند خاڵێکدا قسەیەک لەسەر ئەم مەسەلەیە دەکەم:

یەکەم: عەیبەیەکی سیاسی گەورەیە بڕۆیتە نێو هەڵبژاردنەوە کەچی رێز لە ئاکامەکانی نەگریت، وەیا بڕوات بە دەستاودەست کردنی دەسەڵات نەبێت. ئەمەی ئێستا لە پارێزگاکانی هەرێم روو ئەدات ئاماژەیەکی خراپی حوکمڕانی و ویستی قۆرخکردنی دەسەڵاتەکان و رێگەگرتنە لە بەشداریپێکردنی لایەنەکانی تر. بە تایبەت لە سەرەوەختێکدا سەری زمان و بنی زمانی بەرپرسانی ئێمە قسەکردنە لەسەر شەراکەت و پێکەوە ژیان.
دووەم: هەموو دەزانین گۆڕان لایەنی براوەی یەکەمە لە سلێمانی. ئەم واقعە ئەرک دەخاتە سەرشانی گۆڕان. مەفروز وایە گۆڕانیش بەو ئەرکە هەستێت و توانایی خۆی لە پیادەکردنی دروشمەکانیدا پێشان بدات. ناکرێ هێزێکی وەک گۆڕان لە بەدەستەوە گرتنی پۆستە گرنگەکاندا پەراوێزبخرێت.
سێیەم: گەر یەکێتی بە کاندید بونی کاک هەڤاڵ رازی بێت، کارێکی ئیجابی گەورە بۆ خۆی و بۆ جەماوەری سلێمانی تۆمار دەکات. لە لایەک بڕوا بونی خۆی بە پرەنسیپی رێزگرتن لە هەڵبژاردن و دەستاودەستی پۆستەکان پێشان دەدات و، لە لایەکی تریشەوە روحی هاوکاری و پێکەوە کارکردن و پێکەوە ژیان قوڵدەکاتەوە. بەمەش نمونەیەکی جوان و جیاواز لە کاری حکومەتڕانی دەخرێتە روو.
چوارەم: پۆستی پارێزگار هەمان مەوقعییەتی جارانی نییە. دیارە ئەو هەر سەرۆکی دەستەی جێبەجێکارەو بەرپرسی یەکەمی پارێزگایە. بەڵام ئەم جارەو بە گوێرەی یاسای ژمارە ٣ی ساڵی ٢٠٠٩، دەسەڵاتەکانی پارێزگار لە ژێر چاودێرییەکی وردی ئەنجومەنی پارێزگایە کە لە کۆمەڵێک فراکسیۆنی جیاواز پێک دێت. بەواتایەکی تر ئەنجومەن لەم خولەدا شەریکە بەشی پارێزگارە هەر یەکە لە بواری خۆیدا و زۆرینەی کاری پلاندانان و بڕیارەکان و رێنماییەکان لە لایەن ئەنجومەنەوە دەردەکرێن. ئەنجومەن هەم دەسەلاتی بڕیاردانی هەیە(لەوانە لەکارخستنی پارێزگار و جێگرەکانی و بەڕێوەبەرەکانی تر) و هەمیش چاودێری.
پێنجەم: مامۆستا هەڤاڵ ئەبوبەکر پێیەکی لە نێو زانکۆیە وەک ناوەندێکی مەعریفی و لێکۆڵینەوەو نەوە دروستکردن، پێیەکەی تریشی لە نێو بواری رۆژنامەگەری و رۆشنبیرییە. بەمەش ئاگادارییەکی وردی لە کێشەی هاوڵاتیان و پێداویستیەکانی پارێزگاکە هەیە. ئەمە سەرباری ئەوەی خۆی کەسێکی خاوەن بەهرەیەکی تایبەتمەندە لە گوێگرتن و سەردان و بەدواداچون و پرس و راکردن کە هەموو ئەمانە بۆ کاری پارێزگاری پێویستن. پێم وایە بەڕێزیان پەیوەندیەکی باشی لەگەڵ سەرجەم لایەنەکان هەیەو لە کاتی دەستبەکاربونی بە پارێزگار دەتوانێت نوێنەرایەتی سەرجەم دانیشتوان بکات نەک تەنها ئەوانەی دەنگیان پێ داوە.
شەشەم: بەو هۆکارەی کە هیچ لایەنێک نەیتوانی ٥٠+١ دەنگەکان بەدەست بێنێت و زۆرینە بون رێژەییە نەک رەها، بۆیە بە پارێزگار بونی کاک هەڤال بەشێک دەبێت لە وەرچەرخانێکی ناوچەکە بە ئاراستەی گۆڕانکاری و پێکەوە کارکردن. بە دڵنیایەوە ئەمەش دەبێت لە چوارچێوەی پلانێکی هاوبەشدا بێت و ئیستحقاقی لایەنەکانی تر و لەسەروی هەموشیەوە یەکێتی نیشتمانی کوردستان لەبەرچاو بگیرێت.
لە کۆتاییدا دەمەوێت لەم دەرفەتەدا رەخنەیەک ئاراستەی سەرجەم لایەنەکان بکەم کە هەر لە ساتەوەختی هەڵبژاردنەکانەوە تا ئێستا مامەڵەیەکی هەڵە لەگەڵ پۆستی پارێزگار دەکەن کە زۆرتر وەک قایمقامی شاری سلێمانی وێنا دەکرێت نەک پارێزگاری سەرجەم شار و شارۆچکەو لادێکانی پارێزگای سلێمانی بە چوارچێوە جوگرافیەکەی سیستەمی هەڵبژاردنەوە کە گەرمیانیش دەگرێتەوە.