07/07/2014
•
نوسەر: bzavpress
•
گه‌شتی زاهیدانه‌ی خه‌یاڵ
(14)
نۆڤلێت
ئه‌ی ئه‌و كه‌سه‌ی ئه‌م خوێنیته‌وه و مه‌به‌ستته له‌گه‌ڵم بی و ئه‌ته‌وێ هه‌ناسه‌كانم بژمێری و دڵت ئه‌خه‌یته جێ هه‌نگاوه‌كانم و شعورت(با) هه‌ستی پێئه‌كات و شه‌ره‌فت خواردووه هاوسهفهربی، من دواجار ئه‌مه‌وێ له خۆم جیابمه‌وه و بێمه ده‌رێ، وه‌لێ تۆ ڕه‌هایت!، من ناتوانم خۆم نه‌بم و تۆ نه‌بم و(با) نه‌بم و ئه‌و نه‌بم، وه‌لێ تۆ ڕه‌هایت!، من عاشقیشم حه‌په‌سانێك بوو له خۆم و له تۆ و له(با)و له ئه‌و!، وه‌لێ تۆ بوخچهت مه‌خه دهرێَ!، مه‌هێڵه به‌فر وه‌ك ئه‌و ماچه ساردانه‌ی(با)بێنه ناو لێومه‌وه و له ئینسانییهتم بگێڕنه‌وه!، مه‌هێڵه عه‌شق فێری خورافهتهكانیم بكات و بمهێنێته ناو ماڵی بێبه‌زه‌ییه‌وه!، چونكه به‌زه‌یی من له به زه‌یی خودا ئه‌چێ، چونكه به‌زه‌یی من له به‌زه‌یی ئه‌و باڵندانه ئه‌چێ كه شیر ئه‌ده‌ن به مار!، چونكه به‌زه‌یی من له ڕه‌حمی ئه‌و ده‌ریایانه زیاتره كه زوڵم لهماسییهكانی ده‌كرێ!، گه‌وره‌ییم له‌و بێهۆشییهدا ئه‌بینمه‌وه كه ژیان زووڵمم لێ ئه‌كات و ته‌نیا(با) شاهیدیم بۆ ئه‌دا و ئه‌و به‌حه‌رفی جاویدانیی خۆی(به‌رگرینامه)كه‌م بۆ ئه‌نوسێته‌وه!.
من ئه‌مزانی (با)ی ئه‌م شاره بێتاوانه و جگه له به‌رائه‌ت هیچیتری نییه، شاری بێ دهرپێترین ناوگه‌ڵی دنیا!، من زۆر سه‌یر بووم، خۆم به زۆر كێشه‌وه ده‌تلانده‌وه، له‌و لایشه‌وه دوعام بۆ ئه‌و (با)یه ئه‌كرد به نیوو هه‌ناسه بمكوژێ، هه‌میشه دوعام ئه‌كرد وه‌ی خوایه قه‌ت(با)ی ئه‌و باشوره تێكه‌ڵ به بای سنه و سلێمانی و سابڵاخ نه‌كه‌ی!، (با)ی سه‌حرا كچهتیوه، بێ سیقه‌یه، ناپیاوه، ئه‌نفالچییه، قه‌حبه‌یه، به‌عسییه، گه‌واد و كهوشهیه، هه‌ر شه‌ڕی لم و(با)ی ئه‌وێ بوو فێری بێده‌نگیی ترسنۆكانه‌ی كردین، وه‌لێ تیل و تیلماسكی چاوی(با)ی ئێره‌ش تیرۆری كردم!، ئه‌و وه‌كو خۆی كۆتایی پێهێنام، ئه‌وه چاوی(با)ی ئه‌م پایزه بوو، له گه‌ڵایه‌كدا كوشتمی و ڕه‌حمی كزه‌ی له سه‌رماندا سوتاوی ئه‌و ته‌نیا ئه‌وه بوو، له به‌ینی گریان و نه گریاندا.. له به‌ینی سه‌فه‌ر و ناسهفهردا.. له به‌ینی خورافه‌ت و حه‌قیقه‌تدا.. له به‌ینی توانه‌وه و به‌ستندا.. له به‌ینی ژیان و مردن‌دا.. هێشتمییه‌وه و خستمییه ناو له‌پی گهڵایهكهوه و جگه له ئاه و وه‌ی و حه‌سره‌ت هیچی دیكه‌ی نهیامێ، ئاخر من نهم ئه‌ویست به ته‌نیا هاوڕێی جوانییه‌كانی ئه‌و بم و به‌س، به‌ڵكو وام قه‌بووڵ بوو كه له‌گه‌ڵ ڕۆحی بم، ڕه‌فیقی ئه‌قڵی، گوێ له قسه‌كانی بگرم، هاوده‌می شه‌وه‌كانی، له‌گه‌ڵ ژیانی بم، نه‌ك له‌گه‌ڵ جنسی!، ئه‌موت خۆشه‌ویستی یه‌كه‌مین و كۆتاههمینی ژیانی من ئه‌ی(با)، خاترجهمبه، مهمبهره كۆڵانێكی داخراو، وه‌ك تۆفان (محه‌ممه‌دی دڵشوشه)ی برده ئه‌وسه‌ری كۆڵانێكی داخراو، توخودا به‌زه‌ییت هه‌بێ، مهمبه ناو كوچه بێده‌نگ و سهداكان، وه‌ك بارانه توڕه‌كانی كۆڕه‌و منیان برده ئه‌وسه‌ری كوچه‌یه‌كی بێده‌نگ و سه‌دا.
