06/07/2014
•
نوسەر: bzavpress
•
قەیرانی سایلۆ و وەزیری شارەزا !!
هەموان لەسەر ئەوە یەکدەنگین کە کوردستان لە قۆناغیکی هەستیاردایە. هەروەها هەمومان لەوەشدا جیاوازیمان نییە کە بێ ئابورییەکی پتەو ولاتەکەمان ناتوانێ بۆ ماوەیەکی نادیار بەرگەی نەداری و قەیرانی وزەو خواردمەنی بگرێ.. لە هەمان ڕوانگەوە سەرجەم دانیشتوانی کوردستان لایەنگری لەوە ئەکەن کە ئیمە بێ کشتوکاڵ بە گشتی و گەنم و جۆ بە تایبەتی ئەکەوینە تەنگانەیەکی گەورەوە و بە زەحمەت ئەتوانین لە کارەساتی ترسێنەری وەک برسێتی و شەڕی ناوخۆیی دوربکەوینەوە.
هەر لەو روانگەیەوە و بۆ بەشداریکردن لە گەشەپێدانی کشتوکال و بەهیزکردنی کۆلەکەی ئابوری وڵاتەکەمان، پایزی رابوردو لەگەڵ کاک هونەری برام پێکەوە نزیکەی بیست دۆنمێک گەنممان لە گوندی خۆمان داچاند و دڵمان زۆر بەوە خۆشکرد کە لەم هاوینەدا ئیمە، جگە لە ساوەر و قەرەخەرمانی خۆماڵی، هەندێک گەنمیش تەسلیمی حکومەتەکەمان ئەکەین و سەربەرزانە لەبەر چاوی بەرو دراوسێ باس لەوە دەکەین کە بابە هەرچەندە ئیمە بە حوکمی تەمەنمان وەرزێرێکی کردەو "پرۆفیشناڵ" نەبوین، بەڵام بایی ئەوندەمان روحی گوندی تیادا هەیە کە موجازەفەی واهیشمان لێ بوەشێتەوە و بچینەوە سەر ڕێچکەی باب و باپیرمان!!
جا خۆشی هەمو حیکایەتیک لەوەدایە ک ئینسان خۆی توشی روداوکان ببێ نەک بۆی وەگێرن!..
کورتی بێنینەوە لەم هەفتەیەدا دەراسەمان پەیدا کردو گەنم دورایەوە، چای رەش لە سەر خەرمان نۆشکراو گونیەی تایبەت لە سلیمانییەوە بە تایبەتی گەیەنرایە شوێنی مەبەست تا لە ئان و ساتی خۆیدا بەرهەمی ئەمساڵمان بگاتە دەست حکومەت و لە شوێنی تایبەتدا هەڵبگیرێ بۆ ڕۆژی مەبادا...
بیهێننە بەرچاوی خۆتان کە خودی شۆفیری دەراسەکە ئەم هەواڵەت بداتێ:" کاکە پەلە مەکەن لە بردنی گەنمەکەتان بۆ سایلۆ چونکە ئەبێ ئەو لۆرییەی پێێ بار ئەکەن یک مانگ لە ڕیزا بوەستێ و کرێێ ڕۆژانکەیشی سەدهەزار دینارە"!!
وینای ئەمە بکەن ئەگەر ئیمە هەر بۆ بەشداریکردن لە بەرهەمهینانی گەنمدا ئەو چەند دۆنمەمان دانەئەچاند بەڵکو ژیانمان لەسەری بوەستایە چیمان بەسەر ئەهات کاتێ ئەو هەواڵەمان ئەبیست؟ هەواڵێک کە پێی ئەوتین جگە لە ماندو بوون بە حوکمی نەبونی سایلۆ و شوێنی خەزنکردنی، ئەبوا لەم کاسبییەدا قەرزار بینەوە چونکە پارەی لۆری و چاوەروانیش ئەکەوتە سەر ئیمە ؟
پرسیارەکە ئەوەیە: ئایا سایلۆی خەزنکردنی دانەوێڵە شێوازێکی تایبەتیە لە هونەری بیناسازی و میعماری و پیویستە خانوەکەی و دیوارەکانی لە جۆرێکی تایبەتی بن لە فەسڵی هاویندا یان نا؟
ئایا ئەو وینانەی لە میدیاکانەوە پەخش ئەکرێن و ئەبینین گەنمی گەرمیان و شوێنی تر لە دەشت و سەحرا هەڵڕژاوە و بە شۆفڵ و حفارە ئەمدیووئەودیوی ئەکەن، هی وڵاتی ئێمەیە یان هی ئەستێرەیەکی ترن؟
ئەگەر ئەو وینانە وڵاتی ئیمەن و دەکرێ لە دەشت و پانتاییدا بە شۆفڵ و عادیلەو چەند تەنکەرێ ئاو بە شێوەیەکی ڕێکو پێک لە ماوەی ٢٤ سەعاتدا گەورەترین سایلۆی سروشتی تەختبکرێت ، وەزیری کشتوکاڵی ئەم هەرێمە چاوەروانی چیە کە بریاری تەختکردنی زەوی نادات لە هەر شوێنێ جوتیاران پیویستیان پێیەتی تا ئەم گاڵتەکردنە بەشعوری جوتیار و ئیفلاسپێکردنەی لە ئاستیکا بوەستێنن..
ئەگەر جەنابی وەزیر گاڵتەی بە عەقڵی هاولاتیەکانی نایەت و ئەیەوێ کەس لە سەر شەقامەکان دژی حکومەت توڕەیی دەرنەبڕێ و تایە نەسوتێنێ، پێویستە هەر ئیستا بڕیاری تەختکردنی چەند شوێنێ بدات و بە دەوروبەرە شارەزاکانی بڵێت کە ئەگونجێ لە فەسڵی هاوینا لە سەدا هەشتای خاکی کوردستان وەک سایلۆ سودی لێوەربگیرێ و بکرێتە مەخزەن بۆ داکردنی بەرهەم و ماندوبونی جوتیارە بەریزو بە هیممەتەکانی کوردستان.
هەر ئێستا و بێدواکەوتن جەنابی وەزیری کشتوکاڵ.. سایلۆی سەحرایی.... سایلۆی دور لە بیرۆکراتییەتی ئەمڕۆو سبەینێ و دوور لە ئازاردانی خەڵکی هەژارو نەدار.