08/07/2014
•
نوسەر: bzavpress
•
هەڵوێستێ بۆ پێشوازى لێکردن
لە( شێخ زارى , د.عبدالملک السعدى)یەوە بۆ مفتى سوننەکانى عێراق(د. رافع الرفاعی)
لێدوانەکانى دوێنێى مفتى سوننەکانى عێراق لەمەڕ پەیوەندى سوننە و کورد و یەکلایی کردنەوەى چارەنووسی کەرکوک کە ناونیشانى ناوچە کوردستانى یەکانى دەرەوەى ئیدارەى هەرێمە بە گشتى .. سەرنجڕاکێش و جێگاى پێشوازى لێکردنە.
مفتى وتبووى سوننە هیچ کێشەیەکى لەگەڵ کوردا نىیە و، دەبێت چارەنووسی کەرکوکیش بە راپرسی یەکلایی بکرێتەوە.
ئەم هەڵوێستە نوێیە لە ناوەندە ئاینى یە سوننەکەوە، سەرەتایەکى نوێیە و پێویستە هەرێم بە گشتى و لەو نێوەندەشدا ناوەندە ئیسلامى یەکەى کوردستان کارى لەسەر بکات و هەوڵە گشتگیرترکردن و گەورەکردنى بدات.
چونکە تاکو ئێستا (ئاین) رەگەزێکى سازدانى بەهێزى چەندین گروپى چەکدارى سوننەیە. بێ لایەنکردنى ئەم توخمە چ جاى بەدەستهێنانى لایەنگیرى ئەو، بۆ کورد بە دەستکەوت دادەنرێت و ، موسوڵمانێتى و سوننە بوونى داڕنراو لە مەزهەبگەرایی کورد دەکاتە پانتاییەکى ترى کەم کردنەوەى شەڕ و کێشەکان و لە یەکتر تێگەیشتن و تەنانەت هاوکارى لە هەندێ بواریش لەگەڵ یەکتردا .
پێشم وایە ئەوەى لە پشت ئەم هەڵوێستە نوێوەوەیە ئەم خاڵانەى خوارەوەیە.
1. هەڵوێستى هەرێم لە مەڕ روداوەکان و پێشوازى لە ئاوارەکان و جێکردنەوەى هەندێ لە سیاسیەکان .
2. رۆڵى یەکێتى جیهانى زانایانى موسوڵمان و بە تایبەتیش رۆڵى ( د.على قەرەداغى) ئەمیندارى گشتى رێکخراوى ناوبراو کە لەم دواییەدا هەندێ فتوا و هەڵوێستى مێژویی لەمەڕ پێشمەرگە و مافى بەرگرى لەخۆکردنى کورد و دەوڵەتى کوردستان دەربڕى. ئەم رێکخراوە زیاتر لە (80)هەزار ئەندامى هەیە و مینبەرێکى گرنگە بۆ بەرگرى کردن و پێداچوونەوە و پیشاندانى وێنایەکى عەدالەتخوازى زیاتر لە کێشەى کورد. چونکە هەڵوێست و فتواکانى بۆ سەرجەم ئەندامان دەچێت.
3. قوڵبوونەوەى کێشەى تایفى لە عێراق و پەراوێزخستنى سوننە.
4. دژایەتى هاوبەشی مالکى بۆ کورد و شیعە، بەتایبەتیش لە دووساڵى رابردوودا.
هەرچۆنێک بێت هیوادارین ئەم هەڵوێستە لە دواى هەڵوێستە توندەکانى کەسانى وەکو شێخ زارى و عبدالملک سعدى لەمەڕ فیدراڵیەت و کێشەى کورد، ببێتە سەرەتایەکى نوێى ناوەندە ئیسلامى یە سوننى یەکە و هەڵوێستى سیاسی رون و ئاشکراتریش بەدواى خۆیدا بێنێ .