سوێند به پیت به پیتی قورئان، ئه‌گه‌ر ئه‌م قسانه‌م هه‌ر به ئاماژه به سهحراناسی هاوڕێم بووتبایه له جامی سه‌یاره‌كه‌وه فڕێی ئهیامه خواره‌وه!، ئه‌و دڵی هه‌ر لای ئه‌وه‌یه چۆن بژیم، چۆن بخۆم، ئاه پاره، ژن، ژیان، سه‌یاره، خانوو، ئه‌سڵه‌ن لاقرتێی به‌م شتانه ده‌هات، ئه‌و بیرێكی تیژی هه‌بوو سه‌باره‌ت به ناسینه‌وه‌ی به‌قاڵ و خاوه‌ن پیشه و كه‌سایه‌تییه بازرگانه‌كان، هه‌ر به‌م بۆنه‌یه‌وه بوو كه سه‌حراناس بۆ ماوه‌یه‌كی كه‌م له به‌سره بوو به دیارترین كه‌سایه‌تی چالاكوانی به بزوت و خاوه‌ن ڕێز و به متمانه‌ی نێو خه‌ڵكه بازرگانه‌كانی باشوور و شاره‌كانی كوردستان، به ماوه‌یه‌كی كه‌م ئه‌و كۆمپانیایه‌ی بره‌و پێدا و بردییه پێشه‌وه له ڕووی په‌یوه‌ندی بازرگانییه‌وه و داهات و قازانجی كۆمپانیاكه‌ی به جۆرێك برده پێشه‌وه كه هه‌رگیز له‌وه‌وپێش فازانج و داهاتی به‌و چه‌شنه‌ی نه‌بووبوو، به‌ڵام به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی كۆمپانیا به نه‌خشه‌ی هه‌ندێ كه‌سی چاوچنۆك سهحراناسیان ته‌راند و ده‌رپه‌ڕاند، دواجار وازی له كاره‌كه‌ی هێنا و به یه‌كجاری هاته‌وه بۆ بامۆك و خه‌ریكی ماڵداری و كاسبی خۆی بوو، هه‌ر چه‌نده پێش ئه‌وه‌ی وازبێنێت له‌گه‌ڵ براده‌رێكی كۆنی خۆیدا له ڕێگه‌ی ئه‌و په‌یوه‌ندییه باشه‌ی كه درووستی كردبوو به بۆنه‌ی كاره‌كه‌یه‌وه له ڕێگه‌ی بازرگانه گه‌وره‌كانه‌وه و به هاوكاری تایبه‌تیانه‌ی چه‌ند كه‌سێكی نزیكی خۆی، خۆی گه‌یانده وڵاتی لوبنان و چه‌ند هه‌فته‌یه‌ك له به‌یروتی پایته‌خت مایه‌وه، ئه‌ڵبه‌ته ئه‌مه‌ش چیرۆكی خۆی هه‌یه و من ورده‌كاری ته‌واو نازانم، به‌ڵام هه‌ر ئه‌وه‌نده ده‌زانم ئه‌و ده‌مه‌ی كه ڕۆشتبوو بۆ به‌یرووت، بێ ئاگاداری هیچ كه‌س ڕۆشتووه و پرس و ڕای به كه‌س نه‌كردووه، ته‌نانه‌ت ئه‌و كه تازه خێزانی د‌یاریكردبوو، پرسیشی به ئه‌و نه‌كردبوو، تا ئه‌و ڕاده‌یه‌ی كه ماڵه خه‌زوورانی نیگه‌ران بووبوون و هه‌ڕه‌شه‌ی ئه‌وه‌یان له ماڵه بابی كردبوو كه ئه‌گه‌ر به زووترین كات نه‌گه‌ڕێته‌وه ئه‌وا ئه‌و خزمایه‌تییه هه‌ڵده‌وه‌شێنینه‌وه، ئه‌وه‌بوو زاناش به په‌له و به ناچاری له به‌یرووت گهڕابووبوویهوه بۆ كوردستان.