كه‌مپينێك بۆ رەتکردنەوەی زیادکردنی نرخی بەنزین پێكهێنرا
08/07/2014 نوسەر: bzavpress

كه‌مپينێك بۆ رەتکردنەوەی زیادکردنی نرخی بەنزین پێكهێنرا

له‌ڕاگه‌يانراوێكيدا، كه‌كۆپيه‌كى ده‌ست بزاڤ پرێس كه‌وتووه‌ کەمپێنێکی سەرتاسەری  بەمەبەستی رەتکردنەوەی زیادکردنی نرخی بەنزین لەسەر هاونیشتیمانیان‌و گرتنەبەری رێکارە مەدەنییەکان بۆ رەتکردنەوەی ئەو بڕیارە ڕاگه‌يه‌نرا.

له‌ڕاگه‌يه‌نراوه‌كه‌دا هاتوه‌،"هەرچەندە دەبو کۆبونەوەی پەرلەمان تایبەت بوایە بەچارەسەرکردنی قەیرانەکان‌و كەمکردنەوەی لۆدی بانزینخانەکان بەچارەسەرێکی زانستیانە‌و گونجاو، بەڵام پەرلەمان نەک هەر کێشەکەی چارەسەرنەکرد، بەڵکو بوە هۆکاری بارگرانی بەسەر هاونیشتیمانیانەوە".

هه‌روه‌ها ڕونيش كراوه‌ته‌وه‌،" ئەم قەیرانە دروستکراوە‌و بەرنامە دارێژراوە بۆ گرانکردنی بەنزین، ئەوەی تێبینیش دەکرێت ئەوەیە ئەم بریارە بۆ دو مانگە لەئەگەری بەردەوامبونی ئەم دۆخە نەخوازراوەدا یان هاتنەکایەی هەر دۆخێکی تری ئاڵۆز نرخی بەنزین زیاتر بەرزدەکرێتەوە‌و دەخلی هاونیشتیمانیانیش جێگیرە‌و بەدو مانگ تا سێ مانگ جارێک موچە وەردەگرێت ئەمەش کاریگەری راستەوخۆی هەیە لەسەر بژێوی هاونیشتیمانیان".

وه‌ك ئاماژه‌ى پێكراوه‌، كه‌مپينه‌كه‌ ده‌يه‌وێت، بەهاوکاری هەموان هەوڵی زیادکردنی نرخی بەنزین رابگرین‌و حکومەت چارەسەری گونجاوتر بۆ رێگری لەقەیرانەکان بگرێتەبەر.

كه‌مپینه‌كه‌ شێوازى كاركردنى خستوه‌ته‌ ڕوو، ڕايگه‌ياندووه‌،" لەدەستپێکی هەنگاوەکانماندا بەشێوەی ئەلیکترۆنی‌و تا رێکەوتی 2014/7/13 بەشێوەی ئەلیکترۆنی بەردەوامی بەکەمپینەکە دەدەین پاش ئەم بەروارە کەمپینەکە دەهێنینە سەر جادە‌و لەسەرجەم شارو شارۆچکەکانی هەرێمی کوردستان دەستدەکەین بەهەڵمەتی واژو کۆکردنەوە تا ئەو ساتەی حکومەت ناچاردەبێت بەگەڕاندنەوەی نرخ بۆ باری ئاسایی خۆی لەسەر هەنگاوە مەدەنیەکان بەردەوام دەبین".