کێ دژی سەربەخۆیی کوردستانە؟ عادل موراد؟
05/07/2014 نوسەر: bzavpress

کێ دژی سەربەخۆیی کوردستانە؟ عادل موراد؟


دیدی جیاوازی هێزە کوردییەکان بۆ سەربەخۆیی زۆر بەئاشکرا هەستیپێدەکرێ. ئێستا کوردستان دابەشبوەتە سەر دو بەرە لە بەرانبەر سەربەخۆیی دا، بەرەیەک پارتی نوێنەرایەتیی دەکا تا رادەیەک هێزە ئۆپۆزسیۆنەکانیشی بۆ پشتیوانیکردنی گوتاری خۆی، قەناعەتپێهێناوە. بەرەکەی تر، گروپێکی ناو مەکتەبی سیاسیی یەکێتیی نیشتیمانییە. 
بەهۆی سۆزی کورد بۆ سەربەخۆیی، بەرەی پارتی تەواو زاڵ بوە بەسەر ئەو گوتارە دا، وایلێهاتوە ئەو گروپەی ناو مەکتەب سیاسیی یەکێتیی، بە رادەیەک ناشیرین بکرێن بە پیاوی ئێران و مالیکیی ئەژماربکرێن.
زۆر کەس، لەناویشیان دا منیش، سەر بە هیچ کام بەرەیەک نین و دیدی خۆمان بۆ سەربەخۆیی کوردستان هەیە، بەڵام ئەو گروپەی ناو مەکتەب سیاسیی یەکێتییش، هێندە ناواقعیی نین تا دژیان بوەستین.
ناکرێ بۆ سەربەخۆیی کوردستان، بێ هیچ کارێکی پێشینە و بێ هیچ دانیشتن و کۆبونەوە و سیمینار و کۆنفڕەنسی پێشینە، گروپێک خۆی بکاتە خاوەنی پڕۆژەی سەربەخۆیی.
لە کاتێک دا زۆرێک لە راگەیاندنەکان و بەرپرسە حکومی و حزبییەکان دەڵێن مەسعود بارزانی داوایکردوە راپرسی بۆ سەربەخۆیی بکرێ، بەڵام ئەوەی رونە بارزانی تەنها داوایکردوە خۆئامادەکاریی هەبێ بۆ راپرسی لە کەرکوک و ئەو ناوچانەی دەرەوەی سنوری هەرێمن. 
کوردستان ئەگەر بڕیارە سەربەخۆ بێ، دەبێ رونکردنەوەی زیاتر هەبێ و بۆ خەڵک و هێزە سیاسییەکان و پارلەمان رونبکرێتەوە کە کورد بەتەمای چییە، بەڵام ئەوەندەی من بزانم، تەنانەت پارلەمانی کوردستانیش لە کۆبونەوەکەی لەگەڵ سەرۆکی هەرێم دا، ئەوەندە بەرچاوڕونیی نەدراوەتێ کە کورد بەتەمایە چی بکا.
ئەوەی لەو چەند رۆژەی رابردو دا زیاتر وەک دژ بە سەربەخۆیی کوردستان ناسێندراوە، عادل مراد و نەجمەدین کەریمن. ئەو دو ناوە، ئەوەندەی ململانێیان لەگەڵ مەسعود بارزانیی هەیە، ئەوەندە دژایەتییان لەگەڵ سەربەخۆیی نییە. دیدیشیان، هەر هێندەی دیدی پارتی ناواقیعییە بۆ سەربەخۆیی. 
ئێمە دەبێ بە دوای هێڵی سێیەم دا بگەڕێین لەو نێوەندە دا. نە کوردستان بەهۆی تورکیاوە سەربەخۆ دەبێ، نە سەربەخۆیی کوردستانیش بەهۆی ناڕەزایەتیی ئێرانەوە رێیلێدەگیرێ.
له‌ fb كمال چۆمانى