07/07/2014
•
نوسەر: bzavpress
•
داعشو زیندووكردنەوەی سیستمی خەلافەت
راگەیاندنی خەلافەتی ئیسلامی لەلایەن داعشەوەو ناساندنی ئەبوبەكری بەغدادی بەخەلیفەی موسڵمانانو ئەمیرولموئمنین، بۆ رێكخراوێكی وەكو داعش هیچ لەمەسەلەكە ناگۆڕێو خودی راگەیاندنەكە شتێكی بێ مانایە، تیۆریی»خەلافەت» پاش پێغەمبەر هاتۆتە ئاراوەو قورئان لەهیچ دەقێكدا باسی خەلافەتی نەكردووەو خودی پێغەمبەر پاش خۆی كەسی بەخەلیفە دانەناوە، لەئیسلامدا تەنانەت شێوەی هەڵبژاردنی خەلیفەش كۆدەنگیی لەسەر نیە، بەپێی»تیۆریی»خەلیفە دەسەڵاتێكی رەهای هەیەو بەنوێنەری تێكهەڵكێش كردنی ئاینو دەوڵەت دادەندرێ.
ئەگەرچی تیۆرییەكە لەسەر ئەو بنەمایە دامەزراوە كەدەبێ هەموو موسڵمانان یەك خەلیفەیان هەبێ، بەڵام مێژووی ئیسلام قۆناغی وای لێ بەخۆیەوە دیوە كەتێیدا موسڵمانان لەیەك كاتدا دوو خەلیفەیان هەبووە، ئەمەش بەدڵنیاییەوە گومانی لەسەر شەرعیەتی یەكێكیان دروست كردووە، وەك ئەوەی كە لەسەردەمی ئەمەوییەكاندا خەلافەتێك لەدیمەشق هەبوو، خەلافەتێكیش لەمەككە، لەهەندێ قۆناغدا جیهانی ئیسلام سێ خەلیفەی لەیەك كاتدا بەخۆیەوە دیوە، یەكێكیان لەبەغدا (عەباسییەكان)، ئەوەی تر لەقاهیرە(فاتیمییەكان)و سێیەم لەئەندەلوس (ئەمەوییەكان)، دوایین خەلافەت لەمێژووی ئیسلامدا خەلافەتی عوسمانییە كە لەگەوهەردا لەگۆڕینی ناوی سولتان بەناوی خەلیفە هیچی تر نەبووە. هەڵوەشاندنەوەی خەلافەتی عوسمانی لەساڵی 1924 جیهانی ئیسلامی توشی شۆك كرد، چونكە لەو سەردەمەدا موسڵمانان بیریان بۆ ئەوە نەدەچوو كەموسڵمانان بتوانن بەبێ خەلیفە بژین.
سەرەڕای ئەوەی خەلافەت لەساڵی 1924 وە لەویژدانی ئیسلامیستەكاندا پیرۆزییەكی تایبەتی هەبووە، كەچی بزوتنەوەی ئیسلامی تەنها لەڕەوتی پەروەردەكردنی ئەندامەكانیدا مەسەلەی زیندووكردنەوەی خەلافەتی وروژاندووەو بەكردەوە هەڵسوكەوتێكی پرەگماتیكییانەی لەگەڵدا كردووە، لانی كەم سێ ئەزمونی ئیسلامیی لێك جیاواز، لەسعودیەی وەهابیو ئێرانی شیعیو ئەفغانستانی تالیبان، خۆیان لەوە دورگرتووە كە سیستەمەكەیان بەخەلافەت ناوببەنو كەسی یەكەمیش بەخەلیفە بناسێنن، تەنانەت ئیخوان موسلمینی میسریش كەتەنها چوار ساڵ پاش هەڵوەشاندنەوەی خەلافەتی عوسمانی رێكخراوەكەی خۆیان لەسەر دەستی حەسەن بەننا دامەزراندووەو یەكێ لەدروشمە بنەڕەتییەكانیان گێڕانەوەی خەلافەت بووە، لەكاتی هاتنە سەر كاری دكتۆر محەمەد مورسی، سەرۆكایەتیان لەخەلافەتو سەرۆكیان لەخەلیفە پێ باشتربووە.
ئەمە بەم مانایە دێ كەتیۆریی خەلافەت باقو بریقی جارانی نەماوەو بەكردەوە موسڵمانەكان لەمێژە وازیان لێ هێناوە، لەبزوتنەوەی ئیسلامیی جیهاندا كەس دانی بەخەلیفایەتیی ئەبوبەكری بەغدادییدا نەناوە، تەنانەت یەكێ لەنزیكترین دۆستەكانی داعشیش كەبزوتنەوەی نوسرەیە لەسوریا، پشتگیریی لەڕاگەیاندنی خەلافەت نەكردووە لەسەر ئاستی رێكخراوە ناوچەیەكانیش تەنانەت یەكێتی جیهانیی زانایانی ئیسلامیش بەسەرۆكایەتیی یوسف قەرزاوی بەگومانەوە سەیری راگەیاندنی خەلافەتی كردووە.
داعش هیچ لەراگەیاندنی خەلافەت سودمەندنەبووەو هیچ دەستكەوتێكی پێ نەهێناوەتە دی، كەواتە چی داعشی هانداوە شتێك رابگەیەنێ كەهیچ سودێكی لێ نابینێ؟
مەسەلەكە زۆرتر پەیوەندیی بەمیتۆدی بیركردنەوەی داعشەوە هەیە كەخۆی بەهەڵگری پەیامێكی خوایی دەزانێو پێیوایە سەركەوتنی لەگرتنی دوو شارەكەی موسڵو تكریت سەرەتای وەرچەرخانێكی گەورەیە لەمێژوی جیهاندا، گوایە لێرە بەدواوە سەردەمێكی تر پشتیوانیی ئاسمان دەست پێدەكاو سەرتاسەری جیهان دەتەنێتەوە، ئەمەش بەم واتایە دێ كەداعش هێشتا لەسەردەمی ئایدیۆلۆژیادا دەژی كەتێیدا خەونو راستی لێك جیا ناكرێنەوە.